Skip to Content

نوستالیژیا/ ئەو شەوەی قومارمان کرد.. ستیڤان شەمزینی

نوستالیژیا/ ئەو شەوەی قومارمان کرد.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 26, 2024 General, Opinion


بەشی سێیەم


تا ئێستا جگە لە وتارێک ھیچ شتێکی ترم لە بارەی قومارەوە نەخوێندووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قومار یەکێک لەو خوو و دیاردانەی پێویستە ھەڵوەستەی پتری لەسەر بکرێت. چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمە قومار و جۆرەکانی ئەو گەمەیە لە زۆربووندایە. رەنگە زۆرێک لەوانەی لە تەمەنی ئێمەن، بەشێوەیەک لە شێوەکان قوماریان کردبێت، جا محەلەبی شکێنە بێت، زارزۆری و لگاو بێت، ھەڵماتین و مووشێن بێت، یان رەسمێن و کڵاوێن بێت، یان دومبەڵە و کۆنکەن بێت، ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. کە منداڵ بووین، باوکم و مامەکانم و خزمە پلە یەکەکانمان، شەوان کۆنکەن یان ئەزنیف و دۆمینەیان دەکرد، یارییەکە ھەر شەوە لە ماڵی یەکێک لە خزمان بوو. دۆڕاویش دەبوو، میوەی ھەموو میوانەکان دابین بکات، ئەوە جگە لەوەی سینییە پاقلاوە و سندووقە ساردیی تێدەکەوت، بە تایبەت ئەو ساردییە خۆشانەی ئەو زەمەنەش کە ئەگەر ھێندەی نووکە دەرزییەک شووشەکەی بشکایە، دەبوو بیبژێریت بۆ خاوەن دوکان، نرخی یەک شووشە لانیکەم یەکسان بوو بە نرخی چوار تا پێنج بیبسی “ئەوێ رۆژێ دەوترا بییسی لە بری پیپسی”. ئیتر ئەوە بابەتی شەوچەرە بوو لەو زەمەنە.
دێتەوە یادم، باوکم یاریزانێکی باش بوو، جگە لەوەی نەنکم لە سەرەتای یارییەوە تا کۆتاییەکەی دەستی بۆ ئاسمان بەرز دەکردەوە باوکم براوە بێت. جار جاریش ھەر دۆڕانی تێدەکەوت، بەڵام وا بزانم دوعاکانی داپیرەم ھێندە کاریگەر بوون، ھەمیشە بردنەوەی بە باوکم دەبەخشی. ئەمەش خۆی جۆرێکی سووکتر بوو لە قومار. ھەرچی ئێمەی منداڵانیشە بە تایبەت لە جەژنان قومارێکی سووکمان دەکرد. بۆ نموونە تەختەیەک ھەبوو ١٠٠ میزەڵانی لەسەربوو، ھەر میزەڵانەی ژمارەیەکی لەسەر بوو، جا میزەڵانی گەورە و بچووکی تێدابوو. خاوەن میزەڵانەکان، توورەکەیەکی بچووکیان لابوو، تۆ ٢٠ فلست دەدا و دەستت دەکرد بە توورەکەکەدا و کارتێکی بچووکت دەردەھێنا، جاری وا ھەبوو کارتەکە دەسووتا و جاریش ھەبووە ژمارەیەکی لەسەربوو، مەرجیش نەبوو کە ژمارەیەکت بۆ دەرچوو، تۆ براوە بووبیت، چونکە جار ھەبوو میزەڵانێک دەردەچوو، چارەگی ئەو قیمەتەی ھەبوو تۆ دابووت.
وەختێک گەورەتر بووین، دەچووین بۆ سینەما. لە سلێمانی سێ سینەما ھەبوو “سیروان، رەشید، دڵشاد”. ئەو دووانەی یەکەمیان لە نزیک سەرا بوون و ئەویتریشیان لە کۆتایی شەقامی “کاوە” نزیک بازاڕی “دۆلارەکە”ی ئێستا. ئێمە گروپێک بووین، زیاتر دەچووین بۆ سینەما سیروان. لە خوار سینەماکەشەوە، کابرایەکی رەشتاڵەی باڵابەرز ھەبوو، مێزێکی گەورەی دانابوو. مێزەکە چەندەھا شتی گرانبەھا و ھەرزانی لەسەربوو. بۆ نموونە تۆپی زیگزاگ کە ئەوسا زۆر بە نرخ بوو، ئێمە بە تۆپی باغە بووین بە رۆناڵدۆ. یان دەمانچەی تەرەقە و عەینەکی رەش و شتی تریش، تۆ چارەگە دینارێکت دەدایە دەستی کابرا. ئەویش باڵندەیەکی ھەبوو لەناو قەفەزێکدا بوو، لەبەردەم قەفەزەکەش ژمارەیەک زەرفی نامە ھەبوو، ھەر زەرفێک لە ناوەوە لەسەر پارچە کاغەزێک ناوی یەکێک لەو شتانەی لەسەر نووسرابوو لەسەر مێزەکەدا دانرابوون، بۆیە کاتێک باڵندەکە بە دەنووکی زەرفێکی دەھێنایە دەرەوە، ئیدی خۆت و شانست، یان قورعەکەت سەرکەوتوو دەبوو، تامت لە فلیمی بەتەڵ غازی دەبینی، یان دەسووتایت و ھەنگوین لە دەمتدا دەبوو بە ژەھر. لە منداڵیی ھەرچەندە بێ شانس بووم، بەڵام ھەموو ئەو یارییانەم تاقی دەکردەوە، ئێستا و ئەوساش، شتێکم بۆ دەرنەچوو، دڵم پێی خۆش بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ھەر بەردەوام دەبووم لەسەری. جارێک لەگەڵ کوڕی مەلایەکی بەناوبانگ، کە ھاوڕێی ئێستا و منداڵیشمە، چووینە کۆڵانەکانی پشتی پاسەکانی “تووی مەلیک” واتە کۆڵانی چەک فرۆشەکان. لەوێ دەستمان کرد، بە لگاو بە زار، ئەی خودا، ئەو زارە لە بەختی ئێمە لەسەر پێ دەوەستا. بیرم دێتەوە نزیکەی “٧٠” دینارمان بردەوە. وا بزانم ئەو ٧٠ دینارە بە یەک مانگ تەواو نەبوو. جارێکی تریش چووینەوە بۆ ھەمان شوێن، براوە بووین، زۆرتر لە جاری پێشوومان بردبووەوە. دەمانویست دەست لە یارییەکە بەر بدەین، بەڵام نەیاندەھێشت، لەو کاتە بیرۆکەیەکم بۆ ھات، بە ھاوڕێکەم وت تۆ بەردەوام بە، من دەچم لەفەیەک دەخۆم، دوای سێ خولەک بە شڵەژاویی و راکردنەوە ھاتمەوە شوێن یارییەکە و ھاوارم کرد رابکەن خولە کاراتی ھات “مەحموود کاراتی ئەوسا مفەوەزی پۆلیس بوو لە ناو شار”. ئیتر وەک چۆن بسمیلا لە جنۆکە دەکەیت، کەس دیار نەما، من و ھاوڕێکەشم بە ١٣٧ دینار براوەی یارییەکە بووین و بە کۆڵانەکانی عەقاریدا ھاتینەوە بەرەو ماڵ.
رۆژان ھات و رۆیشت، من زیاتر بەرەو سیاسەت و خوێندنەوە و کایەی رۆشنبیریی رۆیشتم، بەڵام زۆرێک لە ھاوڕێکانم وەکو خۆیان مانەوە. کوڕی مەلا ھیچ نەگۆڕا، بەڵکو بووە قومارچییەکی بە بەخت کە تا ئێستاش ئیفلاس نەبووە. ھاوڕێیەکی ترم ھەبوو ناوی “دیاری” بوو، “لەسەر ئیزنی خۆی ناوی بڵاو دەکەمەوە” ئەویش ھاوشانی کوڕی مەلا، بوونە یەکێک لە ناسراوترین قومارچییەکان. ئەوەی من و ئەوانی لەو قۆناغەدا بە یەکەوە دەبەستەوە، جگە لە ھاوڕێیەتییەکی ریشەدار، ئێوارە خواردنەوەکانی باڕەکانی شار بوو. زۆرتریش دەمەو عەسران، لە چایخانەی شەعب یەکترمان دەبینی، ئیتر یەکێک لەو ژمارە زۆرەی باڕەکانی نزیک ئەسحابەسپی و شەقامی “کاوە”مان ھەڵدەبژارد بۆ خواردنەوە، بەڵام زۆربەشیان قومار و دومبەڵەیان تێدا دەکرا، من دوای خواردنەوە بەرەو ماڵ، ئەوانیش بەرەو قومارکردن دەڕۆیشتن.
ئەوێ رۆژێ “نەوەدەکان” گرانییەکی بێوێنە رووی لە وڵات کردبوو، دەوڵەمەندەکانی شار توانایان سنووردار بوو، بەڵام کوڕی مەلا و “دیاری” بوونە دەوڵەمەندێکی قورس، ئۆتۆمبیل و خانووی خۆیان کڕی. ئیتر بۆ زەمەنێکی کورت وازیان لەو خووە ھێنا. ھەریەکەیان رێگەیەکیان بۆ بژێویی ژیان دۆزییەوە، بەڵام زۆری نەبرد، ھەردووکیان لەسەر مێزی قومار یەکیانگرتەوە. ئێوارەیەک سێ قۆڵی چووینە باڕێکی رۆژانە، دەستمان کرد بە خواردنەوە، کە ئەوسا خواردنەوە گیرفانی ھەڵتەدەکاند، بەڵام پاش چەند خولەکێک سێ کەسی پۆشتە و پەرداخ ھاتنە ناو باڕەکە و ھەواڵی ئێمەیان پرسی، کوڕی مەلا چوو بە دەنگیانەوە، دوایی بۆ من ئاشکرا بوو، ئەو سێ کەسە لە ھەولێرەوە ھاتوون، بۆ ئەوەی قومارێک بکەن!. ئەو ئێوارەیە ١٣ ھەزار دیناری سویسریان بردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی وەزعەکە ئەوەندە سەخت بوو، کەسێک بە ئێوارەیەکی درەنگ بەتایبەت ئەگەر سەرخۆش بووایە، ئەو پارەیەیان پێ شک ببردایە بە چەقۆ دەیانکوشت و پارەکەیان دەبرد.
ناچار ئەوان پارەکەیان کرد، بە سێ بەشەوە، سێ ھەزار دیناریان دا بە من، تا بەسەر گیرفانەکانمدا دابەشی بکەم، ئەوانیش ١٠ ھەزارەکەی تریان دابەشی گیرفانەکانی خۆیان کرد و رۆیشتین. من بە تەواویی خەیاڵ ببووم، ئەوانیش لە خۆشیی بردنەوەکە دووجار خەیاڵ ببوون، بۆیە بیریان چوو، ئەو سێ ھەزارە لە من وەربگرنەوە. ناچار بۆ رۆژی دوایی بۆم بردنەوە، ھەردووکیان سوێند و تەڵاقیان خوارد، ھیچ پارەیەکیان لای من نییە. چی بکەم، پارەکەم تا ماوەیەکی زۆریش دانا، چونکە وتم ھەر کە دۆڕان دێنەوە بۆی، بەڵام شانسی خۆم تا ئێستاش دەنگیان نەبووە، ئەگەر ئەم نووسینە قوڕ نەکات بەسەرمدا و بیریان بکەوێتەوە و لێمسەننەوە.
ئێوارەیەکی باراناویی نەوەدەکان بوو، لە باڕی “دەریا” لە شەقامی کاوە، سێ قۆڵی خەریکی خواردنەوە بووین، ھاوڕێیەکمان خۆی کرد بە باڕەکەدا. زۆر سەیر بوو، ئەو ھەرگیز نەیخواردۆتەوە، تەنانەت رقی لە خواردنەوەیە. وتمان “س” ئەوە چییە، ئاخر زەمانە تۆ ھاتوویت بۆ ئێرە؟. ئەویش بە دەنگێکی حەزینەوە وتی، باوکم کۆچی دوایی کردووە. منیش زۆر خەیاڵ بووم، وتم “کوڕی باش ناشێت ئێمە بە مردووشۆر بزانیت، ئێ خەڵک باوکی بمرێت چی دەکات لە باڕ؟”. ئەویش بێ تووڕەبوون، وتی “وایە بەڵام قوڕ بەسەری من، پارەمان نییە بۆ پرسەکەی”. ھەر ئەمەی وت، ھەرسێکمان لە یەک چرکەدا راچڵەکین. سەیری گیرفانی خۆمان کرد، نزیکەی یەک ھەزار دینارمان پێبوو، وتمان کاکە ئەوە ٥٠٠ دینار بۆ تۆ، ٥٠٠ دیناریش بۆ خۆمان، ئیشی ئەمڕۆ راپەڕێنە، خەمی سبەیت نەبێت، ئەویش وتی کاکە ئاخر پرسە ھیچ نەبێت ٥٠٠٠ دیناری دەوێت، وتمان تۆ بڕۆ خەمت نەبێ.
ئەو شەوە چووینە قومارخانەیەکی خۆش، جیاوازبوو لەو قومارخانانەی، پێش ٣-٤ ساڵ من بینیبووم. کوڕی مەلا و “دیاری” دەستیان کردە قومار، منیش ھاوکارێکی باش بووم لەگەڵیاندا، بەو ٥٠٠ دینارەی پێمانبوو، ١١ ھەزار دینارمان بردەوە، بۆ سبەی، چووینە پرسەکە، برادەرەکەمان کە باوکی مردبوو، ھەر سەیری دەکرد، بەڵام لە دەرفەتێکدا خستمانە ئەولاوە، ٦٠٠٠ ھەزار دینارمان پێدا، وتمان بڕۆ بە دڵی خۆت پرسەکە بەڕێوە ببە. وتی، ئاخر ئێوە لە کوێتان ھێنا؟. دیاری وتی “تۆ کاڵەک خۆری، یان بێستانڕن؟”، ھیچ قسەی نەکرد و پارەکەی وەرگرت. ئێستاش ئەو برادەرە نەیزانی پارەکە بە قومار پەیدا کرابوو، ئەوەتا من لێرە ئاشکرام کرد. بەڵام من ئەو قومارەم ناوناوە “قوماری پیرۆز”، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات، ئامادەم ئەو قومارە دووبارە بکەمەوە.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 528-532 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish