فه‌رهاد پیرباڵ (1) … به‌ختیار محه‌مه‌د
فه‌رهاد پیرباڵ ئازاد كه‌ن! ئه‌و نه كه‌سی كوشتووه، نه دزی كردووه… به‌ڵێ ئه‌و كتێبی سوتاندووه (تاوانێكی گه‌وره‌یه، چونكه ته‌نیا تاریكپه‌رستان و دیكتاتۆران ئه‌م تاوانه ده‌كه‌ن)؛ به‌ڵام فه‌رهادێك، كه عه‌شقی كتێبه بۆ كتێب ده‌سووتێنێ؟ تۆ بڵێی بیه‌وێ تۆڵه‌ی ئازاری ژیانی خۆی له كتێب بكاته‌وه؟ ئه‌ی له هه‌ندێك پیاوی ده‌سه‌ڵات تووڕه‌یه؟… ده‌زانم، ئه‌و یاخییه‌كی خه‌یاڵپڵاو و وه‌همداره. نووسه‌ر و ڕۆشنبیرێكی یه‌كجار به‌توانایه: نووسه‌ر و ڕۆشنبیرێكی یاخی؛ وه‌لێ وههمپهرستێكی خراپ و عاشقێكی گه‌وره‌ی خۆده‌رخستن. ئا ئه‌مه فه‌رهادی سه‌رگه‌ردان كرد! ئه‌و ده‌یه‌وێ نیچه بێ؛ به‌ڵام ئایا ئه‌و به‌فیعلی نیچه‌ی كوردییه، یان ته‌نیا وه‌ك منداڵێك لاسایی ئه‌و ده‌كاته‌وه؟ به‌ڵام ئه‌و ده‌بێ بزانێ، نیچه به‌رله‌وه‌ی جه‌سته‌یه‌كی یاخی بێ، فیكر و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گری یاخییه. ئه‌و بیریارێكی خوانهناسیشه. ئه‌و یاخیبوون و بلیمه‌تیی شێتیان كرد، نه‌ك یاخیبوون و خۆنماییشكردن له شه‌قامه‌كان. به‌ڵێ فه‌رهاد له‌ناو عه‌شقی شوهره‌تدا ده‌ژی. ئه‌و وه‌ك ڕه‌نگی تابلۆ سه‌رشێته‌كانی خۆی په‌رت كردووه و نایه‌وێ كه‌س تێی بگا. وه‌ك ماڵه مۆزهخانهكهیشی دڵی مۆزه‌خانه‌یی خۆی بۆ هه‌موو كه‌سێك ده‌كاته‌وه (بۆ هه‌موو كه‌سێك، كه وه‌ك ئه‌و سه‌رشێت و یاخی بن).
من نازانم ئه‌و خواپه‌رستێكی درۆزنه، یان ڕاستگۆیه، كاتێك ده‌ڵێ: ((ئێستا تاكه كتێبێك، كه بتوانێ دنیا بگۆڕێ قورئانه ))؟ (2) له سیاسه‌تدا پراگماتیكییه، یانیش دیماگۆگییه؟ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و هه‌ندێك جار هه‌لپه‌رستانه ده‌م له پرسه سیاسییه‌كان ده‌ژه‌نێ. ئه‌و سه‌رده‌مێك لایه‌نگریی حوكمی پاشایه‌تی ده‌كرد له كوردستاندا، به‌ڵام كوا كوردستان ده‌وڵه‌تی هه‌یه، تا حوكمی پاشایه‌تی تێیدا به‌رقه‌رار و سه‌قامگیر بێ؟ ئه‌مه دژكارییه: تۆ لیبراڵ بی و پاشاخوازیش بی؛ پیشكهوتنخواز بی و كۆنه‌په‌رستیش بی… فه‌رهاد پهرتێكه وه‌همی كوشنده په‌رتیان كرد. ئه‌و عه‌شقی ئه‌وه‌یه هه‌میشه باسی بكرێ؛ وه‌لێ به‌لایه‌وه گرنگ نییه چۆن باسی ده‌كرێ. ئا ئه‌مه كۆتاییه تراژیدییه‌كه‌ی كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی فه‌رهاده! كۆتاییه‌ك ده‌شێ سه‌ره‌تای تێهه‌ڵچوونه‌وه بێ و سه‌رله‌نوێ فه‌رهاد به‌خشش و داهێنانمان پێشكه‌ش بكا.
ئه‌و چیرۆكخوانێكی باشه. هه‌موومان حه‌زمان له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو و چیرۆكه‌كانی ژیانی خۆی و پاڵهوانهكانیهتی. ئه‌و هه‌ندێ جار شیعری جوانیش ده‌نووسێ. شیعرێك له‌سه‌ر ((قوز)) ده‌نووسێ، تا بڵێی ناوازه و ده‌گمه‌نه. فه‌رهاد ئازاد كه‌ن، با شیعر و گۆرانی و چیرۆكمان بۆ بڵێ! ئایا ئه‌و له به‌ندیخانه‌ش هه‌ر فه‌رهاده خه‌یاڵپڵاوه یاخییهكهیه؟ ئایا له‌وێش خه‌ریكی كار و به‌خششی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و داهێنانه؟ ئایا له ئاكامدا ئه‌و ده‌توانێ وههم و خه‌ون و شێتایه‌تی و یاخی بوونی خۆیمان بۆ بكاته ژانره‌كانی داهێنان و عه‌شقی ژیان و ژن ((قوز)) نه‌یكوژن و ئه‌مجاره كۆتایی به ژیانی پڕ له كاره‌ساتباری خۆی نه‌هێنێ؟
به‌ڵێ ئه‌فسووس، ئه‌و وههم كوشتوویه‌تی و خولیای زیاتر ناوبانگ و شوهره‌ت په‌یداكردن وێران و ویڵیان كردووه.
ئه‌و ڕاستیش ده‌كا، كه ده‌ڵێ: ((ده‌بێ دادگاكانی كوردستان دادگایی بكرێن!)).
ده‌سا ئه‌ی دادگا دیل و تاوانباره‌كانی كوردستان، فه‌رهاد ئازاد كه‌ن، با هه‌ولێری شه‌رمن جووڵه‌ی تێبكه‌وێ!
(1) من لێره هه‌رگیز به‌رگریی له ڕه‌فتاره بێهووده و سه‌رشێته‌كانی وه‌ك كتێب سووتاندن و شت شكاندنی فه‌رهاد ناكه‌م، به‌ڵام ده‌شێ له‌گه‌ڵ ئازار و موعاناتی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك هاوسۆز بین و وه‌ك ئه‌دیب و كه‌سایه‌تییه‌كی ڕۆشنبیریش خۆشمان بوێ. ئه‌مه په‌رێزی ئه‌و پاك ناكاته‌وه له تاوانی كتێب سووتاندن، به‌ڵام ده‌شێ له شوێنێكی دیكه و به شێوازێكی دیكه سزا بدرێ، نه‌ك له به‌ندیخانه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و ده‌بێ یارمه‌تی بدرێ له‌و دۆخه ئاڵۆز و شڵه‌ژاوه‌ی، كه تێی كه‌وتووه. فه‌رهاد ئه‌دیب و نووسه‌ریكی به‌توانایه، پێویستمان به به‌خشش و به‌رهه‌می ئه‌وه، نه‌ك ڕۆژ تا ئێواره له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان وه‌ك شێت خۆی نماییش بكا. شتێكی دیكه هه‌یه فه‌رهاد نه‌ده‌بایه خۆی بخاته ناو ته‌ڵه و ده‌سیسه و مه‌عمه‌عه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌نده‌ڵیی حزبایه‌تییه‌وه، كه ئێستا وا باجه‌كه‌ی به قورسی ده‌دا.
(2) نازانم ته‌واو دڵنیا نیم ئه‌م وته‌یه‌م به‌ته‌واوی تۆمار كردووه، یانیش به شێوه‌یه‌كی دیكه‌یه؟
به‌ختیار محه‌مه‌د