
شاخەوانی بە مەرجی مردن!.. سەدیق سەعید ڕواندزی
چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستاندا، دیاردەیەك لە ژێر ناوی بە ناو وەرزشی شاخەوانی سەریهەڵداوە، كە لە ڕاستیدا شوێنكەوتن و لاساییكردنەوە و جۆرێك لە مۆدی كۆمەڵایەتییە، نەك شاخەوانی بە مانا تەكنیكی و هونەری و وەرزشییەكەی. وەرزش وەك هەر بوارێكی دیكەی ژیان، تایبەتمەندییانەی خۆی هەیە و وەك چۆن ناشێ هەموو كەسێك شاعیر، ڕەخنەگر، وەرزشوان، داهێنەر بێت، بەو شێوەیەش ناشێ هەركەسێك پیادەڕەوییەكی بۆ شاخێك و بەردەلانێك كرد، ناو لە خۆی بنێت شاخەوان، بە بێ ئەوەی هیچ لەو بوارە شارەزا بێت. لە دنیادا، سەدان هەزار وەرزشوان هەن، بەلام چەندییان بوونە ڕۆناڵدۆ، زێدان، محمەد عەلی كڵای؟ ئایا ئەگەر هەر كەسێك ئەو وەرزشانەی كرد، مانای وایە ئیدی وەك ئەوانە شوناسی وەرزشی هەڵبگرێت؟ بۆیە شاخەوانی، وەرزشێكی هەستیار، وردو مەترسیدارە و ئەوەی لای ئێمە هەیە، فڕی بە سەر دنیای شاخەوانییەوە نییە. شاخەوانی، تەنها چوونە شاخ و نێو ژینگەی شاخاوی نییە، بەڵكو چێژ وەرگرتنە لە جوانی سرووشت، ژینگە، ڕامان و میدیتایسۆنە، ئاوێزانبوونێكی ڕوحییانەیە و جۆرێكە لە یۆگای دەروونییانە و هزرییانە. شاخەوانەكان، بۆ ئەوە ئەو وەرزشە ناكەن كە گەیشتنە هەر بەرد و هەرد و لوتكەیەك، سێلڤییەك بگرن، ئەوان بۆ خەڵكی و بۆ سۆسیال میدیا، شاخەوانی ناكەن، بۆ حەز و دەرووندروستی و تەندرووستی و چێژ دەیكەن. هوشیارییەكی گەورەی وەرزشی و شساخەوانییان هەیە و بە ئاسانی هەڵنادێردرێن. شاخەوانی ڕاستەقینە و پیشەمەند، بەدەست تەپۆلكەیەكەوە گیر ناخوات، لە بەرد و زنار وتیوەڕە شاخەكاندا عاسێ نابن، لافاو نایانبات وەك ئەو بە ناو شاخەوانانەی قەرەداغ، چونكە شاخەوانان دەبێ بزانن لە كاتی بارانی بە خوڕو لێزمە، شیو و چەمەكان و دۆڵەكان، پڕ دەبن لە ئاو و لافاو دروست دەبێت و نابێ بچنە ئەو شوێنانە. شاخەوانان، بە ئاسانی بەرلوغم ناكەون، چونكە تەكتیك و هونەری پیادەڕەوی و شاخەوانی دەزانن. لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە چیای زۆسك بە داخەوە شاخەوانێك هەڵدێرا. ئەم چیایە، بەراورد بە هەر شاخێكی دیكەی كوردستان، شاخێكی زۆر ئاساییە و سرووشتێكی ئەوتۆی سەختی شاخاوی نییە، ئاسۆیی هەڵكەوتووە، دەتوانیت بۆ هەر شوێنێك مەبەستت بێت، بچیت، بەڵام چونكە شاخەوانانی ئێمە، تەنها وەرزشەكە دەكەن و هوشیاری و تەكنیكی شاخەوانی نازانن، ئیدی بە ئاسانی لە شاخ هەڵدەدێرێن. بە پێی زانستی پزیشیكی، ئەو كەسانەی نەخۆشی سیستی گورچیلە، ڕەقبوونی ماسوولكەكانی دڵ، نەخۆشی دڵ، شەكرە، بەرزە پەستانی خوێنیان هەیە، نابێ ماندووبن، دەتوانن وەرزشێكی ئاسایی ڕۆژانە بكەن، كە چی لە هەرێمی كوردستاندا، هەزاران كەس كە ئەو نەخۆشییە جۆراوجۆرانەیان هەیە دەچنە شاخ و گوایا وەرزشی شاخەوانی دەكەن، لەوێش بە نۆرەی دڵ، وەستانی گورچیلە، دابەزینی شەكرەی خوێن دەمرن. ئەمانە هەمووی نیشانەی نەشارەزایی، تێنەگەیشتن و نەبوونی هوشیارییە لە بارەی وەرزشی شاخەوانییەوە. ناكریچ هەركەسیچك كۆڵە پشتێكی لە پشت بوو، دوو داری گرتە دەست، بەرەو چیایەك سەركەوت ناو لەخۆی بنیچ شاخەوان. ئومێدەوارم كۆمەڵگەی ئێمە، لەبری ئەوەی مۆدخوازو شوێنكەوتت بێت، ئەوا پەرە بەكولتووری خوێندنەوە بدات، كتێب بكاتە هاودەمێكی هەمیشەیی خۆی، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەكەمان هوشیار بێتەوە، بە كتێب هوشیار دەبینەوە و پێشدەكەوین، بەڵام بە شاخەوانی و بەند جوێنی نێو سۆسیال میدیا نا. سەردەمانێك، مارادۆنا لە لووتكەی وەرزشی جیهان بوو، كەچی دواتر تلیاك خۆرێكی لێ دەرچوو ئەوسەری دیار نەبێت،، بەڵام ئایا تا ئێستا سوكرات، بۆدلێر، گۆران، شێخ ڕەزاو لەیلی قاسم و عەبدولخالق مەعرو هەر زیندوو نین؟! ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە دژی وەرزش و شاخەوانی بین نەخێر، بەڵكو مەبەستمان ئەوەیە ناكرێ مرۆڤ لەگە عامی بچیچتە شامێ، چونكە ئەوكات فێری هیچ نابێت !
سەدیق سەعید ڕواندزی