Skip to Content

لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەمدا.. بەکر ئەحمەد

لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەمدا.. بەکر ئەحمەد

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 5, 2023 General, Literature


بۆ پەریا

بە سویدی دەڵێن: هیچ پرسیارێک گەوجانە نییە. بە کوردییەکەی، هیچ پرسیارێک قۆڕ نییە. ئەمە بەشێک لە کولتوری پرسیارکردنە، ئەگەر چی پرسیارەکەیش هەتا بڵێی ناقۆلا و ناشایستە بێت، ئینسان هاندەدرێت بپرسێت.
بۆ ئەوەی ڕاستی و دروستی ئەم دەربڕینە بسەلمێنم، لە “ئارۆن”ی حەوتساڵە دەپرسم.
لە ناو خێزانی خۆماندا، تۆ کاممانت لە هەمووان زیاتر خۆشتردەوێت؟
لە ڕاستیدا، ئینسان پێویست ناکات مندالەکانی دووچاری فشاری وا بکاتەوە. بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، پرسیاری قۆر دەکرێ جۆراوجۆر بێ. ئەمەش یەکێک لەو پرسیارە قۆرانەیە.
من خۆمم زۆر تر خۆشدەوێت. ئەو لە وەڵامدا وا دەڵێت.
پەروەردەیەکی کولتوری خۆرهەڵاتییانە، ئەم جۆرە لە ریزبەندی تێدا نییە کە لە ریزی یەکەمدا مندال و لە دوایشدا دایک و باوک بێت. وەلامێکی لە پێشدا ئامادە بۆ ئەم پرسیارە لە مێشکی مندا دەزرنگێتەوە: من دایکم یان باوکم زیاتر خۆش دەوێ. بەڵام ئارۆنی حەوتساڵە وا ناڵێت. هەر بۆیەش وەڵامەکەی ئەو، من ناچار دەکات کە بەسەرهاتی ئاخاوتنەکەی من و ئەو، بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی سەرکارم بگێرمەوە.
هاورێکەم لە وەڵامدا دەڵێ: دڵنیابە منداڵێکی زیرەک و تەندروستت هەیە. ئاخر ئەگەر ئینسان خۆی خۆش نەوێت، بێگوومان کەسی دیکەیشی خۆش ناوێت.
ئەگەرچی منداڵەکانم خۆیان خۆش دەوێت، دایک و باوکی خۆشیان خۆش دەوێت، لە ناو بازنەی خێزانیدا کەسانێکی دیکە هەن کە خۆشیان دەوێن، بەڵام ئەوە جۆرێکی دیکەی خۆشویستنە کە گەواهی شایستەبوونی ئەوان و گوونجاوبوونی ئەوان دەسەلمێنی لە ژیانی رۆژانەیاندا.
بۆیەش خۆشەویستی تەرەفێکی دیکەی دەرەوەی ئەم بازنە خۆشەویستییە، گەلێک لەم خۆشەویستییە خێزانییەی کە دەووری منداڵی داوە قورسترە و جێگایەکی زۆر تایبەتیتر لە ژیانی ئەواندا داگیردەکات. ئەویش لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە ئەوان لەلایەن کەسێکی دیکەوە دەبینرێن کە لە دەرەوەی بازنە سروشتییە پرسیارهەڵنەگرتووەکەی خۆشەویستی ناو خێزانەوەیە. هیچ نەبێ تا ئەو گەواهیە بەدەست بێنن کە دەڵێ: “من شیاوم و کەسێکی دیکەش دەکرێ پەسەندم بکات و بمبینێ”. ئەم چرکەی بینینە وزەی متمانەبەخۆبوونێکی وایان دەداتێ کە مەگەر ریکلامەکەی “رێد بوول”، بتوانی دەربری هەستەکەی بێت: ئەم جۆرە لە خۆشویستن ، باڵت پێدەبەخشێ.
هەر بۆیە، من ئەو ڕیزبەندییە نۆرماڵەی کە باوکی بووک دەبێ لە پێشکەشکردنی وتەکەیدا لە کچەکەی خۆیەوە دەست پێبکات لادەدەم و هاوسەری وی دەخەمە ڕیزی پێشەوە.
دەڵێم: کوڕی گەنج! من وەک باوكیک سەربەرزم ، دڵشادم و خۆم بە باوکێکی ڕێزلێنراوی گەورە دەزانم کاتێک تۆ کچی من هەڵدەبژیری وەک خۆشەویستی خۆت. ئەوە شەرەفێکی ئێجگار گەورەیە ، کە بە جیا لە خۆشەویستی سروشتی دایک و باوک بۆ كچەکەی، کەسێکی دیکە هەبێت کە ئەوی خۆشدەوێ و دڵشاد و بەختەوەری دەکات و دڵێکی گەورە و فراوانی بۆ دەکاتەوە. لەم گۆشەنیگایەوە، من دەبێت باوکێکی گەلەک بەختەوەر بم.
من لە کانگای دڵمەوە سوپاست دەکەم.
بەلام لێرەوە، لەم چیرۆکی خۆشەویستییەدا کە تیایدا ڕووخسارەکان دڵشاد و نیگاگاکان هێشتا لەناو فەزای هۆلەکەدان، سەرنجی کچەکەم دیلمدەکات و دەمباتەوە بۆ لاپەرەیەکی گرنگی رۆژژمێری ئەو، تا ئینسان هیچ نەبێت، ئەو سەرە داوانە ببینێت کە بۆمان دەگێرێتەوە کە چۆنە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین.
ئەو شەوەی کچەکەم هات، عێراق و کوردوستان، بە قسەی سوییدییەکان، سەری لە عەرز و قاچییان لە ئاسمان بوو. بەڵام ئەو لە یەکەم رۆژی لە دایکبوونییەوە ، پێ لەسەر زەوی و سەریش لەو شوێنەی کە ئینسان چاوەروانی دەکرد لەویا بێت.
لاپەڕەیەک لە ڕۆژژمێری کچەکەم

له‌كوردستان له‌دایك بوویت
له‌ مۆسكۆدا قاچه‌كانت هه‌نگاو فێر بوون
له‌گۆنتبرگ لێوه‌كانت، گووڵی‌ وشه‌ی‌
زمانێكی‌ دیكه‌یان گرت
منداڵانی‌ ناو كه‌مپه‌كان هاوڕێی‌ تۆ بوون
كه‌چی‌ هیچیان بۆ مانگێكیش، له‌لات نه‌بوون
ناوه‌كانیانت ‌یاد نییه
به‌ڵام وشه‌ی‌ ماڵئاوایی ، به‌چه‌ند زمانی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ
چ زوو فێر بوویت؟
من بزانم، هێشتا زۆر جێگای‌ تر ماون
هێشتا زۆر كه‌مپی‌ تر ماون
ده‌م‌ و چاوی‌ وشه‌ی‌ ئه‌مڕۆی، به‌رپرسیاری‌ كه‌مپه‌كه‌مان
وای‌ پێ‌ وتم
هۆ كیژۆڵه‌ وردیله‌كه‌م!
هێشتا ناونیشانت ونه.
وا ئه‌مجاره‌ش
له‌م مه‌ڵه‌به‌نده‌ هه‌ڵتده‌بڕن
كاتێك پرسیاری‌ وه‌ستاوی‌
سه‌ر سنوورێكی‌ دیكه‌ دێ ‌‌و
لێت ده‌پرسێ‌: له‌كوێوه‌ دێی‌
بۆ كوێ‌ دەڕۆی ؟‌
ناوی‌ چه‌ند مه‌ڵبه‌ند ده‌بژێری
مار و په‌یژه‌ی‌ چه‌ند ڕێگایان نیشان ده‌ده‌ی‌
به‌زمانی‌ نیوه‌ ناچڵی‌ تازه‌ فێربووی‌
كام مه‌ڵبه‌نده‌
هه‌ستی‌ خۆتیان بۆ ده‌رده‌بڕی‌؟

بۆ منێک کە نیوەی تەمەنم لە دەرەوەی شوێنی لەدایکبوونی خۆم بەسەربردووە، لەو حەکایەتانە بێبەشم کە مندالەکانمان لە سەرزەمینی تازەدا لەگەڵیا گەورە دەبن. بەجۆرێکیش گەورەبوونی ئەوان لە ژینگەیەکی جیاوازتردا لە ژینگەی من، دەبێتە بیرهێنانەوەی ئەو جومگە کولتوری و پێوەرە کۆمەلایەتییانەی کە ئینسان لە منداڵی خۆیدا تاقیکردوونەتەوە و جیاوازییەکی تاڕادەیەک گەورەی لەگەڵ تاقیکردنەوەی منداڵەکانیدا هەیە. ئینسان کەم وکوڕیەکانی پەروەردی منداڵی خۆی و خاڵە گەش و پرشنگدارەکانی پەروەردەی نوێ منداڵەکان بە زەقی هەست پێدەکات. بە کورتییەکەی، مندالەکان دەبنە ئاوێنەیەک و دایک و باوک منداڵیی خۆیانی تێدا دەبیننەوە.

یەکێک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی کە لە هاوسەرگیری کچەکەمدا دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم، دیاردەیەکە کە لە سویدداد پێی دەڵێن: دانلەشەقەی باڵ، یان لەماڵدەرچوون.

منێک کە بەرهەمی شەستەکانی عیڕاق و کوردستانم، شتێک لە کۆڵەپشتەکەمدا نەبووە کە ناوی:”لەماڵدەرچوون” ە کاتێک ئینسان دەگاتە تەمەنی هەژدە. لەو چوارچیوە کولتورییەی مندا، ئینسان کاتێک ماڵی باوان جێدەهێڵێ و دەگوێزێتەوە، وەختێک هاوسەرگیری دەکات. ئەوسا ئەو فرسەتە دێتە پێش کە بتوانرێ، لەگەڵ هەزار دەری سەری دیکەدا، بدا لەشەقەی باڵ و ماڵ جێبێڵێت. ئەگەر ئینسان لە ریزی “خواپێداواندا” بێت، دەکرێ لە ماڵی باواندا تا پلەی خانەنشینی بە بێ هاوسەر یان هاوسەرەوە، هەموو تەمەنی بەسەرببات. پێموابێ، نە بابی من و نە باپیرانیشم زەڕرەیەک فیکریان بەخەساردابێت کە بۆچی دەبێ کەسانێکی دی لە دوای تەمەنی هەژدەوە، بە مەبەستی جیهێشتنی تەمەنی نەوجەوانی و قاچخستنە ناو تەمەنی گەورەبوونەوە ، دەبێ خاوەنی ماڵ و بڕیاری خۆیان بن.
ئەم جۆرە ژیانەی کە ئینسان قەت لە کۆمەلگاکەی مندا نادات لەشەقەی باڵ و لە دوای هەژدە ساڵییەوە هێلانەی خێزان جێناهێڵێت ، ڕەنگە ئاماژەیەکی سادەی لە دایکنەکبوونی تاک و تاکگەراییەک بێت کە تازە چەکەرەکانی لای ئێمە دەردەکەوێت. بێگوومان ئابووری، هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی ئەم فڕینە مسۆگەر بێت.

بۆیە کاتێک كچەکەم لە دوای هەژدەوە لە ماڵ دەرچوو، من لە تۆماری تاقیکردنەوە و رەفتارنواندنی ڕۆژانەمدا، هیچ ڕایەڵێکی کولتوریم لەخۆمدا شکنەدەبرد کە چی بکەم و چۆن چۆنی رەفتار بکەم. ئاخر من ونەوەی من، هیچ تاقیکردنەوەیەکمان لەگەل کولتوری:لەماڵدەرچوون و “لەشەقەی باڵ”داندا شکنەدەبرد. بە کورتییەکەی: من ئاسمانێکی واهیم نەبینی بوو، چونکە قەت ئەو پەڕ وباڵەم پێنەدرابوو تا تیایدا بفرم.

بۆیە کاتێک ئەو دای لەشەقەی باڵ، ماڵێکی چۆڵ، هەمیشە لە چاوەڕوانی ئێمەدا بوو. ئیتر شاتە شات و هاواری دایک وباوک لەگەل مندالاندا لەسەر لەخەوهەڵنەستان و ڕێکنەخستنی ژوورەکانی خۆ، فرێدانی جانتاو گۆرەوی لە چەقی ژووری دانیشتن و کۆنەکردنەوەی شتەکانی خۆیان ، کە بەشێکی ڕۆتینی ماڵێکی مندالدارە و فشاری ناڕەحەتکردنی دایک وباوکیشە، هەموو ئەمانە لە “ماڵدەرچوون”ی کچەکەمدا دەبنە ئەو دەنگە خوازراوانەی کە دەتەوێ دووبارە لە ماڵدا ببیسترێنەوە. ئینسان تا دەست لە دەمووچاوی ئەم بێدەنگییە کش و ماتەی دوای دەرچوونی منداڵەکان لە ماڵ نەدات، ناتوانێت بە چاوێکی کراوە و سروشتییەوە ، ئاشقی ئەو فەوزایە بێت.

بەلام ئاشقی ئەم فەوزا بوونە و خۆگوونجاندن لە دوای لەماڵدەرچوونەوە ، لە خاڵێکدا دەبێتە ڕاستییەک و جومگەیەکی گرنگ لە ژیانی من. بێگوومان نەک وەک باوکێکی ترادیسیۆنی کە بروای بە “سەربەخۆبوونی ژیان”ی کچەکەی نییە، بەلکو وەک خۆگونجاندنێکی ئینسانی لە دوای دروستبوونی ئەو بۆشاییەی لە دوای ونبوون و دیارنەمانی ئازیزانەوە پێک دێت. بۆ من ئەم ساتە لە ئێوارەیەکی ساردی نۆڤێمبەردایە لە ستۆکهۆڵمدا .

باوک و کچ پیکەوە لە دوای نانخواردنی ئێوارەوە ، هەر یەکەو بە شوێن نەخشەی گەرانەوەی خۆیانەوەن. کچ بۆ ماڵی خۆی و باوکیش بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە. کچ هەڵدەستێ ولە دوای باوەشێکی گەرمی پڕ لە خۆشەویستیەوە ، دەپەرێتەوە بۆ ئەوبەری شەقام. لەسەر یەکەمین قاڵدرمەی چوونەخوارەوەی ویستگای میترۆکەدا رادەوەستێ. دەستەکانی هەڵدەبرێت و لە ناو قەڵەباڵغی موسافیرانی مێترۆکەدا وندەبێت.
من لەسەر شۆستەی شەقامەکەی ئەمبەرەوە ڕاوەستاوم و چاوەکانم پر دەبێت لە فرمیسک.

ئیستا کچەکەم گەورەیە.
ئەو بە تەنها لەم قەلەباڵغییەی شەقامدا ڕێدەکات
ئەو کە لە ویستگای میترۆکەی لای ماڵەکەی خۆیەوە دادەبەزێت
بێ دوودڵی، بەبەردەمی تاکە دووکانی پڕ گەنجی ئەوئێوارە تاریکەدا گوزەردەکات
بە توولەرێی دارستانی پێش گەیشتنە لای ماڵەکەی خۆیدا ڕەتدەبێ

من لە شوێنی خۆم وەستاوم و چاوپڕ لە فرمێسک. خانمێکی پۆشتەی بالا کورت، لێم دێتە پێش: پیویسیتت بە یارمەتی هەیە. ئەو وادەڵێ.

لە ئێستادا کە لەبەرانبەر ئێوەدا ڕاوەستاوم، چاوەکانم وەک ئێوارەکەی ستۆکهۆڵم پر لە فرمێسکە. ئەگەر کەسێکتان دەیەوی بپرسێ: پێویستت بە یارمەتی هەیە، من لە وەڵامدا دەڵێم: بەڵێ، پێویستم پێیەتی. ئەویش لە ڕیگای کردنی ئەم ئاهەنگەی ئەمڕۆمانەوە، بە شادییەک کە فەرامۆشی ئاسان ناتوانێت لە نێوان پێچ و پەناکانی خۆیدا، ، پەنهانی بکات.
ئازیزان!
با لەمرۆدا شادی باڵ بگرێ.

بەکر ئەحمەد
20231001

Previous
Next
Kurdish