یانیس ریتسۆس شاعیری بزووتنەوەی چەپی یۆنان.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
پیتەر لیڤی شاعیر و ڕەخنەگری بەریتانی لە پاشکۆی ئەدەبی گۆڤاری تایمز سەبارەت بە یانیس ریستۆسی شاعیری یۆنانی دەنووسێت ” یانیس شاعیرێکی گەورە و پڕ بەرهەم، ژیانی قارەمانانەی پڕە لە ڕووداو، دەنگی ئازایەتی ئینسانی بەرجەستە دەکردەوە عەقڵیشی بێ هەدادان چالاک بوو. شیعرەکانی ریستۆس هەناسەیان لە راستگۆیی و هەستکردن بە ئێش و ئازاروە دەدا ” (١) یانیس دووجار وەک فلیپ شێرارد دەڵێت ” هەڵبژێردراوە بۆ خەڵاتی نۆبڵ و هەروەها براوەی خەڵاتی ئاشتی لینینە کە بەرزترین خەڵاتی ئەدەبی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بوو، ئەمە جگە لە ژمارەیەک خەڵاتی تری ئەوروپای ڕۆژهەڵات.” (٢) یانیس ڕیستۆس شاعیری بەناوبانگی یۆنانی کە بەردەوام بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بەرهەمەکانی قەدەغە دەکران بەهۆی ناوەڕۆکە چەپ و سۆشیالیستەکەی. لە خێزانێکی دەوڵەمەند، بەڵام بەدبەخت لەشاری مۆنامڤاسیا لە ساڵی ١٩٠٩ لەدایک بووە. باوکی بەدەردی شێتبوون مرد، دوای ئەوەی سامانێکی زۆری لە قومار دەدۆڕێنێت و دایکی و برایەکی کە تەمەنی ١٢ ساڵان دەبوو, بەنەخۆشی سیل دەمرن. ساڵی ١٩١٧ لەتەمەنی هەشت ساڵیدا یانیس یەکەمین شیعری خۆی نووسیوە. (٣) دوای ئەوەی خزم و کەس بەخێوی دەکەن و دەستگیرۆیی دەکەن دەچێتە کۆلێژی یاسای ئەسینا و بۆ ماویەکی کەم دەخوێنێت. لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ – ١٩٣٠ لە بەشی سیل خۆی کەرەنتینە دەکات. لە دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو هەم کاری نواندنی کردووە وەکو ئەکتەر و هەمیش خەریکی هونەری سەماکردن بووە. ساڵی ١٩٣٤ پەیوەست دەبێت بە حیزبی کۆمۆنیستی یۆنانەوە، ئەو ساڵەی یەکەمین کۆشیعری بەناوی تراکتەرەوە بڵاو دەکاتەوە. ئەم دیوانە و کۆشیعری هەڕەمەکان کەلەساڵی ١٩٣٥دا چاپ دەکات، پێکەوە فەلسەفەی سۆشیالیستی بەشێوەیەکی زیندوو تێکەڵ بە خەم وئازارەکانی کەسێتی خۆی دەکات. ئەوەی لەو ماوە پڕ لە نەهامەتییەی ژیانی شاعیر پاڵپشتی شاعیریان کرد بریتیبوون لە شیعر و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی یۆنانی. یانیس لە شیعری کورتەچیرۆکدا تراژیدیای جەنگ دەگێڕێتەوە و دەڵێت:
کڵاوی خوساوی دەریاوانێک
لەناو شەپۆڵەکاندا دەهات و دەچوو
وەکو نانی ڕەشی فڕێدراو
لەوکاتەی خەڵک خەریک بوو لەبرساندا دەمرن
ئەوە جەنگ بوو.(٤)
یانیس ساڵی ١٩٣٦ سێیەم کۆشیعر چاپ و بڵاو دەکاتەوە بەناوی شیوەنی مردوو،. ئینجا بۆ نزیک بە دەیەیەک نەیتوانی ئازادانە هیچ بڵاو بکاتەوە. لەماوەی داگیرکردنی یۆنان لەلایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە لەساڵی ١٩٤٤ و دەستپێکردنی جەنگی ئەهلی، یانیسی شاعیر پەیوەست دەبێت بە گەریللا کۆمۆنیستەکانەوە. دوای شکانیان لە ساڵی ١٩٤٩، دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە زیندانی سەربازی دەستبەسەر دەبێت. لەدەیەی پەنجاکان شیعری ئیپیتافۆس لەلایەن میکیس تیودۆراکیس دەکرێتە سروودی بزووتنەوەی چەپی یۆنانی. ساڵی ١٩٤٥ لە شاری کۆزانی شانۆیەکی میللی دادەمەزرێنێت و شانۆگەری (ئەسینا لەژێر چەک) دەنووسێت، ئەمە جگە لە قەسیدەیەکی درێژ بەناوی (پەراوێزی سەرکەوتن). ساڵی ١٩٦٧ دەست بەسەر دەکرێت و دوور دەخرێتەوە و تا ساڵی ١٩٧٢ هەموو بڵاوکردنەوەیەکی لێ قەدەغە دەکەن. یانیس سەرباری هەڵچوون و داچوونەکانی ژیانی جگە لە شیعر زیاتر لە ١٠٠ کتێبی نووسیوە و ئامادەکردووە لە بوارەکانی شانۆگەری و وتار. یانیس بەهۆی ئەوەی زۆربەی شیعرەکانی هەڵگری پەیامی سیاسی بوون، بۆیە بەردەوام لەلایەن دووژمنە سیاسییەکانییەوە دژایەتی کراوە. یانیس بەناوبانگترین بەرهەمی بەناوی ئیپیتافیۆس کەلەساڵی ١٩٣٦ دا بڵاوی کردەوە و باس لە تیرۆرکردنی کرێکارێک دەکات لە مانگرتنێکی گەورەی شاری سالۆنیکا.(*) مێتاکساسی دیکتاتۆر ئەو کتێبەی قەدەغە کرد و لەگەڵ ژمارەیەک کتێبی تر لەبەردەم پەرستگای زیۆس سووتاندی. دوای جەنگی جیهانی دووەم و دوای پێنج ساڵ لە جەنگی ئەهلی و توانەوەی ڕێکخراوی گەریللا کۆمۆنیستەکان کە دەیانویست دەسەڵاتی یۆنان بگرنە دەست، یانیس دوور دەخرێتەوە بۆ دوورگەکانی لیمۆنس و مەکرۆنیسۆس و یائۆس ئیفستراتیۆس. ساڵی ١٩٥٤ کتێبەکانی قەدەغە کران. ساڵی ١٩٦٧ کاتێک ئەفسەرەکانی سوپا کودەتایان کرد و دەسەڵاتی یۆنانیان گرتە دەست،ریستۆس جارێکی تر دەخرێتە ژێر چاودێری و دەستبەسەربوون لە ماڵەوە کە تا ساڵی ١٩٧٠ درێژە دەکێشێت.
زیندانییەکانیان لەسەر کەشتییەکان بەستابۆوە
بازنەیەک بەدەوری ملی ئاسۆوە
زنجیرەکانی تریش لەپێی منداڵان ئاڵابوون
کە لەگەڵ سپێدە باسکەکان گوڵەحاجیلەیان بەدەستەوە بوو.(٥)
یانیس ڕیتسۆس لەم نووسینەیدا پشت بە چەندین شێوازی تازە و جیاواز دەبەستێت. لە مۆنۆلۆگە درامییە درێژەکان باس لە کەسایەتییەکانی نێو ئەفسانەکانی یۆنان دەکات،هەروەها لە قەسیدەکە زۆربەی کات بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز پێگای زیۆس پێشکەشی دنیای نووسین و ئەدەبی یۆنانی دەکات. (٦)جگە لەمەش یانیس بەوە ناسراوە کە دەستڕەنگین بووە و زۆربەیجار وا خوێنراوەتەوە وەک مامۆستای چرکەسات کە ساتەکەی چرکاندووە، ئەوەش وەکو وێنە بچووک و سەر بەردەکان و تەختە دارەکان کە تاکە ماتریاڵ بووە لە زیندان لەبەردەست بووە. ئەم هونەرەش پێوتراوە یەکدەنگی مۆنۆچۆردس.(**)
دەتەوێت چ پێشنیارێک بکەیت، وشەکان پێت دەڵێن.
بەهەرحاڵ وشەکان لە ئازایەتییەوە دێن یان هەڵدەقووڵێن.
ئەمیدی بەیانییەکی باشت بۆ دەخوازم و بەجیددیشمە.
ڕێگای بەرەو داهاتوو یەک ساید نییە.
بۆ دۆزینەوەی رابردوو دەبێت ڕێگایەکی درێژ بەرەو پێش ببڕیت.
لەجیهانی بێگەردتدا، خۆشەویستی بوونی نییە.
بە کەلەپچەوە جوانترین کەمانیان دەژەنی دەربارەی هەژار دەدوێت. دەستی بوو بە ڕووبار.
لەناو ئاوێنەدا مەلەوانەکان و خۆم دەبینم.
بەڕووتی دەڕۆمەوە ئەو شوێنانە.
لەگەنمەشامی زێڕیندا خانمەکەمان ڕەشی پۆشی.
جێهیشتنی شیعر شەوی پڕ لەچێژە.
من بەتەواوی سێبەر بەم قەڵەمە زێڕینە دەسڕمەوە.
هەرگیز تێنەگەیشتم چۆن بەپێیان ئەم هەموو ڕێیە گەیشتمە ئەو بەرزاییە.
لەتەمەنی پیریتدا ، ئەو منداڵەی کە خۆت بوو، هێشتا لێرەیە.
خانووەکەم نۆ پەنجەرەی هەبوو، هەر هەموویان بەڕوی جیهاندا کراوە بوون.
خۆرئاوابوون، گوڵە زێڕینەکانت لەسەر پەڕەکەم دەنەخشێن.
هەرچی وشە هەیە بەشی ئەوە ناکات تا هەرشتێک دەتەوێ بیڵێیت.
هەناسەی گەنجێتیت بدە، مەمکی کچان تەڕن بەئاوی ئۆقیانووس.
لەنێو دەستەکانی گەنجاندا، ئاڵاکان گۆرانی دەڵێن.
یۆنان، وتم ڕووتبوونەوە لەگەڵ سەبەتەیەک ترێ.
کتێبەکانم داخست. گردەکە هاتە ژوورەکەمەوە.
سەماکەرێکی جوان، هیچ مەڵی. بەس سەما بکە.
لەسەر شاخەکە ناوی خۆم وت، بەڕاستی ناودارم.
دەزانی ماوەیەکی تر من ڕۆیشتووم.
پێویستە ئاوێنەکەت گەورە بکەیت چونکە جێت تیا نابێتەوە، قاچ و سەرتی تیا دەرناکەوێت.
لە تاریکیدا هەندێکجار ئاوێنەکان دەچرپێننە گوێی گرنگترین راستییەکان.
شەوان، ئۆقیانووس و کەشتییەکانی دێنە ژوورەکەم.
ئایا برینەکەت قسە دەکات؟ راستی دەردکێنێت.
ئەم پیاوە لە بێدەنگیدا دەنگی نووساوە.
شیعر هەمیشە سەرەتای نییە، بەس هەمیشە کۆتایی هەیە.
مانگێکی پرۆلیتاریی گەورە لەئاسمانی شارێکی خەواڵوەوە.
بەهەرحاڵ ئەوەی کە بوونی نییە، هەیە.
بۆ گەیشتن بە بێمانایی هەموو دەمامکی زێرێنمان بەستابوو.
چەند بێدەنگانە زەمەن لەنێو شیعردا دەڕووخێت.
شیعر جەستەمی بۆ گوورگەکان جێنەهێشت.
کەشتییەکە ڕۆیی. منیش لەگەڵ گڵۆپی شەقامەکە بەجێمام.(٧)
ساڵی ١٩٧٤، دوای ئەوەی حوکمی سەربازی دەڕوخێت و حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی یۆنان دەسەڵات دەگرێتە دەست، زانکۆی سالۆنیکا بڕوانامەی دکتۆرای فەخری پێدەبەخشن بەهۆی ئەوەی کە ئەم شاعیرە لە چل ساڵی ڕابردوودا کۆڵەکەیەکی بنچینەیی خەڵکی یۆنان و دەنگی ئەو خەڵکە بووە. یانیس بۆ خەڵاتی نۆبڵ هەڵدەبژێردرێت بەڵام خەڵاتەکە ناباتەوە. یانیس ڕیستۆس لە یانزەی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٠ بۆ دواجار ژیانئاوایی دەکات و یۆنان و شیعر و خەباتی سۆشیالیستی جێدەهێڵێت.
()لە ١٠ی ئایاری ساڵی ١٩٣٦ کاتێک یانیس ریتسۆس شاعیری یۆنانی تەمەن ٢٧ ساڵ وێنەیەک لە ڕۆژنامەیەک دەبینێت کە دایکێک لەسەر تەرمی کوڕەکەی خەریکی شین و شەپۆڕە کە کرێکاری کارگەی جگەرە بوو و لە مانگرتنی کرێکاران بەدەستی پۆلیسی سالۆنیکا کوژرابوو، کە لەپێناو زیادکردنی کرێکانیان مانیان گرتبوو.. دوو ڕۆژ دواتر یانیس شیعرێکی درێژ لە ڕۆژنامەی ڕیزۆسپاتیسی حیزبی کۆمۆنیستی یۆنان بەناوی ئیپیتافیۆس بڵاو دەکاتەوە. کەباس لە قارەمانێتی کرێکارانی سالۆنیکا دەکات، بەپشت بەستن، یان سوود وەرگرتن لە ئەفسانەی یۆنانی. ئەم شیعرە ڕیک نیوتن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی. هەرچەندە ئەم قەسیدە درێژەی یانیس لە وڵاتی یۆنان بۆ ماویەکی درێژ قەدەغە کرا، بەڵام لەدەیەی پەنجاکان ئەم قسیدەیە بەبەربڵاوی بڵاوبۆوە و لەلایەن هەردوو ئاوازدانەر هەدزیداکسی و میکیس ثیۆدۆراکیس ئاوازی بۆ دانرا و هونەرمەند نانا مسکۆری تۆماری کرد و بوو بە سروودی بزووتنەوەی چەپی یۆنان. (*) مۆنۆچۆردس واتا یەکدەنگی وێنەگرتنی چرکەساتە لەنێو وشەکان. ئەم شێوازە یانیس توانی لەماوەی مانگێکدا و لە زیندانی ساموس ٣٣٦ دانە بنووسێت و ئەم کارەی یانیس زیاتر وەکو کلیل کارەکانی لێی دەڕوانێت.
سەرچاوەکان :
https://www.poetryfoundation.org/poets/yannis-ritsos(١)و(٢)
https://en.wikipedia.org/wiki/Yiannis_Ritsos(٣)
https://intranslation.brooklynrail.org/modern-greek/poetry-by-yannis-ritsos/(٤)
https://manolisaligizakis.com/translations/yannis-ritsos-poems/(٥)
https://www.ellines.com/en/myths/25181-the-poet-of-romiossyni/ (٦)
(٧)https://iwp.uiowa.edu/91st/vol4-num2/monochords