Skip to Content

نەدووان.. چیرۆک: مریم کاکەیی

نەدووان.. چیرۆک: مریم کاکەیی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 17, 2023 General, Literature


بەیانی کە چوومە دەرەوە لە سەر کۆڵانەکە ڕاوەستابوو. هەر کە منی بینی ملی شۆڕ کرد و بەڕێکەوت، شپرزە دیار بوو، هەنگاوەکانی گەورە دەهاوێشت و بە ترسەوە جار جارە سەری دەسووڕاند و تەماشای دواوەی دەکرد. تماشای من. هەوڵمدا لەو تێپەڕم و خێراتر ڕێبکەم، بەڵام ئەو هەر کە هەستی بە نزیکبوونەوەم کرد دوو ئەوەندە خێراتر بووەوە وەک ئەوەی بزانێت مەبەستم چییە.. حەزم ئەکەرد بانگی بکەم و بڵێم: هێی تۆ! چیت ئەوێ وا چەند ڕۆژە لێرە سەر کۆڵانەکەت قۆرخ کردووە. تۆ کێیت؟ چ کارێکت بە منە؟
بەڵام درەنگ بوو، هەمیشە ئەم بڕیارم درەنگ ئەدا. لە پڕ لە نێو بازاڕچەکەدا بزرم کرد. خۆێ بزر بوو قەرەباڵغیەکە قووتی دا. چاوم بە دیوی بازاڕی کوتاڵ فروشەکاندا بۆی گێڕا، پاشان بە دیوی بازاڕی تەڕەفروش و توتن فروشەکان. هەمیشە تا ئێرە دوام ئەکەوێت. نا.. چاوەڕێم ئەکات. پێشم ئەکەوێت و ناوە ناوە بە ترس و دڵەڕاوکێوە لێم ئەڕوانێت و لە چوارڕێیانەکەوە هەنگاوەکانی خێراتر ئەکاتەوە تا بگەمە ئەودیوی بازاڕ، بزرم کردووە. ئێوارانش کە ئەگەڕێمەوە لە سەرکۆڵانەکەمان ڕائەوەستێت. چاوڕوان و بێقەرار.. پێش ئەوەی بگەمە سەرکۆڵانەکە ئەوێ جێدێڵێت. سەرتا وام ئەزانی چاوەڕوانی کەسێکە! بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت ئەو کەسە جگە لە خۆم کەسێکی تر نییە. ئەوەندە پیاوێکی قۆز و ڕێکوپێک بوو سڵم ئەکرد لەوەی لێی بچمە پێش و لێ بپرسم بۆچی دوام کەوتوویت؟ یان چەند جۆێنێکی مزری پێبدەم. دوام کەوتبوو؟ نا..نا دوام نەکەوتبوو؟ سەرتا لە دوورەوە و ئێستا لە نزیکتر لە سەر کۆڵانەکەمان چاوەڕێی ئەکات و لێ ئەڕوانیم. چاوەڕێی ئەکردم بە درێژایی رۆژ کە لێم بڕوانێت بێ ئەوەی بێزارم بکات و بێ هیچ قسە کردنێک. وەک بەردەوام بوون لە یارییەکی بێ کۆتایی، پێداگری لە عادەتێک.. تەنانەت ڕۆژانی بارانییش لەوێ بوو بەبێ چەتر ئەهات و ئەچوو. چاوم پێی فێر ببوو. ئەو کێیە؟ ئەم یارییە کەی کۆتایی پێدێت؟!
ئەم پیاوە کێ بوو کە بە مێشکی منی داماو یاری دەکرد؟! بۆچی دوو رۆژی بارانیی بە شوێن یەکدا تا ئێرە هاتبوو؟ بەم بارانە بەخوڕە!! بۆ ئەوەی تەنها من ببینێت؟ بەبێ ئەوەی هیچ شتێکم پێبڵێت!
ئاخۆ خۆشیئەویستم؟ بۆچی لە هەر کەسێک کە لێم بڕوانێت بە خۆشەویستی تێئەگەم!؟ ئەی ئەگەر ئەمە خۆشەویستی و عەشقێکی ئاگرین نییە، ئەی چی بەم باران و سەرمایە ئەکێشێتە ئێرە و چی لە سەر ئەم کۆڵانە ئەیچەقێنێت؟ چی وایلێئەکات کە دوای بینینم هەڵبێت! ترسی ڕەتکردنەوە؟ بیستنی وشەی “نا” لە زاری من نییە کە زمانی لە دەمیدا لە گۆ خستووە. ئەم پیاوە هێندە عاشقە کە ترسنۆک بووە، عەشق هەمیشەش بیباکی بە مرۆڤ نادات عەشق هەندێجار مڕۆڤ پەککەووتوو دەکات. ترسی بەدەستنەهێنان و ئەگەری لە دەستدان مرۆڤ دەخەسێنێت. مرۆڤەکان کۆیلەی عادەتن. منیش واخەڕێکە پێی ڕابێم، بە بوونی لە ژێر باران، بە چاوڕێکردنی، بە ئەم سووراوە و سپیاوە بێگانەیە بەسەر لێوە و ڕوومەتمەوە. من بۆ ئەو خۆم ڕازاندووەتەوە..!؟ تۆ بڵێی پێی زانیبێت؟ خەریکە وەکو جێژوانێک بڕوانم سەری کۆڵانەکەمان. ژوانگەی پێک نەگەیشتن و یەک نەدووانمان. چەند نەدووانە ئەم عیشقە.
هەرکە دەمبینێت پێشم دەکەوێت، ئەمجارە خۆم ڕادەستی ویستی ئەو ئەکەم. بۆ هەر کوێ بڕوات و بۆ هەر کوێیەک ئەو بمبات. پێشم کەوتووە، ئەمجارە ئارامتر هەنگاو دەنێت شپرزەیی پێوە دیار نییە تەنانەت هاوڕ بۆدواوە نادات تا ڵێم بڕوانێت. هەنگاو بە شوێن هەنگاوی ئەودا ئەنێم بەرەو چوارڕێیان ئەڕوات، بەرەو ئەو ئەڕۆم. بەرەو قەرەباڵغی ئەڕوات، بەرەو خەڵوەتی بەڕێدەکەوم. لێم بزر ئەبێت. بە ئارامیی بزر ئەبێت.ئەو بزر ئەکەم. خۆم ئەدۆزمەوە. تەنها. سەرگەردان، شێت ئەبم، گێژنە لولم ئەدات. سەرم ئەسوڕێنێت. هەموومان لە گێژنەداین هیچی تر نییە ئەم ژیان.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish