Skip to Content

چایچی.. چیرۆکی/ نەوزاد بەندی

چایچی.. چیرۆکی/ نەوزاد بەندی

Closed
by حوزه‌یران 23, 2023 General, Literature

ـــ ـــــ

واتا ئەگەر لات وابێ بارودۆخ ناگۆڕێ ، ئەگۆڕێ .. خانووە تازەکان ، بەرە بەرە کاڵ ئەبنەوە و کلس و خۆڵ و قەوزە دایانئەپۆشێ …کەنارییەکان پیر ئەبن و .. ئیتر قەفەزەکان خاڵی ئەبن ..سەرۆکەکان، کۆڵهەڵگرەکان ..ئەوانەی لەسەر ئاستی ووڵات یەکەم بوون..ئەوانەیشی هیچ زانیاریی و زیرەکییەکیان لە خۆیاندا شک نەبرد ، لە شەقامەکاندا هاتن و چوون و خەوتن ..تێکڕایان پیر بوون و مردن ..واتا پیر ئەبن و ئەمرن ..
دڕکێک سەری لێتێکچووبوو لە تەنیشت سنەوبەرە هۆڵەندییەکەی بەردەرگاکەیدا ڕووا بوو ..سەرەتا بینی و بە ئاگا نەبوو ، لەپڕ ڕاوەستا و ئاوڕی دایەوە ..وەک ئەوەی ئاوڕ لە یەکێک لەوانە بداتەوە کە بابیان کوشتووە ..دڕکەکە زۆر بە کز و لاوازیی لە گۆشەیەکی تەنیشت سنەوبەرەکەدا ، ئەیویست ئەو تەمەنە کورتەی خۆی لەوێ تەواو بکا ..بەڵام ئەم خێراتر بوو ، گەیشتە سەری و بە نوکە شەقێک ، بە پێڵاوی گرانبەهای بوگاتی ، دڕکەی له بێخ دەرهێنا و هەڵیدایە ناوەڕاستی گەڕەک ..خستیە ژێر هەتاوە گەرمەکە و.. ژێر ڕەحمەتی هەزاران هەزار پێچکەی ڕەشی ئوتومبیلەوە ..
وەک یاریزانێک له گۆشەیەکی تیژەوە گۆڵێکی کردبێ ، ئاوا چەند چرکەیەک ڕاوەستا ، چاوەڕێی چەپڵە و هات و هاواری جەماوەر بوو ، ( چایچی ..چایچی .. چایچی ) ..بەڵام هەر زوو بە ئاگا هاتەوە و لەگەڵ دەستلێدانێکی خێرا لە سنەوبەری هۆڵەندیی ، تەماشایەکی دڕکە لە بێخ هەڵکێشراوە کوردییەکەی کرد ، وەک ئەوەی پێی بڵێ : نەخەڵەتابیت توخنی باخ و باخات و ..شاخ و شاخاتی من بکەوی ..
هەروایشی ووت ..پێیشی داهێنان بوو ، وشەی شاخات .. کەس نەیوتبوو بێجگە لە خۆی ..وەک چۆن وەزیر ، جارێکیان ووتی تەندروست باش بن !! ..لە کاتێکدا تەندروست خۆی واتا باش ، ئیتر لکاندنی ئەم( باش )بە تەندروستەوە ، لە زیاد مەسرەفیی زیاتر شتێکی تر نییە ، کەچی سەرتاپای خەڵکەکە ، پێشوازییەکی زۆریان لەو داهێنانە ووشەسازی و زمانەوانییە گەورەیه کرد ..تەنانەت وەک دیارییەکی لێ هات کاتێ بە کەسێ ئەڵێی تەندروست باش بی ، ڕەنگی سوور هەڵئەگەڕێ و هەناسەی سوار ئەبێ و زۆری پێ خۆشە ..وائەزانی دەعوەتێکت بۆ کردووە ..بە جۆرێ ئەو کەسە نازانێ چۆن حەقت بۆ بکاتەوە ..
لە دڵی خۆیدا ووتی : ( منیش چیم لە وەزیر کەمترێکە ؟ هەرچییەک وەزیرێ هەیبێ ، هەمە.. بیبێ ، ئەمبێ ..هەیبووبێ ، هەمبووە .. ئیتر بۆچی شاخات وەک تەندروستباش دەنگ نەداتەوە ؟ )
ئوتومبیلە لەگزسە سوپەر سپۆرتە درعە ڕەشەکە ، وەک مانگایەکی بێتاقەت هاتە بەرچاوی ..ئەتووت ها ئێستا ها تۆزێکی تر بەلەسە ئەبێ و لە دەست ئەم کابرایە ڕائەکا ..
پێش گۆڕینی بار و دۆخ ، چایچی بوو ..چایچییەکی هەتا خوا حەزکا ، چایچی ..وەک پولی دۆمینە ، ژێرپیاڵە و پیاڵە چای لە مەچەکییەوە هەتا ئانیشکی ڕیز ئەکرد ، لەگەڵ ئاواز و گۆرانی و نوکتە و تەنانەت جنێو و وردە جڕت و ئەو شتانەدا ، پیاڵەکانی بەسەر چاخۆرەکاندا دابەش ئەکرد ..واتا چۆن ئەو هەموو شتە ؟ ..ئاخر بە پێی چاخۆرەکە بوو ، چاخۆر هەبوو حەزی لە دەنگی حەسەن بوو ، ئەمیش دێڕێ ( نامدوێنی ئاخ نامدوێنی ) حەسەنی بۆ ئەووت جا ، شڵپ ، چاکەی ئەکێشا بە تەپڵەکەکەی بەردەمیدا ، کابرا خەریک بوو ڕاستەپێ بۆی دەردەچوو لە ترسی ئەوەی نەبادا شوێنێکی بەو چا گەرمە سووتا بێ ، یان کراسە سپیەکەی پیس بوو بێ ، بەڵام ئەو بە تەنزێکەوە ئەیووت دانیشە ، ناکۆک ! ..سەعەی چایچی بۆی داناویت ..حەیفت نەکرد ، ئەگەر یەک دڵۆپەی لێ ڕژابوو ، وەعد هەتا ماوی چاکانت خۆڕایین ..
چاخۆر هەبوو ، حەزی لە نوکتە بوو . . تیایانا بوو حەزی لە یانەی ڕیاڵ مەدرید بوو .. حەزی لە نرخی دۆلار بوو ..حەزی لە زانینی هەواڵی نەوتەکە .. هەبوو حەزی لە جڕت بوو ..ئیتر هەر چاخۆرێک و خوا بە جۆرێ دروستی کردبوو یان خۆی بە جۆرێ پەروەردە کرد بوو ، لە ساتی دانانی چاکەیدا ، سەعەی چایچی هاوخەمیی خۆی بۆ ئەو چاخۆرە نیشان ئەدا ..ئیتر کابرا چاکەی لا ئەبوو بە هەنگوین و گرانبەهاترین دیاری ..( ڕیاڵ چاک مەلەگەی ئوتوو کرد …نەوتەکە تەواو ، هی خۆمانە ..دوێنێ گرانترین کۆتر فرۆشرا ..پیاوکوژەکەیان دۆزیەوە، خزمی خۆی بوو …)
ئەمانە زۆربەیان چایان نەدەخواردەوە …وایان نیشان ئەدا چاخۆرێکن نەبێتەوە ، بەڵام چاخۆر نەبوون ، لەبەر دڵی ئەو قومێکیان لێ ئەدا ..یان به دزی ئەوەوە ئەیانڕشتە ناو ئینجانەیەک ..یان ناو گڵەکەی پشت کورسییەکان ..هەندێکیشیان هەر بەجێیان دێڵا ، بەڵام سەرجەمیان پارەیان دەدا ..چونکە لە ماڵەوە هیچ کەسێکیان شک نەدەبرد قسەی دڵی خۆیان بۆ بکا ، ئەم قسەی دڵی خۆیانی بۆ ئەکردن ..ئەوەیش کەم نییە ..یان تەنانەت زۆریشە و .. هەر زۆر زۆریشە ..تۆ بڕۆیتە جێیەکەوە ، شڵپ ، پیاڵە چایەک ، لە بەردەمتا فڕێ بدەن ، بێ ئەوەی دڵۆپەیەکی لێ بڕژێ و..بێ ئەوەی هیچ شوێنێکت بسووتێ و .. بێ ئەوەی کراسە سپییە تازە ئوتوکراوەکەیشت پیس بێ ، جا لە هەمان کاتدا ، کچێکی چاو سەوز کە هەزارساڵ پێش ئێستا خۆشت ویستووە و بۆت نەبووە ، بێنێتەوە بەرچاوت بە دێڕێکی خێرا ، وەک :
چاو سەوز هێشتاکە من ئینتیزارم ..
خۆم بارهەگر و هەر خۆیشم بارم ..!!
ئێ ئیتر چۆن هەموو ڕۆژێ نایەیتەوە و لە جیاتی چایەک ، سێچوار چا و .. لە جیاتی هەزار دینار ، دە هەزار دینار ناکەیت بە بەر پشتوێنەکەیدا ؟
ئەیکەیت ..چۆن نایکەیت ..ئەمیش ئەیزانی ئەیکەیت ، هەر بۆیە زۆری نەبوو .. وەک چۆن خاوەن تەریقەتێکی لێهاتبوو ، بە تاپڕیش خەڵکی دەرکردایە هەر ئەهاتنە کنی ..
هەڵبەت ئەم بار و دۆخە گۆڕا ..وەک گۆڕانی هەموو شتەکان ..هەموو سیستمەکان .. هەموو خاوەن بڕیار و ..خاوەن زەبر و زۆرەکان . . ئەوەندە سەیر گۆڕا ، تەنانەت بۆ خۆیشی بڕوای نەدەکرد ..خەڵکەکەی چوار دەوری زۆربەی زۆریان چوون بۆ هەندەران ..واتا شتێ نەمایەوە بە ناوی چاخۆر ..واتا تۆ دێیت بۆ لای من بۆ ئەوەی پێکەوە باسی عیار ڕۆتی ئوتومبیل بکەین ، بەڵام لە پڕێکا من کۆمەڵێ بڵندگۆ و ڕوژنامەنووس و چەکدار چوار دەوریان تەنیوم ، تۆ ئامادە نابیت نەک هەر لەگەڵما باسی عیار ڕۆت بکەیت ،
شوێنێک کە تەنانەت یادگارییەکانیشم نەتگەنێ .. کاتێ سەعە بوو بە حەمە سەعید و .. چایچی بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی ، کۆڕەو لەناو چاخۆرەکاندا دروست بوو..یان هەر لە بنچینەدا خزمەتگوزارییەک نەما بەناوی چا و گۆرانی حەسەن زیرەک و نوکتە و جڕت و دوا گۆڵەکانی ڕیاڵ مەدرید ..لەوەیش ناخۆشتر یان ترسناکتر ئەوە بوو ، ئەگەری کوشتنی هەر چاخۆرێک لە ئارادا بوو ..ئێ ئەوە کەم نییە تۆ هەستیت باس لەو چایانە بکەیت کە ئەندامێکی سەرکردایەتیی بۆی تێکردوویت بە جڕت و چەقەنە وە ..ئەمە ئەگەر تۆ کەسیش لێت نەبیستێت ، هەر بینینی تۆ ، ئەبێتە هۆی بێزار بوونی ئەو ..ئەوێکی خاوەن ملیۆنەها دۆلار ..ڤێلا..کۆمپانیا .. کەناڵ و پڕۆژەی زەبەلاح، چۆن ئەبێ دەم و قەپۆزی پاکەتفرۆشێکی بێتە بەرچاو کە هەر دوێنێ ، شڵپ ، چایەکی لە بەردەمیدا داناوە ، بێ ئەوەی یەک دڵۆپەی لێ ڕژا بێ و ..یەک پاکەتی زەرد بووبێ و..یەک نوقتە لە کراسە خامەکەیدا دروست بووبێ ، سەرباری ئەوەیش ، ئەم دێڕەیشی بە دەنگی بەرز بۆ ووتبێ :
( پاکەتفرۆشم ، خاوەن دڵیشم..
بۆ وەفا و پەیمان ، بیانوو بڕیشم ..)
ناکرێ .. بار و دۆخەکە زۆر ناسک و هەستیار بوو .. چاخۆرەکان تێگەیشتن ، زۆربەیان لە ڕێی وانەوە خۆیانکرد به تورکیادا و .. لەوێوە بۆ یونان و ..ئەڵمانیا و سوید و بەریتانیا .. تیایشیاندا بوو ، ڕایکرد بۆ بەغا ، لەو شۆرجە و شێخ عومەرەدا خۆی وونکرد .. تیایاندا بوو بە نەشتەرگەریی جوانکاریی ڕوخساری خۆیان گۆڕی .. تاک وتەرایشیان شیری خاویان خوارد بوو ، هەر لە شاردا مانەوە ، شار خۆ شاری هەمووانە ، بووە بە ملیاردێر و ئەندام سەرکردایەتی ، جار بە جەهەننەم .. خوای ئەکرد ئەبوو بە نەهەنگی شین و ڕۆژانە سێ چوار تەن شتی ئەخوارد ، بەمان چی یان ئەمان بەو چی ؟ هەر یەکەمان بە ڕێی خۆیدا ..ئەو با لە کۆشک و باڵەخانە و پڕۆژەی خۆیدا بلەوەڕێ ، ئەمانیش لە کوچە و کۆڵانە داڕوخاوەکاندا سێکشنە قورسەکانی کۆتایی تەمەنیان بەسەر ببەن ..
چاخۆریش هەبوو هەر لە شاردا مابۆوە و هەوڵی دنیای دابوو لێی نزیک بێتەوە و ببێتە خزمەتکاری یان بە لایەنی کەمەوە وێنەیەکی فۆتۆگرافیی لەگەڵدا بگرێ .
حەمە سەعید ئەو شتانەی ئەزانی بە تایبەت وای لێهاتبوو لە هەندێ بۆنەی جەماوەریدا هەندێ لەو چاخۆرانەی ئەبینی ، به چاوێکی سووک و قێزهاتنەوەوە تەماشایان ئەکرد ، یان ئەم وای هەست ئەکرد ئەوان بەو جۆرە تەماشای ئەکەن کە لە ڕاستیدا بە ڕێز و شانازییەکی زۆرەوە تەماشایان ئەکرد ..واتا چاکیشی به خراپ ئەبینی ، وای لێ هاتبوو هەموو ئەو دەسەڵات و ماڵ و سامانەی کە هەیبوو ، نەیدەبینی و تامی لێ نەدەبینی ، ئەوەندەی چاخۆرەکانی لە مێژینی ئەکەوتە بەرچاو ، وەک تارمایی و خێو ، گاڵتەیان پێ ئەکرد ، چاکەیان لێ وەرئەگرت و ئەیانکرد بە سەریدا ..بەوەیشەوە نەدەوەستان ، قۆرییە چای لە کوڵی سەر خەڵوزیان بە سەر و ڕدێنیدا قڵپ ئەکردەوە .. جۆرەها جنێویان وەک خۆی بە شیعر پێ ئەوت :
سەعە چا پیسی گەندەڵی قەڵەو ..
چی ئەکەی مردن ، کە بۆت هات بە شەو ؟
٭ ٭ ٭
سەعە مەسڵەحچی ..لە پڕ پیاکەوتوو ..
چا لێت حەرام بێ ، وا لێت حەرام بوو …
جۆرەها شیعر و جنێو و جڕت و شتی ئەهاتە بەرچاو ، بە جۆرێ ناچاری چوونە دەرەوەی ووڵات بوو ، سەردانی گەوره پزیشکانی دەروونیی کرد ، دەرمانیان بۆ نەنووسی ، تەنها ڕێنمایی کۆمەلایەتییان کرد ، چونکە ئەم لە پڕێکا لە چاچێچتیەوە بووە بە گەورەپیاوێکی وا ، ئەمە گەر بارودۆخ و سیاسەت قبوڵی بکەن ، ڕۆتینی ڕۆژانە و خانەکانی مێشکت پێیان قبوڵ ناکرێ .. هەستی ترس و شۆک و ئەم شتانەت تیا دروست ئەکەن ..دوور کەوتنەوە لەو وڵاتە چارەسەرێکی ڕەنگە باش بێ و ..ڕەنگیشە خراپتر بی ..
چییە پێم ڕائەبوێرن ؟ یەعنی چی ڕەنگە باش بی و ڕەنگە خراپتریش بی ؟ کە جوانتر سەرنجی پزیشکە ئینگڵیزییەکەی دا ، وای هەستکرد یەکێک بێ لە چاخۆرەکانی لە مێژینی ..هەر بۆیە دەستی بەرز کردەوە پیایا بماڵێ ، یاریدەدەرەکانی پزیشک فریای کەوتن و هەڵیانگرت و فڕێیا دایە دەرەوە ..
یەک بە دەم هاواری ئەکرد ، وەڵاهیی ئەتانکوژم .. هەمووتان ئەکوژم .. با بگەڕێمەوە ..دایکی خێوتان ئەسوتێنم ..
شانە نهێنییەکانی چاخۆرەکانی دروستکرد .. ڕۆژانەلێره و لەوێ گەنج خەڵتانی خۆێن دەکران و کەس نەیدەزانی یان ڕاستتر کەس نەیدەوێرا بپرسێ ئەمە کێیە کوژراوەکە و کێیە بکوژەکە ..
کاتێ دڕکەکە بەهۆی پێچکەی ئوتومبیلەکانەوە وەک تاتۆیەکی زەردی لێهات بە شەقامە ڕەشەکەوە کە دوێنێ لەسەر داوای خۆی ، شارەوایی بۆی قیرتاو کردبوو ، تەماشای لەگزسە درعە ڕەشە سوپەر سپۆرتەکەی کرد ، هەستی کرد مانگایەکی گەورەیە و ..لەوەدایە هێرش بکاتە سەری …..
(ئاڕبییجێکەم فریا خەن ..)
بۆی دانیشت ، لەبەر خۆیەوە ئەیووت و ئەیووتەوە : ( ئەو هەموو چاخۆرەم وەک سەگ تۆپاند ، ئێستا ماوەتەوە سەر مانگایەکی مالۆسی وەک تۆ )
کە لێی دا ، لەگزس بوو بە تۆپێک لە ئاگر و دامردەوە .. خەڵکەکە لە خەو ڕاپەڕین .. خەڵکێکی زۆر .. هەتا بێ زۆر ئەبوون .. ئەو هەموو چا خۆرە .. باشە تۆ بڵێی ئەم خەڵکە هەر هەموو چاخۆری ئەم بوو بن ؟ واتا ملیۆنان خەڵک .. ئەمانە بە چی لەناو ئەچن ..؟
ــقوربان کار لەکار ترازا ــ
ئەمە دوا دێڕی خوشکەزاکەی بوو کە لە ژێر پێی خەڵکەکەدا وەک دڕکەزییەک ئەشکا و وورد ئەبوو .. خەڵکەکە خۆیشیان نەیاندەزانی ئەم هەموو ئازایەتی و غیرەتە چیە ..وەک ئاگراوی گڕکان ، بەسەر هەر شتێکا ئەچوون ، مەحفیان ئەکردەوە ..ئابڵۆقەی سەعەی چایچیان دا ..لە هەر چوار لاوە ..وەک مامە فەرخە ووتی ..شڵپ ، مەحف بۆوە ..بە جۆرێک یەک دڵۆپ خوێن نەڕژا.. یەک پەڵەیش لەسەر ئەو هەموو کراسە سپیە دروست نەبوو ..بە جۆرێک ، زۆرینەی ئەوانەی ئاگاداری بابەتەکە بوون ، نەیاندەزانی ئایا ئەم کابرایە هەر لە بنچینەدا پیاڵە چایەک بوو ..یان چایچی بوو ..
ئیتر بار ودۆخەکان زۆر خێرا ئەگۆڕێن ..ئەوەندە خێرا ، هەمووان ئەم شتانەیان لە بیر چۆوە .. ئێستا لای هەرکەسێ باسی دڕکی تاتۆی شەقام و سنەوبەری هۆڵەندی و چاخۆر و ئەم جۆرە شتانە بکەیت ، ڕەنگە شکیان لە عەقڵت هەبێ و …شتی تریش .

Previous
Next
Kurdish