Skip to Content

سەردەمی سادە نووسی و خوێنەری سادە.. سەدیق سەعید ڕواندزی

سەردەمی سادە نووسی و خوێنەری سادە.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 1, 2023 General, Opinion

لە ئێستادا، جۆرە خوێنەرێک لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردی دروست بووە، کە دەشێ بە خوێنەری ڕاگوزەر و سادە و بیرنەکەرەوە ناوزەدی بکەین. ئەم جۆرە خوێنەرە، کە بەرهەمی شاشەی مۆبایل و تابڵێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبووکە، هێندەی پەیوەندی لەگەڵ بەریەککەوتن لە ئاستی بینیندا هەیە، هێندە خوێنەرێکی بە ڕامان و بیرکەرەوە و تێهزر نییە. چونکە سرووشتی ئەو جۆرە تۆڕانە وایە، کە بە خێرایی تێ دەپەڕن و بابەتی ئێستا، بۆ چەند خولەکێک دواتر، کۆن دەبێت و دەچێتە پەراوێزەوە. ئیدی بە لایەوە گرنگ نییە بچێتە قووڵایی نووسین و مانا، بەڵکو تەنها ڕاگوزەرانە سەرنج دەدات. ئەم جۆرە بینینە، هەر تەنها لای خوێنەری ئاسایی نییە، بەڵکو سەیر لەوە دایە، بژاردەی نووسەران و ڕۆشنبیرانیش، هەمان تێڕوانین و بیرکردنەوەیان هەیە و ئەوەندەی بابەتێکی فەیسبووک دەخوێننەوە و سەرنجیان ڕادەکێشێت، بە داخەوە ئەوەندە کارەکتەری نێو دنیای کتێب و خوێندنەوەی جددی نینە. گەلێک جارو بگرە دەیان جاریش وا ڕێکەوتووە، پرسیارم لە بارەی وتارێکی گرنگ کە لە ڕۆژنامەیەک بڵاوبۆتەوە، لە نووسەر و وەرگێڕێک کردووە کە ئاخۆ خوێندوویەتییەوە؟ لە وەڵامدا گوتویەتی: کە نەمبینیوە و ئاگادار نیم. بۆیە گۆڕینەوەی کتێب بە شاشە و فەیسبووک، خوێنەری بیرکەرەوە بە ڕاگوزەر و سادە، گرفتێکی گەورەی دنیای ڕۆشنبیری ئێمەیە کە هەرە دیارترین دەرهاوێشتەی، پاشەکشەی خوێنەری ڕاستەقینە و پەراوێزخستنی دەیان کتێبی مەعریفی گرنگە و هاوکات بە پاڵەوانکردنی دەیان شاعیر و ڕۆماننووس و دەقنووسە، لە پەراوێزی هەبوونی ئەو جۆرە خوێنەرەوە. چونکە ئەو تایپە لە خوێنەر، هەڵگڕی گەلێک سیماو ئەدگاریی تایبەتییە، کە دەشێ بە هۆیەوە پەیوەندی لەگەڵ کتێب و دنیای خوێنەوە بە گشتی بخوێنینەوە. یەکێک لەو سیمایانە، کورتبڕی و بازادانە بە سەر نووسین. ئەم جۆرە خوێنەرە، هەرگیز سەودا و سەلیقەی بابەتێکی درێژی نییە و هەمیشە ئارەزووی ئەوە دەکات، ئەو بابەتانەی دەیانخوێنێتەوە،کورت بن. واتا بەخێرایی بە سەریاندا تێ دەپەڕێت، دیارە ئەمەش پەیوەستە بە شێوازی ئەو پەیوەندییەی خوێنەر لەگەڵ دەق لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە هەیەتی، کە وەک وتمان بابەتی کورت، تێپەڕ و ڕاگوزەر، بەمەش دەرفەتی وەستان و ڕامان، تێهزرین و بیرکردنەوە لای خوێنەر نامێنێت. ئەم شێوازە لە خوێنەوە، تایپێک لە خوێنەری دروست کردووە، کە بابەتی درێژ و قووڵ، زۆر جێگەی سەرنج و پرسیار نەبێت. من سەیرم پێ دێت کاتێ گوێبیستی ئەوە دەبم، کە بەشێک لە نووسەرانیشمان، دەڵێن بابەتی درێژ ناخوێنینەوە، چونکە سەردەمەکە، سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا و بابەتی کورتە، گەر سەرنج بدەین، دەبینین ئێستا بەشێکی زۆر لە نووسەران و شاعیرانی ئێمە بە تایبەتی ئەوەندەی فەیسبووکە شیعر دەنووسن، بۆ ساڵانێک دەبێت تێکستێکی شیعریی داهێنەرانەیان نەنووسیوە، کە ببێتە جێی پرسیار و مانای خوێنەر. بەڵکو پێوەر و پێوانەی خوێنەری شیعریی لایان، ئەو کۆمێنچی و لایکانەیە کە بۆیان دێت. بە دەربڕینێکی تر، هیچ کاتێک وەک ئێستا، بە نموونە شاعیر کورد، لە بەر دڵخوازی خوێنەر شیعری نەنووسیوەو هێندە چێژ و بینینی خوێنەری بەلاوە گرنگ نەبووە. لای بەشێکی زۆری شاعیرانی ئێستا، شیعری جوان و داهێنەرانە، ئەو شیعرەیە کە زۆرترین کۆمێنتی لە فەیسبووکەوە بۆ دەنووسرێت، کە هەر هەموویان پەسن و پیا هەڵدانن وسێ بەشی ئەو خوێنەرانە، نازانن چێژ وجوانی، دەقی شیعری داهێنەرانە چییە. بێگومان لە هەبوونی شێوازێکی نووسین و بڵاوکردنەوەی لەو شێوەیە، ج خۆرە خوێنەرێک دروست دەبێت؟ هەڵبەتە خوێنەرێکی دروشمباز، هوتافیی وخرۆشاو، کە تەنێ وەک بەشدارێکی ڕێپوانێکی جەماوەرییانە، دروشم و هوتافی لا گرنگە، بەبێ ئەوەی پرسیار لە ستراتیژییەت و هەبوونی خۆی لەو جۆرە چاڵاکییەدا بکات، کە دەرەنجام بێ ئامانج کۆتایی دێت. کاروان کاکە سوور لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دوکانی شووشەوات) ئەم جۆرە خوێنەرە، بە خوێنەری پاسەوانی تێکست ناودەبات . نووسەری کتێبەکە، ئەگەرچی لە بارەی خەسڵەتەکانی خوێنەری گرووپی ( ڕەهەند) دەدوێت، بەڵام بڕوام وایە ئەم تیۆرە دەکرێ گشتاندن بکرێت بۆ سێ بەشی خوێنەری کورد، چونکە جگە لە بژاردەیەکی کەمی خوێنەران، ئەوانیتر هەموویان لە بری ئەوەی ببنە پرسیارکەر و ڕاڤەکەری تێکست، بە پێچەوانەوە دەبنە پاسەوان و پارێزگاری شتێک کە ناوی تێکستە. لێرەوەش وەک پاسەوان وەزیفەیەکی دیاریکراوی هەیە و لەو ئەرکەدا دەبێ وەک بکەرێکی بێ دەنگ و پرسیار نەکەر و تێ نەهزر دەربکەوێت، چونکە لە پێشدا ئەرک و ڕۆڵەکەی دیاریکراوە. بەو شێوەیەش پاسەوانی تێکست تەنها ئەرکی بە تەوتەمکردنی ئەو تێکست و نووسەرەیە، هاوکات بە گژ هاتنەوەی هەموو ئەوانەیە، کە دەیانەوێت ئەو دیوارەی پاسەوان ببڕن و تێگەیشتنێکی دیکەی جیاوازییان لە تێگەیشتنی پاسەوان بۆ تێکست هەبێت. لەو ڕوانگەیەشەوە هەر هەوڵێک بۆ کردنەوەی کۆدەکانی ئەو دەقە و بینینێکی جیاواز، دواجار بە ڕەت کردنەوە و بێ بەهاکردنی ئەو بینینە جیاوازە، تا ئاستی سڕینەوە و و بێ بەهاکردنی و بگرە زمانی زبر وبریندارکەریش دەڕوات. لێرەوەش هەردوو ئەرکە جیاوازەکانی پاسەوانی ئاسایی و پاسەوانی تێکست، یەکدەگرنەوە کە تەنها یەک ئەرک و بەرپرسیاریەتییان هەیە، ئەویش شەڕکردنە وەک جەنگاوەرێک لە دژی هەموو ئەوانەی سنووری بارەگا و تێکست دەبڕن و مەبەستییانە پرسیار بکەن و لە پێکهاتە و کۆدەکانی نێو ئەو سنوورە بڕوانن و پرسیار بکەن. لای خوێنەری پاسەوان، وەک کاکە سوور ناوی دەبات، هەمیشە جۆرێک لە کلێشەسازیی ئامادەیە، وەک چۆن گەلێک ئامراز و ئامێر هەن و بێ کەتەلۆک ناتوانی بیانخەیتە گەڕ، بەم شێوەیەش لای ئەو خوێنەرە، دەبێ ئەو کەتەلۆکە هەبێت و لە سەری بڕوات. ئەو چونکە وەک باسمان کرد، هەر لە سەرەتاوە ئەرکەکەی دیاریکراوە کە قفڵدانە لەو دەرگاییەی ڕێگری لەوانیتر دەکات لێیەوە بێنەوە ژوورەوە، بەڵام ئەرکەکەی هەر تەنها لەو شێوازە بەرگرییە کۆتایی نایەت، بەڵکو لەهەندێ کاتدا، وەک داکۆکیکەرێکی سەرگەرم، بێ بیرکردنەوە و هەڵوەستە و پرسیار لەوانیتر دەکەوێتە هێرش و پەلامارو بڕی جار، چی ناو و ناتۆرە هەیە دەیداتە پاڵ بەرامبەرەکەی. ئەو جۆرە خوێنەرە، چونکە خۆی وەک دەروێشێکی ئەو تێکستە دەبینێت، ئیدی ئەو پیرۆزییە ئەو هەستەی لادروست دەکات، کە هەر کاتێک درکی بەوەکرد ئەو پیرۆزییەی دروستی کردووە، دەکەوێتە بەردەم گومان و پرسیارکردنێک، ئەویش دەکەوێتە کاردانەوەی دەروونی و لەو ساتانەشدا، ئەقڵ و لۆژیک لە نەبوون دانە وهەر کاتێکیش مرۆڤ لە غیابی ئەقڵدا بیری کردەوە و زمانی خستە گەڕ، بێگومان دەبێ چاوەروانی هەموو شتێک بین. لەو ڕوانگەیەوە، لای ئەو جۆرە خوێنەرانە، چییەتی گوتن نییە و تەنها چۆنیەتی گوتن هەیە، دروست وەک ئەوەی پاسەوان پەنا دەباتە بەر هەموو جۆرە کەرستەیەک تەنها بۆ هێڕش و بەرگریی، ئەو خوێنەرانەش، کاتێ دەزانن نووسەرەکەیان دەکەوێتە بەر ڕەخنە، ئیدی هەر چۆنێک بێت دەبێ بکەونە بەرگریی ئەو تەوتەمییە بپارێزن کە لای نووسەر و ئەوانیش هەیە. گەلێک جار، نووسەر خۆی ئەو بە پیرۆزرکردنە دروست دەکات و جەختیش لە بە زیندوو هێشتنەوەی دەکات لە ڕێگەی ئەو زمانەی دەیخاتە گەڕ. ئێمە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، کە بەر لەوەی خوێنەرەکانی (بەختیار عەلی) بە نموونە، خەڵک بە جاهیل، نەخوێندەوار و گەمژە وێنا بکەن، ئەوا پێشتر هەمان ئەو دەستەواژانە لە نێو نووسینەکانی بەختیاردا بەرکاربوونە. لێرەوەش ئەرکی خوێنەری پاسەوان و نووسەری بە بتکراو، یەکدەگرێتەوە و ئەرکەکان هەمان ئەرکن و ڕۆڵەکان جیاوازن. ئەم پاسەوانی تێکستە، سەروکاری تەنها لەگەڵ تێکستی سادە و ساکار هەیە و دەق تەنها لە سەر بنەمای چێژ و جوانی دەبینێت، نەک زمان و دنیابینی و گوتار و مەعریفە، چونکە ئەم جۆرە خوێنەرە، سەلیقەی ئەوەی نییە قووڵبێتەوە لە تێکست، بەڵکو ڕاگوزەرانە سەیری دەکات و چێژی لێوەردەگرێت و لەوە گرنگتریش ئەوەیە، کە بە زمانی خەاڵک و عەوام نووسرابێت. واتا زمانی نووسینەکە چەند جەماوەریی بێت، چەند سادە و ساکار بێت، ئەوەندە بەلای ئەوە جێی چێژ و بە پیرۆزکردنە. سەرنج بدەن، لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا، شیعرە سادەو ڕۆژانەییەکانی (تەلعەت تاهیر)و نووسینەکانی (فەرهاد پیربال) و (نەبەز گۆران) و چەندانی تر، لە هەرە پڕ خوێنراوترین تێکستن، لە بەرانبەر ئەمەدا، چیڕۆکەکانی (کاروان کاکە سوور)و (عەتا محەمەد) و شیعرەکانی ( سەباح ڕەنجدەر ) بە نموونە،ڕەنگە خوێنەری کەمتریان لە تێکستی ئەو سادەنووسانە هەبێت. بێگومان ئەمە بۆ قووڵی ئەو تێکستانەی باسمان کردن ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ یەکانگیریی زمانی تێکستەکە و زمانی سادەو جەماوەر دەگەڕێتەوە. بە دەگمەن یان هەر نییە، خوێنەرێک شیعرێکی تەلعەت تاهیر، چیڕۆکێکی فەرهاد پیرباڵ، نووسینێکی نەبەز گۆران بخوێنێتەوە تێی نەگات، بە پێچەوانەوە هەمووان چێژە لەو جۆرە شیعر و دەقانە دەبینن، بەڵام کام خوێنەر؟ هەڵبەتە ئەو خوێنەرە سادە و ڕاگوزەرە کە سادەیی نووسینی بەلاوە داهێنان و مەرعریفەیە، ئەو خوێنەرەی کاکەسوور گوتەنی پاسەوانی تێکستە، بیرمان نەچێت ئەو جۆرە خوێنەرە، بە داخەوە دەرهاوێشتەی گوتاری ئەو جۆرە نووسینانەیە کە بە زمانێکی ساکار و ڕووکەش بێ قووڵایی هزریی و زمانی دەنووسرێن. لێرەوەش جۆرە خوێنەرێک دروست دەبێت، کە دەق تەنها لە ڕوانگەی وشە و زمانی سادە دەبینێت و قووڵایی فیکری دەق و مەدلولە شاراوەکانی ئەو دەقەی کە پێویستیان بە دۆزینەوە هەیە نابینێت. بەمەش چێژ دەبێتە سەنتەری دەق و نووسین و نووسین بە ئەندازەیەک شۆڕ دەبێتەوە نێوەندە میللی و جەماوەرییەکە، کە کام شاعیر سادە بنووسێت، لە چەندین شاعیری بە ئەزموون و جیاوازنوووس خوێنەری زیاترە. هەر کاتێکیش نووسین بەگشتی هێندە سادە بوووەە کە جیاوازییەک لە نێوان زمانی شاعیر و زمانی خەڵک نەمایەوە، ئەوا دەبێ نائومێد و ڕەشبین بین لە شیعر و دنیای نووسینی کوردی، چونکە ئەمە مانای وایە، چیتر فیکرو مەعریفە لە نووسیندا بۆ خوێنەر گرنگ نییە.

*ئەم بابەتە لە ژمارە (142) هزرو هونەری ڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژی 28/9/2023 بڵاوکراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish