دەرد و مەرگی عیشق.. عەلی سیرینی
خەم و دەرد و مەرگ وەستاون بە سەرما
فەرمانی دڵە وەختی كۆچ و سەفەرە
ڕۆژ و شەو دێ و دەڕوا دەورانی فەلەك
ڕەحم ناكا بەم دڵە پڕ زام و كەسەرە
وەرە بیكە لە ڕاهی خودا لایێ لە حوسنی
تەڵعەتت، ڕووم بۆ خۆری ڕووت نیلۆفەرە *
ڕەبەنتم جێ نوختەی نەماوە دڵم بە ساغیی
هەر چركە لە عیشقت دەڵێی نوكە خەنجەرە
چی دەبێ جارێ دەستت بێنی بە سەر دڵما
كانی خوێنە بیگرە نەڕوا ئەم كەوسەرە
وەرە خامۆشی كە قوڵپەی خوێن و گریانم
لە دڵمەوە تا دەمم دەڵێی ڕێگای مەحشەرە
چاوانم كە بینی لە خەڵتانی خوێن گەوزاوم
بارین لە ئەسرین بۆ ئەم زاڵمە بێ خەبەرە
جارێ نەهات بپرسێ حاڵی فەوتاوی من
مەلی دڵم نەگەییە دامێنی چ قەزاو قەدەرە
كەوتووم بە سەر ئەژنۆ هاوار خودایە
بە زین بگا مەم لە عەشقیدا دەست بەسەرە
عەلی سیرینی
*- نیلۆفەر گوڵێکی ئاوییە لە گەڵ خۆر هەڵات لە ناو ئاو سەر دەردێنێت و بەرەو خۆر دەوەستێت تا ئاوا دەبێت. کە خۆر ئاوا بوو ئنجا سەر دەخاتەوە ناو ئاو.