Skip to Content

فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

Closed
by كانونی دووه‌م 11, 2024 General, Opinion, Slider

ڕەخنەی فەلسەفەیی فەلسەفە:
غەزالی و پاشەوارانی

ئەبو حامید ئەلغەزالی (1058-1111) سەر بە وتووێژخوازترین هزرڤانانە لە مێژووی فەلسەفەی ئیسلامیدا، تەنانەت هەندێکی داڕشتنەکان نایخەنە ڕیزی فەیلەسوفەکانەوە. هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووە جیاوازەکانی بەرهەمەکەی: ئەو وەک ڕەخنەگرێکی تیژی فەلسەفە، بەتایبەتی فەلسەفەی فارابی و ئیبن سینا، دێتە نێوانەوە، هاوکات ئەو خۆی فەیلەسوفە لە ئاستێکی باڵادا کە لۆگیک و ڕەخنەکەی لە مێتافیزیک لە سەردەمەکەی تێدەپەڕن. جگە لەوە بەرهەمەکەی دوو شێوازی تەواو جیای داڕشتن لە خۆ دەگرێت: ئەو لە لایەک هزرڤانێکی ئێکسۆتێرییە، کەواتە پابەندی ئەرگومێنتهێنانەوەی زانستی-ڕاسیۆنالە، وەلێ هاوکات نووسەرێکی ئێسۆتێرییە بە مەیلێکی بەهێزەوە بۆ میستیک. ئەو لەپاڵ ڕەخنەی فەلسەفەدا هەروەها چینی زانایانی ئاین و شەریئەتی، واتا ئولەماکانی، ڕەتکردەوە و ملکەچیی ئەوانی بەرانبەر دەسەڵاتداران، هەروەها دەردی تەرقیەخوازی و ژیانی گوماناوییانی لە ڕووی مۆرالییە خستە ژێر ڕەخنەیەکی تیژەوە. کەواتە ئەو هزرڤانێک بوو کە بەزەحمەت لەتەک نموزەجێکی یەکانەیی ڕاڤەکردندا دەگونجێت. غەزالی ساڵی 1058 لە توس کە دەکەوتە خۆراسانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتی فارسەوە، هاتە جیهانەوە. ئەو لە نیشاپور لای ئەلجووەینی (1085 مردووە) کە تیۆلۆگێکی بەناوبانگی سەر بە ڕێبازی ئەشئەری بوو، چووە بەر خوێندن، ئەوجا لە بەغداد کورسییەکی بەواتای بۆ شەریئەی ئیسلامی وەرگرت. خەریکبوونی چڕی ئەو بە فەلسەفەوە، بەتایبەتی بە فەلسەفەی ئیبن سیناوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ماوەیەی کاری وانەبێژییەکەی. غەزالی لەدژی ئیبن سینا یەکێک لە نووسینە سەرەکییەکانی خۆی نووسی، بە ناونیشانی “تەهافوت ئەلفەلاسیفە” (Distructio philosophorum). وەلێ تەنگژەیەکی قووڵ کە نەمانی زەمینە و ئاڕاستە بوو، ناچاری کرد واز لە پۆستی وانەبێژییەکەی بهێنێت. ئەو پشتی کردە نزیککەوتنەوەی تەنیا ئەقیدەگەرا (دۆکترینێر) و ڕاسیۆنال لە ئایین و وەرچەرخا ڕووەو میستیک. غەزالی چەند ساڵێکی درێژخایەن بەنێو جیهانی ئیسلامیدا گەڕا و لە کۆتاییدا گەڕایەوە بۆ نیشاپور، پاشان بۆ توس ی زێدی خۆی و هەر لەوێ ساڵی 1111 مرد. ئێمە دەتوانین لە سەرجەم هزری غەزالی پەرچەکردارێک لەسەر تەنگژەی هۆشەکییانەی سەردەمەکەی تێبگەین، تەنگژەیەک کە لە لایەک فەلسەفە خستبوویەوە، لە لایەکی دی ڕیشەی لەنێو ئاژاوەی قووڵی نێو تیۆلۆگیی ئیسلامیدا داکوتی بوو، کە ئیدی لە سەرئەنجامدا نەک تەنیا بەسەر تەئویلی سوننی و شیئییانەدا، بەڵکو لەنێو ئەم ئاینزایانەشدا بەسەر سێکت و مەدرەسەی لەژمارەنەهاتوودا دابەشی. لە فەلسەفەدا بەتایبەتی ئیبن سینا بە هێزی پڕواپێهێنەری فەلسەفەیی و ئایینی-میستیکییانەی خۆدەربڕینییەوە تیۆلۆگە ئیسلامییەکانی ناجەخت کردبوو. وەڵامی ئەوە تا کاتی غەزالی کەم یان زۆر نزیککەوتنەوەی تیۆلۆگەکان بوو لە فەلسەفە، یان بە پێچەوانەوە بەرهەڵستیکردنی فەلسەفە بوو بە شێوەی ناوردبین یاخود تەنانەت تووڕە.

ڕەخنەی فەلسەفە

غەزالی کۆبەرهەمێکی فراوانی نووسینی بەجێهێشت. لە کارە تیۆلۆگییە سەرەکییەکەیدا بە ناونیشانی “ئیحیائ عولوم ئەلدین” (ژیاندنەوەی زانستە ئایینییەکان) کە لە ساڵانی گەڕانەکانیدا سەریهەڵدا، هەوڵ دەدات پێشبینییە ترادیسیۆنییە ئایینییەکانی ئیمان بە مەشقەکانی سۆفیزمەوە، هەروەها ئێتیکی ئیسلامی بە ئێتیکی ئەڕیستۆتێلی و ئەمیش بە فەزیلەکانی سۆفییەوە گرێبدات. ڕەخنەی ئەو لە فەلسەفە لە “تەهافوت”دا بەتایبەتی لە فارابی و ئیبن سیناوە دەستپێدەکات کە بەواتاترین نوێنەری فەلسەفەیەکی ئەڕیستۆتێلی-نوێپلاتۆنی بوون. غەزالی بە خۆیدا ڕادەپەڕموێت کە بەرپەرچی بیست تیۆریی فەلسەفەیی بداتەوە، لێرەشدا حەڤدە دانەیان بە لادان لە ئیمانی ڕاستینە دادەنێت، وەلێ گەرچی بە ئیسلام ناگونجێن، سەرباری ئەوە بە دیدی غەزالی کوفر نین، وەک بۆ نموونە تیۆرییەکەی ئیبن سینا لەمەڕ دەروون، یان پێشبینییە سروشتی و هۆئەنجامییەکانی فەیلەسوفان بەگشتی، یاخود ئەو تێڕوانینە کە خودا وەک هەرە یەکەمین هیچ ئەتریبوتێکی نییە. وەلێ غەزالی بە پێچەوانەوە سێ تیۆری وەک بێئیمانی دەبینێت، بەمەش هەرسێکیان زەندەقە و داگەڕانن لە ئیسلام: یەکەمیان تێڕوانینی جیهانە وەک ئەزەلی، دووەمیان وادانانەکیی فەیلەسوفەکانە سەبارەت بە ناسینی شتە تاکەکان لە لایەن خوداوە نەک وەک شتی تاک، بەڵکو تەنیا پەیوەند بە ڕێکخراوی گەردوونییەوە، کەواتە تەنیا وەک کەرتی زەرووریی ئەو ڕێکخراوەی جیهان کە خۆی دروستی کردووە؛ سێیەمیان تێزی نەمریی دەروونە کە نکۆڵی لە ژیانەوەی (قیامەتی – و) لەش دەکات. غەزالی سەرئەنجامەکە لە نووسینێکی بچووکتریدا بە ناونیشانی “ڕزگارکەر لە تاریکی” (المنقذ من الضلال) پوخت دەکاتەوە. زۆر جار بەهەڵە وا دادەنرێت گۆیا ئەم نووسینە “ئۆتۆبیۆگرافی”یە، چونکە غەزالی تێیدا دوائەنجامی هزرینی خۆی گرێدەدات بەو موئایەشە جیاوازانەوە کە لە ڕەوتی پێگەیشتنی کەسەکییانەی خۆیدا کردبوونی. ئەو حوکمی توند بەسەر فەیلەسوفانی ئەرەبی-ئیسلامیدا دەدات: گەر پێشتر تەنانەت سۆکرات، پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس بەقووڵی “گیرۆدەی ناڕێکوپێکییەکانی بێباوەڕی و گومڕایی” بووبێتن، ئەوا دەبێت “خۆیان و لایەنگرانیان، لە نێویشیاندا فەیلەسوفانی ئیسلامی ی وەک ئیبن سینا و فارابی و دیکەش، بە بێباوەڕ” دابنرێن. ئەوجا غەزالی ئەوەشی دەداتە پاڵ کە: “هیچ کەس لەنێو فەیلەسوفانی ئیسلامیدا هاوشێوەی ئەم پیاوانە تێڕوانینەکانی ئەڕیستۆتێلیسی نەگەیاندووە” (al-Ghazali 1988, 18).
بێگومان ئەم نەفرەتکردنە لە فەلسەفە هێندە ڕەسەن نەدەبوو گەر غەزالی لە هەندێک پنتی بنەڕەتیدا جیاوازیی لە تیۆلۆگە ئەقیدەگەراکان نەبووایە. ئەو سەرەتا زانستی “فەلسەفە” بەسەر شەش لکی جیاوازدا دادەبەشێنێت: ماتماتیک، لۆگیک، زانستی سروشتی، مێتافیزیک، پۆلیتیک و ئێتیک، وەلێ تەواو جودا لە یەک دەیاننرخێنێت. ئەو لەبارەی ماتماتیک دەبێژێت: “کێ لەم زانستە بڕوانێت، هۆشسام دەبێت بە دروستێتی و بێهاوتایی سەلماندنەکانی”، بۆیە ئولەماکانی ئایین “تاوانێکی گەورە ئەنجام دەدەن گەر باوەڕ بکەن کە دەشێت ئیسلام بە ڕەتکردنەوەی ئەم زانستە بە سەرفرازی بگەیەنرێت” (Ebd., 19 ff.). ئەمە هەروەها لۆگیک دەگرێتەوە کە وەک ئامراز سەرەتا بێلایەنە، تەنانەت بۆ تیۆلۆگەکانیش بەشە زانستێکی گرنگی یاریدەدەرە، وەلێ گەر ناوردبینانە بەسەر ئاییندا بەکارببرێت، ئیدی دەبێت بە ئامرازی تەحریفکردنی ڕاستییە ئایینییەکان. هەروەها زانستە سروشتییەکانیش بۆ غەزالی دوو لایەنیان هەیە: ئەوە ئەرکی ئەقیدەگەری نییە بەرهەمەکانیان ڕەتبکاتەوە گەر هاتوو نەبن بەهۆی گومڕایی، بۆ نموونە نکۆڵیکردن لە گۆتەکانی قورئان. غەزالی وەک سەرئەنجامی ئەوە تەنانەت داوا لە زانایانی ئاین دەکات کە مێتۆدە لۆگیکییەکانی فەیلەسوفانی دژیاری خۆیان قبووڵ بکەن. ئەو خۆی دوو لێکۆڵینەوەی لەبارەی لۆگیک نووسی تاکو بەو ڕێیەوە لۆگیک بۆ تیۆلۆگی و شەریئەت سوودمەند بکرێت. وەلێ غەزالی سەرئەنجامەکە پەیوەند بە مێتافیزیکەوە تەواو جیاواز دەردەکێشێت: مێتافیزیک گەواهی دەدات بۆ “بەسەهووچوونەکان”ی فەیلەسوفان و غەزالی هەوڵ دەدات بەرپەرچی هەریەکەیان بداتەوە، لێرەشدا ڕەخنەی ئەو لە لۆگیک کارایی خۆی وەردەگرێت. ئەمە دروست بە گرنگترین بەشی فەلسەفەیی لە هزری غەزالیدا دانراوە.

کێشەی پەیوەندیی هۆئەنجامی

غەزالی بنەڕەتییانە گومان لە مافی ئاوەز دەکات کە بۆی هەبێت پرنسیپەکانی خۆی بەسەر ئاییندا بەکاربەرێت. ئەو لێرەدا بەئاشکرا ئەرگومێنت لەدژی پرنسیپی هۆ دەهێنێتەوە، لێرەشدا نکۆڵیکردنی فەیلەسوفەکان لە پەرجوو وەک دەرچە دادەنێت. ئەمان بەو ئەرگومێنتە نکۆڵییان لە پەرجوو کردبوو کە دژ بە تیۆریی هۆئەنجامییە سروشتییەکانە و ئێمەش دەبێت ئەمپیریانە لەم تیۆرییە تێبگەین، جگە لەوە وەک پرنسیپی ڕێکخراوی جیهان تیۆرییەکی زەروورییە، ئاخر تەنیا گەر پەیوەندیی هۆئەنجامی گریمانە بکرێت، ئیدی ڕێکخراوێکی ناسراو بەگشتی دەشێت و ڕیکخراوەکەش دەمانگەیەنێت بە خودا وەک یەکەمین هۆی زەرووری. گەر بۆ نموونە شتێک دەست بە سوتان بکات، بۆ ئەوە دەبێت هۆیەکی سروشتی هەبێت و هەمیشە سەرلەنوێ بە لەگۆڕێبوونی هەمان دۆخ دەبێت بەهۆی هەڵگیرسانی ئاگر. هەرگیز ناشێت سووتان بەبێ هۆیەکی سروشتی کە ئاگرەکە دەخاتەوە، بێتەئاراوە. هەر بەگوێرەی ئەمە فەیلەسوفەکان دەیانویست سەرجەم نموونەکانی پەرجوو لە قورئان و نووسراوە ئیسلامییەکاندا خوازەییانە تەئویل بکرێن نەک مرۆڤ وشە بە وشە لێیان تێبگات. بێگومان تا چەند ئەم تێڕوانینە بە ئاوەزدا بچێت، هێشتا هەر تیۆلۆگەکان لە پشتییەوە دروست گومانکردنێکی بنەڕەتییان لە خودای قادیر دەبینی. ئاخر گەر خودا لە توانایدا نەبووایە ڕیکخراوییەکەی بوونەهۆی سروشتی بپچڕێنێت، ئەوسا خۆیشی لەژێر ڕکێفی ئەو ڕێکخراوەدا دەبوو و چیدی خودای قادیر نەدەبوو. گونجاو بەمەش دژەئەرگومێنتی باوی تیۆلۆگەکانی ئیسلام ئاماژەدان بوو بۆ قودرەتی خودا: ئەو قودرەتە توانیویەتی ئەوەش بشێنێت کە بەرواڵەت وەک نەشیاو (مەحاڵ) دەنوێنێت و هەر ئەوها و هەردەم بەگوێرەی ویستی خۆی پرنسیپی هۆئەنجامی نەهێڵێت (1). باوەجو ئەم شێوەیەی هزرین کە بریتییە لە “credo quia absurdum” (“من باوەڕم هەیە، چونکە ئەوە بێهودەیە” [چونکە دەکەوێتە سەرووی توانستی تێگەیشتنی ئاوەزەوە – و]) سەرەتای سەدەی سێیەم لە هزرینی کریستیانیشدا لای تێرتولیان هەبوو.
فەیلەسوفەکان نکۆڵییان لە پەرجوو کردبوو و غەزالی بەرپەرچی دانەوە، نوێیەتیی بەرپەرچدانەوەکەش لە جۆری ئەرگومێنتهێنانەوەی ئەودا بوو. ئاخر ئەو لەوێدا بەسانایی ڕووناکاتە قودرەتی خودا، بەڵکو هەوڵ دەدات پرنسیپی هۆئەنجامی، وەک تیۆریی بوونەهۆی زەرووریانەی سەرجەم ڕوداوەکان، هەڵبووەشێنێتەوە. هەروەها غەزالی لە لایەنی خۆیەوە وایدادەنێت کە لە نێوان بوونەوەردا پەیوەندیگەلی زەرووری هەیە، بۆ نموونە کاتێک ئێمە ئەدگاران دەدەینە پاڵ بوونەوەران، یان پەیوەندییە ڕاوم-ییەکان. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک چواندنی بۆ ئەو ڕوداوە یان ئەو شتانە نییە کە بە دەرکەوەرەکان شیاوی دەرککردنن: “پەیوەندی لە نێوان ئەوەدا کە وەک باوە بە هۆ و ئەنجام دادەنرێت، بە تێڕوانینی ئێمە زەرووری نییە. […] لە هەر کوێ دوو شت هەبن، لە هەبوونی یەکێکیانەوە بەزەرووری هەبوونی ئەویدیکەیان ناکەوێتەوە، بە هەمان شێوە لە نالێرەبوونی یەکێکیانەوە نالێرەبوونی ئەویدیکەیان ناکەوێتەوە” [سیتاتەکە وەرگیراوە لە: Ibn Ruschd 1913, 252]. پەیوەندیی نێوان دوو شت یان دوو ڕوداو ناگەڕێتەوە بۆ ناچارەکێتییەکی نێوەکی لە ئەوان خۆیاندا، چونکە ئەم ناچارەکێتییە لە سروشتدا تێبینی ناکرێت. گەر بۆ نموونە پارچەیەک خوری بەر ئاگر بکەوێت و دەست بە سووتان بکات، ئەوا فەیلەسوف لێرەدا لە پەیوەندییەکی هۆئەنجامی دەدوێت، وەلێ غەزالی بەرپەرچی ئەوە دەداتەوە:
“کەواتە ئایا بەڵگە بۆ ئەوە چییە کە ئاگر هۆکارەکەیە؟ تێبینیدانی ئەمپیری تاکە بەڵگەی فەیلەسوفەکانە: سووتان بە ئاگر و هاوکات لەتەک بەرئاگرکەوتندا دێتەئاراوە. تێبینیدانەکە دەیسەلمێنێت کە سووتان هاوکات لەتەک ئاگردا دێتەئاراوە، وەلێ نایسەلمێنێت کە سووتانەکە بەهۆی ئاگرەوە دەکەوێتەوە [هەمان سەرچاوە، 253].
کەواتە ئێمە بەڕاستی تەنیا دەتوانین چاودێریی پەیوەندییەکی دوای-یەکی (post-hoc) نەک پەیوەندیی بەهۆوەیی (propter-hoc) بکەین. ئەوەی ڕاستی بێت ئێمە ناتوانین لە ڕووی ئەمپیرییەوە دژبێژیی غەزالی بکەین. هەر بەم پێیە دەرئەنجامگیرییەکەی ئەو بریتییە لە: ئێمە لێرەدا هۆبوونێکی زەرووریمان نییە، بەڵکو ئەوە کاریگەریی خودایە: “خودا هۆی سووتانە، ئەویش کاتێک ڕەشایی دەهێنێتە نێو خوریەکەوە، هەروەها بۆ پێکهاتەکانی هەڵیدەوەشێنێتەوە و وەریدەگۆڕێت بۆ سوتوو. خودا ئەم کارە بە نێوەندیاریی مەلایکەکان ئەنجام دەدات یان ڕاستەوخۆ” (هەمان سەرچاوە). واتای ئەم ئەرگومێنتهێنانەوەیە لەوەدا نییە هەروەک ئێمە گەڕانەوەیەکی سەرلەنوێمان ڕووەو خودا هەبێت، یان واتاکەی لە هەوڵدانێکی لاوازدا بێت بۆ ڕزگارکردنی بڕوابوون بە پەرجوو، بەڵکو واتاکەی لەو هەقیقەتەدایە کە ئێستا هێزە ئەمپیرییەکەی سەلماندنی پەیوەندیی بەهۆوەیی (پرۆپتەر-هۆک) بەرپەرچ دەدرێتەوە. ئەم شێوازە هزرینەی غەزالی بێئاکام بوو، وەلێ ئەرگومێنتهێنانەوەکە درەنگتر لە فەلسەفەی ئەوروپیی نوێسەردەمدا، وەک ئاشکراشە لای دەیڤید هیوم، سەرلەنوێ سەرهەڵدەداتەوە. لێرەدا دەشێت زۆر سەرنجڕاکێشانە وەرچەرخانێک ڕوون بکرێتەوە: لە نێوان پارادیگمای ئۆنتۆلۆگییانە – کە غەزالی پێوەی پابەند بوو – و پارادیگمای مێنتالیستیی نوێسەردەم – کە هیوم پەیڕەویی دەکرد. ڕەخنەی غەزالی لە بەڵگەهێنانەوەی ئەمپیریانە بۆ پەیوەندییە زەروورییە هۆئەنجامییەکان هەر ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە ئاماژە بۆ خودا بدات – خودا سەرلەنوێ وەک ناوکی ئۆنتۆلۆگییانەی هەر ڕوداوێک؛ بە پێچەوانەشەوە لەبەر ئەوەی نەشیاوە ئەمپیریانە پەیوەندیی هۆئەنجامی وەک جەختییەکی ئۆنتۆلۆگییانە بسەلمێنرێت، ئەوا هیوم دەرئەنجامێنێت کە سازاندنی ڕێژە هۆ-ئەنجامییەکان تەنیا لە خووی هزرینی مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بەڕێی ئەزموونەوە. کەواتە کاتێک غەزالی پەیوەندیی هۆئەنجامیی وەک کەرتی ڕێکخراوێکی جیهان بەرپەرچدایەوە، ڕێکخراوێک کە ئەو ئۆنتۆلۆگییانە لێی تێدەگەیشت و پەیوەندییە هۆئەنجامییەکە بە ئاماژەدان بۆ ڕێکخراوێکی هەروەها ئۆنتۆلۆگییانەی خودایی ڕزگاردەکات، ئەوا هیوم ڕێگەیەکی ئەوتۆ دەگرێتە بەر کە تەنیا بۆ ئاوەز کراوەیە: هیوم لە پەیوەندیی هۆئەنجامی تێناگات وەک پرنسیپێکی ڕێکخستن کە لەنێو سروشتدایە (کەواتە ئۆنتۆلۆگییانەیە)، بە پێچەوانەوە وەک پرنسیپی ئاگایی مرۆڤ دەیبینێت، واتا وەک پەرچەکرداری ئاگایی لەسەر ئەو ئەزموونانە کە مرۆڤ کردوونی. بێگومان هیوم ناتوانێت بەوە ڕوونی بکاتەوە کە داخۆ چۆن ئەزموونکردنی شتێک بەگشتی بشێت. کانت ئەم هەنگاوە دەنێت، کە دوای ئەوەی هیوم لە “سەرخەوی دۆگمایی” بێداری دەکاتەوە، ئیدی پەیوەندیی هۆئەنجامی تەنیا بە کاتێگۆرییەکی زەین دادەنێت، زەینیش بەگوێرەی ئەمە “یاساکانی خۆی بەسەر سروشتدا دەسەپێنێت” نەک بییەوێت لە ئەزموونەوە دەریان بئەنجامێنێت (Immanuel Kant, Prolegomena, § 36).
ئەرگومێنتەکانی غەزالی لەدژی تێگەی پەیوەندیی هۆئەنجامی لای فەیلەسوفەکان پێشانی دەدەن کە چەند زۆر دێباتی سکۆلایستییانەی نێو سیستەمەکانی ئیمان لە چەرخی نێڤیندا بەرەو پێش هەنگاوی نا تا ئیدی بە هزری مۆدێرنە دەگات. هاوکات لێرەدا ئەوەش خویا دەبێت کە تا چەند تیژترین ڕەخنەی هزری بێئاکام دەمێنێتەوە گەر تەنیا بچێتە خزمەتی بەرگریکردنی دۆگماییەوە لە سەرەکێتیی ئایین. ڕەخنەی غەزالی لە فەیلەسوفەکان تێکرا دوو سەرئەنجامی هەبوو. گومانی تێدا نییە کە ئەو ڕەخنەیە رۆڵێک بۆ سەرهەڵدانی کەشێکی گۆڕراو بەرانبەر فەلسەفە دەگێڕێت. ئەمڕۆ فەیلەسوفانی ئەرەبی-ئیسلامیی هاوچەرخ ئەو تانوتە لە غەزالی دەدەن. پۆلێمیکی ئەو لەدژی فەلسەفە ڕاستەوخۆ خودی فەیلەسوفەکانی هەنگێوت کە ئێستا لەنێو ژینگەیەکی سەرجەمییانە گۆڕراوی جڤاکیدا بەردرابوونە بەردەم نالێبوردەیی و دوژمنکاریی پەرەسەندوو. لە کۆتاییشدا غەزالی نەک تەنیا پۆلێمیکی لەدژی “بەسەهووچوونەکان” نواند، بەڵکو هەروەها ڕاستەوخۆ سەرزەنشتێکی پێوەلکاند: ئەم بەسەهووچوونانە هەڵگەڕانەوەن لە ئیمان، هەڵگەڕانەوەی ئەوهاش دەشیا لە هەڤرایەڵی جڤاکییانەی سەردەمەکەی ئەودا کوشندە بێت. وەلێ غەزالی هاوکات لە ڕووی مێژووی هزرەوە ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی فەلسەفەدا. ئەو بە شێوازی ئەرگومێنتیانە هەوڵی دا فەلسەفە لەکاربخات، لێرەشدا پەیڕەویی مێتۆدە فەلسەفەییەکانی کرد؛ جگە لەوە بەوەفایانە تێزە ڕەخنەییەکانی فەیلەسوفانی خستەبەردەم، کە ئیدی بەو ڕێیەوە زانینی زۆر لەبارەی فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلی و نوێ-پلاتۆنی ڕاستەوڕاست بە ئەڵقەگەلی فراوانی تیۆلۆگە سوننیەکان گەیشت و رۆڵێکی گێڕا بۆ سەقامگیربوونی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس لە مەدرەسە ئایینییەکاندا.

ڕەخنەی غەزالی لە فەلسەفە هەروەها سەرئەنجامێکی سیاسیی هەبوو. دابەشبوونی ئیسلام بەسەر سوننی و شیئیدا، هەروەها لێکهەڵوەشانی ئیسلام بەسەر ژمارەیەکی فرە سێکت و مەدرەسەدا، لای غەزالی نیشانە بوون بۆ لەخشتەبردنی ئیمانداران بەڕێی هزرینی چەوتەوە. ئەو هۆی سەرهەڵدانی ئەم هزرینە چەوتەی دەگەڕاندەوە بۆ فەلسەفە کە ویستوویەتی ڕاسیۆنالانە ڕێکخراوی جیهان ڕوونبکاتەوە و بیسەپێنێت، بەو ڕێیەشەوە ئیسلامی تێکشکاندووە.

غەزالی لە پامفلێتێکدا لەدژی شیئەی ئیسمائیلییە پەیوەندییەکی لە نێوان ئەوان و نوێ-پلاتۆنییەکاندا دەرخست: گرێدانی “زەینی پەتی” وەک یەکەم ڕژان ی یەک-ی هەرە سەرەتایی بە بیرۆکەی پێغەمبەرییەوە. بەمەش بە دیدی غەزالی هزرینی فەلسەفەیی نەک تەنیا پەرجووی پێغەمبەری، بەڵکو هەروەها لە سەرئەنجامدا خەلافەتیشی لەهێز خستووە کە گەرەک بوو دوای پێغەمبەر پارێزەر و بەرگریڤانی ئیمان بێت. کەواتە ڕادیکالێتییەکەی غەزالی بەرانبەر شیئە و فەیلەسوفەکان پەرچەکردارێکی ڕاستەوخۆ بوو لەسەر داڕوخان و ناتەبایی لەنێو جیهانی ئیسلامیدا. غەزالی – تەواو لە مەغزای جیهانبینییەکی هەیەپارێزدا کە ئەمڕۆش باوە – هزرینی ڕەخنەیی لەو ڕەوشە بەرپرسیار دانا، بە ئەندازەی ئەوەش خۆزگەی بۆ بەهێزبوونی خەلافەت هەبوو. بە دیدی ئەو دەستوێژی بەهێزبوونی خەلافەت بریتی بوو لە ڕاگرتنی هەر ناکۆکییەکی نێوەرۆکی، ئەوەش بەدیدەهێنرا گەر فەلسەفە بکرایە بە مەسەلەی چەند زانایەکی کەم. گەرەک بوو زۆرینەی مرۆڤان ڕێنوماییەکانیان تەنیا لە قورئان و سوننە وەربگرن، تەنانەت دەبوو پراکسیسی سیاسی لەسەر ئەو دوو ڕێنومایە ئەنجام بدرێت. هەر بەم پێیە دەرئەنجامی غەزالی لە ڕووی واتای فەلسەفەوە بۆ پراکسیسی جڤاکی بریتی بوو لە: “لەبەرئەوەی بەسەر زۆرینەی مرۆڤاندا ئەو وەهمە باڵادەستە، […] کە گۆیا خاوەنی کامیلێتی ی ئاوەز و توانستن بۆ جیاوازیکردنی ڕاستی لە هەڵە و ئیمانی دروست لە بەسەهووچوون، ئەوا دەبێت تا بکرێت بڕێنەرەوانە گەڤی خەڵک بکرێت کە کتێبەکانی بەسەهووبراوان نەخوێننەوە.” (Al-Ghazali 1988, 27). گەر ئەمە بە یوتۆپیاکەی فارابی لەمەڕ دەوڵەتی دانایی بەراورد بکەین، ئەوا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە تا چە ڕادەیەک فەلسەفەی سیاسی لەسەر ڕێگەی بەرەو تیۆکراتیی دوژمن بە هزر پێشڤە چووبوو.

پاشەوارانی غەزالی

ڕەخنەی فەلسەفەیی غەزالی لە فەلسەفە هاوکات تینی بە تیۆلۆگی دا کە خۆی وردتر شارەزای فەلسەفە بکات و مێتۆدەکەی وەربگرێت. محەمەد ئیبن عەبدولکەریم ئەلشەهرستانی (نزیکەی 1086-1153) یەکێک بوو لەو یەکەمین کەسانە کە هەوڵی بەو چەشنەیان دا. ناوبانگی شەهرستانی دەگەڕێتەوە بۆ نووسینەکەی بە ناونیشانی “کیتاب ئەلمیلەل وەلنیحەل” (حیزبە ئایینی و مەدرەسە فەلسەفەییەکان). ئەو لەم کتێبەدا بەفراوانی سێکت و حیزبەکانی نێو ئیسلامی داڕشت، لێرەشدا کتێبەکە نەک تەنیا مێژووی سێکتە ئیسلامییەکان لە سەردەمی سەرەتاوە، بەڵکو هەروەها فەلسەفە لە کولتووری ئیسلامیدا و ئایینە مەزنەکانی دیکەی پاڵ ئیسلامیش لە خۆ دەگرێت. وەلێ گومانی تێدا نییە کە داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤی نییە، بەڵکو لە نێویدا بڕێکی زۆر ڕەخنەی تیۆلۆگەکان و غەزالی لە فەلسەفە هەیە. شەهرستانی لە هزری ئیبن سینادا کەم یان زۆر ئەوە پوختدەکاتەوە کە پێشتر غەزالی لە “تەهافوت”دا نووسیبووی. سەرباری ئەوە کتێبەکەی یەکێکە لە فراوانترین داڕشتنەکانی مێژووی هزر لە ئیسلامدا تا سەردەمی خۆی، هەروەها بناغەیەکی گرنگی زانیارییە، بەتایبەتی لەبارەی “سێکت”ەکانی سەردەمی زووی ئیسلام و هزریان. ئەوجا کتێبەکە بەڕێی جۆری داڕشتنییەوە دیدێکمان بۆ نێو هزری ئەقیدەگەرای ئایینی لە ئیسلامدا بۆ دەڕەخسێنێت. وەلێ فەخرەدین ئەلڕازی واتایەکی مەزنتری فەلسەفەیی لە شەهرستانی هەبوو. ئەو ساڵی 1149 لە ڕای هاتە جیهانەوە. دوای خوێندن لەوێ چەند ساڵێکی بە گەڕان بەسەربرد و لە کۆتاییدا لە شارەکەی زێدی خۆی وەک مامۆستا نیشتەجێ بوو. ڕازی لەوێ ماوەیەک ژیانی بەهەژاری بەسەربرد، پاشان بەهۆی میراتییەکەوە گەیشت بە خۆشگوزەرانی. ئەو ساڵی 1210 لە هیرەت (لە ئەفغانستانی ئەمڕۆ) مرد. پێشتر دەسەڵاتدارەکەی هیرەت دەرفەتی پێدابوو خوێندنگەیەک لەنێو کۆشکەکەیدا دابمەزرێنێت. فەخرەدین رازی یەکێک بوو لە دوایەمین ئێنسیکۆلۆپێدیستە مەزنەکانی ئیسلام و بە چەند کارێکی زۆر هەوڵی دا نەک تەنیا تیۆلۆگی پێکەوە لەتەک ڕاڤەیەکی فراوانی قورئاندا، بەڵکو هەروەها زانستە دنیاییەکان و فەلسەفەش دابڕێژێت و ڕاڤە بکات، لێرەشدا پشتی بە غەزالی بەست و هەر لەسەر دابی ئەو ڕاڤەیەکی بۆ فەلسەفەی ئیبن سینا نووسی. وەلێ ڕازی لەو نووسینەدا زۆر زۆرتر لە غەزالی فەلسەفەی بە تیۆلۆگییەوە لکاند، ئەوە بە ڕادەیەک کە ئیدی هەردوو کایەکە بەدەگمەن لە یەک جیادەکرێنەوە. ڕازی، دەرچوو لە لۆگیک و فەلسەفەی سروشتەوە، هەوڵی دا ڕاسیۆنالانە ئیدێی خودا ڕوونبکاتەوە، پاشان ڕووی کردە ڕەخنەی فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلی-نوێپلاتۆنی (بەتایبەتی تێڕوانینی ڕژان)، لێرەشدا تێگەیشتنی ئیسلامیانەی خۆی کە بۆ “زانینی سروش” هەیبوو، بەرانبەر ئەو فەلسەفەیە دانا. لێرەوە ئیدی سەرلەنوێ بڕێکی زۆر لە فەلسەفە دێتە نێو تیۆلۆگییەوە. سەرباری ئەوە تێکەڵکردنی فەلسەفە و تیۆلۆگی لە لایەن ڕازییەوە هەروەها جیاوازییەکانی نێوانیانی سڕییەوە و هەڵوێستی ناڕۆشنی ئەوتۆی خستەوە کە تایبەتمەندییە تێگەییەکەی فەلسەفە و بەردەوامیی ئەویان سەرلەنوێ لاواز کردەوە. هاوکات ڕازی لە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆیدا هەیەپارێزتر بوو لە غەزالی. لە ئایندەدا ئەم گرێدانەی نێوان مێتۆدیکی فەلسەفەیی و تێگەیشتنی بنەڕەتییانەی هەیەپارێز شەقڵی بە تیۆلۆگیی ئیسلام دا، کە ئیدی لە نێوەرۆکە فەلسەفەییەکەی زۆر کەم زیاتر لە توخمە بنەڕەتییەکانی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس مایەوە. ئەم توخمانەی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس تا نێو سەدەی نۆزدەیەم مانەوە، بەتایبەتی وەک بەشێکی پێگەیاندن لە مەدرەسەکاندا کە وەک دامەزراوەی فێرکاری لکێنرابوون بە مزگەوتێکەوە.

(1): ئێمە نابێت لەم تێروانینە بە هەڵە ئۆکاسیۆنالیزمی فەلسەفەی درەنگتر تێبگەین. ئاخر ئۆکاسیۆنالیزم نکۆڵی لە پەیوەندیی هۆئەنجامییانەی نێوان لەش و دەروون دەکات و وایدادەنێت، کە خودا یان پرنسیپی خودایی لە “هەل”دا (بە لاتینی: ئۆکاسیۆ) دەبێتە هۆی گرێدانی ڕووداوە دەروونی-هۆشەکی و لەشەکی-جەستەییەکان. ئەم ئۆکاسیۆنالیزمە ڕاستەوخۆ دەبێت بە پاڵهێزی جیهاندیدییەکی پانتایستی، ئاخر تەنیا هۆشی خودایی کە هەردەم لەنێو سەرجەمدا لەگۆڕێیە، دەتوانێت گرێدانێکی بەو چەشنە ئەنجام بدات. گومانی تێدا نییە کە تیۆلۆگە ئیسلامی یان کریستیانییەکانی چەرخی نێڤین و پێشبینییان لەمەڕ خودای کەسێنراو مەبەستی بەو چەشنەیان نەبووە.

———————

سەرچاوە:
Geert Hendrich: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.

فەرهەنگۆک ی وەرگێڕ
دێباتی سکۆلایستی: دێبات لە هەڤرایەڵی ئیسلامیدا واتای “کەلام” (گفتوگۆ، دانوستاندن) دەگەیەنێت بەو ئامانجە کە بە ئەرگومێنتهێنانەوەی ڕاسیۆنال بناغەیەک بە ئیمان بدرێت و بەو ڕێیەشەوە گومانەکانی مرۆڤ لە ئایینەکەیان یەکلابکرێنەوە. هزرڤانەکان بریتی بوون لە ئەلموتەکەللیمون و زانستەکەشیان ناودەنرا “عیلم ئەلکەلام” (زانستی سکۆلایستی). ئەمان بەهۆی کاریگەریی فەلسەفەوە لەسەریان شێوازی نوێی هزرین لە هۆشیاندا هاتبووە ئاراوە، لەژێر ئەم کاریگەرییەشدا گۆڕانیان بە مێتۆدی دیکەی سەلماندن دا تاکو قورئان و حەدیس ڕوونبکەنەوە، ڕوونکردنەوەکانیشیان ناتەبا بوون بە تێڕوانینی باو و سەروەر بۆ ئایینی ئیسلام.
ئەقیدەگەری: ئۆرتۆدۆکسی، پابەندی سوننەتییانە (لاساییگەرایانە) بە بنەماکانی ئایینەوە.
ئەمپیری: تەجریبی، سەلمێنراو بە تاقیکردنەوە.
ئەتریبوت: ئەدگار، تایبەتمەندی، کاراکتەریستک.
ئێکسۆتێری: نووسینێک کە ڕووی کراوەتە دەرەوە: خەڵک، خوێنەرانی فراوان.
ئێسۆتێری: ئاڕاستەدراو ڕووەو ناخەکێتی، ڕەوانی، یان داخراو لە بەردەم خوێنەرانی فراوانی نەشارەزادا.
هەڤرایەڵ: کۆنتێکست
مێنتالیزم: مێنتال واتا “هۆشەکی”، کەواتە ناخەکی. مێنتالیزم ڕێبازێکی فەلسەفەییە کە بابەتانی هۆشەکی وەک گەرەنتی بۆ ڕاستیی دەربڕینە / ڕستە خۆییەکان لەبارەی هەر پێشبینییەک یان بۆ واتای وشە دادەنێت.
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆبژێکتیڤی: فاکتی وەک سەربەخۆ لە هەست و تێڕوانینی کەسەکی.
ئۆکاسیۆنالیزم: وایدادەنێت کە ناخەکێتیی مرۆڤ هۆشەکییە (نا-ماتەریەلە) و هیچ پەیوەندییەکی نێویەکی لە نێوان لەش و دەرووندا نییە، و تەنیا خودا لە نێوانیاندا وەک نێوەندیار کارا دەبێت. ئەم ئاڕاستەیە پابەند بە دوالیزمی دێکارتەوە گۆڕان پێدرا.
پامفلێت: نووسینی شەڕانی، زۆر جار پابەندنەبوو بە فاکتەوە؛ یان پۆلێمیکی تیژ بۆ نموونە لەدژی کەسێکی دی.
پانتایستی: لایەنگری پانتایزم کە خودا لەنێو جیهاندا دادەنێت، یان دەبێژێت: هەردووکیان یەکانگیرن.
پارادیگما: شێوازی، ڕێبازی یان نموزەجی بنەڕەتییانەی هزرین. بۆ نموونە لای پلاتۆن بریتییە لە مێتۆدی لێکچواندن.
پەیوەندیی هۆئەنجامی: کاوساڵێتی. پەیوەندییەکە یاساییە. لێرەدا جەخت دەکرێت کە ڕوداوێک هەمیشە بەدووی ڕوداوێکی دیکەدا دێت؛ یەکەمیان ئەنجامە، ئەوی دووەمیان هۆیە.
پۆلێمیک: واتای وشەیی: هێرش، شەڕ. بەزۆریی ناکۆکیی توندە لە میانەی دانوستاندنی ئەدەبی، فەلسەفەیی، زانستی یان سیاسیدا.
ڕاسیۆنال: هزرینی مەبەستمەند، هزرینی بەردەوام یاوەریکراو بە ئاوەز.
ڕاوم: فەزا، سپەیس، ئەوەیە کە سەربەخۆ لە ماتەری هەیە، جا گەرچی ئەم لەنێو ئەودایە. ڕاوم بریتی نییە لە شوێن / جێ کە دیاریکراوێکی نێو ڕاومە.
ڕەوان: سپیریتوالێتی، مەئنەویەت
سێکت: کۆمەڵەیەکی هاوبڕوا کە لە کۆمەڵەیەکی (لە ئایینێکی) گەورەتر جیابۆتەوە و ئەندامانی وایدادەنێن کە ڕێبازی ئەوان تاکە ڕێگەی گەیشتنە بە جیهانی خودایی.
سیتات: ئیقتیباس
تیۆکڕاتی: تیۆس بەواتای خودا، کڕاتاین بەواتای دەسەڵاتداری. کەواتە واتا وشەییەکەی بریتییە لە “دەسەڵاتداریی خودا”. لەم جۆرەی دەسەڵاتداریدا ماف و یاسا پابەند بە ئایینەوە دەچەسپێنرێن و ڕەوایەتییان پێدەدرێت وەک پەیڕەویکردنی ویستی خودا.
وادانانەکی: دەربڕینێک کە وایدادەنێت شتێک / ڕەوشێک / کەسێک ئەوهایە، وەلێ دەشێت ئەوها نەبێت، بۆ نموونە: “هەموو سیاسییەکان گەندەڵن”.

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish