ئێوارانە ٣٢.. سەردار جاف
ئێوارانێ
ئافاتێ لە زەرەدەوە بە ئەشکەوە دەرکەوت
سوێر سوێر، دابڕانی رۆژانی شەهلا دەڕێژێ
هێشتان ژوانەکان پڕ تام و بۆ نەبوون
پاکيزەیی سەری لە ئاسۆ ونە
نيگای تاسوقم دەنێژێ
مشتێ خۆرئاوابوون
شەبەيخونی تاريکيمە و نوێژی بۆ دادەبەستم
نزاکانم بە دی نايە
لەوەتەی هەم رێم هەڵەتە
شەرمم شەڕە و
شەڕم گەرم و رۆحيش قۆزاخەی رەنگاڵە
خۆری تام و بۆی هەڵنايە
ئەستێرە هێندە لێڵاوين
بوونە مەفتەنی بيرکاری و نيگای چاوم
گەڵای ئێواران شەهلایی
دەروێشی پاکيزیيم و
بە رۆح سپی تۆوە ماوم
خەرمانێ سپی سپی تەژی وەک بەفر
دێت و لە رۆحما دەسکنێ
هاودەم سپی دڵی ميوان
گێلە گەلەگورگێکن و
لێخن و شلوێی سەر سپين
تريفەی ئاسمانی من
چرايەکە هەر بۆ ژوان
شارێ بۆنی
دوگمە و دۆڵابی سەر سينە و
تاوە بارانی کۆنتاکی دەرکردووە
رۆح دەبێتە داڵانێک و
ئوس فيردەوسی رێکردنمە
بە ڕارەوا ڕێی کردووە
من لە شکان وا دێمەوە
قووڵ قووڵ مينا هەناسە ئاوێنەی لالە
چرايەکە
ژاڵە و تەنيایی دەڕفێنێ
خۆ من کەڤەری ساتێ نيم
وەک کاتژمێر زەنگ لێبدەم
جێ ساباتيم چنارێکە
بۆ لای وادی و ڤۆڵتێرسێ دەمفڕێنێ
ئیتر بۆ چی دەڵێی بێکەسم
تۆ دونيای منی و
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم
٧ / ٥ / ٢٠٢٣