Skip to Content

بەتەکنیککردنی زمان و داهێنان لە دەقى: (ساڵى سفر) ی سەباح ڕەنجدەردا.. د. ئازاد عەبدولواحید کە‌ریم

بەتەکنیککردنی زمان و داهێنان لە دەقى: (ساڵى سفر) ی سەباح ڕەنجدەردا.. د. ئازاد عەبدولواحید کە‌ریم

Closed
by كانونی دووه‌م 10, 2023 General, Literature

داهێنانى زمانى شیعرى بە دیارترین بابەتى ئەدەبى دادەنرێت، بەوەى کە پەیامێکە و دەرەنجامى هەڵچوونى ناخى دەقنووسە و داهێنانى لێ دێتە ئاراوە، هەروەها لە کاتى چۆنێتیى بەرجەستەکردنی داهێنانى شیعرییەوە، دەکرێت شاعیر یەکسەر پەیامە نوێیەکەى بگەیەنێت، لەلایەکى ترەوە داهێنان وەکو بەرهەمێکى ڕۆشنبیرى و نوێگەرى دادەنرێت.
قسەکردن لەبارەی داهێنانى زمان و بە تەکنیککردنى دەق لەلای (سەباح ڕەنجدەر)، قسەکردنە لەسەر پێویستییە ئەدەبییەکان، وەکو دڵنیاییکردنى دیوى بەرهەمێک لەگەڵ هاوشێوەکەى، یان دەکرێت پێگەیەک بۆ داهێنانى فۆرمێک لەو بابەتانانە بێت کە نیشانەى بەرهەمێکى نوێیە، یان کاریگەریى دەقێَکە لەسەر خوێنەر.
کە داشبەزێتە ناو گۆم
تریفە لە خوێنى مرۆڤدا دەخنکێت
بەناو گۆرانییەکى دڵخۆشدا دێت
لاسکەگیایەک لە دووتوێى کتێبى
هەواڵە سەیر و سەمەرەکانى جیهان دادەنێت
داهێنانى شیعری لەلاى شاعیر داهێنانێکى سەردەمییانەیە، کە ملکەچى یاساى ڕەخنەیى نوێ دەبێت، نوێگەرى و ملکەچ بوونى بە ڕەهەندە تازەکان، ماناى بڕوا بوونە بە ڕۆشنبیریى سەردەمییانە، کە لە کۆتا بەرهەمیدا شاعیرێکى ڕوشنبیرى دەستەبژێر هەڵکەوتووە، کە باز بەسەر شێوازى شیعرى تەقلیدیدا دەدات.
لەو ڕوانگەیەوە، داهێنانى زمانى شیعرى ئەم شاعیرە بووە بە هۆى شیاندن و ناساندنى ئەرکى ڕەخنە لەگەڵیدا بۆ ماوەیەکى درێژتر، ئەوەش کارایی ڕەخنە و داهێنانى زمانى شیعرى ڕوون دەکاتەوە، کە هەردووکیان بەیەکەوە پەیوەستن، هەر یەکێکیان ئەوى تریان تەواو دەکات.

داهێنانى زمانى شیعرى لە چوارچێوەى پێناسە ڕەخنەییەکاندا:

ماناى داهێنان لەلاى سەباح ڕەنجدەر بەتەنها پێشکەش کردنى دەقێکى نوێ و تازە نییە، بەڵکو (دەرچوونە لە یاسا ڕاگیراو و تەقلیدییەکان، بە ئامانجى خوڵقاندنى وێنەیەکى جوان، واتا بەرهەمێکى ناتەقلیدى کە پەیوەستە بە هەموو وێنەیەکى جوانەوە)، ئەوەش بە گرنگترین بنەماکانى داهێنانى شیعرى دادەنرێت لە دەقەکانى ئەم شاعیرەدا، داهێنانى زمانى شیعرى لەسەر بنچینەو بنەمایەکى یاسایى دیاریکراو نەهاتووەتە کایەوە، بەڵکو لەسەر بنەماى دەرەنجامى گۆڕانکاریى بەدەستهاتوودا دەبێت، کە بەسەر دەقە کۆنەکاندا دەکرێت، بەو مانایەى کە بە کردەیەکی ڕەخنەیی دروستتر لە پێشوودا تێدەپەڕێت، پاشان لەمیانەى کردەیەکی ڕەخنەیى نوێوە دەقە داهێنراوەکە هەڵدەسەنگێندرێت، بەو مانایەى کە ڕەخنەگر دەتوانێت جۆر و شێوازى داهێنانە شیعرییەکە دەستنیشان بکات.
کردارى داهێنانى زمانى شیعریى (سەباح ڕەنجدەر) زۆر ئاڵۆزە، ئەوەش پێویستى بە لێکۆڵینەوە هەیە لە هۆکارەکانى بنچینەیى وشیارى، یان ناوشیاریى شاعیر، ئەوەش دەکەوێتە چوارچێوەى لێکۆڵینەوەکانى زانستى دەروونناسى و فەلسەفە و ئێستێتیکاوە، دەقى داهێنراویش پێویستیى بە پەیوەندییەکى دیالێکتیکى هەیە بە ڕەخنەوە، لەو ڕوانگەیەوشەوە ڕەخنە دەق هەڵدەسەنگێنێت، لەو ڕوانگەیەوە شاعیر دەڵێت: (بەشێک لە بەشە کاریگەرییەکانى ئەدەب، ڕەخنەیە، ڕەخنەش لە کرۆکدا هۆیەکە بۆ گەیشتن بە ئاکامى بیرى پێگەیشتووى دەق و خستنەڕووى پێکهاتە زیندووەکانى بەرزى شێواز). هەندێک لە ڕەخنەگران (دەقى نوێ – بەپێى ئەو پێوەرانەى کە ڕەخنە دیارى کردوون- بە سەنگى مەحەکى داهێنانى شیعریى ڕاستەقینە و گرینگترین قۆناغەکانى دادەنێن، ئەو دەقەى کە ڕەخنە هەڵدەگرێت، جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ڕەخنەدا دروست دەکات)، جگە لەوەى کە زۆرجار بابەتەکانى ڕەخنە هەمووى لە دەقێکدا کۆنابێتەوە، (چونکە شیعر نووسین پێویستیى بە بۆچوونى تازەو هەستى ئەدەبی و تواناى گشتاندنى یاساکانى ڕەتکردنەوەى تەقلیدییەتى ستایلى نووسین هەیە).
لێکۆڵینەوە لە سازاندنى شیعر، واتا پەیوەندى بەستن بە سەرجەم بەشەکانی و هەڵسەنگاندنى (بەرهەمى شیعرى بابەتێکى زاتییە کە بە پلەى یەکەم میزاج ڕۆڵى تێدا دەبینێت، بەڵام شێوازى کۆتایى، لە تواناى بە بابەتى بوونى دەقەکەوەیە، بە مانایەکى کە، ئەرکى شاعیر فەراهەم کردنى شێوازێکى نوێیە، بە میزاجێکى هونەریى تایبەت)، هەر ئەوەشە کە وا دەکات شاعیر ملکەچ بێت بۆ پەیامەکەى، نەوەکو تەنها بە فۆرمە تایبەتییەکەى خودى تەکنیکیى دەقنووسی خۆیەوە.
(سروشتى دەربڕینیش دەگۆڕێن، هەندێ جار واقیع و ژیان جێدەهێڵم و دەچمە ناو خەون، هەندێ جارى دیکەش خەون جێدەهێڵم و دەچمە ناو جوانییەکانى واقیع و ژیان، ئەم جێگۆڕکێکردنە بیرکردنەوەو گفتوگۆ و بینین و دەروونم ئازاد دەکەن و دەچمە ناو کەشى نووسین) بە بۆچوونى بوونگەراییەکان، داهێنانى زمانى شیعرى بیرکردنەوەیە لە گەڵاڵەکردنى ستراکچەرێکى تایبەت، لەبری ئەو هۆیەشە شاعیر لە زمانناس و نووسەرانى تر جیادەکرێتەوە، بەوەى شاعیر (لەمیانەى بنیادنانەوەى زمانێکى تازەوە، هەست بە زاتێکى عاقڵانە و داهێنانى شیعرییانە دەکات، چونکە لە ئاست قەناعەت پێکردنى بۆچوونى کەسانى هزرمەنددا دەقەکەى ملکەچ دەکات). بێگومان ڕوونیى هەر کردارێک، پەیوەندیى بە جۆرى داهێنانى زمانى شیعرى و سەرچاوەى پەیام و شێوازى دروستبونییەوە هەیە (ڕێنیە وێللیک و ئۆستن وارین لەڕووى داهێنانى زمانى شیعرى و کردارى نووسینەوە، هەندێک لە دەستەواژەکانى ئێستێتیکاى وەکو خەیاڵ و شێوازگەرییان داهێنا).
ئەو پرەنسیپانەى کە لە شیعرەکانى شاعیردا بابەتى داهێنانى شیعرییان لەخۆگرتووە، پابەندى کۆمەڵێک سیستمى پەیڕەو کراون، ئەوەش واى کردووە کە ڕەخنەگر بەردەوام بێت لە گەڕان بەدواى یەکەمین سەرچاوەى داهێنانى زمانى شیعرى و دەرەنجامەکەى، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەخنەى نوێ ڕاستەوخۆ پەیوەندیى بە داهێنانى شیعرییەوە هەیە، کە هیچ بەهایەک بۆ تێڕوانینە تەقلیدییەکانى تر دانانێت، بەوەش جۆرێک لە ڕەخنەى بنیادنەریى تایبەت سەرهەڵدەدات.

تێڕوانینێکى شیکاری بۆ داهێنانى زمان لە شیعرى (ساڵى سفر):

بێگومان داهێنانى زمانى شیعرى بە ئیلهام و لێهاتوویی لە دەقەکانى (سەباح ڕەنجدەر)دا بە لێهاتوویى خۆیەوە بەستراوە (هەموو دەقێکیش سەرەتا لە ناکاودا دروست دەبێت، بەبآ دەستێوەردانى عەقلڕ و ویستى داهێنەر، بەرهەمى هونەریش لەمیانەى سەربەخۆیی بیرەوە دێت و پەیامێکى تایبەتى بە خوێنەر دەبەخشێت) پاشان ئەو پەیامە لە چوارچێوەى ئاگاییدا پۆڵین دەکرێت، لەسەر ئەو بۆچوونە، نیچە بەنموونە دەڵێت: (ئیلهام لە کاتى گەشە و سەرخۆشی و بێئاگاییدا دەبەخشرێتە کەسى داهێنەر، وەکو چۆن خەیاڵى هونەرى لە کاتى سەربەخۆیی هەستەکاندا، یان لە ساتەکانى هەڵچووندا گەڵاڵە دەبن)، ڕەنجدەر دەڵێت:
(ئەگەر ڕۆژێک بە هەست، دەستى نیانى هەتاوى شوێن لەخەو بە ئاگام نەهێنێت، وادەزانم ئەو شەوە چالاکیى هەستى و خەونى تێدا نەبووە).
مۆم لە داگیرسانیدا بە ئازارە
لەگەڵ تاریکى بە ئارامە و هێرششى بۆ نابات
ڕووناکى دەیکوژێت
لەسەر لێوى پەنجەرەیەک
ڕۆژێک تووشى بەڵایەک دێت
ڕووناکى شارى بێزراو دڵ لە تۆ هەڵدەگرم و بەرەو گوند دەبمەوە
ئەو بۆچوونەى زمانى شیعریى (سەباح ڕەنجدەر)، هەمان بیرە کە (برجسۆن) بۆى چووە (بەوەى کە کرۆکى داهێنانى زمانى شیعرى لەمیانەى کاردانەوەکانەوە سەرهەڵدەدات، ئەوەى کۆتاش واتا گڕگرتنى ئاگرى ویژدانە لەکاتى هەڵگیرسانى گڕى سووتێنەریى هزردا، بەشێوازێک کە لەگەلڕ بڵێسەکەیدا داهێنەر شتێک دەردەبڕێت و وا گومان دەبات کە بۆى ناکرێت بە ئاسانى دەری ببڕێت، بەڵام هەموو شتێک لەلاى کەسى داهێنەر ئاسانە و دەکرێت).
دەشێت ئەو هەست و خەونەى شاعیر (بەرپرس بن لە دەرکەوتنى هەندێک بیروبۆچوون لەناو کڕۆکى داهێنانە شیعرییەکە، هزرەکانیش لە خودى شاعیرەکەدا لەدایک دەبن، ئەو بیرەى کە سەرەتا بە ڕووداوێک ناودەبرێت، پاشان گەشەدەکات) ئەوەش هەمان ئەو بۆچوونەیە کە (برجسۆن) جەختى لەسەر دەکاتەوە، پاشان ئەو تێڕوانینە دەبێت بە بەشێک لە ڕابردوو، تەنانەت یەکێک لە ڕەخنەگرەکان گاڵتەى پێدەهات کە دەیگوت (ئیلیۆت، واى دەبینێت کە شاعیر بە هەڵچوونە کەسێتییەکانى و ڕووداو کە لە ژیانیدا هەڵیدەچنێت بووە بە شاعیر، ئەوانە نابنە هۆى داهێنانى زمانى شیعرى، تەنانەت هەندێک جاریش دەکرێت هەڵچوونەکانى سادە، یان ساردوسڕ بن).
شاعیری بەرهەمهێنی کۆشیعری ساڵی سفر هەڵگرى بیر و تێڕوانینێکى فرەڕەهەندە، کە هەوڵدەدات لەمیانەى کێبەرکێیەکی فیکری لەگەلڕ ماددەى نووسیندا لە گۆشەنیگاى گەیاندنى پەیامێکەوە گوزارشتى لێ بکات (بەو شێوەیە دەسەڵاتى ئەدەبى بۆ دەقە داهێنراوەکە دەگەڕێتەوە، بۆیە شاعیر لەسەر بنەماى سەربەخۆیی بوون و داهێنانى شیعرێکى دروستکراو هەوڵى پاراستنى پەیامەکەى دەدات، ئەوەش کردنەوەى دەرگاى مشتومڕێکى ڕەخنەیى داهێنەرانەیە).
مردوو لە گۆڕەکانیان هاتوونە دەرێ
لە نزیک کێلیان دانیشتوون
ڕۆژى لەدایکبوون و مردنیان یاد دەکەنەوە
دنیا چەرمى چۆلەکە بوو
پێڕانەگەیشتن سەریان شانە بکەن
داهێنانى زمانى شیعرى لەلاى (سەباح ڕەنجدەر)، بریتییە لە کردەی شیکاریى هەموو ڕەمزێکى کۆمەڵایەتى، (کە لەوێوە سیاسەت و سروشتى ڕەفتارى کۆمەڵایەتى سەرچاوە دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەگر ناتوانێت بەو ڕاستییە بگات، کە شاعیرى داهێنەر لەکۆى خەڵکانى ترى جیا دەکاتەوە، چونکە شاعیر لە میانەى بەرهەمەکانییەوە لە لاشعوریى گشتیدا دەژی.
ئەو داهێنانە، (سیگمۆند فرۆید) ناوى لێ ناوە میکانیزمى ورووژاندن کە، پاشتر (بەرهەمێکى باڵایى، زاخاوى مێشک و دلڕ، یان بیانوو هێنانەوە بۆ سەرنجڕاکێشانى کەسى دووەمى پەیاموەرگر، بێت، جگە لەوەش ئەو میکانیزمەى دلڕ بەرپرسە لە چارەسەرکردنى خەسڵەتەکانى وێنەیەکى قبووڵکراو، بەڵام باڵایى ئەو داهێنەرە دەگەیەنێتە ئاستى دەرخستنى بەهرەمەندى و تایبەتمەندێتیى ئێستێتیکى).

ڕەهەندەکانى داهێنانى زمانى شیعرى:

ئەو ڕەهەندانەى باس لە داهێنانى زمانى شیعرى و شیکارى دەکەن، بۆ ئەوە دەچن کە گوتارى دەق لە بەرژەوەندیى داهێنەرەکەیدایە، دەقیش لایەنى دەروونى و کۆمەڵایەتى و هونەرى لە ڕووکاریى فۆرمێکدا کۆ دەکاتەوە، بەبێ لەبەرچاو گرتنى کاتەکەى، یان ئەو بەروارەى کە تێیدا بەرهەم هێنراوە، بەو مانایەى کە دەقى ئەدەبی بریتییە لە بابەتێکى کراوە کە لەسەر بنەماى زەوقی ناکۆتا بەرهەم دێت، لەبەرئەوەى لەو جۆرە دەقانەدا بەردەوام گوتارى ئەدەبی خۆى نوێ دەکاتەوە، بەو وەسفەى کە سەرچاوەیەکە بەبێ ئەزموونى نوێ پەیامەکەى جێبەجآ نابێت، هەرکاتێکیش بوویەرێکى ترى بەسەردا زاڵ بێت زۆربەى کاتەکان فۆرمێکى نوێی پێدەبەخشێت.
گرنگیى داهێنانى ئەدەبى لەلاى شاعیر لەوەدایە، کە دوو ڕەهەند لەخۆدەگرێت:
ڕەهەندى یەکەم: لە کردەی بەرهەمهێنانى دەقدا، داهێنانەکەى ئەرکێکى ئێستێتیکى دەبینێ.
ڕەهەندى دووەم: لە هەڵبژاردنى دەقە داهێنراوەکانیدا، پشت بە مێتۆدێکى زانستى دەبەستێ
بەمەبەستى شیکردنەوەى زمانەکەى.
ڕۆشنبیریی (سەباح ڕەنجدەر)یش لە سەرووى ڕۆشنبیریى ئەم سەردەمەوەیە، کە شاعیر تێیدا دەژى (ئەو ڕۆشنبیرییەش بریتییە لەو زانیارییانەى کە لە ئەقڵییەتى شاعیردا جێگیرە، تەواوکردنى هاوکێشەى ڕۆشنبیری و شاعیر بریتییە لە کاراکردنى ڕۆشنبیرییەکى دیاریکراو کە دەربڕى واقیعێکى هاوبەشە لەناو کۆمەڵگاى هەردوولادا، وێڕاى گرنگیدان بە بەخششە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەى دەقدا).

سەرچاوە و پەراوێز:
(1) دیوانى سەباح ڕەنجدەر، بەرگى دووەم، چاپى یەکەم، چاپخانەى تاران – تاران، 2018، ل 114.

(2) أحمد المديني، أسئلة الابداع في الادب العربي المعاصر، دار الطليعة، بيروت، ط (1)، 1985، ص32.

(3) عبدالمنعم مجاهد، نظرية الآدب ومناهج الدراسات الادبية، ج(1)، ط(1)، مكتبة الفلاح، (د.ت)، ص127.

(4) يوسف ميخائيل أسعد، سايكولوجيا ألابداع في الفن والادب و الموسيقى،دارالشؤون الثقافية العامة،بغداد،1988،ص21.

(5) حسين خمري، بنية الخطاب النقدي، ط(1)، بغداد، 1991، ص27.
(6) سەباح ڕەنجدەر، ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لەناو ژیان، چاپخانەى حاجى هاشم، هەولێر، ل 86.

(7) مصطفى سويف،ألاسس النفسية للابداع الفني في الشعر خاصة، دار المعارف،مصر،(د.ت)،ص 193- 194.

(8) جان ماري جويو،مسائل فلسفة الفن المعاصر،ت:سامي الدروبي،المؤسسة العربية للدراسات

والنشر،بيروت،1973،ص19.

(9) م.فرايتشتكو، ذات الكاتب الابداعية،ت: نوفل نيوف،عاطف ابوحمزة،منشورات وزارة الثقافة،دمشق،1988،ص 385.
(10) دیوانى سەباح ڕەنجدەر، بەرگى دووەم، چاپى یەکەم، چاپخانەى تاران – تاران، 2018، ل 76.
(11) سەباح ڕەنجدەر، ئەزموون وەک ئاخاوتنێک لەناو ژیان، چاپخانەى حاجى هاشم، هەولێر، ل 18.
(12) دیوانى سەباح ڕەنجدەر، بەرگى دووەم، چاپى یەکەم، چاپخانەى تاران – تاران، 2018، ل 122.

(13) د.علي عبدالمعطي محمد، مشكلة ألابداع الفني – رؤية جديدة-، دار الجامعات المصرية، (د.ط)، ص52.

(14) د.رمضان بطاويسى محمد، علم الجمال لدى مدرسة فرانكفورت 1931-1969، أدورنو انموذجا،المؤسسة الجامعية للدراسات والنشر، ط(1)، بيروت، 1998، ص 114.

(15) د.رمضان بطاويسى محمد، علم الجمال لدى مدرسة فرانكفورت 1931-1969، أدورنو انموذجا،المؤسسة الجامعية للدراسات والنشر، ط(1)، بيروت، 1998، ص 114.
(16) دیوانى سەباح ڕەنجدەر، بەرگى دووەم، چاپى یەکەم، ل 119.

(17)د. خيري ابو منصور، النقد البنيوي الحديث، (نصوص، جماليات، معطيات)، ط(1)، دار الجبل، بيروت، 1985، ص109.

(18) جيروم ستولينتيزم،النقد الفني،ت: فؤاد زكريا، ص124.

(19) د.خيرى أبو منصور، النقد البنيوي الحديث، ص99-100.

(20) طراد الكبيسي، كتاب المنزلات- منزلة القراءة -، ج 3، دارالشؤون الثقافية العامة، بغداد، 1997، ص 84.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next