خۆری مه‌ولانای رۆمی له خۆرئاواوه هه‌ڵدێت …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
ڕۆمی دوای 11-ی سپتێمبه‌ر
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم ….
(شیعره‌كانی رۆمی تاكه هیوایه له‌م رۆژگاره تاریكه‌ی تێدا ده‌ژین)
هانز ماینك …..
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌م نووسینه
(ئه‌وكات له سه‌ره‌تای 2015 كه وتاره‌كه‌م نووسی به‌ناونیشانی (خۆری مه‌ولانای ڕۆمی له خۆرئاواوه هه‌ڵدێت) هه‌مووی چه‌ند دانه كتێبێك له‌سه‌ر جه‌لاله‌ددینی ڕۆمی له كتێبخانه‌ی كوردیدا هه‌بوون، ئه‌وانیش نامیلكه بچووكه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د تاقانه به‌ناونیشانی (جه‌لاله‌ددینی ڕۆمی و سروودی نه‌ی) كه ساڵی 1979 چاپ و بڵاوی كردبوه‌وه، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ی ئازاد قه‌زاز به ناونیشانی (مه‌ولانای ڕۆمی) كه من له رێگه‌ی چاپی دووه‌میانه‌وه”2013″ پێم زانی، چونكه ئه‌و بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1985 چاپ و بڵاوی كردبوه‌وه. هه‌روه‌ك قه‌زاز له‌و كتێبه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردوه دیاره كاتێبێكی تریش هه‌بووه به ناونیشانی (ئاوێنه) سه‌باره‌ت به هه‌ندێك له چیڕۆكه‌كانی مه‌وڵانای ڕۆمی، كه محه‌مه‌د شه‌لماشی كردونی به كوردی.
پێم وابێ له نێو ئێمه‌دا هیچ نووسه‌رێك تا ئێستاش بۆ وه‌ها بۆچوونێك نه‌چووه، سه‌باره‌ت به گرێدانی دونیای ته‌سه‌وفی مه‌ولانای ڕۆمی به دونیای سیاسه‌ت، به تایبه‌تی له دووای 11-ی سپتێمبه‌ر كه ئه‌مریكا زۆر هه‌وڵی داوه له رێگه‌ی مه‌ولاناوه، ڕووبه‌ڕوی بیری ئیسلامی توندڕۆ ببێته‌وه، هه‌روه‌ك (كۆڵمان باركس) وه‌رگیری سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی مه‌ولانای ڕۆمی بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی له ئه‌مریكا ده‌ڵی: “دوای 11-ی سپتێمبه‌ر ڕۆمی بووه ڕه‌مزی لێك نزیككردنه‌وه‌ی موسلمانان و ئه‌مریكییه‌كان”.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌ر دوای ئه‌و وتاره‌ی منیش، له كوردستان ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا‌و به‌رفراوان له سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی مه‌وڵانا هه‌ستی پێده‌كرێ، كه له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا به ده‌یان كتێب له‌سه‌ر مه‌ولانای ڕۆمی نووسران و وه‌رگێڕدران.
كه من پێم وایه ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه له ڕۆمی به‌ده‌ر نییه له‌و تێگه‌یشتنه سیاسی و فیكریه‌ی دوای 11-ی سپتێمبه‌ر سه‌ری هه‌ڵدا)
باسه‌كه:
پێشتریش له وتارێكمدا ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه كردبوو، كه له دوای رووداوه‌كانی 11-ی سبتێمبه‌ره‌وه ئه‌مریكییه‌كان زیاتر له هه‌ر كاتێكی دیكه گرنگی به “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی” ده‌ده‌ن، به‌م هۆیه‌وه هه‌م ئه‌مریكا، هه‌م خۆرئاوا، ده‌یانه‌وێ له رێگه‌ی مه‌ولانای رۆمی-یه‌وه ده‌رگایه‌كی تر به‌ڕووی خۆرهه‌ڵاتدا بكه‌نه‌وه، له كاتێكدا ته‌شه‌نه‌كردنی بیری ئیسلامی توندڕه‌و له ناوچه‌كه‌دا، خه‌ریك بوو ببێته هۆی لێكدابڕان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌كی قورس له نێوان خۆرئاوا و خۆر هه‌ڵاتدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی”توینبی” مێژوو نوسی ناوداری به‌ریتانیش له ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا پێشبینی ئه‌وه‌ی كردوه كه شه‌ڕی سه‌ده‌ی داهاتوو، له نێوان سه‌رمایه‌داری و كۆمه‌نیسته‌كاندا نابێت، به‌ڵكو له نێوان مه‌سیحییه‌كان و موسڵماناندا ده‌بێت، به‌ومانایه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی دوو كلتوری دژ به‌یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ی رابردوو ناكرێ به‌رده‌وام بێت.
بۆیه، ده‌كرێ بڵێن وێڕای ئه‌وه‌ی رۆژ به‌ڕۆژ ئاماژه‌كانی ئه‌م لێكترازن و دووركه‌وتنه‌وه و نزیكبوونه‌وه له رووبه‌ڕوبوونه‌وه و پێكدادانی نێوان شارستانییه‌كان زیاتر ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا به دیوێكی تردا، گه‌ڕان و دیتنه‌وه‌ی رێگاچاره‌یك بۆ ده‌ربازبوون له‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه له ئارادایه، هه‌م خۆرئاواییه‌كان و هه‌م خۆرهه‌ڵاتییه‌كان هه‌موویان به ته‌واوی نهكهوتونهته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه جگه له لێكدابڕان و رووبه‌ڕوبوونه‌وه هیچ هیوایه‌ك بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی شارستانییه‌كان نه‌ماوه.
بۆیه جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه كه ده‌بینین له ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستییه له‌راده‌به‌ده‌ره‌یان بۆ “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی ڕۆمی” هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك كه بۆته جێگه‌ی پرسیار، ئه‌و هه‌موو بایه‌خ پێدانه‌ی ئه‌مریكا و خۆرئاوا به مه‌ولانای رۆمی بۆ؟
زۆر له سه‌رچاوه‌كان ئه‌م بایه‌خ پێدانه‌ی خۆرئاوا به مه‌ولانای رۆمی بۆ ساڵی 1995 ده‌گێڕنه‌وه، كاتێك شاعیر‌و وهرگێری ئه‌مریكی”كۆلمان باركس” كه ئه‌و كات ماموستای زمانی ئینگلیزی بوو له زانكۆی جۆرجیا، شیعره‌كانی مه‌ولانای رۆمی وهرگیڕاوه، كتێبه‌كه‌شی به ناوی “رۆمی دانسقه” ئه‌و سه‌ره‌تایه بوو كه مه‌ولانای رۆمی وه‌ك خۆرێك ده‌رخست و وایكرد ئه‌مریكا بایه‌خی پێبدات. ئه‌م نووسه‌ره ئه‌مریكییه تا ئێستا خاوه‌نی نزیكه‌ی نۆ كتێبه، له باره‌ی مه‌ولانا و ته‌سه‌وفه‌وه.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كۆلمان باركس بووه هۆی ناساندنی مه‌ولانای رۆمی به ئه‌مریكییه‌كان، دواتریش ناساندنی به خۆرئاوا، به شێوه‌یه‌ك له ئێستادا هاوڵاتیانی ئه‌مریكی پتر له هه‌ر نووسه‌ر و ئه‌دیبێكی دیكه‌ی ئه‌مریكی مه‌ولانای رۆمی ده‌ناسن، تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌ر یه‌ك له” مادۆنا و دیمی مور”كه دوو هونه‌رمه‌ندی ناوداری ئه‌مریكین، ده‌قی شیعری مه‌ولانای رۆمی-یان كردۆته گۆرانی.
هه‌روه‌ها رێكخراوی یونسكۆ له ساڵی 2007 به بۆنه‌ی (800) ساڵه‌ی له دایكبوونییه‌وه یادی مه‌ولانای كرده‌وه و رێزی لێنا، (بی بی سی)یش له لایه‌ن خۆیه‌وه رۆمی به كه‌سایه‌تی ئه‌و ساڵه ناودێر كرد و رایگه‌یاند: له ئێستادا مه‌ولانای رۆمی له ئه‌مریكا به ناسراوترین و جه‌ماوه‌رترین شاعیر داده‌نرێ.
زۆر له چاودێران وایان لێكدایه‌وه كه ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه‌ی مه‌ولانای رۆمی له لایه‌ن یونسكۆوه هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه بۆ لێك نزیك كردنه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا و ئایینه جیاوازه‌كان، تا ئه‌و شوێنه‌ی پیێان وابوو ده‌كرێ رۆمی ببێته هۆكارێك بۆ په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و دونیاێكی نوێ، هه‌روه‌ها”هانز ماینك” شاعیری ئه‌لمانی مه‌ولانای رۆمی به تاكه هیوای ئه‌م رۆژگاره تاریكه وه‌سف ده‌كات.
ئازاد قه‌زاز له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا به ناوی “مه‌ولانای رۆمی” كه له ساڵی 1985 چاپی كردوه و له 2013 دا جارێكی دیكه چاپی كردۆته‌وه ده‌ڵێ: (پاش 33 ساڵ جارێكی دی رێم له رۆمی ده‌كه‌وێته‌وه، هه‌نوكه له رۆژئاوا گرنگیه‌كی زۆر به لێكۆلینه‌وه له‌سه‌ر ئیسلام ده‌درێت، به تایبه‌تیش سۆفیگه‌ری زۆر سه‌رنجی رۆژئاوای راكێشاوه). به هۆی ئه‌وه‌ی كه پێیان وایه له ناو سۆفیگه‌ریدا سنوری نێوان ئاینه‌كان به‌زێنراوه و هه‌موو ئاینه‌كان به یه‌ك چاو ده‌بینرێن، له رووی كۆمه‌لایه‌تیشه‌وه زۆر گرنگی به به‌یه‌كه‌وه ژیانی كلتوره جیاوازه‌كان ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها له باره‌ی مه‌ولانای رۆمی-شه‌وه ده‌ڵێ: (رۆمی یه‌كیكه له‌و كه‌سایه‌تییه گرنگانه‌ی كه‌وتۆته به‌رچاو، هه‌روه‌ك “بودا” له‌و كه‌سایه‌تییه گرنگانه‌یه حزورێكی به‌رچاوی له كۆمه‌لگه‌ی ئه‌وروپیدا هه‌یه)
هه‌موو ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه له نێو دونیای ته‌سوفدا جگه له مه‌ولانای رۆمی چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیكه‌ی گه‌وره‌ش ههڵكهوتون، به‌ڵام بۆچی هه‌ر ته‌نیا مه‌ولانای رۆمی، كه ئه‌مه‌ش پرسیاریكه، وه‌ڵامه‌كه‌ی پێویستی به باتێكی دیكه‌ی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر له ئێستادا به‌رجه‌سته بووه ئه‌و روحی خۆشه‌ویستی و ژیان دۆستی و سه‌مایه‌یه كه مه‌ولانای رۆمی ویستویه‌تی له ناخی مرۆڤه‌كاندا بیچێنێ، بۆ ئه‌مه‌ش جگه له به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و به‌خشینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی به یه‌كتری هیچ رێگا چاره‌یه‌كی دیكه نییه.
ئه‌مریكا و خۆرئاوا هه‌ر كاتێك هه‌ستیان به‌وه كردبێت دۆخه‌كه زیاتر به‌ره‌و گرژی ده‌چێت، زیاتر‌و زیاتر رویان به‌لای مه‌ولانای رۆمی وه‌رگێڕاوه، بۆیه ده‌بینین له دوای هێرشه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ری ساڵی 2001 بۆسه‌ر تاوه‌ری بنكه‌ی بازرگانی جیهانی له نیورك و و باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری له ڤیرجینیا، ئه‌و بایه‌خپێدانه‌ی ئه‌مریكا و خۆرئاوا زیاتر بووه، ئه‌و یادكردنه‌وه‌ی یونسكۆش هه‌ردوای ئه‌و هێرشانه بوون، له كاتێكدا په‌رچه‌كرداری ئه‌مریكا له چركه ساتی یه‌كه‌مدا، بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پێشبینییه‌ی “توینبی” بوو، كاتێك “بوش”ی باوك له شاشه‌ی ته‌له‌فزیونه‌كان دهركهوتو و له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووساندا وتی: (ئه‌مه هه‌ڵمه‌تی سه‌لیبیه، ئه‌م شه‌ڕه دژی تیرۆر ماوه‌یه‌ك ده‌خایه‌نێ). ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی بوش دونیای توشی دڵه‌ڕاوكێ كرد، بۆیه هه‌رزوو كۆشكی سپی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا له راگه‌ێنراوێكدا رایگه‌یاند: “له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌دا، بوش هه‌ست به نیگه‌رانی ده‌كات” هه‌رچه‌نده دوای ئه‌وه جارێكی تر كه‌س گوێبیستی ئه‌و لێدوانه نه‌بوه‌وه، به‌ڵام ناكرێ ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی “بوش” به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێ و پێمان وابێت، هه‌ڵه‌یه‌كی ده‌ربڕینی زمانه‌وانی بووه، كاتێك ده‌ركه‌وت ئه‌مریكا له هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ملمڵانێكاندایه له خۆرئاواوه بۆ خۆرهه‌ڵات، وه‌ك چۆن “كارل ئیردمان” مێژوونوسی ئه‌ڵمانی له كاتی خۆیدا وتی: شه‌ڕی سه‌لیبیه‌ت له ئه‌نجامی رێككه‌وتننامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی”ئاشتی خوایی”و گواستنه‌وه‌ی ملمڵانێكانی خۆرئاوا بوو بۆ خۆرهه‌ڵات، دوور له ئه‌وروپا، هه‌رچه‌نده “هانز ئیبرهارد مایه‌ر” نووسه‌ری “مێژووی شه‌ڕه‌كانی سه‌لیبیه‌ت” دژی ئه‌و فیكره‌ی “كارل ئیردمان” بوو.
زۆر له نووسه‌رانی عه‌ره‌ب پێیان وایه ئه‌و بایه‌خپێدانه‌ی خۆرئاوا به “مه‌ولانای رۆمی” هه‌روا له خوت و خۆڕای نه‌هاتوه، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی هه‌ڵكشانی ملمڵانێكانی نێوان خۆرئاوا و جیهانی ئیسلامییه، به تایبه‌تیش دوای هێرشه‌كانی 11ی سپتێمبه‌ر، كه له‌م كاته‌دا زۆربه‌ی خۆرئاواییه‌كان به‌م چاوه سه‌یری ئیسلامیان ده‌كرد، كه سه‌رچاوه‌و پاڵنه‌ری تیرۆره، بۆیه بۆچوونێك هاته پێشه‌وه كه پێی وابوو كۆتایهێنان به تیرۆر پێویستی به گۆڕینی ئه‌و تێگه‌یشتن و فیكره توندڕه‌وییه هه‌یه كه له ناخی هه‌ندێ له موسڵماناندا چه‌كه‌ره‌ی كردوه، به‌و مانایه‌ی موسلمانان بگه‌نه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی له توانایاندا هه‌یه تێكه‌ڵ به شارستانییه‌تی خۆرئاوا ببن. ئه‌مه له كاتێكدا، جگه له تێگه‌یشتن له خوا، ئه‌م موسلمانانه تا ئێستاش ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یان نییه كه خۆرئاواییه‌كان له به‌رامبه‌ر دیموكراتییه‌ت و لیبرالیه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤدا هه‌یانه.
خۆرئاوا پێی وابوو ئه‌مه كاتێكی زۆری ده‌وێ، بۆیه ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئهمریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی له خۆرئاوا شه‌ڕی دژه تیرۆریان راگه‌یاند، له‌و باره‌یه‌شه‌وه بوش رایگه‌یاند: به‌رده‌وامی ئه‌م شه‌ڕه له گه‌ڵ ته‌مه‌نی مرۆڤدایه.
به‌ڕووه‌كه‌ی دیكه‌شدا له ساڵی 2004 ئه‌مریكا له زاری”رامسفێلد” وه‌زیری به‌رگری ئه‌وكاتیدا “شه‌ڕی فیكری” راگه‌یاند، به‌و ئامانجه‌ی له‌م رێیه‌وه بتوانن كاریگه‌ری زیاتر له سه‌ر گه‌نجه‌كان دروست بكه‌ن، كه هه‌ندێ نووسه‌ری عه‌ره‌ب ئه‌و هه‌نگاوه‌ی خۆرئاوایان به ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی رۆشنبیری و فیكری موسلمانان له قه‌ڵه‌مدا و پێیان وابوو ئه‌وان به پشت به‌ستن به بنه‌ماكانی كلتوری خۆرئاوایی ئه‌وكاره ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ ئسلامییه‌تییه‌ك دروست بكه‌ن له سیاسه‌تدا جێگه‌ی نه‌بێته‌وه.
بۆیه ئه‌و بایه‌خپێدانه زیاد له پێویستییه‌ی خۆرئاوا به كه‌له‌پوری سۆفیگه‌ری و مه‌ولانای رۆمی وه‌ك كه‌سایه‌تیكی دیاری دونیای ته‌سه‌وف، له نه‌زری هه‌ندێ نووسه‌ر وا كه‌وتۆته‌وه كه په‌یوه‌ندی به‌و سیاسه‌ته‌وه هه‌یه، كه مه‌ولانای رۆمی بۆ ئه‌مریكا بۆته پردی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا و ئیسلام، به تایبه‌تیش كه شه‌ڕ و سیاسه‌ت له فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فی ئه‌ودا جێگه‌ی نه‌بۆته‌وه. باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه‌ی مه‌ولانای رۆمی كه زۆر باوه‌ڕه‌ی به به‌یه‌كه‌وه ژیانی كلتور‌و نه‌ته‌وه‌و ئاینه جیاوازه‌كان هه‌بووه، مه‌ڕاسیمی به‌خاك سپاردنییه‌تی.
ئه‌و كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌و رۆژه 17 ی دیسێمبه‌ی ساڵی 1273 زاینی له شاری”قونییه”ی وڵاتی توركیا كۆچی دوایی كرد، ته‌رمه‌كه‌ی به‌ره‌و گۆرستان به‌ڕێكرا، ده‌مه‌و ئێواره گه‌ینرایه گۆڕستان، شه‌وه‌كه‌شی به خاك سپێردرا.
حه‌شامه‌تێكی زۆر له هاوئاینانی و شوێنكه‌وتوانی ئاینه‌كانی تر به غه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه به‌شداری هه‌ڵگرتنی ته‌رمی مه‌ولانا و به‌خاك سپاردنیان كرد، هه‌مووان به جارێ بۆ گیانی پاكی مه‌ولانا ده‌گریان، له مه‌ڕاسیمی به خاك سپاردنیدا جوله‌كه‌و دیانه‌كان به ده‌نگی به‌رز ئینجیل و ته‌واڕاتیان ده‌خوێنده‌وه، موسڵمانه‌كان هه‌رچه‌نده هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌یان ده‌دان، به‌ڵام بێسوود بوو، كاتێ ئه‌م باسه گه‌یشته ده‌م فه‌رمانڕه‌وای وڵات، به‌قشه‌و راهیبه‌كانیان وت: ئێوه چ كارێكتان به‌مه هه‌بوو؟
ئه‌وه ته‌رمی زانایه‌كی موسڵمانان بوو، ئه‌وانیش له وه‌ڵامدا وتیان:”به هۆی ئه‌وه‌وه حه‌قیقه‌تی پێغه‌مبه‌ركانمان زانی و له خۆڕه‌وشتی ئه‌ودا سیره‌تی ئه‌ولیا پێگه‌یشتوه‌كانمان بینی”.