
دوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان.. موئەیەد ئەحمەد
ڕۆژی (٢١)ی کانونی دووهەمی (٢٠٢٥)، بلۆکە بۆرژوا تائیفی و ناسیۆنالیستەکانی پەرلەمانی عێراق ساتوسەودایەکیان کرد لە نێوان خۆیاندا، و پیکهاتن لەسەر ئەنجامدانی کردەوەیەکی ئاشکرا دوژمنکارانە بەرامبەر ژنان و منداڵانی عێراق و کۆمەڵگە بەگشتی، ئەویش بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی (١٨٨).
ئەم هەموارکردنەوەیە، بە شیوازی پەرلەمانە دیکتاتۆر و فاشیستەکان، و بە دەنگدان لەسەر سەبەتە یاسایەک، پەسەندکرا. ئەم سەبەتەیە جگە لە پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، دوو یاسای دیکەی لەخۆگرتبوو، کە یاسای لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییەکان و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار و مڵک وماڵ بوو بۆ خاوەنەکانیان. یاسای یەکەم لەم دوو یاسایە خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییە پەرلەمانییەکانی بلۆکی ناسیۆنالیستی عەرەبی و تائیفی سوننی دەکات، دووەمیان خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییە پەرلەمانییەکانی بلۆکی ناسیۆنالیستی کورد دەکات.
ڕێککەوتنی ئەم دوو بلۆکە لەگەڵ بلۆکی ئیسلامی سیاسی شیعەدا لە کاتێکدا ئەم بلۆکە مەرجی تێپەراندنی ئەو دوو یاسایەی گرێدابووەوە بە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێـتیـیەوە، بۆخۆی شیوەکاری بەعسیانە و تائیفەگەریانە، و هەروەها ناسیۆنالیست شۆڤێنیستانە بوو لەدژی ژنان و منداڵانی عێراق بەگشتی، و بەتایبەت لە دژی ژنان و منداڵانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە نەریت و هەژمۆنی تائیفەگەری شیعە زاڵە بەسەریاندا.
پاش تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاساکە
لەگەڵ تێپەراندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی (١٨٨)، ماف و ئازادییەکانی ژنان گورزێکی گەورەی بەرکەوت کە کاریگەریی نەرێنی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری وێرانکەری لەسەر ژیان و چالاکییەکانیان، و لەسەر بارودۆخی بوون و خەباتی کۆمەڵایەتییان بەجێ دەهێڵێت. جگە لەوەش منداڵانی کچ لە عێراق کەوتنە بەر هێرشێکی دڕندانە کە ماف و بەختەوەریان و هی نەوەکانی داهاتووشیان لێ زەوت دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە فۆرمی هەندێک لە گرنگترین بابەت و پرسی سیاسی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و پرۆسەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە عێراقدا.
لە کۆمێنتێکی کورتدا، کە لە (٢٤ی ١ی ٢٠٢٥) لە پەیجی خۆم لە فەیسبووک بڵاومکردەوە، جەختم لەسەر ئەمانە کردەوە:
“لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق، پێموایە فۆرمی هەندێک پرس و کێشەکانی پڕۆسەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتی شۆڕشگێڕانە بە گشتی لە عێراقدا گۆڕاوە.
لێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوو شت دەکەم: یەکەم: ئەم ڕێککەوتنە پەرلەمانییە لە جۆری داعش و فاشیستی بەعسی و شۆڤێنی نەتەوەییە و لە ویژدانی پرۆلیتاریا و ژنان و ڕزگاریخوازانی عێراقدا وەک خۆی چۆنە ئاوەها، واتە وەک کارێکی دوژمنکارانەی ئاشکرا بەرامبەریان دەمێنێتەوە، بەڵام له هەمانکاتدا ئەم کردەوه دوژمنکارانەیە نیعمەتی خۆشاردنەوەی پشتی لافوگزافی پەرلەمانی بەبادا و بە دەستی خۆیان فەرشیان لەژێر پێی خۆیان و پێی ئەو بەرگریکاره ڕیفۆرمخوازانە دەرهێنا که هەردەم خەریکی سازشکارین لەگەڵ دەسەڵات، و بە یەکجار هەموو ئەو خۆشباوەڕیـیەی بە پەرلەمان و سەروساختەکەی ڕیسوا کرد.
دووەم: لەگەڵ دەرچوونی یاساکە، پرسی ڕزگاری ژنان لە عێراق و خەباتی شۆڕشگێڕانە لەم بوارەدا چوونە قۆناغێکی ئاڵۆزتر و سەختترەوە، بەڵام قۆناغێکی بەرزتر لە ڕوانگەی مێژوویـیەوە، بەو پێـیەی کە تێز و سیاسەت و سنوورە ئاشناکانی دوو دەیەی ڕابردووی بەشێوەیەکی دیالێکتیکی تێپەڕاند، بەو ئاکامەشیەوە کە پێداگریـیە لە سەر پێویستی پێشڕەوی لەبواری ڕەگوڕیشەداکوتانی کۆمەڵایەتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە سەرجەم عێراقدا”(١).
هەر واشە، بە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە، ئەو هیوایەی کە هەڵچنرابوو لەسەر پەرلەمانتاریزم و خۆشباوەڕییەکان دەربارەی، لەناو جەماوەردا گورزێکی گەورەی لێدرا، و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان ئەگەرچی لە هەلومەرجێکی قورستر و سەختتردا بێت، بەڵام هەنگاوی نایە ناو قۆناغێکی دیکە و باڵاتر لە خەباتی خۆی لە بواری ڕزگاریی ژناندا، کە پڕە لە ناکۆکی و سەختی. بەم پێیە، باڵەخانەکانی ئەو خۆشباوەڕیـیانە داڕمان کە خەباتی ژنانیان تەنیا لە چوارچێوەی چاکسازیی وردە وردەدا سنووردار دەکرد، و ئەم خەباتەیان قەتیس دەکرد لە بازنەی پشتبەستنی تاکلایەنە بە کاری گروپە فشارەکان لەسەر پەرلەمانێکی تائیفی و قەومی کە ئامادەیە تاوانی گەورە ئەنجامبدا دژی ژنان و منداڵان لەو جۆرەی کە پیادەیانکرد لە تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیدا.
ئەوەی ڕوویدا ئەوەیە کە یاسایەک دەرچوو بۆ بەرینکردنەوە و پتەوترکردنی پانتایی ئەو کۆیلایەتیـیەی کە ژنان و منداڵان تێیدا دەژین لە عێراقدا لە ئێستادا و بەیاساییکردنی سەپاندنی پاشەکشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و موڕاڵی و سەختییەکی یەکجار زۆرە بەسەریاندا، کە لە مێژووی تازەی عێراقدا وێنەی نیـیە. ئەوانەی کارەساتی ئەم هەموارکردنەوەیەیان بەسەردادەشکیتەوە ژنان و منداڵانن، و بە پلەی یەکەم ژنان و منداڵانی ئەو ناوچانەی کە مەزهەبی تایفەگەری شیعە زاڵە تیایاندا، وە ژنان و منداڵانی ناو چینی کرێکار و تۆێژە کۆمەڵایەتییە هەژارەکان، و ئەمەش لێکەوتەی جۆراوجۆری لەسەر ڕەوەندی خەباتی چینایەتی و سیاسی دەبێت لە کۆمەڵگادا.
لە وتارێکی پێشوودا ئاماژەم داوە بە گرنگی ستراتیژی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی (١٨٨) بۆ ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق و پەیوەندیی ئەم کارە بە ترسیان لە شۆڕشی پڕۆلیتاریای داهاتوو لە وڵاتدا. ناونیشانی وتارەکە بەم شێوەیەیە “هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێەتی (١٨٨) بۆچی؟ ئیسلامی سیاسی و ترس لە شۆڕشی پرۆلیتاری”.
ئەڵبەتە لەگەڵ پـێـنانە نێو قۆناغی دوای هەموارکردنەوەکە، ئەو حزبانەی کە ڕێبازێکی چاکسازیخوازانەی بۆرژوازییان هەیە، و حیزب و ڕێکخراو و نەریتە سیاسییە ڕادیکاڵە غەیرە کرێکاریەکان، کە بۆ خۆیان دابڕاون لە جەماوەری ستەملێکراوی ژنان، هەروەها بزووتنەوە و گروپ و چالاکییە بەرگریکاری و ڕیفۆرمخوازیـیەکانی ژنان، و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە هەندێکیان خزمەتگوزاریی گرنگ پێشکەش دەکەن بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە کوشتن و توندوتیژی، واتە تەواوی ئەو چالاکییەی کە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە عێراق لە بواری بەرگریکردن لەم یان ئەو لایەنی مافەکانی ژنان ڕوویداوە، و خەباتیان کردووە دژی جیاکاری و توندوتیژی بەرامبەر ژنان، لەم سەردەمە نوێیەشدا بەردەوام دەبن.
بەڵام درێژەدان بەم چالاکییانە بە هەمان شێوازی کۆن، واتە شێوازی پێش دەرکردنی هەموارکردنەوەی یاساکە، سوودێکی ئەوتۆی نابێت، و ئەمەش وا دەکات ئەم هەوڵانە کاریگەرییەکی لاوەکیان هەبیت لەسەر واقیعی سەختی نوێی ژنان وە خەباتیان، واتە لەسەر واقیعێکی پڕ لە هەڵاواردن و چەوساندنەوە و پەراوێزخستن بەرامبەریان. هەروەها شیوازی کۆن ناگونجێت نە لەگەڵ توندوتیژتربوونەوەی ناکۆکیـیە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیـیەکان کە وڵاتەکە لەم قۆناغەدا پێیدا تێدەپەرێ، وە نە لەگەڵ پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئامانجی سەرەکی ئیسلامییەکان لە هەموارکردنەوەی یاساکە وەک سیاسەتێکی دژە شۆڕش کە بە پلەی یەکەم ژنانی پرۆلیتاری و دابرانی ڕیزەکانیان لە ڕیزەکانی جەماوەری کرێکار لە سەرتاسەری عێراقی کردۆتە ئامانج. ئەمەش بەکورتی بەو مانایەیە کە شیوازی کۆن ڕێک نایەتەوە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەدا کە لە تایبەتمەندییەکانی هەندێک لایەنی خەباتی سیاسی چینایەتی و خەباتی ژناندا ڕوودەدەن.
ئەمه، و ڕەچاونەکردنی ئەو گۆڕانکاریانه و دانەنانی له کارنامه و ستراتیژ و سیاسەتی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژناندا، لێکەوتەی نەرێنی زۆری بۆ ئەو بزوتنەوانە دەبێت.
کارکردن بۆ ڕەگوڕیشەداکوتانی کۆمەڵایەتیی سیاسەتی ڕزگاریخوازانەی ژنان، و هەوڵدانی بەردەوام بۆ پێشخستنی بەرگری و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگەدا و لەنیو ژنانی پرۆلیتاریدا، و کاری بەردەوام بۆ پڕ چەککردنی جەماوەری ژنان، بە تایبەت کچی گەنجی ناو چینی کرێکار و هەژاران، بە تێڕوانین و تیۆرێکی سیاسی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنان، ئەمەیە کە ڕێگا لە لەدەستدانی وزە شۆڕشگێڕییەکان دەگرێت. هەر ئەمەشە کە دەرگاکان بەڕووی ڕەگوڕیشە داکوتانی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی ژنان دەکاتەوە، و گۆڕینی پرسی ڕزگابوونی ژنان بۆ بابەتێکی کۆمەڵایەتی بەپەلەی ناو هەر خێزانێک، و گەیاندنی بە ژنان لە هەموو گەڕەک و شار و کوچەیەکدا، دەکاتە واقیع لە قۆناغی داهاتوودا.
گۆڕینی ئەولەویەتەکان مەسەلەیەکی سیاسی چینایەتیە پێش ئەوەی گۆڕانکاری بێت
لە شێوازی کارکردندا
گرتنەبەری ئەم ڕێبازە بۆ ڕەگوڕیشەداکۆتانی کۆمەڵایەتی خەباتی ژنان، و پێشخستنی ئەو تیۆرییەی کە ڕێنوێنی خەباتی ژنان دەکات، تەنیا مەسەلەیەکی پراکتیکی و میکانیزمی و شێوازی کارکردن نییە، بەڵکو لە سەرووی هەموویەوە مەسەلەیەکی سیاسی و میتۆدۆلۆژی و تیۆریـیە و هەر بەم پێیەش چینایەتیـیە. لە جیهانی خەباتی چینایەتی و ململانێی سیاسی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکاندا، هیچ مەسەلەیەک ئەو تایبەتمەندییەی نییە کە بەئاسانی بگۆڕدرێت وەک دەڵێن “سیاسەت سەرسەختە”.
مشتومڕ (جدل) دەربارەی گۆڕینی بزووتنەوەی ژنان بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە هێزی سەرەکی بزوێنەری ئەم بزوتنەوەیە جەماوەری ژنانی پرۆلیتاریا بێت، مەسەلەیەکی سیاسی و فیکرییە، و پەیوەندی بە گرتنەبەری هێڵی مارکسیستی ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە هەیە، و پەیوەندی بە کێشانی هێڵی جیاکەرەوە هەیە لەگەڵ ئاراستەکانی ڕەوتە بورژوا لیبراڵەکان و شێوازە فێمینیستـیـیە نوخبەگەراییەکانی ئەو ڕەوتە و ئاراستەکانی بزووتنەوە ئیسلامی و ناسیۆنالیستییە بۆرژوازییەکان کە نوقمی کۆنەپەرستین، و هەروەها پەیوەندی بەخۆجیاکردنەوەوە هەیە لەگەڵ شێوازی کاری سیاسی ڕادیکاڵ و ناپرۆلیتاریانەی زۆربەی حزب و ڕێکخراوە چەپەکان.
ئەوە ڕوونە کە بزووتنەوە ئیسلامییەکان خەریکی ڕەگوڕیشەداکوتانی هەرچی زیاتری کۆیلەکردنی ژنان و چەسپاندنی هەژموونی پیاوسالاری ئیسلامی و ناسیۆنالیستین لە کۆمەڵگادا، و بە شێوازی جۆراوجۆر کار بۆ فراوانکردنی مەودای ئەم هەژمۆنی و بەکۆیلەکردنە دەکەن. ئەڵبەتە ئەمەش لە ڕیگەی خنکاندنی ماف و ئازادییەکانی ژنان و منداڵان، و سەرکوتکردنی هەر تەشەنەکردنیکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە ئاستێکی کۆمەڵایەتی بەریندا، و لەباربردنی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، ئەمە جگە لە گۆڕینی پرسی ژنان بۆ پاشکۆیەک بۆ ستراتیژە سیاسییەکانیان، و خنکاندنی هەر سەربەخۆیـیـیەکی چینایەتی سیاسی و پرۆلیتاری لە خەباتی ڕزگاریخوازی ژناندا.
بەرتەسکردنەوەی (حصر) چالاکیی ڕزگاریخوازانەی ژنان لەنێو بەشی سەرەوەی کۆمەڵگەدا، واتە لەناو بازنەی ئەو ڕەوەندە سیاسییەی کە سیاسەتی بۆرژوازیانەی سپێکتریمی (أطياف) جۆراوجۆری نیولیبراڵ، ئیسلامی، ناسیۆنالیستی و ئەوانی تر زاڵە تیایدا، کە ئەمەش زۆرجار جێگەی کەمێ چالاکیی چاکسازیخوازانەی ڕەوت و حزب و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان و گروپە فشارەکانی تێدا دەبێتەوە، ژنان و منداڵان لە قووڵایی کۆمەڵگا و لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان بەجێدەهێڵێ تا وەک نێچیرێک لە ژێر چەپۆکی ئیسلامیـیەکان و ناسیۆنالیستەکان و سەرکوتگەری و درندەییاندا بمێننەوە، و دیلی دەستی چەمک و بیرۆکە و نەریتە کۆنەپەرستانە و پیاوسالارەکان بن.
بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ڕزگاریخوازانەی ژنان، ژن لە کۆمەڵگادا بەجێ ناهێڵیت بۆ ئەوەی لەژێر زوڵمی دامودەزگا ئایینی و تائیفی و خێڵەکییەکان و حیزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان و ئاسۆ و نەریتە کۆیلەوارەکانیاندا بژی، کە بێگومان دوای تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاساکە زەبروزەنگێکی وێرانکەرتر و کوشندەتر بەخۆیەوە دەبینێت. هەروەها ئەم بزووتنەوەیە نایەوێت خۆی دەستخەڕۆ بکات بە خولانەوە لە بازنەی سەپاندنی کەمێ چاکسازی بەسەر بۆرژوازی و پەرلەمانە دژە جەماوەریەکەیدا، هەر بۆیە، گەشەسەندنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی سۆسیالیستی ژنان ئەستەمە ئەگەر پرسی گۆڕینی خۆی بۆ بزووتنەوەیەکی ڕەگوڕیشەداکوتراوی کۆمەڵایەتی نەخاتە ناوەندی ئەولەویەتەکانی بۆ قۆناغی داهاتوو، و ئەگەر چالاکیـیەکانی بۆ چاکسازی و داواکاریـیە بەرگریکارە ڕۆژانەکانی بەشێکی ئۆرگانی و تەواوکەری خەبات نەبن بۆ ئەم ئامانج و ستراتیژیـیە. ئەمانه تایبەتمەندیـیەکانی دۆخی نوێین که پشتگوێخستنیان بۆ ڕەوتی مارکسیستی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان، وێرانکەر دەبێت.
چاکسازی لە هەلومەرجی نوێدا و پەیوەندیی بە شۆڕشەوە؟
بۆ مارکسیستەکان ئەوە ڕوونە کە خەبات بۆ بەدیهێنانی سادەترین ڕیفورم، چ ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی یان کولتووری، و لانانی هەڵواردن و جیاکاری و سەپاندیان بەسەر دەسەڵاتدا، تەنانەت لە هەلومەرج و بارودۆخی توندترین دیکتاتۆریەتدا، مەسەلەیەکە کە لە پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ وەلانانی سەختیـیەکان و نادادپەروەرییەکان لەسەر شانی ئەو چین و گروپە کۆمەڵایەتیـیانەی کە بەدەست باری قورسی ستەم و سەرکوت و جیاکارییەوە دەناڵێنن. هەربۆیە کەس مافی ئەوەی نییە بەر بگرێت بەخەبات لە پێناو سەپاندنی چاکسازی و باشتربوونی ژیانی جەماوەر لە ڕێگەی خەباتی ئەو چین و گروپانە و هەروەها هەڵسوڕاوان و گروپ و ڕێکخراوە جەماوەریەکان و تەنانەت ئەو حزبانەش کە ئەو کارە دەکەن. جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان ڕێبازی ڕیفۆرمیزم، وەک ڕێبازێکی سیاسی چینایەتی سەر بە بۆرژوازی و سیستەمە سیاسیەکەی ، لەگەڵ مەسەلەی داوای ڕیفۆرم و چاکسازی و دەستڕاگەیشتن بە باشترکردنی بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی چین و گروپە کۆمەڵایەتیـیە چەوساوەکان و بەدەستهێنانی ماف و ئازادیـیەکان.
بۆیە سەرەڕای ئەم پاشەکشەیە کە لە ئەنجامی پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاساکەدا هاتۆتە ئاراوە، خەبات بۆ چاکسازی هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕۆڵی لە سەرجەم پڕۆسەی خەباتی شۆڕشگێڕانەدا، و لە کۆی خەباتی سۆسیالیستی و ڕزگاریخوازانەی ژناندا، دەچیتەدواوە گەر وەڵامی پێویستییەکانی واقیعی نوێ نەداتەوە و خۆی گرێنەداتەوە پێوەی.
پتەوکردن و قووڵکردنەوەی زیاتری ڕەگوڕیشەی هەژموونی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا و بەکۆیلەکردنی ژنان و زەوتکردنی ماف و ئازادیـیەکانیان، یەکێکە لە گرنگترین پایە و ئەجێنداکانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی، و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پرسی ژنان لە عێراقدا ببێتە پرسێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گەورەی وەها، کە بەبێ ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری بەرفراوان نەتوانرێت بە ئاسانی ڕووبەڕووی ببیتەوە، ڕاپەرێنێک کە نەک تەنها لە لایەن هەمان ئەو هێزانەی کە ڕۆژانە تووشی ستەم و چەوساندنەوە دەبن لە ئەنجامی ئەم پرسە، واتە بە ملیۆنان ژن لە عێراق، ئەنجامبدرێ، بەڵکو بە ڕاپەرێنێک کە لەلایەن چینی کرێکار و جەماوەری بەهەژارکراو و چەوساوە و ستەملێکراو و ئازادیخوازانی ژن و پیاوەوە ئەنجامبدرێ.
ڕەگداکوتانی چەمکەکانی ڕزگاری ژنان و گەڕاندنەوەی سەرچاوەی چەوساندنەوەیان بۆ سیستەمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و فیکری لە بناغەدا چینایەتی، واتە سەرمایەداری، و بۆ فۆرمی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و کەلتوری پیاوسالاری کە لەم سیستمەدا هەردەم سەرلەنوێ بەرهەمدەهێنرێتەوە، و ڕەخنە لەو واقیعەی کە ژنان تێیدا دەژین لە ڕوانگەیەکی شۆڕشگێڕانەی ماتریالیستی و مارکسیستی و ئازادیخوازانەی ژنانەوە، هەروەها بانگەوازی پتەوکردنی پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا، گرنگییەکی بێئەندازەیان هەیە لە گەیشتن بە ڕزگاری ژنان. ئەم دیدە ئاسۆی ڕزگاریخوازی ژنان و خەبات بۆ گەیشتن پێی بەرتەسک ناکاتەوە، هەروەها ئەم ڕزگاریەش ناخاتە ژێر مەرجی پرۆژەکانی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی ستالینیستی بە ناوی “سیستەمی سۆشیالیستی”!، و بە دابڕان لە ڕزگاری مرۆڤ.
ڕوانگە و تیۆری ماتریالیزمی شۆڕشگێڕانەی مارکس بۆ ڕزگاری مرۆڤ بەگشتی و هەروەها ڕزگاری ژن لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەی بەردەوامی بەرەو ڕزگاری کۆتایی لەپێشچاوگرتووە، کە نە سنوور و فۆڕمۆڵەی ئامادەکراو قبوڵ دەکات و نە تەنانەت چوارچێوەی ئابووری و سیاسیش لە ژێر هیچ ناوێکدا بێت، ئەمە جگە لە قەتیسکردنی لە قاڵبی ڕیفۆرمخوازی بەستەڵۆکدا.
هەروەها، خەبات بۆ ڕزگاری ژنان خەباتێکی مێژوویی ڕوو لە هەڵکشانە و هیچ سنوورێکی دەستکردی زەینی (ذهني) ناناسێت، چونکە ڕەگوڕیشەی ستەمی ژنان و پیاوسالاری لە پێکهاتەی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداریدا چەسپاوە و بەردەوام بەرهەمدەهێنرێتەوە، هەروەها کولتوور و نەریتە دژە ژنیـیەکان کە بە میرات ماوەنەتەوە بەدرێژایی هەزاران ساڵ، و بەرژەوەندییە ماددییەکانی ستەمکاریی ژنان وای لێدەکات کە بەردئاسا ڕەقوتەق بێت و سەرسەختانە بوەستێتەوە بەرامبەر گۆڕانکاری.
بۆیە دەبینین هەر کات کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازانەی ژنان پێشرەویی دەکات و دەستدەگرێ بەسەر قەڵایەکی پیاوسالاریدا، قەڵاگەلیکی دیکە دەردەکەون کە تا ئەو کات شاراوە بوون لەبەردەمیدا و بەم شێوەیەش خەباتەکە بەردەوام دەبێت. سەرەڕای هەر پاشەکشەیەک کە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە قۆناغە جیاجیاکانی ئەم پڕۆسە مێژووییە هەڵکشانەیەیدا ڕووبەڕووی ببێتەوە، مێژووی خەباتی ژنان گوڕانکاری چۆنایەتی (نەوعی) و قەڵەمبازی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە ڕێڕەوی گەشەسەندنی خۆیدا، وەک ئەوەی لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا ڕوویدا. وە ئەوەش ڕوونە کە چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و ڕەوتەکانیان و ستراتیژە دژبەیەکەکانیان بە شێوەی جیاواز کاریگەرییان لەسەر ئەم مێژووە هەڵکشاوەی ڕزگاریخوازی هەبووە، هەر لە “فێمینیزمی لیبراڵ” بۆرژوازییەوە بەهەموو ڕەنگەکانیەوە تا دەگاتە فیمینیزمی مارکسیستی و تا شەپۆلە فێمینیستیەکانی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و ئەوانی تر.
دوای تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەکە،
بەرزکردنەوەی چاوەڕوانیـیەکان و داواکاریـیەکانی بزووتنەوەی ژنان
بە تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، ئیتر ناتوانرێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و ڕەوتی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی کۆن، واتە ماوەی پێش پەسەندکردنی هەموارکردنەوەکە، لە بواری یاساکانی ڕێکخستنی باری کەسێتیدا، و هەر بۆیە ناتوانێت خۆی لەم بوارەدا سنووردار بکات بە گەڕانەوە بۆ داواکاری بەرگریکردن لە یاسای باری کەسێتی (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)، بەڵکو پێویستە لەوە زیاتر بڕوات و خەبات لەم لایەنەوە بەرز بکاتەوە بۆ قۆناغێکی باڵاتر کە وەڵامی واقیعی ئەو قۆناغە بداتەوە کە بەکردەوە تیایدا دەژی. گومانی تێدا نییە کە ئەمە بە مانای درێژەنەدان نییە بە خەبات لەم قۆناغە ریگوزەریەدا (ئینتقالیەدا) بە مەبەستی پوچەڵکردنەوەی پڕۆژەی هەموارکردنەوەکە.
ئەم پەرەسەندنە بەو مانایەیە خەباتەکە بۆ ئەو ئاستە بەرز ببێتەوە و یاسایەک بخاتەڕوو کە لەسەر بنەمای ڕزگاری و یەکسانی تەواوی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان وەک هاووڵاتی لە کۆمەڵگەیەکی جیهانیدا، داڕیژرابێت، وە بەجۆرێک لەگەڵ دوایین ماف و ئازادییەکان کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و پرۆلیتاریا سۆسیالیستی جیهانی بەدەستیهێناون، یەکبێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە، ئەوەش ڕوونە کە هەر فۆرمێک داواکارییەکانی داهاتوو لەم بوارەدا دەیگرێتەبەر، پەیوەستە بە گۆڕینی هاوسەنگی هێزە چینایەتیـیەکانی ناو کۆمەڵگە بە قازانجی پرۆلیتاریا و ژنان.
گرتنەبەری ڕوانگە و ڕێبازی ماتریالیستی دیالکتیکی شۆڕشگێڕ لە بواری بزووتنەوە و پرسی ژنان و پرۆسەی پێشرەویی ڕزگاربوونیان، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بەسەرجەم تێڕوانینی ماتریالیستی شۆڕشگێڕانەمانەوە هەیە بۆ جیهان و دیاردەکان و جەوهەریان، واتە ئەو تێڕوانینەی کە گۆڕانکاریـیەکان تەنها وەک گوڕانکاریە شێنەیی و پلە بە پلەیەکان و بەپێی گەشەسەندنی سروشتی و تیۆری پەرەسەندن نابینێ، بەڵکو بەپێی مەبدەئی ڕوودانی بازدان و شۆڕش و گۆڕانکاریـیە چۆنایەتیـیەکان دەبینێ، بەڵام گرتنەبەری ئەم ڕێبازە شۆڕشگێڕانەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری و جێبەجێکردنی لە هەر سەردەمێکی مێژووییدا، مەرجدارە و لە ڕووی مێژووییەوە و بە شیوەیەکی توندوتۆڵ پەیوەستە بەو چینە کۆمەڵایەتیـیە و توێژەکانی کە بەرژەوەندییان لە هێنانەدی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەدا هەیە، واتە پەیوەندیی بەو چینەوە هەیە کە لە ڕووی مێژووییەوە شۆڕشگێڕە.
لە سەردەمی ئەمڕۆی تەشەنەی سەرمایەداری بەسەر تەواوی هەسارەی زەوییدا و گەشەی چینی کرێکار بەهەموو مانای وشەکە وەک چینی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕی جیهانی، گرتنەبەری ڕێبازی شۆڕشگێڕانە لەوێوەیە کە بارودۆخی ژیانی ڕۆژانەی ئەم چینە و باریگرانی ئەو کوتوبەند و کۆیلەکردن و جیاکاری و ستەمانەی کە لە ژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا ئەزموونی دەکات، هەر ڕۆژەوە پتەوتری دەکات. شۆڕشەکان بە تایبەت لەم سەردەمەدا هاتونەتە نێو ئەجێندای مێژوو و بەشێک لە میکانیزمەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن، بۆ ئەوەی هەموو ئەوەی بەسەرچووە و کۆنە لە میراتی چەوساندنەوە و سەرکوت و جیاکاری ڕاماڵێت، لە بەرامبەر پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بەرەو قۆناغێکی باڵاتر.
لەم بارودۆخە نوێە و هەلومەرجی دوای سەپاندنی ئەم پاشەکشەیە بەسەر ژنان و ماف و ئازادییەکانیان و داسەپاندنی نەهامەتی بەسەر منداڵانی کچ لە عێراقدا، بە هۆی تێپەراندنی هەموارکردنەوەی یاساکەوە، گرتنەبەری ڕێبازی شۆڕشگێڕانە بۆ خوڵقاندنی گۆڕانکاری بووەتە پێویستییەکی واقعی خەباتی ژنانی پرۆلیتاری، و خۆی جێگیر دەکات لەسەر بنەمای پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان ئەم خەباتە و خەباتی پرۆلیتاریا بەگشتی دژی سیستەمی سەرمایەداری و هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوە و جیاکاری و سەرکوت.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەرچەندە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستەکان توانیان دەسەڵاتی خۆیان و پایەکانی حوکمڕانی خۆیان بچەسپێنن، بەڵام ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و خەباتی چین و تۆیژە کۆمەڵایەتییە چەوساوە و ستەملیکراوەکان بۆ ساتێکیش نەوەستاوە، و ئەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەی کە عێراق لە تشرینی یەکەمی (٢٠١٩) و چەند مانگێکی دواتریشیدا شاهیدی بوو بەشێک بوو لە ڕەوەندی سیاسی عێراق، و ئەگەری سەرهەڵدانی سەرلەنوێی لە ئارادایە لە قۆناغەکانی دواتردا، و بە ڤێرژنێکی نوێ و جیاوازی چۆنایەتیـیەوە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە تێپەراندنی یاسای باری کەسێتی ستراتیژێکی سیاسی کۆنەپەرستانەی ئەم بزووتنەوە دەسەڵاتدارانەیە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی لەرزۆکی خۆیان و هێچی تر.
٢٦ی ژانویەی ( کانونی دووهەمی) ٢٠٢٥
-.-.-.-.-.-.-.-
(1) کۆمێنتەکەم پێشتر لە پەراوێزی وتارێکی هاوڕی (ینار محمد) نووسیوە، کە سەبارەت بە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە بوو، و لە هەمان بەرواردا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردبووەوە.
(2) https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=7477