کورتەچیرۆک: سۆزانی.. نووسینی: ئامانج شێروانی
دەرگای بەفرگرەکەی کردەوە، خاڵی خاڵی، وەک دەشتێکی کاکیبەکاکی، جگە لە دەفرێک ئاوی تورشی، لەتکە نانێکی ڕەق و بنکڕی مەنجەڵێک ماست هیچی تری تێدا نەبوو. سەیرێکی فەردە بەتاڵەکەی برنجی کرد، لەتەنیشت ئەویش سەبەتە بەتاڵەکەی پەتاتەی بینی، چاوی بە بینینی سەلکە پیازێکی بۆگەنی گەشاوە.
بۆڵەبۆڵی مێردە ئیفلیجەکەی ڕایچڵەکاند، ئەوە دوو ڕۆژە ئاگر لەم ماڵەیان هەڵنەکراوە، ئەوە دوو ڕۆژە چێشتی گەرم لەم ماڵە نەخوراوە. هەر دوو مەمکەکانی وەکوو جووتە کانییەکی وشک وشکیان لێ هاتبوو، چەند ڕۆژێک دەبێت شیر پێی بەم مەمکانەی ئەو دانەکردووە. مەلۆتکەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەڕتر و لاوازتر دەبێت. ئاخ ئەم ژیانە چەند گرانە!
ئاخۆ دەبێت هەتا کەی بەرگەی ئەم بارە نالەبارە بگرێت. ئەو مێردەی کە هەتا چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە سەنگەر بووە و بەرگری لە نیشتمان کردووە، ئێستا لەنێو جێ کەوتووە و نان نییە بیخوات، برینەکانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیستر و ناسۆرتر دەبن. ئەو منداڵەی کە تاکە هیوای ژیانیان بوو، ئێستا هیشکوبریشک هەڵگەڕاوە و چەند ڕۆژێکە شیر بەر ئەم لێوانەی نەکەوتووە. ئای ئەوە چ ڕۆژگارێکە تێی کەوتوونە.
چارۆگەکەی خستە سەر سەری، منگەمنگێکی کرد و دەرپەڕییە دەرەوە. ملی ڕێگای گرتە بەر و هێدی هێدی بەرەو بازاڕ شۆڕ بووەوە. لەپێش دەرگایەکی بچووک، کە کەوتبووە لاکۆڵانێکی چەپ، ڕاوەستا. هەڵوەستەیەکی کرد، فرمێسکەکانی سڕییەوە. کاغەزەکەی دەستی دەرهێنا، سەیری ژمارەی سەر دەرگاکەی کرد، ئینجا سەیری نووسینەکەی سەر کاغەزەکەی کرد. بە دوودڵییەکەوە چووە ژوورەوە.
لە دەرگاکە هاتە دەرەوە، چارۆگەکەی سەری هەندێک لە پێشتر شڕتر پێچرابووەوە، یەخەی مەکسییەکەی هەندێک لە پێشتر زیاتر ترازابوو، فرمێسەکەکانی چاوی ڕووبارێکی گەورەتریان لەسەر ڕوومەتە پەمەییەکانی دروست کردبوو. دڵی لە جاران شکاوتر بوو، هێشتانیش زیاتر بێزی لە خۆی و ئەم بارەی ئێستا تێی کەوتوونە دەبووەوە.
بەرەو دوکانی مام کەریم ڕۆیشت، بەم چەند هەزار دینارەی تازە بە دەستی کەوتبوو کیلۆیەک برنج و دەببەیەک نەفت و یەک کیسەی بچووک شیری منداڵانی کڕی، و خێرا خێرا بەرەو ماڵەوە گەڕایەوە. هەندێک نەفتی لە لالە شووشە شکاوەکە کرد و دایگیرساند. برنجەکەشی خستە سەر ئاگرێکی کز کز. دەنگی قۆڕەی سکی مێردە ئیفلیجەکەی منداڵەکەی لە خەو هەڵساند. هەر بەپەلە شیرەکەی گرتەوە و خستییە نێو دەمی جگەرگۆشەکەی. لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئۆخخەی، نانی ئەمڕۆشم بۆ مسۆگەر کردن.»
ڕمبەڕمبی دەرگاکە ئەوی ڕاچڵەکاند، گوێی خۆی بۆ ڕادێرا، دڵی بە خورپە کەوت. ژاوەژاوی پشت دەرگاکە هەر دەهات و بەرزتر دەبووەوە، دەنگەکان دڕتر و تووڕەتر دەبوون. پێلاقەیەک بەر دەرگاکە کەوت، دوو پێلاقە. مستێک بەر دەرگاکە کەوت، دووان، سییان. سەرێک خۆی لەسەر دیوارەکە هەڵکێشا، دووان، سییان.
یەک بە یەکیان خزانە کەلاوەکەی کە پێیان دەگوت حەسار. ئەمیان تەورێک لە دەستی، ئەمیان چەقۆیەک، ئەویان دارێک و ئەویشیان قامچییەک. دەرگای ناندینەکەیان خستە سەر پشت، وەک گەلەگورگێکی برسی لەسەر سەری ئەم ژنە بەستەزمانە خڕ بوونەوە. وەک ئەوەی خودی ئەهریمەنیان کەوتبێتە بەر دەست، لە شەق و پێلاقان نەسڵەمینەوە، هەر کەسە و جارێک و دووان و سییان، قامچییەک، دارێک تەورێکیان خێواندە ئەم فریشتە بەستەزمانە.
ڕیش سپییە هەرە گەورەکەیان دەمە بۆگەنییەکەی کردەوە و شیڕاندی: «تۆ شەرم لە خۆت ناکەیەوە هەی سۆزانی؟ ئەو مێردە مەردەت لە ماڵێ بەجێ دەهێڵیت، تا لەگەڵ کوڕی خەڵکی ڕابوێریت، ئابڕوومانت برد، هەی ئابڕووت بچێت. تازە منداڵت بووە، تازە!»
نووسینی: ئامانج شێروانی