Skip to Content

  هەزم ناکرێ.. پشکۆ ناکام

  هەزم ناکرێ.. پشکۆ ناکام

Closed
by كانونی دووه‌م 20, 2023 General, Opinion

…… گەورەی جەماعەتێکی ئیسلامی کە جگە لە مەفرەزەی حیمایەکەی مەفرەزەیەک ژنیشی هەیە ، زۆری لە خۆی کرد و هێنای و بردی و بیری لێکردەوە گەشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە ئەبێ”هۆکارەکانی خراپی حوکمڕانی لە کوردستان” بدۆزینەوە..!! ئەمەش وای کرد پێکەنین بەرم نەیا ، ئەوان خۆیان کە 30/سی دانە ساڵە لەو حوکمڕانییە بەشدارن و نانی لێ ئەخۆن”جار و بار گۆشتیشیان بەر ئەکەوێ”، توتییان لە  بە ناو پارلەمان هەیە ، وەزیریشیان وەک سەرە مقەست بەر کەووتوە ، ئەی بەم بەشداریکردنەتان و بەو هەموو ساڵانە نەزانن بۆچی حوکمڕانی کوردستان  وا خراپە ئەبێ سی دانە ساڵی تریش دانیشین و چاوەڕێ بین شەرواڵ سێ ڕوبعییەکان “هۆکار”ە کانمان بۆ بدۆزنەوە ، دوای ئەوەش ڕەنگە سی ساڵی تریش چاوەڕێ بین پەیڕەوانی “ئەهلی قوڕەیش” کام چارەسەر و کام بەرنامەیان هەیە بۆ وەزعەکە !! كە ئەمەشیان کرد ئەبێ سی ساڵی ترمان بوێ بزانین بەرنامەیان چیە ، واتا خەڵکی کورد ئەبێ یەک قەڕنی تەواو  بوەستێ تا بزانێ ئەم حکومەتە بێ حیکمەتە بۆ خراپ حوکم ئەکا ! بەڵام سی دانە ساڵە دژی خەڵکی ئازادی خواز زۆر خێرا بیرئەکەنەوە و سی سەعاتی ناوێ بۆ پەلامار یانی ئەهلی عیلم و مەعریفە و هەر کە بەر ئەبنە سەر نەیارەکانی خۆیان هەرچی خراپە سڵی لێ ناکەنەوە بەڵام سی دانە ساڵە تێنەگەیشتوون حوکمڕانی ووڵات بۆ وا سەقەتە !؟ مێشکێک سی ساڵ “سڕ”بوو بێ  دیارە ساحێبەکەیشی تووشی”کۆما-غیبوبة” بوە و چیتر کەڵکی نیە ئەبێ وەک ” دەستی دوو”

حسابی بۆ بکرێ …

باسێکی تری ئەو عەللامەیە ئەوەیە کە لە کوردستان لە جیاتی هاووڵاتی بوون پێوەری حیزبی بوون پەیڕەو ئەکرێ ، ئەم قسەیە لەسەداسەد ڕاستە و ئەوەش هۆیەکی سەرەکی سەقەت بوونی حوکمڕانی ووڵاتە ، بەڵام وەک لە کوردەواریا ئەووترێ با قسەیەکیش بۆ دز بکەین ، ئێوە و هەموو باڵ و جەماعەتە ئیسلامییەکانی تر زۆر لە پێش ئەم سی ساڵەوە پێوەری” ئیسلامی بوون ” پەیڕەوە ئەکەن و لەو بوارەشا ئەوەی لەدەستتان هاتبێ قسووریتان لێ نەکردوە بەرامبەر بە خەڵک ، لە شەریعە هەزار و چوار سەد ساڵە کۆنەکەی ئێوە ووڵات و میللەت و خاک و ئینسان و مافی هەڵبژاردنە مەعنەوییەکان نیە و لای ئیوە یان ئیسلامی یان مولحید ئیتر هیچی تر ناخوا… لە پێوەری حیزبیا هیچ نەبێ گەر حیزبی نەبی ناکوژرێیت و بیاقەیەکی یەکسەری جەهەنەم وەرناگری، بەڵام لە پێوەری ئیسلامیا تۆ مولحید و کافر و مونافیق و کۆمەڵێ تاوانی تریش و کوشتنت حەڵاڵە و ئەوەی سەرت بپەڕێنێ وەک کەوەر دەستی سەوز ئەبێ و بیتاقەیەکی بێ ترانزێت بۆ بەهەشت مسۆگەر ئەکا ..!!  بەشەق حیزبی بوون زۆر  دژ بە مافەکانی ئینسانە بەڵام بڕوا بکە بە زۆر ئیسلامی بوون هەزار قات مەترسدار ترە و مەحف بوونەوەی ئینسان و کۆمەڵگای  بە دواوەیە…. ئێوەی پەیڕەوانی حوجرەکەی قوڕەیش لەسەر حوکم نین و دەسەڵاتی سیاسیتان “خۆشبەختانە”نیە ووڵاتان کردوە بە جەهەنەم بۆ هەر کەسێ وەک ئێوە بیر نەکاتەوە و لە ڕووتان بوەستێتەوەو بە سەدان وەهم و خورافیات خەڵکتان چەواشە کردوە ، جا ئێوە دەسەڵاتی سیاسی یان حوکمڕانیتان هەبێ نەک تەنیا لەسەر ئەوەی حیزبی نیت ، بگرە لەسەر ئەوەی موحەجەبە نیت..نوێژ ناکەیت..ڕیشت نیە ..قرئانت لەبەر نیە..ئەخۆیتەوە..حەزت لە دانسە و شەرساڵ مۆم دائەگیرسێنی و دەیان  بیانووی تر خەڵک ئەفەوتێنن و بەهانەکەشتان حەدیس و ئایەتێکە کە بەش بەحاڵی خۆم نازانم کێ و کەی نووسیوێتی و پێویستم بەوە نیە خۆمی پێوە سەر قاڵ بکەم…

من خۆم پێش ڕاپەڕین و هاتنە سەر حوکمی   پارتی و یەکێتی  چاک ئەزانم کە پارتی پێشوو تریش ڕۆڵی گەورە و یەکەمی هەبوە لە هەموو موسیبەتەکانی کوردا ، بەڵام نە لە دەسەڵاتام و نە بەشم لە سینیە پاقلاوەکەی حکومەتا هەبوە و ئەبێ ، ئەی ئێوە خۆتان لە دەسەڵاتان و لە جیاتی ئەوەی لە پشتی مایکێکەوە باسی دەسەڵات بکەن بۆ بە خۆیان ناڵێن؟ بۆ لە بە هەردوو بەناو حکومەت و پارەمان نایەنە دەرەوە؟نازانم لە کام حەدیسا باس لەوە کراوە بۆتان هەیە قاچێکتان لە ناو خەڵکا و قاچێکتان لە حکومەتا بێ..!! ئێوە بەردەوام کۆبونەوی هاوبەشتان هەیە بۆ لەوێ ئەو گلەییانا ناکەن ، ئەو قسانەی بۆ منی ئەکەی بڕۆ بۆ حەلاوی باس کە…

ڕاستە گەندەڵییەکی بێ حەد هەیە و خوا ئەوە بگرێ فلسێکی ئەو میللەتەی خواردوە ، بەڵام ئێوەش لە گەندەڵیا ئیوەش حاتەمی طەی نین ، مەلایەک کە بەشەڕەشەق معاشەکەی ئەوقافی بەش ئەکا ” کە ئەوەش هەر لەو دەسەڵاتە وەرئەگرێ ” لەپڕ بە کولفەی چەن ملیۆن دۆلارێک مزگەوتێک ئەکاتەوە و کەسیش نازانێ ئەو پارەیەی لە کوێ بوو و باس کردنیشی مەمنوعە..!! ئەی ئەمەش گەندەڵی نیە  ؟ ئێوە ئامادەن پێشوازی لە مەلایەکی دەرکراوی ژێر دەسەڵاتی زەرد بکەن بەڵام ئامادە نین دە دەقیقەیەک گفت و گۆ لەگەڵ کەسێکی عیلمانی و ئەهلی فەرهەنگی ئینسانی بکەن ، ئیتر ئەبێ پێوەری هاووڵاتی بوون لای ئێوە چی بێ..!؟

مەرجەعە ئیسلامییەکە گلەیی هەیە و خەفەتبارە کە لە کوردستان بایەخ بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن نەدراوە ، بەڵێ ڕاستە سەقەت ترین کەرتی حوکمڕانی پەورەوردەیە ،چونکە هێشتا دوورە لە مەقایسە غەیرە حیزبیە هاوچەرخییەکان ، بەڵام گلەییەکەی تۆ لەو بابەتەوە لە دید و بۆچوونێکی عیلمییەوە نیە بۆ کۆمەڵگا ، بەڵکو تۆ پێت وایە بە ئیسلامی کردنی پەروەردە هێشتا ماوێتی و لە ئاست طموحاتە دینیەکەتانەوە نیە ، چارەسەریش زۆر ئاسانە چونکە بە حوکمی دووری ئیسلام لە عیلم و  کۆمەڵگای مەدەنییەوە ، باشترین شوێن بۆ پەروەردەیەکی ئیسلامیانە مزگەوتە ،، ئیتر ئیوە چ مافێکتان بەسەر پەروەردەی عیلمی مەدەنییەوە هەیە.،؟ خۆ بە ناشکوری نەبێ هەر پێنج عەمود مزگەوتێکە ، ئیتر بەس نیە ؟ هەر چەنە کە میللەتێک نەیویست هەزار و چوار سەد ساڵ بگەڕێتە دواوە هەر سەربانی ماڵێک مزگەوتێک بێ ، ما یفید.. شوێنی کار و بییرکردنەوە و چالاکی ئێوە مزگەوتە ، پەروەردە و فێرکردنی کۆمەڵگا واز لێبێنن بۆ خەڵکانی خۆی و تایبەت بەو بوارە کە ئێوە و دەسەڵایتش شمولتان ناکا ….پەروەردە و عیلم بە ئێوە هەزم ناکرێ ،…                      

Previous
Next
Kurdish