Skip to Content

ژیان له‌ناو دڵۆپێك ئاودایه‌ … به‌ختیار محه‌مه‌د

ژیان له‌ناو دڵۆپێك ئاودایه‌ … به‌ختیار محه‌مه‌د

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 7, 2019 General, Opinion

نرخی ژیان، ته‌نانه‌ت له‌ دڵۆپێك ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌دایه‌، كه‌واته‌ به‌فیڕۆی مه‌ده‌ (ته‌نانه‌ت دڵۆپێك ئاوی پیسیش هه‌مان ڕه‌هه‌ندی ژیانی هه‌یه‌)! ئه‌م ئاوه‌ هی ده‌سه‌ڵات نییه‌، هی تۆیه‌، ئه‌ی هاووڵاتی به‌ڕێز! كه‌واته‌ له‌ بێباكی و كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاتداران بیپارێزه‌! ئه‌وان نیشتمان به‌ هی خۆیان نازانن، بۆیه‌ ده‌یدزن و دزی لێ ده‌كه‌ن. ئه‌م نیشتمانه‌ هی تۆیه‌، چونكه‌ دز نیشتمانی نییه‌ و دز ئه‌گه‌ر دز نه‌بێ، چۆن دزی له‌ ماڵی خۆی ده‌كا؟ (ده‌بێ بزانی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداره‌ گه‌نده‌ڵه‌كان دز و نیشتمان فرۆشن). تۆ به‌ ده‌سه‌ڵاتداری دز و گه‌نده‌ڵ بڵێ: هۆ! ئه‌ی دز، ته‌واو چی دیكه‌ ئاو و سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمانه‌كه‌م (ماڵه‌كه‌م) به‌فیڕۆ مه‌ده‌! ئه‌مه‌ سه‌روه‌ت و سامانی هه‌موومانه‌، هی هه‌موو مرۆڤه‌كانه‌، هی منداڵانمان و هه‌ر هه‌موو نه‌وه‌كانی داهاتوومانه‌؛ بۆیه‌ قبووڵمان نییه‌ چی دیكه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆتان بیدزن و بۆ حه‌ز و ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان وه‌یشێرن و به‌كاری بهێنن و ته‌خشان و په‌خشانی بكه‌ن.

ئه‌ی هاووڵاتی به‌ڕێز، گه‌وره‌ترین تاوان و هه‌ڵه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تۆ له‌حه‌ژمه‌ت و له‌تاو ده‌سه‌ڵاتی نادادپه‌روه‌ر و دز و جه‌رده‌دا، كاردانه‌وه‌ی نابه‌جێی نه‌رێنی بنوێنی و ڕقت له‌ نیشتمانه‌كه‌ت بێت و بێ باكی و كه‌مته‌رخه‌می به‌رانبه‌ر به‌ سامانێكی گرنگی وه‌ك ئاو بنوێنی و له‌ عه‌كسی ده‌سه‌ڵاتی مشه‌خۆری گه‌نده‌ڵدا نرخ و به‌های نه‌زانی و به‌فیڕۆی بده‌ی (من ده‌زانم له‌ پێدان و دابه‌شكردنی ئاویشدا جیاوازی و بێدادییه‌كی یه‌كجار زۆر هه‌یه‌، كه‌ ده‌شێ تۆ و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی تۆ بێ ئاو بن). ئا ئه‌م ڕه‌فتاره‌ به‌دڵی ده‌سه‌ڵاتی دز و گه‌نده‌ڵه‌. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ تۆش وه‌ك هاووڵاتی به‌وان بچی؛ ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ڕۆحت گه‌نده‌ڵ كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ڕووی ماددییه‌وه وه‌ك ئه‌وان له‌ گه‌نده‌ڵیی سوودمه‌ند بیت. ئه‌و ئاوه‌ی تۆ به‌فیڕۆی ده‌ده‌ی، ئه‌و شه‌قام و ئه‌و باخچه‌یه‌ی تۆ پیسیان ده‌كه‌ی، ئه‌وه‌ موڵكی ڕاسته‌قینه‌ی تۆن، بۆیه‌ وه‌ك گلێنه‌ی چاوت بیانپارێزه‌ و خۆشت بوێن و ئاگات لێیان بێ.

گه‌نده‌ڵیی و سته‌م به‌ ڕه‌فتار و كاردانه‌وه‌ی پاسیڤ و نه‌رێنیی چاك نابن، به‌ڵكو به‌ هه‌ڵوه‌ستی ئه‌رێنی ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ ده‌گۆڕێن و چاره‌سه‌ر ده‌بن. تۆ نابێ بهێڵی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ دووچاری نائومێدیی و بێهووده‌ییت بكه‌ن. نیشتمان هی تۆیه‌، تۆ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی نیشتمانی، به‌ڵام ئه‌وان لێیان زه‌وت كردوویت و لێیان دزیویت؛ بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ لێیان وه‌ربگریته‌وه‌ و تا تۆ بتوانی به‌ باشی بیپارێزی و ژیانێكی خۆش و شایسته‌ تێیدا بژی. ئاخر گه‌لۆ، ئه‌گه‌ر دز نه‌بن ئه‌وا هه‌موومان ده‌توانین بێ جیاوازی به‌ خۆشی تێیدا بژین.

ئه‌فسووس سه‌رتاسه‌ری جیهان دزه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ نیشتمانی ئێمه‌ش دزه‌ كۆنه‌په‌رسته‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌؛ ڕزگاربوونمان و ڕزگاركردنی نیشتمانه‌كه‌مان له‌ پرۆسه‌ی دژایه‌تیكردنی ئه‌واندایه‌، نه‌ك خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان، یان پاڵپشتیكردنیان. پێت وا نه‌بێ ئه‌وانه‌ی تا دوێنێ خه‌باتیان كردووه‌، ده‌بێ هه‌تا هه‌تایێ خاوه‌ن هه‌موو شتێك بن و ئه‌م وڵاته‌ش ببێته‌ موڵكی تاپۆكراوی ئه‌وان؛ ئه‌گه‌ر تۆ تا ئێستا هیچ سوودمه‌ند نیت، یانیش ویژدانی مرۆییت هه‌یه‌، ئه‌وا نابێ ڕازی بیت ببیت به‌ پاسه‌وانی دزه‌كان. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو سته‌مكارێك دزه‌ و هه‌موو دزێكیش سته‌مكاره‌. ئایا تا كه‌ی دزه‌كان نه‌ناسین و به‌ پاساوی كوردایه‌تی، حزبایه‌تی‌، كه‌سایه‌تی… نازانم چی و چی لا‌یه‌نگر و پاڵپشتیان بین و درێژه‌ به‌ ته‌مه‌نی سته‌مكارانه‌یان بده‌ین؟

به‌ختیار محه‌مه‌د

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress