Skip to Content

مۆنۆدرامای ئەکتەر.. نیهاد جامی

مۆنۆدرامای ئەکتەر.. نیهاد جامی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 5, 2023 General, Literature


لەناو دیکۆری شانۆنامەیەکی شکسپیرەوە، ڕەنگە ئەکتەرەکە پڕۆڤە بکات لەشانۆگەری ماکبێس، چونکە وەک لیدی ماکبێس نواندنێکی بێدەنگ دەکات بۆ لابردنی پەڵەی خوێن لەسەر پەنجەکانی، بەڵام لەپڕ لەگەڵ کارمەندی ڕوناکی هۆڵی شانۆ قسە دەکات، ئاماژە بۆ دوو بلاژیکتۆری بەرزایی شانۆکە دەکات.
ئەو دوو بلاژیکتۆرە داگیرسێنە، هەست دەکەم دەبێت بووەستم، پشوویەک بدەم.
زۆر باشە سوپاس، تۆش ئەتوانی برۆیت قاوەیەک بۆ خۆت بخۆیتەوە، دوای کاژێرێکی تر سەر لەنوێ دەست پێ دەکەینەوە.
ئێرە تاکە شوێنێکە بتوانم سەر لەنوێ ژیانی خۆمی تیا بنووسمەوە، من لەدایک بووم تاوەکو لەرێی شانۆوە گوزارشت لەخەمی ئەوانە بکەم کە وەکو خۆم هەست بە ئازار و برینی ژیان دەکەن، ڕەنگە هەر کاتێک ئەو چیرۆکە ببینن لەسەر شانۆ، دەشێت من خۆم وا نەبینم وەک ئەوەی لە چیرۆکەکەدا هەیە، بەڵام ئەوە ڕاستەقینەیە ئێمە لەرێی شانۆوە هەست بە خۆمان دەکەین ، زمان و کولتورەکان ناتوانن مەودایەک لەرێی سنوری شوێنەکانەوە بخولقێنن، ئێمە هاولاتی کۆماری شانۆین، ئاخۆ لەم ساتەدا چەند سیاسی سەر مێزی یاری کردن گالتەیان بەم قسەیەم دێت، لەکاتێکدا ئەوەی ئەو کۆمارەی ئێمە نەبینێت ناتوانێت کۆتایی دەسەڵاتی ئەوان ببینێت.
هەندێک کات ئەترسم بتوانن کۆمارەکەمان داگیر بکەن، بەو بیانووەی پێویستە سەربەخۆیمان تێکەلی سنوری ئەوان بێتەوە، تۆ هیچ کاتێک هەستت بەو مەترسیە کردووە؟ نا تۆ تەنیا دێیتە هۆلی شانۆ و وەک من ئەو ئازارە نابینیت، ئەوە منم بەدرێژایی کارکردنم هەمیشە ئەترسم دوو دڵم، ئەگریم، کەچی دیمەنی کۆمیدی بۆ تۆ نمایش ئەکەم، وا دەزانیت لەژیانمدا جارێک چیە نەگریاوم، من خەمی ئەو مرۆڤانە بەپێوە ڕایگرتووم، تاوەکو ئێستا لە زمانی یەکتری تێناگەین، کەچی شانۆ بۆتە یەک زمانی هاوبەشمان.
ئەبێت باشتر لەو دیمەنە خۆم ئامادە بکەم، نامەوێت ئەو مورکە کۆنە بە شانۆنامەکە ببەخشم، دەبێت شتێک هەبێت گوزارشت لە ئازاری ئێستای من بکات، بۆ ئازاری من؟ مەبەستم ئازاری ئەوانەی رۆژانە لەدەستی ئەشکەنجەی وڵاتەکانی خۆیان ڕا دەکەن، لێرەش سەر لەنوێ پۆلیسەکانی ئێمە ڕاویان دەنێن، مرۆڤ ئەگەر زۆر خراپیش بێت شایستەی ئەو هەموو ئازارە نیە، هەر بەڕاست ئاخۆ مرۆڤێک هەیە لەشانۆ بێت.. دۆستی شانۆ بێت، لەسەر کورسیەکی خراپی ناو هۆڵێکی شڕی مانگی ززستان بە بێ هیچ گەرمیەک دابنیشێت، ببورن باسی ئێرە ناکەم! باسی شوێنێکی دوور ئەکەم، کە هۆڵەکانی شانۆ بەم شێوەیەن، ئەوان دەچنە هۆلی شانۆ بەبێ ئەوەی پلیت ببڕن، ئەکتەرەکان تەنیا بە هاتنی ئەوان دڵخۆشن، هیچیان لێیان ناوێت.. تەنیا دەیانەوێت بینەران لەوێ ئامادەی نمایشەکەیان بن، نا ئەوە شێتی نیە، دەتوانیت وای بناسیت کە هێشتا مانایەک ماوە بۆ جوانی، بۆیە ناتوانم بێدەنگ بم، بوەستم و ببمە شاهیدێکی ترسنۆک و ببینم دێوەزمەکان ئەو جوانیەمان دەکوژن.
من لێرەم! هەمیشەش لێرە دەبم، هەر کاتێک شانۆیەکم تەواو دەبێت، خەونی کارێکی نوێ داگیرم دەکات، تاقەتی ئەو شانۆنامەیەی شکسپیرم نیە، ڕاستیەکەی لەم سەردەمی تراژیدیا ڕاستەقینەیە باوەر ناکەم ژنێک هەبێت وەک لیدی ماکبێس بێت، مەگەر کەسانێک لەناو عەرشی دەسەڵاتدا بن و ئێمە بچەوسێننەوە، کەواتە پێویستە بیر بکەمەوە، کارێکی نوێ پێشکەش بکەم، پێویستم بەوەیە کەمێک برۆمەوە ناو خۆم، لەناو مندا چیرۆکی ئەو مرۆڤانە هەیە، کە جگە لەئازار شتێکی تریان نیە، ئەوان خەمی ئەوەیان بوو دەمرن و کەس گوێی لێیان نابێت، کەوایە با دەستت پێ بکەین، دەست بە شانۆگەریەکەمان بکەین، ئەو کوڕە هەر نەهاتەوە بێت ئەو ڕوناکیانە بکوژێنێتەوە.
لەپڕ ڕوناکیەکانی سەر شانۆ دەکوژێتەوە، تەنیا تیشکێک نەبێت کە لەسەر ئەکتەرەکەیە، سەر بەرز دەکاتەوە، دەروانێتە مەودای بەرزایی هۆڵەکە و دەست دەکات بە پێکەنین.
ئەوە تۆ هاتویتەتەوە، زۆر باشە ببورە، سەیرکە من ئەو بلاژیکتۆرانەم پێویستە، ئەوانی تر بەکار ناهێنینین، زیاتریش متمانە بکە سەر ڕەنگی سوور و شینەکە، هەندێک کات کە پێویستی کرد لەرێی ڕەنگە سپیەکەوە، سەر شانۆ تا ڕادەیەک روناک بکەوە، پێویستمان بەم دیکۆرەش نابێت، بوەستە هەول ئەدەم دایپۆشم، پێویست ناکات دیار بێت.
“بە هەندێک پارچە قوماشی ڕەنگاو ڕەنگ، دیکۆرەکە دادەپۆشێت، کە لەو داپۆشینە فۆرمێکی تر بە سینۆگرافیای نمایشەکە دەبەخشێت”
ئێستا من ئامادەم چاوەروانی تۆم، گەر کێشەیەکت نیە دەتوانیت گلۆپەکان بکوژێنیتەوە، لەگەڵ داگیرساندنی من دەست پێ دەکەم.

بۆ ساتێک سەر شانۆ تاریک دادێت، کاتێک سەر شانۆ ڕوناک دەبێتەوە، پارچە قوماشێکی سپی تەواوی سەر شانۆکەی داپۆشیووە، ڕەنگی شین لێی دەدات، قوماشەکە دەلەرێتەوە، وێنەی سەر دەریا نیشان دەدرێت، کۆمەڵە کەللە سەری مرۆڤ سەر ئاوەکە کەوتوون، دوو دەست کە ڕووخساری دیار نیە مناڵێکی بەرز کردۆتەوە تا نەخنکێت، دەستەکە ووردە ووردە بەرەو قوڵایی دەریا دەروات و تا مناڵەکە دەبینین لەگەڵ کەللە سەرەکان بەسەر دەریاوەیە.
لەپێشەوەی شانۆکەدا ئەکتەرەکە لەرێی تیشکێکی ڕوناکی دەردەکەوێت، وەک ئەوەی گوێی لەچیرۆکێک گرتبێت وبیەوێت کاردانەوەی چیرۆکەکە بخاتە ڕوو، لچکێکی قوماشە سپیەکە دەگرێت، بۆ خۆی ڕایدەکێشێت، ڕوناکیە شینەکە دەگۆرێت بە سوور، ئەکتەرەکە هەوڵ دەدات تەواوی قوماشەکە کۆ بکاتەوە، وەک بوخچەیەکی لێ دەکات و بەکۆڵی خۆی دەدات، سەر شانۆ بەتاڵ دەبێت، تەنیا ئەکتەرەکە لەسەر شانۆیە، ئێستا گەیشتۆتە ناوەڕاستی شانۆ بەسستی هەنگاو دەنێت، تۆنی دەنگی بەشێوەیەکی ئازاراوی بەرجەستە دەکات، لەوە نەچێت ئێستا خەمی باسکردنی بێت لەشانۆ، هێندەی کاردانەوەی دیمەنی دەریاکەی بەسەرەوەویە.
ئەکتەر: ئێمە دیمەنەکان دەبینین، سبەینێ بیرمان دەچێتەوە، ئەوانەی لەدەریا دەربازیان بوو، دۆست و خانەوادەی ئەوانە بوون کە لەدەریادا مردن، ئەوان لە نیشتمانی خۆیان وەک من ئەکتەر بوون، لە هۆڵی شانۆ بوون، هەندێکیان بینەر بوون، بە تاسەوە چەپلەیان دوای نمایشەکان لێ ئەدا، هەبوو داهاتی کارکردنی ئەو رۆژەی خۆی خستۆتە زەرفێکەوە، وتویەتی ئەوە بۆ پشتگیری شانۆکەی ئێوەیە.
کەچی بەر لەوێ بگەنە لای ئێمە لەدەریادا مردن، خەونە شانۆییەکانیان لەدەریا ماسی دەیخوات.
ئێستا تێئەگەن کە بۆچی من ناتوانم لەشانۆنامەکاندا کار بکەم، ئەو بوخچەیەی هەڵمگرتووە، بۆ خۆی شانۆنامەی تراژیدی مەرگی ڕاستەقینەی مرۆڤە، پێویستە لێرەوە دەست پێبکەین، دنیایەکیتر کە لەتەنیشت خۆمان ڕوویدا لەسەر ئەم شانۆیە نمایشی بکەین.

تیشکێک کە نازانرێت لەکوێوە دێت، بەلام دەچێتە سەر ئەکتەر، جگە لەو هیچ شتێک لەسەر شانۆ نابینین، ئەکتەر لەرێی جولەکانی دەست و گۆرانیەک کە گوزارشت لەگێڕانەوەی چیرۆکی نائومێدی مرۆڤ دەکات، تەواوی بۆشاییەکانی سەر شانۆ داگیر دەکات، گۆرانیەکە پەیوەندی بە هیچ زمانێکەوە نیە، هێندەی ریتوالێکی تایبەتە، وەک چۆن سەماکە بەهێزی دەنگی ڕیتوالەکەوە دەکەوێتە جولەکردنەوە، سەمای ئەکتەرەکە سەر تەختەی شانۆ جێدێلێت و دەگاتە ناوەراستی بینەران تا کۆمەکی بکەن و هەمووان بەیەکەوە بەشداری سەمایەکی کۆمەڵی بکەن، بەبێ ئاگاداری هیچ کەسێک ڕوناکی سەر تەختەی شانۆ کوژاوەتە، ناو هۆڵەکە ڕۆشن بووە، ئەکتەر لەگەل بینەران لەسەمایەکی کۆمەڵی هاوبەشدایە.

———————–

تێبینی: ئەم تێکستە لەبنەرەتدا بۆ ئەکتەری خۆرئاوایی نووسراوەو باس لەئەکتەرێکی خۆرئاوا دەکات کە تیشک دەخاتە سەر ئازارەکانی شانۆکاری کورد، هاورێی ئازیزم ئانا دۆبرۆڤسکا، تێکستەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی پۆڵەندی.

mm

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی نیهاد جامی کلیکی ئەم لینکە بکەن: http://www.dengekan.com/kteb_nihad.htm

Previous
Next
Kurdish