Skip to Content

کۆمۆنیزمی کرێکاری و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

کۆمۆنیزمی کرێکاری و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

Closed
by ئایار 30, 2023 General, Women




وەرگیڕانی کاوە عومەر
ئەم بابەتە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید وەرگیراوە

خەلیل کەیوان: سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە لەلایەن حکومەت و پەتای کۆرۆناوە دروستکرا، ئەمساڵ بەبۆنەی ٨ی مارسەوە کار و چالاکیی بەرفراوان ئەنجامدرا. هەواڵ و ڕاپۆرتەکان ئەوە دەردەخەن کە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و جەماوەری خەڵک ڕێزیان لەم ڕۆژە گرتووە و پیرۆزبایی یەکتریان کردووە. چالاکیی جۆراوجۆر و زۆر لە دەرەوەی وڵات و هەروەها لە فەزای مەجازی و لە شەقامەکاندا ئەنجامدرا. لە ڕۆژی جیهانی ژناندا جارێکی دیکە پرسی چەوساندنەوەی ژنان لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرفراوان تیشکی خرایە سەر. دۆخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێران چۆنە؟

حەمید تەقوایی، ئەمساڵ چەند لێدوانێک لەلایەن ڕێکخراوە کرێکارییەکان، مامۆستایان، خانەنشینان، و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی ژنان بڵاوکرایەوە. چالاکوانان و کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو بزووتنەوانە پەیامیان بڵاو دەکردەوە. کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمەکان لە تاران، مەشهەد، کەرەج، بەندەری ئەنزەلی، کرماشان، ئەهواز، شارەکانی کوردستان و ژمارەیەک لە شارەکانی دیکە بەڕێوەچوو. لە تاران لە پارکی ساعی کۆمەڵێک لە ژنان سرودی یەکسانییان دەوتەوە و لە مەشهەدیش کۆمەڵێک لە ژنان بە لافیتە دژ بە هەڵاواردنی جێندەری هاتنە سەر شەقام. چەندین کلیپ لە سۆشیال میدیا بڵاوکرانەوە و چەندین سیمینار و مێزگەرد بەڕێوەچوو. من ویستم پرسیارتان لێ بکەم سەبارەت بەم چالاکییە بەرفراوانانەی کە تەنها بەشێکیانم باس کردووە، هەڵسەنگاندنتان بۆ ٨ی مارسی ئەمساڵ چییە و تایبەتمەندییەکانی چۆن دەبینن؟

حەمید تەقوایی: بەڕای من ٨ی ئازاری ئەمساڵ تەواو جیاواز بوو لە ساڵانی پێشوو. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەکرێ بڵێین ڕۆژی جیهانی ژنان لە ئێران بۆتە ڕۆژی ناڕەزایەتی سەرتاسەری و ئاهەنگگێڕانی گشتی و جەماوەری، جگە لەو چالاکییانەی کە ئاماژەت پێدا، پەیامی دایکانی دادخواز و دایکانی قوربانیانی هێرشی تێزاب پرژزاندن ، هەروەها کەسوکاری قوربانیانی فڕۆکەکە،کە کە پەیام و کلیپێکی شۆککەریان بڵاوکردەوە،ئاماژە پێ بدەم هەروەها گرووپە داکۆکیکارەکانی مافی ژنان لە سنە و سەقز لە بڕیارنامەی ڕوون و ڕادیکاڵدا خوازیاری نەهێشتنی هەڵاواردنی جێندەری بوون و چەندین داواکاری یەکسانیخوازانەیان وروژاند.

بەڵام ئەمساڵ نەک هەر چالاکوانان، بەڵکو خەڵکی ئاساییش بەخێرهاتنی ٨ی مارسیان کرد و پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی ژنیان لە یەکتر کرد. هەروەها دامەزراوەی شۆڕشی ژنان و تێکۆشەرانی حیزبەکەمان چەندین پەیامی پیرۆزبایییان پێگەیشت. بەم مانایە ٨ی مارس نەک هەر وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵاواردن، بەڵکو وەک ڕۆژی ئاهەنگگێڕانی سەراسەی و یادکردنەوەی پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا جێگیر بووە و دامەزرا.
ساڵانێکی زۆرە کۆماری ئیسلامی هەوڵی سەپاندنی ڕۆژی لەدایک بوونی فاتیمەی وەک ڕۆژی ژنان بەسەر کۆمەڵگە داوە. لە لایەکی دیکەوە هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت ڕۆژی لەچک پێ فڕیدانی ڕەزاخانی بکەنە ڕۆژی ژنان. ٨ی مارسی ئەمساڵ هێندەی تر نیشانی دا کە ئەو هەوڵانە بێ ئاکام بوون و ٨ی مارس بۆنەیەکە کە لەگەڵ مێژووی چەپ و سۆسیالیستیدا بە تەواوی لە کۆمەڵگادا جێگیر بووە.

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو هەوڵانەی دەیانەوێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بشێوێنن و بەلاڕێدا ببەن بۆ بەرگریکردن لە دەسەڵاتی پاشایەتی یان ئیسلام، لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان ڕەتکراونەتەوە.
هەشتی مارس لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی سۆسیالیستی تێکەڵ بووە. هەشتی مارس ئەو ڕۆژەیە کە ئاڵای ڕزگاریخوازی ژنان لە لایەن بزووتنەوەی کرێکارییەوە هەڵکرا و ئەم ڕۆژە لەلایەن سۆسیالیستەکانەوە وەک ڕۆژی جیهانی ژن ناسێندرا. قبوڵکردنی ئەم ڕۆژە لەلایەن کۆمەڵگاوە، ئاماژەیەکی تری فراوانبوونی گوتاری ڕادیکاڵ و چەپ و ڕەخنە و ناڕەزایەتیە لە کۆمەڵگادا.

لە ئێران ئەمڕۆ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە، ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ژنکوژیی حکوومەت بووەلە گۆشەنیگای چەپ و ڕادیکاڵەوە. به تایبه تی ئه مساڵ سەرە ڕای پرسی کۆرۆنا و ده ستگیری و سه ڕکوتکردنی کۆماری ئیسلامی شا هیدی چالاکییه کی به ڕفراوان بووین و ئه مه ده بێ به هه نگاوێکی گه وره بۆ پێشه وه هه ژمار بکرێت. هەنگاوێک بۆ پێشەوە نەک تەنیا لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بەڵکو لە بزووتنەوەی جەماوەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.

خەلیل کەیوان: جگە لەو چالاکییە بەرفراوانەی کە لە کۆمەڵگادا ڕوویاندا، ئەمساڵ حیزب زۆر چالاکتر بوو لە ڕابردوو. چ چالاکیەکی مەیدانی لە ئێران و دەرەوەی وڵات و چ چالاکییەکی سۆشیال میدیا وەک کلیپ، بەیاننامە، سیمینار، مێزگەردو هتد. ئایا حیزب چالاکتر بووە یان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوای گشتی کۆمەڵگا؟
حەمید تەقوایی: بەرفراوانبوونی چالاکییەکانی حیزب بەهۆی هەردوو فاکتەرەوەیە. لە لایەک کۆمەڵگا خەریکەڕادکاڵتر و ناڕازیتر دەبێت. خەڵکێکی زۆرتر و زیاتر لە هەموو دەرفەتێکدا دێنە گۆڕەپانەکە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵاواردن و نایەکسانی و یەکێک لە بێ ئابڕوترین و گەرەترین جیاکارییەکان بێ مافی ژنانە لە کۆمەڵگادا. ٨ی مارس دەریخست کە بەشێکی زۆری خەڵک چالاکتر و ڕادیکاڵتر بوون و شیعر و داواکاری ڕادیکاڵ و تەواو ئینسانی و بنەڕەتی وروژێنران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردنی جێندەری. ئه مه بۆ حیزبی ئێمە که هه میشه خه باتکارێکی چالاک بووه له دژی ئاپارتایدی سێکسی و هه موو جۆره جیاکارییه کی دژ به ژنان و هه میشه له ڕێپێوانی هەشتی مارسەکاندا ئاڵای ڕزگاریخوازی ژنانی هه ڵکردووه و ناڕه زایه تیی ده ربڕیوە له به ڕامبەر ئه و نادادپەروەرییه له ڕادەبەدەرە ی که له لایه ن ئیسلام و کۆماری ئیسلامیه و تەواوی سیستەمی سەرمایەداری وه به سەر ژناندا سەپێنراوه، هەلومەرجی لەباری بۆ فراوانکردنی چالاکییەکان دابین کرد. نەبزی حیزب لەگەڵ نەبزی کۆمەڵگا لێدەدات. حزبی ئێمە بەردەوام مەودای کاری خۆی لەڕووی چالاکیی تەبلیغی و چالاکیی سۆشیال میدیا و چالاکیی مەیدانییەوە فراوانتر دەکات و چەندین کەمپەینێکی زۆر سازدەکات و دەستپێشخەری نوێ بەکاردەهێنێت.

ئەمساڵ لە ٨ی مارسدا ئەم جۆرە چالاکییە حیزبییانەمان بینی. من زۆر بە چڕی باسی ئەم چالاکییانە دەکەم چونکە لەم بەرنامەیەدا کات نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموویان. بەشێک لەو چالاکی و ڕێوشوێنانە سیمینار و وتارەکانی ئۆنلاین بوون کە لە لایەن حیزب و ئەو دامەزراوانەی کە حیزب پشتیوانیان کردبوو ڕێکخرابوو. مینا ئەحەدی چەندین سیمیناری ئەنجامدا، شۆڕشی ژنانە، ئێکس موسلیم، کۆمیتەی خەبات بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و شیوا مەحبووبی سیمیناریان ئەنجامدا کە پێشوازییەکی باشیان لێکرا. سیمینارێک لە لایەن یەکەی حیزبەوە لە شاری ڤانکۆڤەر بە زمانی ئینگلیزی ڕێکخرا و تێیدا زیاتر لە هەشتا چالاکوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد. عەبدوڵڵا ئەسەدی و فیدراسیۆنی پەنابەران لە سۆشیال میدیا لەگەڵ ئامادەبوونی پەنابەرانی ئێرانی لە تورکیا وتووێژێکیان ئەنجامدا کە لە لایەن پەنابەرانی ئێرانیشەوە پێشوازی لێکرا. لەم سیمینارانەدا ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان و وتاربێژان و نێردراوانی ئێران و دەرەوەی ئێران غەیرەحزبی بوون و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی چالاکیی و پەیوەندییەکانی حیزب و ئەو دامەزراوانەی کە حیزب پشتیوانییان لێدەکەن.

ئەمە لایەنێکی چالاکیی بوو کە زۆر بەرفراوانتر بوو لە ساڵانی پێشوو. لایەنێکی دیکە دەستپێشخەرییەکانی وەک پاسکیلسواری بوو وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی مافەکانی ژنان لە ئێران کە لە لایەن کادیرانی حیزبەوە لە شارەکانی سوید و دانیمارک ڕێکخرابوو. ئەم چالاکییە زۆر سەرکەوتوو بوو، بەتایبەتی لە شاری کۆپنهاگن و چالاکانی غەیرە ئێرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لەم شارەش پەیوەست بوون بەم بزووتنەوەیە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە نەبوونی مافی ژنان لە ئێران. به هه مان شێوه چه ند کلیپێک له نێویاندا کلیپی سروودی یه کسانی، که له لایه ن هه ڵسوڕاوانی کۆمیته ی خه بات بۆ ڕزگاری زیندانیانی سیاسییه وه ئاماده کرابوو، به شێوه یه کی به ڕفراوان له سۆشیال میدیا بڵاوکرایه وه و له لایه ن هه زاران که س پێشوازییان لێکرا.

من ئیتر ناچمە ناو باسی ئەو چالاکییە مەیدانییانەی کە لە ئێراندا دەکران، وەک کۆبوونەوە و لەدیوار نوسین و هتد،. کۆکردنەوەی ئەمانە دەریدەخات کە حیزب لەگەڵ نەبزی کۆمەڵگادا نەبزی لێ دەدات و هاوشان و لە چوارچێوەی ئەو بزووتنەوە مەزنەدا کە ئەمساڵ لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە مافەکانی ژنان لە ٨ی مارسدا پێکهێنرا، ڕۆڵێکی کارای هەبووە.

خەلیل کەیوان: بەڵێ بەم وەسفەی ئێوە کردتان، خەڵکی ئێران وەڵامێکی توندیان دایەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە کۆمەڵگای ئێران بە ئیسلامی دەزانن. زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر کاتێک دەگوترا ئێران وڵاتێکی ئیسلامی نییە، بەڵکو حکومەتەکەی ئیسلامییە، یان دەگوترا شۆڕشی ئێران ژنانەیە ، زۆر کەس ئەو قسانەیان بە زیادەڕەوی و ناواقیعی دەزانی. ئەمانە بۆ یەکەمجار لەلایەن مەنسور حیکمەتەوە باس کران – وەک زۆرێک لەدەستەواژە نوێیەکانی تر. ئێستا بازنەی بەکارهێنانی شۆڕشی ژنان زۆر فراوانە. کەس بە بیستنی ئەم وشەیە توشی سەر سوڕمان ناێت، بەڵام بۆتە بەشێک لە فەرهەنگی کۆمەڵگا و بە شتێکی ئاسایی وەردەگیرێت. شۆڕشی ژنان مانای چییە؟ ئایا بەو مانایەیە کە ژنان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری تێدا دەکەن؟ ئایا داواکارییەکانیان بەرجەستەیە یان ڕۆڵی ڕابەرایەتیان هەیە؟ مەبەستت چیە؟

حەمید تەقوایی: دەمەوێت بڵێم کە مەنسوور حیکمەت ئەمەی وروژاند، زۆرێک لە چەپەکان دژایەتیان کرد و بەو دەرئەنجامە گەیشتبوون کە شۆڕش شۆڕشی کرێکاری یان سۆسیالیستی نییە، بەڵکو شۆڕشی ژنانە. لە کاتێکدا واتاکە ئەوەیە کە شۆڕشی سۆسیالیستی، شۆڕشی دژە سەرمایەداری لە ئێراندا سیمایەکیژنانەی هەیە. ئەمڕۆش ڕەنگە هەندێک لە هێزە چەپەکان کێشەیان لەگەڵ ئەم دەستەواژەدا هەبێت، بەڵام خۆشبەختانە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی مێینەیی شۆڕش تا ڕادەیەک قبوڵ کراوە کە ڕێکخستنی لاوانی ئەو حیزبە لە ژێر ئەم ناوەدا بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و دامەزراوەیی ڕێکخستووە ، و چەندین چالاکوان لە ئێران و دەرەوەی ئێران لەم ڕێکخراوەدا کار دەکەن. هەروەک ئاماژەم پێدا، یەکێک لە سیمینارەکانی ڕۆژی ٨ی مارس لە لایەن ئەم دامەزراوەیەوە ڕێکخرابوو، زۆرێک لە چالاکانی ئێران و دەرەوەی وڵات پەیامی دەنگی و ڤیدیۆیییان نارد و بەشداریان لەم سمینارەدا کرد و تەنانەت کلیپێکی تایبەتیشیان بۆ ئەم سیمینارە ئامادە کرد. دەمەوێت بڵێم ئەمڕۆ شۆڕشی ژنان وەک چەمک و بزووتنەوە و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی جێکەوتووە.
پرسیارت کرد دەربارەی مانای شۆڕشی ژنان. ئەوە ڕاستییەکە کە ژنان لە خەباتی خەڵکی ئێراندا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن و لە زۆر حاڵەتدا لە پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانن، یان بۆ نموونە دایکانی ڕۆژهەڵاتان و بزووتنەوەی دادگاییکردن و دایکانی زیندانیانی سیاسی وەستاون زۆر بوێرانە دژی کۆماری ئیسلامی. لە لایەکی دیکەوە، پرسێکی گرنگ کە شۆڕش لە ئێران دەبێ چارەسەری بکات، چەوساندنەوەی ژنانە و هیچ گومانێک لەوەدا نییە. ڕاستییەکی دیکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتکردنی ژنان، بە ئاپارتایدی سێکسی و بە جێبەجێکردنی گەورەترین هەڵاواردنەکانی دژی ژنان، لە ڕاستیدا هەموو کۆمەڵگای زیندانی کردووە و خۆی لە سەر پێ ڕاگرتووە. ئێمە هەمیشە گوتوومانە ژیانی حکومەت بەستراوەتەوە بەتاڵە مووی قژی ژنانەوە. بە شێوەیەکیخوازراو و تەنانەت بە واقیعی وشەکە. کۆماری ئیسلامی بە حیجابەوە هات و بێ حیجاب دەڕوات.

ئەم ڕاستیانە لایەنە جیاوازەکانی شۆڕشی ژنان نیشان دەدەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ژنان دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی دژی هەموو سیستەمەکە و ئەو حکومەتە دەجەنگن کە ئەم جیاکارییەی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێراندا بە قووڵی سیاسییە، بە قووڵی دژە ئایینییە، بە قووڵی سەرنگونی خوازە، بە قووڵی داوای بەها مرۆییەکان دەکات و ئاڵای خۆیان هەڵکردووە. بە قووڵی مۆدێرن و مەدەنییە. نەک تەنها داوای یەکسانی ژن و پیاو دەکات، بەڵکو داوای کۆمەڵگایەکی دوور لە خورافات و ئەخلاقی داڕزیو لە دژی ژنان دەکات. ئەمانە خەسڵەتەکانی شۆڕشن. شۆڕشێک کە لە ڕیشەی چەوساندنەوەی ژنان و ئایین و ئەخلاقدا دەدات.

ئەگەر حکومەت پشت بە بێمافی ژنان ببەستێت، بەرەنگاربوونەوەی ئەم بێمافییە هێرشکردنە سەر ڕەگ و ڕیشەی حکومەت، ئەمە بەو مانایە نییە کە شۆڕش ئامانج و داواکاریی دیکەی نییە، و تەنیا پێویستە هەڵاواردنی ڕەگەزی چارەسەر بکات. بەڵکو بەو مانایەیە کە شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێراندا سیمایەکیژنانەی هەیە.
هەر شۆڕشێک کە بیەوێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بەو خەسڵەتانەی کە باسم کرد، نەک هەر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەڵکوو لەگەڵ تەواوی سیستەم و حکومەتی چینی سەرمایەداری مفتەخۆردا تەکلیفی خۆی یەکلایی بکاتەوە. بەم مانایە شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێراندا ژنانەیە، یان بە واتایەکی تر شۆڕشی ڕزگارکەری ژنان لە ئێراندا تەنیا دەتوانێت سۆسیالیستی بێت. بۆ ئەم شانازییە، دەسەڵاتی ژنان لە کۆمەڵگادا، واتە ٥٠%ی کۆمەڵگا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هێزێکی گرنگە بۆ پێشخستنی شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێراندا

خەلیل کەیوان: ئێوە بۆچوونی هاوشێوەتان لە سمینارێکدا سێ ساڵ لەمەوبەر و لەم دواییانەدا لە وتارێکدا لە ژێر ناوی “تایبەتمەندییە سۆسیالیستییەکانی بزووتنەوەی نوێی ڕزگاریخوازی ژنان ” تان خستەڕوو و وتتان کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێران دژی ئایین و دژە ئەخلاق و تابۆی دواکەوتووانەیە. دژی پۆستمۆدێرنیزم و گشتگیرییە، دژی ئیسلامی سیاسییە. لە کاتێکدا ڕەوتە فێمینیستە باڵادەستەکان لە جیهاندا ئەم تایبەتمەندیانەیان نییە. ئەم جیاوازییە لە چیەوە سەرچاوە دەگرێت؟

حەمید تەقوایی: لە ئێراندا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان ئەو تایبەتمەندیانەی هەیە، چونکە زیاتر لە چل ساڵە حکومەتێک هەیە کە هەژموونی ئایدۆلۆژی، سیاسی و فیکری، کولتووری و ئەخلاقی لەسەر بنەمای تابۆ، ئەخلاقی کەڕوو هاوردووی پیاوسالاری ، ئایین و یاسا دژە ئینسانیەکانی ئایینی دامەزراوە. و بەگشتی سەیرکردنی ژن وەک کاڵایەکی سێکسی و ئامرازێک بۆ چێژوەرگرتنی پیاو. لە ئێراندا ژنکوژی فەلسەفە و سیاسەتی فەرمی حکومەتە. تۆ تەنها ئەمە لە یاساکاندا نابینیت. لە یاساکاندا ژن یان هیچ مافێکی نییە یان بە نیوەی پیاو دادەنرێت، بەڵام مەسەلەکە زۆر لەوە زیاترە. کۆماری ئیسلامی حکومەتێکە کە بەرپرسان و ئیمامەکانی هەینی ڕۆژانە لە مینبەر و میحرابەکانیانەوە خراپترین سووکایەتی و بێڕێزی بە ژنان بڵاودەکەنەوە، حکومەتێک کە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی نۆ ساڵان لە ژێر ناوی هاوسەرگیری شەریعەت بە یاسایی دەکات، ئا حکومەتێک کە لە ژێر ناوی زەواجی سیغەدا شەرعیەت بە لەشفرۆشی دەدات ، حکومەتێک کە نەک هەر ڕێگری لە کوشتنی شەرەف ناکات، بەڵکو تەنانەت لە کۆمەڵگەدا بەرەوپێشیان دەبات. بەپێی یاساکانی تۆڵەسەندنەوە و ئەخلاقی ئیسلامی، پیاو مافی ئەوەی هەیە ژن یان کچەکەی بکوژێت کە بە بۆچوونی ئەو “بێ ئەخلاقی” یان پەیوەندیەکیان هەیە کە ئیسلام پەسەندی نەکردووە.
خەڵکی ئێران لەگەڵ حکومەتێکی لەو جۆرەدا بەرەوڕوون. حکومەتێکی لەم جۆرە بزووتنەوەیەکی لە دژی خۆی ڕێکخستووە کە مشتێک لە ئاسمان دەدات. لە نووسینەکەمدا ئەم نموونەیەم هێناوەتەوە کە کاتێک فشار دەخەیتە سەر ئیسپرینگێک، ئەگەر دەستی لەسەر لابەریت، لە پلەی یەکەمدا ناوەستێت، بەڵکو چەندین جار باز دەداتە پێشەوە. دۆخی ژنانیش لە ئێران هەر بەو شێوەیە. حکومەت، ئایدۆلۆژیای فەرمی، یاسا، پڕوپاگەندەی حکومەت، و سەرکوتکردن، زیندان و ئەشکەنجە و هتد، هەموو ئەمانە بێ مافییەکی یەکجار زۆر و دەکرێ بڵێین، سوکایەتی و بێڕێزیەکی یەکجار زۆریان بە سەر ژناندا سەپاندووە لە کۆمەڵگای ئێراندا. ژنان لە دژی ئەم بارودۆخە ڕاپەڕیون و هەر بۆیەش وزەیەکی زەبەلاح کەڵەکە بووە کە کاتێک ئازاد دەکرێت، کە لەدژی کۆماری ئیسلامیدێتە مەیدان، کۆمەڵگا دەکێڵێت و داوای دوا دەستکەوتەکانی بۆ ئازادی ژنان دەکات. چیتر ڕازی نابێت بەو ئاستەی مافەکانی ژنان کە بۆ نمونە لە سەردەمی شادا هەبووە. یان تەنانەت تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ لە وڵاتانی ئەوروپادایە. ژنانی ئێران خوازیاری ئازادی بێ چەندو چۆن و تەواو و کامڵیان دەوێت. وە ئەم ئازادییە لەسەر بنەمای بەها مرۆییە گشتگیرەکان دامەزراوە. ژنان لە ئێراندا ئەوە قبوڵ ناکەن وەک ئەوەی کەلتووری ئیسلامی داوایان لێ بکات کە ڕەچاوی “پێوەرەکان”ی ڕێژیم بکەن. ئەم پێوەرانە هەمان تابۆی ئیسلامی ڕزیو و دژە ژنن. لە ئێستادا ژنان ئەم پێوەرانە دەشکێنن. پرسی تابۆ بوونی پەیوەندی سێکسی لەلایەن ئەو ژنانەی کە هاوسەرگیری سپیان کردووە شکێنراوە. ناڕەزایەتی تەنانەت بەرامبەر بەو نادادپەروەرییانەی لە ئاستی بنەماڵەدا هەن، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو ئەخلاقە ڕزیوانەی کە ژن بە شەرەفی پیاو دەزانن و بە “پاک و پاکیزەیی” ناوی دەبەن، ناڕەزایەتی دژی حیجاب و ئاپارتایدی سێکسی و هتد و هتد. ژنان لە ئێراندا خوازیاری فەرهەنگێک و پەیوەندیەکی ئینسانی و مۆدێرن، جیهانی و بە قووڵی لەسەر بنەمای یەکسانی هەمەلایەنەی نێوان ژن و پیاو دامەزرا بێت و لە هەر شوێنێکدا توانایان هەبووە، لە جێبەجێکردنی ئەو پەیوەندیانەدا بەشدار بوون. هەر لەبەر ئەمەشە کە بە بڕوای من بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێران دژە مەزهەبی و دژە ئەخلاقی و پیاوسالاری، گشتگیر و تابۆ شکێنە و پێشکەوتنخوازانەترین و پێشڕەواانەترین تێگەیشتن و لێکدانەوە لە ئازادی و یەکسانی و بەدیهێنانی لە ئێراندا دەخوازێت .
بەداخەوە ئێمە ئەم تایبەتمەندیانە لە بزووتنەوەی فێمینیستی باڵادەست لە جیهاندا نابینین. چونکە، لە بنەڕەتدا، ئەو بۆچوونانەی کە بەسەر ئەم بزووتنەوەیەدا زاڵ بووە، کە زۆر لە دواوەی ئەو داواکاری و ئەو ئاڵایەی کە ڕۆژگارێک لەلایەن بۆرژوازی لیبراڵ و دیموکراتەوە بەدەستەوە گیرا بوو. ئەمڕۆ پۆستمۆدێرنیزم لە فەزای فیکری ڕۆژئاوادا باڵادەستە. واتە تیۆرێک کە باوەڕی بە بەها مرۆییە گشتگیرەکان نییە و تەنانەت باوەڕی بە پێشکەوتنیش نییە و پێی وایە بەها لۆکاڵی و نەتەوەییەکان لەسەر بنەمای ئایین و میللەتە و نەتەوەیی پێناسە و دیاری دەکرێن. ئه مه ش له سەر ئه وەی که زۆرێک له فێمینیسته کان و ته نانه ت ئه و بزووتنه وه یەی که خۆیان به چه پ داده نێن حیجاب و بورقا به به شێک له کولتوری “ژنانی موسڵمان” ده زانن و چاویان دەبەستن له ئاست کوشتنی نامووسی ته نانه ت له وڵاتانی ئه وروپیشدا. ئەم مەیل و هەڵوێستە ژن ئازاد ناکات، ملکەچکردنی بۆ یاسا ئایینییە دژە ژنەکان، نەتەوەیی و خێڵەکییە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بە تەواوی لە خاڵی پێچەوانەی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی ڕزگاریخوازی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندایە.

خەلیل کەیوان: لە قسەکانی ئێوە دەتوانین بڵێین کە تاکە وەڵام بۆ کێشەی چەوساندنەوەی ژنان سۆسیالیزمە. وەک لە سیمینارەکە و ئەو بابەتەدا کە باسم کرد بە ڕوونی باست کردووە. تۆ وتت فێمینیزم لەم سەردەمەدا تەنیا دەتوانێت فێمینیزمی سۆسیالیستی بێت. وە ڕەوتە سیاسییە دەسەڵاتدار و باڵادەستەکانی جیهان، حکومەت و حزبەکان و تەنانەت ڕەوت و بزووتنەوە تەقلیدییەکانی ئێستاش وەڵام و چارەسەرێکیان نییە بۆ ئەو نایەکسانیانەی بەسەر ژناندا دێت. بۆچی وا بیر دەکەیتەوە؟ مەبەستت ئەوەیە ژن تەنها لە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستیدا دەتوانێت ئازاد بێت؟

حەمید تەقوایی: بەشێک لە هێزە چەپەکان پێیان وایە تەنها سۆسیالیزم دەتوانێت ژنان ئازاد بکات. بەڵام بەڕای من لە ڕووی تیۆریەوە ئەمە وا نییە. لە ڕوانگەی شیکاری و ئەبستراکتەوە ژن لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ئازاد دەکرێت، بەڵام لە پراکتیکدا ئەمە ڕوونادات و ڕزگاری ژن بە کردەیی بەستراوەتەوە بە ڕزگاربوونی کۆمەڵگا لە هەژموونی سەرمایە. بۆچی وایە ؟بە دیاریکراوی لەبەر ئەوەی کە بۆرژوازی دەستی لە شارستانیەت و بەهاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی شۆردووە کە پێشتر شانازی پێوە دەکرد.

ئەمڕۆ نەک هەر لایەنگرێکی ڕزگاریخوازی ژنان و هەر فێمینیستێک کە بەڕاستی دەیەوێت ژن ئازاد بکات، دەبێت سۆسیالیست بێت، بەڵکو دەبێت هەموو دیموکراتێک شێلگیر بێت، دەبێت سۆسیالیست بێت، هەموو لایەنگرێکی ڕاستەقینەی مافەکانی مرۆڤ دەبێت سۆسیالیست بێت، هەرکەسێک دژایەتی هەر جۆرێک بێت لە جیاکاری دەبێت سۆسیالیست بێت. چونکە بۆرژوازی بە هیچ شێوەیەک دان بە جیاکاریدا نانێت. جیاکاری پێی دەوترێت جیاوازی کولتووری! جیاوازی شارستانیەتەکان و شەڕی شارستانیەتەکان! دیارە ئیسلام کە ژن بە موڵکی پیاو دەزانێت، شارستانیەتێکە، ئایینی هیندۆسیش کە پێی وایە ژن دەبێت لەگەڵ مێردەکەیدا بسوتێنرێت، شارستانیەتێکە، هەروەها کولتوری پێشکەوتوو و مۆدێرنیش شارستانیەتێکە!
ئەمە ئەو دۆخەیە کە بۆرژوازی دروستی کردووە. لینین دەیگوت هەموو دیموکراتێک پێویستە سۆسیال دیموکرات بێت. ئەمڕۆش پێویستە ئەمە درێژبکرێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڵاواردنێک. هەر چالاکوانێکی ڕاستەقینە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان دەبێ سۆسیالیست بێت. هیچ ڕێگایەکی تر نییە. هەر کەسێک بیەوێت هەسارەی زەوی و ژینگە بپارێزێت، دەبێت سۆسیالیست بێت. ئەمڕۆ تەنانەت کاک بیل گەیتس سەرمایەدارە بەناوبانگ و خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتیش ئەمە دەڵێت. ئەو دەڵێت تاکە چارەسەر بۆ گەرمبوونی جیهان سۆسیالیزمە. پێویست ناکات مارکسیست بیت، تەنها پێویستە واقیعبین بیت بۆ ئەوەی بزانیت وەڵامی پرسی ژن، پرسی تێکدانی ژینگە، پرسی سەرکوت و دیکتاتۆری، تەنانەت نکۆڵیکردنی مەدەنیەت و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمڕۆ هەروایە لە دەستی سۆسیالیستەکاندا. لە ڕووی فەلسەفی و ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی-سیاسیەوە بۆرژوازی دەستی خۆی لە کۆمەڵگەی مەدەنی شۆردووە. ئەوان کۆمەڵگەی مۆزایکی خێڵەکی ئایینییان تیۆریزە کردووە و بانگەشەی بۆ دەکەن.

بۆیە تەنانەت هەموو چالاکێکی مەدەنی شێلگیر دەبێت سۆسیالیست بێت. هەرکەسێک کە بەها بۆ شارستانیەت و پێشکەتوخوازی لا گرنگە و هەرکەس پێی وایە کە خەڵکی گۆی زەوی ئارەزووی بنەڕەتی هاوبەشیان هەیە و ئازادی بۆ هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی یەک مانای هەیە؛ هەرکەسێک پێی وایە ئازادی ڕێژەیی نییە، خۆشگوزەرانی ڕێژەیی نییە، یەکسانی ڕێژەیی نییە، دەبێت سۆسیالیست بێت. زۆرینەی ڕەهای خەڵکی جیهان بەم شێوەیە بیردەکەنەوە، بە پێچەوانەی پۆستمۆدێرنیزمی لەسەدا یەکەکانەوە. وە تەنها سۆسیالیزم دەتوانێت ئەم ئایدیاڵ و خواستەی خەڵکی جیهان بەدیبهێنێت.

بێگومان مەبەستم سۆسیالیستەکانی جۆری کۆمۆنیزمی کرێکارییە. هەندێک چەپگەرا هەن خۆشەویستی پۆستمۆدێرنیزمیان قووت داوە. لە نێو چەپەکانی ڕۆژئاوا کە ئەمڕۆ لە تەنیشت حەسەن نەسروڵڵا وەستاون. پێویستە وازیان لێ بێنن، بەڵام سۆسیالیست و کۆمۆنیستە واقیعیەکان نەک هەر ئاڵای ڕزگاری ژنیان بەدەستەوەیە، بەڵکو ئاڵای شارستانییەت و مۆدێرنیزم و پێشکەوتوخوازی و پێوەرەکانی ئینسانیەکانیشیان بەدەستەوەیە. بۆیە پێویستە بگوترێ بەو هەلومەرجەی کە بۆرژوازی لە دونیادا دروستی کردووە، بەم ڕەوتە پاشەکشەیەی کە بۆرژوازی بەسەر جیهانیدا سەپاندووە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان تەنیا دەتوانێت بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی بێت.


١١ی مارسی ٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish