Skip to Content

چیرۆک/ ئەو فیشەکەی مێشکی پژاند.. بەهزاد حەوێزی

چیرۆک/ ئەو فیشەکەی مێشکی پژاند.. بەهزاد حەوێزی

Closed
by شوبات 6, 2024 General, Literature

جەنگ جگە لە کوشتن و کوشتار و ماڵوێرانی هیچ مانا و یاسایەکی تری نییە، خولیاداران و هەڵگیرسەرانی جەنگ ئەوانەن، کە مەرگدۆستن، بەڵام ئایا راستە هەر وەک فرۆید دەڵێ مەحاڵە رەگی توندوتیژی و جەنگ بنبڕ بکرێ لە بەرئەوەی من رەگوریشاڵی جەنگم لە خودی تەبیاتی ئادەمیزاددا دیوە، جا دەکرێ ئەو تەبیاتە بە نەخۆشی و دەردێکی دەروونی ناوببەین، شپرزەیی و دیوە نەرێیەکەی رەفتاری ئادەمیزاد لە رووی دەروونییەوە، لە رووی پەیوەندی لە نێوان سادیزم و مازۆخیزم.
داخوا شەڕ هەمیشە پەشیمانی بە دوادا نەهاتووە، بەسەدان شەڕ مێژوویان لەکەدار کردووە و دواتر لە ئاکام دا ئاگرەکە خامۆش بۆتەوە و ئاسەواری خۆڵەمێشەکەیشی نەماوە، ئەی ئەو هەموو قوربانی و کاولکاریە لە پای چی، لەبەرچی کەسێک نییە وانەیەک لەو ئەزموونە تاڵ و جەرگبڕە وەربگرێ؟.
ئەو بە دەم ئەو بیرکردنەوە و غایەلانە دا بوو یا خەو بردیەوە، هێندەی پێنەچوو دەستێک بەسەر شانیەوە رای تەکاند (هەڵسە ، کوڕم، ئەوە خەوتوویت ئێرە هەوەڵین سەنگەری شەڕە، ناترسی، دوژمن زەفەرت پێ ببات) چاوەکانی کردەوە و بینی وا بەرپرسە سەربازییەکەی بە سەرسەریەوە وەستاوە، هیچی نەوت وەلی لەدڵی خۆیدا دەمێک بوو پرسوڕای ئەوەی کردبوو چۆن چۆنی دەرفەتێک بقۆزتەوە تا رابکات.
لە شەوێکی ئەنگوستە چاوا، بایەکی پاییزی نائومێدی هەڵیکردبوو ناوبەناو تەپوتۆزی ئەو ناوە وشکەڵاتووەکەی دێنا و بە دەموچاوی ئەو سەربازانەی هەڵدەسوی، نە مانگ نە ئەستێرەیەک نە رۆشنایی تەنانەت جگەرەیەک نەدەبینرا، وەک خۆڵی مردووی نبەسەرداکرابێ ئەو بەرەیە وادەهاتە بەرچاو.
دێتەوە یادی جارێکیان حەمەی حەلاق وتبووی دەبێ رۆژێک دابێ تفەنگەکانمان بە لکی دارێکەوە هەڵواسین و ئیتر بگەڕێینەوە نێو باغ و کێڵگە و ژیانە سادە و ساکارەکانمان، ئەوە تەنیا خۆزگەیەک بوو، بەڵام جەنگ پێی رەوا نەبینی!.
چارەنووسی نادیار جڵەوی دەست و تفەنگەکەی گرتبوو، هۆشوگۆشی شێڵوو، ئاخۆ کەی ئەو دەرفەتە بێت، سەری خۆی هەڵگرێ بەرەو کەنارێکی تری بێ ناونیشان بێ ناسنامەی هەبوون و بە بێ زێدی رەسەن.
لەگەڵ گزنگی دا دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان دەهات، ئەوسا بایەکەش کپ ببوو، بەڵام هێشتا جێدەستی بە سەروسیمای چەکدارەکان دیار بوو، ئاخر دەبوایە رەنگوروویان وەک ئەو خاکوخۆڵە بێت تا نەکەونە بەر نیشانەی نەیارانیان و نەیان پێکن.
کە ئاوێنە شکاوەکەی دەست دایە و لەسەروسیمای راما، زەردەیەکەی بێمانا روخساری داگرت، لەگەڵ خۆیدا وتی(ئێمە لە خۆڵەوە بۆ خۆڵین) دەنگە دەنگ پەیدا بوو، کاتی نانی بەیانییە، لەو دەمەدا دەنگی تیژڕۆی فڕۆکەیەک تەنگەتاوی کردن هەر بابایە و بە لایەکدا رای کرد، ئەفسەرێک خۆی خستە نیو بەرمیلی زبڵەوە، هەرچی ئەو بوو لە دەوروبەری روانی، تەنیا دەنگ و ترساندن بوو، جارێکی تر دۆخەکە هێور بوویەوە.
دەمەو نیوەڕۆکەی، جارێکی تر ژاوەژاو پەیدابۆوە و وا چەند فڕۆکەیەک لە دوورەوە دیارن، دیارە دەیانەوێ ئەو شوێنە بۆردوومان بکەن، ئەو کە لای زرێپۆشەکە بوو رایکردە ناوی و لە ناوەڕاستی لە شوێنی خۆی دانیشت، هەرچی پەنجەرە و زەلەفەی زرێپۆشەکە بوو دایخست، ئینجا روانی وا لە ئاسمانا دوو فڕۆکە خەریکە نزیک دەبنەوە، هێندەی نەبرد چەند بۆمبایەکیان خستە خوارەوە، ئەویش بە پەلەپرووزێ بە هەردوو چەکی بەکەتە و دۆشکەی سەر زرێپۆشەکە، دەستی بە تەقە کرد، جا لەگەڵ بۆردومانەکەش زرێپۆشەکە دەهەژایەوە و دەتوت لانکەیە.
کە دەنگی تەقە نەما دەریچە بازنەییەکەی کردەوە و سەری هەڵبڕی بینی دەوراندەوری یەک پارچە بۆن باروودو تۆزوگەرداوە، لەولاوە چڕەدووکەڵە و بە لایەکەی تر چاڵێک قووڵ تازە هەڵکەنراوە، ئینجا دابەزی و سەیری کرد چەند فیشەکێک لەبەردەم ئوتومبێلە سەربازییەکە کەوتوون و نەتەقینەتەوە، تومەز ئەو گولە دۆشکانە کۆن و هی ساڵانێک پێش ئێستا بوون و بارودەکەیان بێکەڵک ببوو.
شەو راشکا، ئەو هەر بیری لای راکردن بوو، کەی بگەنە بەرایی بەرەکە و لەگەڵ جەنگێکی گەرم و گوڕدا بە هەر جۆرێک بێت خۆی بدزێتەوە و بگاتە بەرەکەی ئەوبەر و خۆی بەدەستەوە بدات و پێیان بڵێ من لە یەکەم رۆژەوە دژی ئەو جەنگەم، من کەسێکی ئاشتیخوازم و هەزاران نەفرەت لە شەڕوکوشتار بێت، من بە دەست خۆم نەبوو راپێچی ئەو شەڕە نەگریسە بێمانا و چاوەڕواننەکراوە کرام، من دژی ئەو رژێمەم، کە شەڕی دژی ئێوە و میللەتەکەمان هەڵگیرساند، من باش دەزانم شەڕ ماڵوێرانییە و دەوڵەتانی زلهێز بەرپای دەکەن و ئێمەمانانی پێ بێهێز دەکەن تا بەیەکجاری لە ناومان ببەن.
لەو کاتەشدا دیار بوو لە ناو زرێپۆشەکەوە هەستی دەکرد وا ئەو هێزە بەرەو پێشەوە جووڵە دەکات، ئیتر لە مێشکی خۆیدا هەر خەریک بوو پلانی راکردن رێکبخات و چەند وشەیەکی فارسیشی دەزانی، کە رەنگە بەکەڵکی بێن، بۆیە لەگەڵ خۆیدا بە چپەوە دەیگوت و دەیگوتنەوە، ئاخر ئەوانیش، کە دەیانزانی کوردە، بۆیە لەهەر جێگە و شوێنێک بە فارسی نووسرابوایە یەکسەر پێیان دەگوت بۆمان بکە بە عەرەبی تۆ فارسی دەزانی چونکە کوردی!.
جا ئەو سەربازانەی ناو زرێپۆشەکە کە ژمارەیان چوار کەس بوو وایان دەزانی ئەوە لە ترسانا نزاودوعا دەکات، چونکە نە تێی دەگەیشتن نە بە خەیالێشیان دادەهات رۆژێ لە رۆژانا بیر لە راکردن بکاتەوە، ئاخر ئەوان لە رێی گوتار و رێنمایی سیاسیییەوە ئاوا مێشک و دەماغیان شۆردرابوو، وەک بەردی دامە و کۆیلە و بتیان لێهاتبوو، هەر بۆیەش تادەهات یەکبەداوی یەک دەبوونە قوربانی و سووتەمەنی جەنگ.
دنیا رووناک بۆوە، بیستی وتیان هێرشکردن دەستی پێکردووە و رووەو رووباری کارون دەڕۆن، ستراتیجیەتی جەنگێکی ئاوا بێ دەرەنجام بەبێگومان شکست دێنێ، بەڵام چونکە هێندەی کەرەستەی بەردەوام بوونی هەیە، بۆیە هێشتا کاتی ماوە و قوربانییەکانیشی بەردەستن.
خۆرەتاوێکی زەرد و کز بەری ئاسمانی گرتبوو و وێڵ و سەرگەردانی کردبوو، ناوبەناو لەدوورەوە نیمچە گەردەلوولێک هێستریانە هەڵیدەکرد و خامۆش دەبۆوە، لە ناو زرێپۆشەکە دەتوت یەکەم رۆژی پرسەیە هەریەکە لە جێگەی خۆی مات و بێ هەستوخوست، وەکو بڵێی چاوەڕوانی مەرگێکی ناوادە بکەن، بەڵام کەس نەیدەزانی کامیان بەرەو دۆزەخ مل دەنێ.
لە ناکاو لە هەموو لایەک دەنگی تەقە و بۆمبا و تۆپ دەنگی دەدایەوە، شەڕێکی رووبەڕوو بوو، دەبوایە هێزەکەی ئەوان ئەمڕۆ لەو زێیە بپەڕنەوە، ئاوا فەرمانیان پێکرابوو، بەڵام هێزەکەی ئەوبەریش بەهەمان شێوە پێشتر ئامادە و تەیار بوو، بۆیە هەر زوو شەڕ گەرم بوو، شوفێری زرێپۆشەکە پیاوێکی رەشتاڵەی باشوور بوو، کە خزمەتی یاسایی خۆی تەواو دەکات شەڕی بەسەر دادێ، ئیتر پێڕاناگات پشوویەک بدات جارێکیتر دەیگەڕێننەوە بەرەکانی شەڕ، هەر بۆیەش زۆر بە حەماسەت سەری دێناو دەبرد و ئیتر بەرگەی ئەو بێدەنگیەی نەگرت، بۆیە کردیە هاتوهاوار و جوێندان بە ئێرانییەکان، دەتوت لەسەر میراتی باوکی شەڕ دەکات.
ئەو، کە دەبوایە لە جێگەی خۆی دابنێشێ، کە هەم هەوڵگر و هەمیش دەبوایە بە دۆشکەکە تەقە بکات، بەڵام ئەو کاتە لە پشت شوفێری زرێپۆشەکە دانیشتبوو و خۆی مت کردبوو، بۆیە شوفێری گۆرین زرێپۆشەکەی راگرت و دەستی بە جوێندان و هەڕەشە کرد، ئینجا بە پازێک خۆی هەڵدایە سەر کورسییەکەی ناوەڕاستی زرێپۆشەکە و دەستی بە تەقەکردن کرد، ئینجا گەڕایەوە شوێنی خۆی و دەستی خستەوە سەر ستێرنەکە.
زریپۆشکە هەر وەستابوو، کەس نەیدەزانی چی و چ دەقەومی، دۆخەکە چۆنە و چی لێدێ، شوفێری رەشتاڵەش، کە حەجمینی نەبوو دەتوت جیوەی تێکراوە هەر سەرەتاتکیی بوو، دەیوت ئێوە ترسنۆکن نە تەقە دەکەن نە هیچ دەڵێن، هەر لەو کاتەی ئەو بەدەم قسەکردنەوە جوێنی دادا و هەڕەشەی دەکرد، لەناکاو قیشەکیک بەر سەری کەوت و نقەی لێبڕی و کەوتە سەر ئەرزەکە و مێشکی پژا و خوێن چۆڕاوگەی بەست، بەڵام ئەوە تەنیا فیشەکیک نەبوو بەر مێشکی کەوت، بەڵکە دەستاڕی جەنگ بوو رۆحیشی هاڕی!.

Previous
Next
Kurdish