Skip to Content

دەوڵەتی کوردی لە دیدی ئەوانەوە! …ھەلۆ بەرزنجەیی

دەوڵەتی کوردی لە دیدی ئەوانەوە! …ھەلۆ بەرزنجەیی

Closed
by ئازار 21, 2020 General, Opinion


” دەوڵەت گرنگترین داهێنانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا”…. کارل. ڤ. دۆیچ

ماوەیەکی باشە، بە وردی و بە دیقەتەوە سەرنج دەگرم لە بیروڕای گشتی تورکی و عەرەبی و فارسی و بە تایبەت ڕۆشنبیران و کەسایەتییە گوێ لێگیراوەکانی نەتەوە سەردەستەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. ئاخر باری سەرنجی ئەوانم گەلێ لا مەبەستە، ھەر نەبێت گوایە ئەم تاقمە بە چەند ئاوێک لەچاو سیاسی و دەسەڵاتدارەکانیان دا شۆراونەتەوە!. وەک دەبینین ئەم دەستەیە جارەوجار گەر بە کزیی و لاوازیی و لەژێر لێویشەوە بێت، دەیانەوێ دەنگ ھەڵبڕن و شتێ بڵێن خۆیان لە دەسەڵات و عەوامی خەڵک جودا بکەنەوە….
ئێمە گوێمان لە دەنگە شەرمنەکانیان دەبێت، گوایە لەگەڵ مافی کورد دان و ھەندێکیان وەک « حەسەن عەلەوی و سادق زێباکلام » زیاتر هەنگاو دەنێن و دەڵێن: لەگەڵ مافی کورداین تا ڕادەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی.
لەڕاستیدا ئەمەش دیوێکی ئەو مەسەلەیە، کە ڕەنگە دەمودەست و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببێتە مایەی دڵخۆشی هەر تاکێکی کوردستانی.
لێ گرفتەکە لەوەدایە کاتێ بە وردی دەچیتە بنج و بناوان و گەوھەری بۆچوونی ئەم دەستە و تاقمەوە ،دەبینیت، ئەمان زیاتر لەوانی دیکە لە پەرۆشی پاراستن و چەسپاندن و زامنکردنی دەوڵەتەکەی خۆیان و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەیان و ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی نەتەوەکەیان دان. لەم ڕوەوە ھەرچییەک بۆ تۆ بخوازن، بە ئامانجی خزمەتکردنی پرسی نەتەوایەتی و دەوڵەتە زۆڵەکەکەی خۆیانە. بەواتایەکی دی ئەم بۆچوونە بەرھەمی قەناعەتێکی چەسپاو و ئەزموونێکی دەوڵەمەند و باوەڕێکی بەرزی مافی گەلان و ڕێزگرتن لە ویست و خواستی ئەوانی تر نییە. ئاخر وەک مێژوو سەلماندوویەتی، ئەوان ! ھێندە سوورن لەسەر دژایەتی بوونی کورد و ژیان و مافە سروشتییەکانی، تەنانەت مافی ژیانی ئاسایشی بۆ ناسەلمێنن و بە شایستەی چ ھەقێکی نازانن. لە ھەرڕوانگەیەکەوە بڕواننە پرسەکەی تۆ، وا خۆیان و ھەموو ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە دوور و نزیکەکانیان ھەر لەبیرە.
کاتێکیش بۆ کورد لەگەڵ خواست و دامەزراندنی دەوڵەتدان، دەوڵەتی ناوبراویان وەک ئامڕازێک گەرەکە بۆ پتەوکردن و مەحکەمکردنی پێگەی نەتەوەیەتی خۆیان لەو ململانێ و شەڕە ستراتیژی و پرسی ئاسایشی نەتەوەییدا ، کە بەدرێژایی مێژوو ھەیان بووە و دەیان بێت. ھۆکەشی ئەوەیە کیانەکان دەستکردن، نەک بەرھەمی خەباتی میللی و جەماوەریی ، بۆیەکا ھەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانیدان .
ئاخر لە ناوچەکەدا ململانێ و شەڕی باڵا دەستی ئەوانە، بەشێکە لە مێژووی تۆمارکراوی ڕاستەقینەی ناکۆکییەکانی نێوانیان. ئەوان تا ئێستا ترس لە کێشەی کورد و رەھەندە نەتەوەییەکانی ، وا بەسەریاندا شکاوەتەوە بە تاکتیک لەگەڵ یەکتردا بوونەتە ھاوپەیمان و لە نێوان خۆیاندا ڕێکەوتنامەیان مۆر کردووە.ڕێکەوتننامەی جەزائیر بە نموونە.
جێی سەرنجە هەردوو لا کۆکن لەسەر خاڵێک ، کە ئاسایش و بەرژەوەندی خۆیانی تێدا دەبیننەوە. ھاوباوەڕەکانی عەلەوی، لە دیدی عروبەیانەوە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باشووری کوردستان، بە ستراتیژێکی باش و گرنگ دەبینن کە وەک قەڵغان بۆ پاراستنی دەروازەی ڕۆژھەڵاتی عارەبایەتی، لە ھێرش و چاوتێبڕینی فارس و تورک بپارێزێ…بە ھەمان پێودانگ و تێڕوانین، ئاغای زێباکەلام، دەڵێ: لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیداین لە باشوور، بە نێت و ئاواتی پاراستنی دەوڵەتی ئێران لە ھەڕەشە و مەترسییەکانی عەرەب و تورک.
ھەردوو دەستەکەش بەس باوەڕیان بە دەوڵەتی کوردی لەو بەشەی باشووردا ھەیە، کە بۆتە دیوار و کۆسپێ لەبەردەم خەون و ئاواتی نەتەوەیی خۆیان دا. دەنا زێباکەلام کورد بە فارسی ڕەسەن لەقەڵەم دەدا و تەنانەت مافی خودموختاریشیان لە ڕۆژهەڵاتدا بۆ ناسەلمێنێ. ئەو پێی وایە کورد وەک ئێرانییەک ئەرکە لەسەری شانی داکۆکی بکات لە ئێران و بەرپەرچی ئەو هەڕەشانە بداتەوە، کە لە دەرەوە ڕووتێ دەکەن.
شایانی ئاماژە پێدانە، گەورە زانای تورکی دۆستی کورد «ئیسماعیل بێشکچی» ، وەک تاکە دەنگی تاقانە و ناوازە، لەم دیدەوە بە دوور دەگرین، چونگە ئەو و باوەڕ و تێزەکانی و سزاچەشتنی زۆر و بەردەوامی تێکۆشان و بەرگریی کردن لە پێناوی کورد دا ، بواری چ دەمەتەقێیەکی لەسەر دڵسۆزیی و باوەڕی پتەوی نەلەقیوی زانستیانە و مرۆڤدۆستانەی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە. لەتەک ئەوەشدا، بە دووری نابینم ھێشتا لە نێو تورکدا کەسانی تریان ھەبن، وا بیر بکەنەوە وەک ئەوانەی لەسەرێ ئاماژەمان پێ دا.
کەواتە دەرئەنجام ئەوەڕوون و ئاشکرا دەبێت، تا 50% بەرەو ژوورتری تورک و فارس و عەرەب نەبنە بێشکچی ئاسایەکی زانست پەروەر و واقیعبین و مرۆڤدۆست و خاوەن ھەڵوێست ، وا خۆتەفرەدانە ھەر چاوەڕێی داری زڕ بکەیت بەرت بۆ بگرێ و بڵێیت تورک و عەرەب و فارس تێڕوانینی واقیعی و مرۆڤدۆستییانەیان بۆ پرسی کورد ھەیە و ئیمڕۆ نا سبەی بەشێوەیەکی دیموکراسی دەتوانرێ چارەسەری کێشی کورد بکرێ!. ئاخر بنەمای سەرەکی دیموکراسی بە پێوەری زۆرینە و کەمینە دەپێورێ… کورد لە ھەموو بەشە ناشروشتییەکانی تێ ترێنجدراوە، کەمینەیە و ھیچ کات تاکە بڕیارێک بە دەنگ دان و دیموکراسی ناباتەوە.
ئەوەی لێرە گرنگ و ھەستیارە ئاماژەی پێ بدەین، جێی داخە کەوا ھێشتا سیاسی و ڕۆشنبیرانی کورد ھەن، چەند گالیسکەیەک لە یەک ئەسپ دەبەستن!؟…خەباتی نەتەوایەتی کورد، وەک کێشەی نەتەوە و خاکێکی داگیر و دابەشکراو دەکەنە قوربانی دید و بۆچوونێکی ئاینزاییی یاخود ئایدۆلۆژی و مل بۆ خودی دێفاکتۆکە نادەن..
ئەوە واقیعی تاڵی کوردە بەدەست داگیرکەرەکانییەوە. دەکرێ بڵێین کەم وێنەو بێ ھاوتایە، لە سەختی و تراژیدیایی دا. کەواتە، دەستەبژێر و سیاسی کورد، پێویستە کار بۆ بەرھەم ھێنانی گوتار و میکانیزمێکی تری خەبات و بەرەنگاری بکەن.، نەک خۆ وابەستە و دیلی دەقی کتێب و تیۆرییە نامۆکان بکەن.
بەداخەوە زۆرینەی ئەم دوو بەرە ڕۆشنبیر و سیاسییەی کورد،جێ پەنجەیان لەبەرھەمھێنان و داھێنانی کۆشک و تەلاری ھزر و ڕۆشنبیریی کوردیدا نییە، بەڵکو ھەر خەریکی گواستنەوەی ھەڵە و جوینەوەی وتراوە سواوەکان و گرتنەبەری ئەزموونە شکست خواردووەکان و لاسایکردنەوە
پڕ لەناجۆریی و دۆڕاویی نامۆکان دەکەن. بەم ھۆیەشەوە، کورد بە تێکڕا ، لەو مێژووە جەنجاڵ و پڕ لە کوێرەوەرییەی خۆیدا، وزە و سەرمایە و حەزو ئاوات و توانا و لێوەشاوەییەکی گەورە و بێ شومار و گرنگی بە فیڕۆ چووە.
لە ئێستاشدا، چاوپێکەوتنی بیرمەندێکی شیعەی لوبنانیم خوێندەوە« ئەنیس نەقاش» گوایە لە کتێبەکەیدا بەناوی « الکونفیدرالیە المشرقیە» دەرەتانێکی باشی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانی وەک دۆزی کوردی خستۆتە بەرچاو.خواستی« دامەزراندنی کۆنفیدڕاڵییەکی رۆژھەڵاتییە لەسەر ململانێ بە سیاسەت نەک بە ناسنامە»…واتە کوردێکی شیعە لەگەڵ فارسێکی شیعە و عەرەبدا یەکگرن و دژ بە کوردێکی سوننە و فارس و عەرەب بن… چونکە ناوبراو پێی وایە، « دابەشکردنی جوگرافیا لەسەر بنەمای ئەتنیکی و مەزھەبی و ئاینی سەرەتای شەڕە نەوەک کۆتایی» … ھاوکات ناوبراو پێی وایە:« کێشەکان ئەوکاتە دەست پێدەکەن کە داوای دروستکردنی نەخشەی نوێ بکەین لەسەر بنەمای جیاکاری نەتەوەیی». واتە لە ئێستاوە کورد بۆی نییە داوای دەوڵەتی خۆی بکات . کاتێکیش دەسەڵاتی کورد ، وەک فارس و تورک و عەرەب نەبێت، شوێن و پێگەیشی لەوان لاوازترە. ئەم بۆچوونە دەیسەلمێنێ کە ئەو ناتوانێ لە خەیاڵی باڵا دەستی عەرەب و ھەژموونی شیعەگەرایی دەرچێ و ھەمیشە خۆی وەک عەرەب پێویستە باڵا دەست بێت و ھاوشان پێشوەخت مسۆگەر بێت ، کە براوەی مەدانە و هەروەها ڕەنگە وەک شیعەش بەھەمان شێواز بیر کاتەوە. ئاخر ئەو فەزڵی عەرەبوون و موسوڵمان بوون بۆی سەلماندووە و پسووڵەکەی داوەتێ. ناوبراو پێی وایە :«دەوڵەتی بنیاتنراو لەسەر نەژادی و دین بەرەو ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە». کەچی سەرسەختانە داکۆکی لە ئێران ودەوڵەتە دەستکردەکانی دیکەی عەرەبی دەکات. دەڵێ: »ناوی کوردستان لە ئێران ھەیەتی، ئەوە لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا دەبێ… لە ئێران کورد وەک ھەر عەرەب و تورکمان و فارسێکە، چونکە ئێران لە شەش ئەتنیک پێکھاتووە و یاسا جیاوازییان لە نێواندا ناکات. ئەوێ وەکو کۆنفیدڕاڵییەکی ئەتنیکانەیە لە ئیمپراتۆرییەکی فارسیی بچووکدا«. کەواتە تۆ ھەرچی بەدەست بھێنی ھەر لەژێر ڕکێف و ھەژموونی ئەواندا دەرناچیت و ئێرن ئەو نموونە باڵا و سەرمەشقەیە، مافی خۆیەتی باڵادەست و ئیمپراتۆر بێت و تۆش لە پەراوێزدا ژیان بگوزەرێنی.
ئەم بیرمەندە دەڵێ« لەم کۆنفیدڕاڵییەدا شوێنێک بۆ زایۆنیزم نییە، بەڵام فەلەستین دەبێتە بەشێک لەوە». ئەم ڕاگەیاندنە کتومت ناوەڕۆک و گەوھەری ناڕوون و ناواقیعی و عروبەچێتی و مەزھەبگەرایی بەدیار دەخات.ئاخر ناوبراو ھەم مافی ژیان بۆ ئەوان/ جولەکە ناسەلمێنێ و ھەمیش لە خەیاڵی گرد و مۆڵکردنی وزە و توانا مرۆیی و ئابووری و سیاسییەکانی گەلانی ناوچەکەدایە، بۆ یەکخستنیان لە بەرە و سەنگەرێک دا، لەبەرامبەر جولەکە یاخود ئەوەی ئەو بەردەوام بە زایۆنیزم ناوی دەبات. کەواتە کورد و گەلانی دیکە دەبێت وەک عەرەب شەڕی جیھادی و فەتوای لەناوبردنی ئیسرائیل رابگەیەنن. ئەمەش کتومت پاشکۆیی و چوونە پەراوێزی شەڕ و ململانێیەکەوە نیشان دەدات، کە لە سوودی کورد و خودی ناوچەکەشدا نییە. بە کورتی و کرمانجی ئەرکی سەرەکی کورد دژایەتی داگیرکەران و سەربەخۆیی بەدەستھێنانە.
کاتێک دەڵێ: فەلەستین دەبێتە بەشێکی ئەو کۆنفیدڕاڵییە، واتە دەوڵەتی فەلەستین … ئەو نایەوێ كۆنفیدڕاڵی لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا دروست بێت، بەڵکو دەیەوێ عەرەب بە 24دەوڵەتەوە و فارس بە ئیمپراتۆرییەتەکەیەوە ببنە بەشێک لەو جوگرافیا سیاسییە و شەڕی زایۆنیزم درێژە پێ بدەن. کەواتە ئەوە دەزانین ، ئەو نایەوێ کوردی بەیەکگرتوویی و وەک یەک دەوڵەتی سەربەخۆ بێتە ناو ھاوکێشەوە، بەڵکو وەک بەشە بندەستەکانی چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی. ھەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە ھەر ھەوڵ و ئاڕاستەیەکی خەبات و ویست و داوای کورد، بۆ دەوڵەتی کوردی بێت، لەدەرەوەی ویست و کۆنتڕۆڵی ئەوانەوە بێت، یەکەوڕاست بە کاری ئیمپریالیزمی دەزانن و بە ئیسرائیلی دووەم ناوزەدی دەکەن.
ئەنیس نەقاش لە دوا پەرەگرافی قسەکانیدا دەڵێ: »کۆنفیدڕالیزمی ڕۆژھەڵات، کێشەی کورد چارەسەر دەکات.« ناسنامەی مەشریقی دەبێت» ئەمەش جەوھەری گەلانی دیموکراتیکە کە تیۆرییەکەی سەرۆک ئۆجەلان داوای دەکات«.
وەک دەبینین ناوبراو، جەخت لەسەر تیۆرییەکەی ئۆجەلان دەکاتەوە. مەخابن ساڵانێکە لە تیۆرییەکەی ئۆجەلانیش دا تارمایی پاشەکشەیەکی گەورە لە دۆزی نەتەوەیی دا بەرچاو دەکەوێت و جێگە و پێگە و ناونیشانی « دەوڵەتی نەتەوەیی » نییە.کەواتە ھەردوو لا ھاوبەشن لەم پرسە گەوھەرییەدا و بە خۆڕاییش نییە نقاش بۆ رامکردنی کورد ھانای بۆ تێزەکانی ئۆجەلان بردووە.
لێرەدا لای ئەوان/ بۆ ئەوان گرنگ و داواکراو ئەوەیە، کورد بانگاشە و داخوازی «ناسنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانێکی سەربەخۆ و بوونە دەوڵەت» تی نەبێت و بزری کات. ئەمەش ئەو دەرئەنجامەیە کە گوتاری ئایینی و ئایدۆلۆژیای ئینتەرناسیۆنالیست و ئەندێشەی کۆسمۆپۆلێتی و خەون و خەیاڵی یۆتۆبیایی، سەرمەستەکانی دوور لە واقیع و دەروون نەخۆش و خاوەن گرێی خۆبەکەمزانەکانی بەرەیەکی فراوانی کوردی پێی گرفتار بوون.
بە دیوەکەی تریش دا ئەو دیمەنە قێزەون و بێزارکەر و ئومێدکوژە نمایش دەکات، کە دەستەبژێری گەلانی سەردەست، چ جیاوازییەکی بنجییان لەتەک خەڵکی ڕەشۆک و سیاسی و سەربازی وڵاتەکەی خۆیاندا نییە. بەداخەوە زۆری ماوە لەنێو شۆرش و ڕاپەڕینەکانی کورد دا، ژمارە و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕۆڵەی گەلانی سەردەست ببین، ھاوشانی کورد بۆ مافی نەتەوەیی و ژیان و دیموکراسی کورد تێ بکۆشن، وەک ئەوەی کاتی خۆی رۆشنبیرە فەرەنسییەکان بۆ سەربەخۆیی جەزایر دژ بە وڵاتەکەی خۆیان کردیان.
کەواتە گەر واقیعبین بین و دروست ریال پۆلەتیک بخوێنینەوە، ئەوەمان بۆ دەسەلمێ، دەمێکە
ئەو خەونە بەتاڵ بۆتەوە، ئەوان! ببنە بەشێک لەو تێکۆشەرانەی بۆ ئامانجەکانی تۆ تێ بکۆشن. گەر هەشبن ! ئەوا ڕێژەیان لە پەراوێزدان.
شایانی گوتنە، لەم وانە مێژووییەوە، باشتر حاڵی بوون، کە پێویستە ستراتیژ و ئامانجی ـ بەدەوڵەتبوون ـ ی خۆمان ڕوون و ئاشکرا بکەین و لە ڕوانگەی خۆمانەوە لەسەر زەمینەی واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسیەوە ، بەرامبەر بە خۆمان و ئەوان! ئەم ھەقیقەتە مێژووییە بیکەینە دێفاکتۆیەکی نەگۆڕی چەسپاو ، نەک بەدیار داری زڕ و خەونی نەزۆکی ئەوانەوە دۆش دابمێنین.

ھەلۆ بەرزنجەیی 1.3.2020

Previous
Next
Kurdish