
بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، سەبارەت بەپشتیوانیکردن لەمانگرتنی کرێکارانی ئێران!
بەپێی هەواڵێک کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران/ حیکمەتیست ( خەتی ڕەسمی)، بڵاویکردۆتەوە، چەندڕۆژ دەبێ شەپۆلێکی تازەی مانگرتنی کرێکارانی ئێران لەبەشێکی زۆر لەناوەندە پیشەسازیەکان، کە تا کاتی نوسینی ئەم بەیانە نزیکەی ٨٥ ناوەندی گرتۆتەوە، سەریهەڵداوە. مانگرتنە کرێکاریەکان ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و پترۆکیمیایی و ئاسن و پۆڵا، لەشارەکانی عەبادان، بوشەهیر و یەزد و دەیان شاری پیشەسازی تری گرتۆتەوە و کرێکاران پشتیوانی و یەکریزی خۆیان لەدەوری خواستی زیادکردنی کرێ بەڕێژەی ٧٩٪، بەدەستهێناوە و وەک هێزێکی یەکپارچەی چینایەتی لەبەرامبەر کۆمپانیاکان و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاوەستاون.
ئەم شەپۆلە لەمانگرتنی کرێکاران لەگەڵ ئەوەدا کە دەورەیەکی تازەو بەرەبەیانێکی نوێ و لاپەڕەیەکی تر لەخەباتی چینی کرێکاری ئێران لەپێناو ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بەرەوپێش دەبات. هاوکات لەدرێژەی خۆیدا پایەکانی دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوازی و حکومەتی ئیسلامی لەئێراندا لەرزاندوە.
بێگومان بەرەوپێشچونی چینی کرێکار لەئێران لەم خەباتەیدا، دەتوانێ نەک ڕابەریەکی چینایەتی و شۆڕشگێرانە و ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆ سەرکەوتنی جوڵانەوەی شۆڕشگێرانەی جەماوەری زحمەتکێش دابینبکات، کە ڕۆژانە بۆ یەکسانی و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی یەخەی کۆماری ئیسلامی گرتوە، بەڵکو نمونەیەکی سەرکەوتوانە و ئومێدبەخش لەخەباتی یەکگرتوانەی کرێکاران لەئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدات بەدەستەوەو لەلایەن کرێکاران و جەماوەری ناڕازیەوە، لەخەباتی خۆیاندا لەدژی دەسەڵاتە سەرکوتگەرو کۆنەپەرست و گەندەڵەکانی ناوچەکە بەدەستیەوە بگرن و وەک مەشخەڵێک بۆ گۆڕینی هاوکێشەی چینایەتی و بەدیهنانی گۆڕانکاری ڕیشەیی بەدەستیەوە بگرن.
هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، سەرەڕای ئەوەی پشتیوانی بێدرێغی خۆیان لەم شەپۆلە لەمانگرتنی کرێکارانی ئێران و داخوازیەکانیان رادەگەیەنن، هاوکات سەرکەوتنی کرێکارانی ئێران و بەدیهاتنی خواسەتەکانیان بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆ چینی کرێکار لەعێراق و کوردستان دەزانن. هەربۆیە هەردووحزب بانگەوازی چینی کرێکار لەعێراق و کوردستان دەکات کە پشتیوانی لێبکەن و لە سەنگەری خەباتی کرێکارانی ئێران لەدژی دەسەڵاتی سەرمایە لەئێراندا ڕابوەستن. نابێ کرێکارانی ئێران و مانگرتنەکانیان لەم جەنگە چینایەتیەدا بەتەنیا جێبهێڵرێن، بەربۆیە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان بە ئەرکی خۆیان دەزانن کە هاوپشتیەکی فراوانی کرێکاریی لەئاستی ناوخۆ و جیهاندا بۆلای ڕابکێشن و بەوپەڕی توانایانەوە بەم ئاڕاستەیە دەستبەکاربن. ئێمە خۆمان بەبەشێک لەئۆردوی کار و خەباتی ئەنتەرناسیونالیستی کرێکاری دەزانین و بەتەواوی توانامانەوە لەپاڵ کرێکارانی ئێران و خەباتەکەیاندا رادەوەستین.
بژی هاوپشتی جیهانی کرێکاریی
سەرکەوێت خەبات و مانگرتنە کرێکاریەکان لەئێران
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٣