گفتوگۆیەک لەگەڵ هونەرمەند شوان كەمال.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
هونەرمەند شوان كەمال: هونەر تا نەبێتە پیشە و بازرگانی پێوە نەكرێت پێش ناكەوێت
هونەرمەند شوان كەمال: ئێمە هونەرمەندی گەورە و باشمان هەیە بەڵام بارودۆخی هونەریەكەمان جیاوازە و ناگاتە ئاست وڵاتانی ئەورپا و جیهان.
هونەرمەند شوان كەمال:لە كاتی دروستكردنی پەیكەرەكانم ئازادیەكی زۆر ئەیەم بەخۆم بۆ داڕشتن و بیناكردنی پەیكەرەكانم
هونەرمەندی پەیكەرساز” شوان كەمال” ،لەهونەری پەیكەرسازی خاوەن سەلیقەو ئیساتیكای تایبەت بە خۆیەتی لە ماوەی (40) ساڵەی ژیانی هونەری خۆیدا خاوەنی چەندین پەیكەری نایابە لە كوردستان و عێراق وئەورپا. یەكێكە لەوهونەرمەندانەی كە پەیكەرەكانی لە نێو چەندین شەقام و شوێنە گەشتییەكانی وڵاتانی ئەورپا دانراون پەیكەرەكانی شوان هەر لەئەورپا چەندین لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەی بۆ كراون وە لە میدیاكانش بە گرنگییەوە باسیان لە پەیكەرەكانی كردوە، جگەلەوەش ئەم هونەرمەندە بۆ برەودان بە بەهرەكەیە و دەوڵەمەند كردنی ئەزموونەكەی زۆر گرنگی بە لایەنی خوێندنی ئەكادیمی داوە هەمیشە بە دوای زانیاری نوێ و پێشڤەچوونەكانی سەردەمەوە بووە، بۆیە خاوەنی چەندین بڕوانامەی هونەرییە لە پسپۆرەكەی لەوانە: بڕوانامەی دبلۆم لە هونەری پەیكەرسازی-سلێمانی، بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە هونەری پەیەكەرسازی- زانكۆی بەغدا، بڕوانامەی دبلۆمی پیشەیی لە تەكنیكەكانی هونەری پەیكەرسازی- ئەڵەمانیا، بڕوانامەی ماستەر لەهونەری پەیكەرسازی- ستۆكهۆڵم. لە پاڵ ئەمانەش دا خاوەن رۆشنبیرییەكی هەمەلایەنە ..هەرئەوەش وای كردوە لە ئەوروپا لە چەندین دەزگاو فەرمانگەی هونەری بەرپرسیارەتی وەربگرێت وەكو لێپرسراوی بەشی هونەری كارگەی ڕۆلفكایزەر ئەڵەمانیا، 1995 تا 2015، لێپرسراوی بەشی هونەری كارگەی ڕۆسنگرێنز لە سوید لە ساڵی 2017 تا ئێستاش..دەتوانین بڵێن پەیكەرساز شوان كەمال هونەرمەندێكی جیهانیە،ماییەی شانازییمانە ئێمە بەمەبەستی ئاگادار بوون لە پرۆژە و چالاكییە هونەرییەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا پێمان باشە باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە هونەری پەریكەرتاشی بۆ خوێنەرانمان بكەین؟
- لە ڕاستیا لێتان ناشارمەوە تاچوومە قۆناغی پەیمانگەش نەمەزانی پەیكەر چیە نەمدیبوو ناهەقیشم نیە ئێمە كتلور و پاشخان و میراتێكی هونەری شێوەكاریمان نیە ،شار و پارك و شوێنە گشتیەكانمان خاڵی بوون لە پەیكەر ئەو كاتانە،لەم چەن ساڵانەی دوایدا پەیكەر دروست كراوە لەبەینید ووكەوانەدا ،(چونكە دید و بۆچونی خۆم هەیە لەسەرلایەنی تەكنیكی و ئاستی هونەریان) بەراورد بەم وڵاتانە كەهەر لە مناڵیەوە ئاشنا ئەبن بە هونەر،شەقام و شوێنە گشتیەكانیان پڕن لە پەیكەر بێجگە لە بیناسازی و كۆشكی جوان و ئەوە هەر باسی مۆزەخانە و پێگە هونەریەكان مەكە.كاتێك چوومە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان لە شاری سلێمانی سەرەتای هەشتاكانی سەدەی پێشوو زانیم شتێك هەیە ناوی پەیكەرە.ئیتر شەنسی خۆم بوو نازانم لەوكاتانەیا مامۆستا “كۆسرەت جەمال” خەریكی ئەو پەیكەرەی كاوەی ئاسنگەر بوو لەناو حەوشی پەیمانگە،لەقوڕ دروستی ئەكرد زۆر جوان و مەزن بوو،ئیتر لەو ساتەوە حەزم لە پەیكەرسازی كرد،لەو كاتەشەوە بێجگە لە خوێندنی زۆر و ئەزموون و وئیشكردن هیچ كاتێك دانەبڕاوم لە كاركردنی هونەری.
*هەنگاوە سەرەتاییەكانی هونەری پەیكەر تاشی چین؟ - بۆ دروستكردنی كاری هونەری یان پەیكەر یەكەم شت بیرۆكە و خەیاڵات و فەنتازی هونەرمەندەكەیە دوایی چۆنیەتی دروستكردنی پەیكەرەكە لەو كەرەسە و مەوادانەی بەكاری ئەهێنیت و شارەزایت لەناوی هەیە،دوایی بڵاوكردنەوەی و پیشاندان و نمایشكردنی.
*بابەتەكانی پەیكەرەكانی تۆ چین؟ - خۆی پەیكەرسازی بەتوانا بابەتی كارەكانی جیاواز و زۆر ئەبن،مەبەستم ئەوەیە بێجگە لە كاری هونەری و بیرۆكە و چیرۆكی كاری هونەری خۆم ئەگەر شارەزا و ناوبانگت هەبێت ئەوا لەسەر داواكاریش پەیكەر دروست ئەكەیت،بۆ نمونە چەندەها پەیكەر و پڕۆژەی گەورەم هەیە لە شارەكانی ئەڵەمانیا و وڵاتانی سكەندناڤیا داوایان لێكردوم بۆیان دروست بكەم،بەو پێیەی كە دانەیەكم لە شارەزاترین پەیكەرسازەكانی جیهان،بەقسەی ئەڵەمان و سویدیەكانیش كە لە چەندەها كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەیان ناوی منیان هێناوە كە باس لەهونەری ئەوروپی ئەكات.بەڵام كاری هونەری خۆم زیاتر بابەتەكانی تەعبیری و كەمێك خەیاڵی سوریالی بەڵام بە شێوەیەكی ئەكادیمی و بە تەكنیكی بەرز و بە ماتریاڵی جیاواز ئەنجامیان ئەیەم لەوانە بڕۆنز و ئاسن و ئەلەمینیۆم و هەنێ جاریش بە كریستاڵ و شوشە.
*بیرۆكەكانی لە كوێیەوە سەرچاوە دەگرن؟ - بیرۆكەی كارەكانم زۆربەی لە خەیاڵات و فەنتازیای بیركردنەوەی خۆمن ،باس لە نەهامەتی و ئاوارەیی وتەنیایی مرۆڤ لە لایەكەوە دوایی پەیوەندیەكانی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و چواردەوری،لەم دوایانە هەنێ پەیكەرم دروستكردوە ،فیگەری لەشی مرۆڤە لەگەڵ ئاژەڵ و باڵندە،جا كاتی دروستكردنی پەیكەرەكانم ئازادیەكی زۆر ئەیەم بەخۆم بۆ داڕشتن و بیناكردنی پەیكەرەكانم بەمانای واز لە عەقلی ناوەوە ئەهێنم بە ئازادی كاری خۆی بكات زۆر جار پەیكەرم دروستكردوە خەیاڵاتی 20 تا 30 ساڵ لەمەوبەر بووە هاتووەتە دەرەوە لەو كاتەی دروستكردنی پەیكەرەكە.
*كاریگەری كامە قوتابخانەی هونەری بەسەر پەیكەرەكانتدا زاڵە؟ - خۆی چونكە ئێمەومانان هونەرمان بەشێوەیەكی ئەكادیمی خوێندوە بەتایبەتی باسی خۆم ئەكەم ئەلف وبێی پەیكەرسازی بەباشی فێربوین ئیتر دوایی كاتی كاركردن ئاسانتر ڕێ و شوێنی خۆمان دۆزیوەتەوە،هیچ قوتابخانەیەكی هونەری تایبەت نیە لەسەری رۆیشتبێتم یا كاری لێكردبێتم،خۆی هونەرمەند ناتوانێت هەڵیبژێرت یان باسی بكات كارەكانی سەر بە چ قوتابخانەیەكە یان بزانێت بۆ وا كاری كردوە،ئەبێت كەسانی شارەزای بواری رەخنەی هونەری بەو كارە هەڵبسێن،بەداخەوە لای خۆمان نین ئەگەر هەشبن زۆر كەمن،كەسانێك هەن هونەرمەند نین بەڵام ئەتوانن كاری هونەرمەند و ژیانی هونەرمەند هەڵبسەنگێنن و باسی بكەن.بەڵام لەوە ئەچێت بێ ویستی خۆم كارەكانم وەك باسمكرد بچنەوە خانەی یان قوتابخانەی تەعبیری سوریالیەوە.
*وەكو هونەرمەندێك، ئاستی پەیكەرتاشانی كوردستان ،لەگەڵ ئاستی پەیكەرتاشانی ئەورپا چۆن دەبینیت ؟ - خۆی ئاستی هونەری هیچ میلەتێك و وڵاتێك بەدەر نیە لە ئاستی كلتوری و ڕۆشنبیری و ئینجا ئابوری و كۆمەڵایەتی ئەو گەل و نیشتمانە.بەمانای نەكرێت وڵاتێك لایەنی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی ئاسیاوی بێت، بەڵام لایەنی كلتور و هونەر و ئەدەبی ئەوروپی بێت.لای خۆمان بەراورد ناكرێت بەم وڵاتانە بەڵام ئەبێت ئەوە جیابكەینەوە لایانی فەرهەنگی و كلتوری هەر گەلێك و نەتەوەیەك جێی ڕێزو شانازیە بۆ نمونە ئێمە هونەرمەندی گەورە و باشمان هەیە بەڵام بارودۆخی هونەریەكەمان جیاوازە و ناگاتە ئاست وڵاتانی ئەورپا و جیهان،بۆنمونە ژیانی هونەرمەندان و گرنگی دان بە كارەكانیان،لە دروستكردنی ئەتەلێ و مۆزەخانە و كردنەوەی پێشانگە،هەر دوور نەڕۆین خۆم بۆ كوردستانم جێهێشتوە هاتووم لە ئەورپا ئەژیم؟كەلەم وڵاتانە ببمە شارەزای بواری هونەری پەیكەرسازی ئەم هەموو كارو پڕۆژەیەم دروستكردوە لەسەر شەقام و شوێنە گشتەیەكان،بۆ لای خۆمان جێم نەبۆتەوە و ناتوانم كاربكەم؟
*وەكو پەیكەرتاشێك تاچەند لەگەڵ كاری بازرگانی لەرێگەی هونەری پەیكەرتاشی؟ - ئەم پرسیارە زۆر گرنگ بوو چونكە لەزۆر شوێن بەهەڵە تێگەیشتون و یان لێكدانەوەی هەڵەی بۆكراوە،خۆی هونەر تا نەبێتە پیشە و بازرگانی پێوە نەكرێت پێشناكەوێت لەهیچ جێگەیەك،بەمانای هونەرمەند كە كارێك ئەكات ئەبێت بیفرۆشێت جا لەم وڵاتانە تا نرخی بەرزتر بێت بەمانای هونەرمەندەكە شارەزا ولێهاتووە،هونەرمەندی ئەم وڵاتانە دەوڵەمەندن و ژیانێكی باشیان هەیە،لێرە ئەگەر كارە هونەریەكەت نەفرۆشرێت یان پارە نەكات ئەڵێین بڕۆی كارێكی تر بكەیت باشترە،زۆر بە هەڵە لای خۆمان ئەڵێن نابێت هونەر بازرگانی پێوە بكرێت یان بفرۆشرێت،بۆیە لای خۆمان هونەر نەبۆتە پیشە،كەس بە هونەر ناژی،لای خۆمان یان مامۆستایە یان فەرمانبەری ئەودەزگا هونەریانەیە،بەوە هونەر پێشناكەوێت تا نەبێتە پیشە و كاری ڕۆژانە،بۆ نمونە خۆم ڕۆژانە 8 كاتژمێر پەیكەر دروست ئەكەم و پارەی لەسەر وەرئەگرم،ئەمە بێجگە لە كار و پرۆژەی خۆم.
*پەیكەرێكی تایبەت هەیە،جیاواز لە پەیكەرەكانیترت شانازی پێبكەیت؟ - بۆ زانیاری بەڕێزتان و خوێنەرانی ئازیز لە مێژوی هونەری كوردی دوایش عەرەبی ئینجا فارسیش دوایی لە رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا هیچ پەیكەرسازێك نەبووە بێتە ئەورپا دوایی ئەو هەموو پەیكەرە گەورانە لە سەر شەقام و شوێنە گشتیەكان دروستبكات،زۆر گەڕاوم مەراقم بوو بزانم پێش من كەس نەبووە هیوادارم لەداهاتودا كەسێك بتوانێت،لە ژیانی هونەری و ئەم 40 ساڵەی تەمەنی هونەریم كۆمەڵێكی زۆر پڕۆژە و كاری هونەریم دروستكردوە لە عێراق و كوردستان و ئەوروپا،بۆ زانیاری یەكەم پەیكەری قوربانیانی چەكی كیمیاوی و كۆمەڵكوژ من و جوانەمەرگ( كۆسار ئەحمەد) دروستمانكردوە بۆ (تۆفیقی كارەبا) ئێستاش هەر ماوە لە شاری هەڵەبجە دانراوە،لە ئەڵەمانیا و سوید و نەرویجیش پەیەكەری زۆرم هەیە هەموویانم خۆشەوێت و گرنگن بەڵام لەوانەیە پەیكەری (شاسوار ئەنۆڵد)م رۆز لا گرنگ بێت چونكە پەیكەرێكی بڕۆنزی زۆر ئاڵۆز و وردەكاری زۆری تیایە ماوەیەكی زۆر كاتیان داپێم بۆ دروستكردنی دراسە وتوێژینەوەم لەسەر ئەسپ كرد دوایی دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو لە میدیای ئەڵەمانی و سەرۆكی هەرێمی نۆرد ڕاین پەردەی لەسەر لابرد زۆر پێوەی هیلاك بووم ناوی خۆمم بەكوردی لەسەر نوسیووە بۆ مێژو ئەمێێتەوە،هەموو پەیكەرەكانم گرنگن و جێی شانازی خۆمن هیوادارم كوردیش ڕۆژێك بێت گرنگی بە كەسایەتیەكانی خۆی بات كە دڵسۆزانە و خۆبەخشانە كاریان كردوە،لەهەموو حاڵەتێكا و لەكۆتاییا ئێمە هەركوردین،هیوادارم رۆژێك بێت ببینە خاوەنی وڵات و كوردسانێكی گەورە ئەوكات توانا و ئەزمون و سەلیقەی خەڵكانی دڵسۆزبۆ بنیاتنانی كوردستان بێت.