
يەکەی ژانر و بەهای دەق.. سەردار ڕەزا جاف
خودی دەق ئەو نووسينە هەمەجۆرەيە لە يەکێ لە کايەکانی ئەدەبی و هونەری و زانستی و ئابووری و ڕامياری و سەربازی ….تاد، بەر چاو دەکەون و ژانرێکی گرێدراوە بە ئاراستەيەکی دياری کراو و يەکەی ژانری تێدا مەيسەر بووە و لە کرۆکی باسەکەی لای نەداوە، ئێمە لێرەدا باس لە دەقی ئەدەبی دەکەين و ئەم لايەنەمان زێتر لا گرينگ و مەبەستدارە بە تايبەت هەردوو بواری شيعر و ڕۆمان، لە رۆژگاری ئێستاماندا بە هۆی دونيای بێسانسۆر و بەربڵاو و بەرەڵای سۆشيال ميديا، هەر بابەيە و دادەيە بووە بە نوسەری عەيارە ٢٤ و پێی وايە ئیدی کەس بە کەس نييە و ئەو پانتاييەی بۆ دەچێتە سەر، هەموو نووسين ژانرێک خودان يەکەيەکی تايبەت بە خۆيە و گەرەکە نووسەر سەرەتا خۆی لە قاڵب بدات، ئەو بەناو ئازادييە بەرەڵاييە شياو و لە بار نين بۆ دونيای ئەدەب و بە هيچ کڵۆجێک ناخزێتە خانەی دەقی ئەدەبی ڕێچکە تەواو، ئەوەيش من و کەسانی ديکە نين بڕياری لە سەر بدەين، وەلێ کۆمەڵێ ميتۆد و بەهای پيرۆزی ئەدەبييە ڕێی پێ نادات بە پێی خاوسی تێی بکەوێ و مەيلی چۆن ڕێی پێبدا بە ئارەزووی خۆی مەلەی تێدا بکات، لەم سۆنگەوە گەرەکمانە بەرچاو ڕوونييەک بخەينە بەر دەستی ئەو کۆڵکە نووسەرانە تا تێ بگەن کۆمەڵێ بنەمای زانستی هەن و گەرەکە نووسەر، جا شاعير بێت يان ڕۆماننووس پێيەوە پابەند بێت، لیڕەدا دەمانەوێت بێژين دەقی ئەدەبی لە هەر دەقێکی زانستی ئەوانی دی لەسەرەوە باسمان لێوە کرد جياوازە، لە نووسينی کايەکانی دی جگە لە ئەدەبی بە تايبەتی زانستی پێويستە پشت بە بەڵگە و زانياری پڕاوپڕی ژانرەکەی بەر دەست بێت، کەچی لە بواری ئەدەبيدا زۆربەی هەرە زۆری نووسينەکان لە خەياڵی ئەديبەوە چەکەرە دەکات، جا بۆيە ئەو خەياڵە ناچار دەکرێت پەيوەست بە بنەماکانی نووسين بێت، تەنها سەرەتای نووسينی ئەدەبی ڕەوانبێژی و ئێستاتيکا دوو بنەمای هەرە سەرەکين بۆ هەر دەقێکی ئەدەبی، ئێمە هەوڵ دەدەين لێرەدا هەم ئەم لايەنە شرۆڤە بکەين هەميش يەکەی ژانرلە ناو شيعری هاوچەرخ و ڕۆمان، کە ڕۆمان بە ديد و تێڕوانينمان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پانتاييەکی فرەی گرتووە و خوێنەری باشی هەيە.
چەمکی دەق :
يەکەم :
زمان لە دەقی ئەدەبی : دەق گرينگی بەهای تايبەت بە خۆی هەيە، کەواتە نووسەر پێويستی بە چييە بۆ هاوێربوونی دەقێکی ئەدەبی لە هزرێکی جەنجاڵی خەياڵاوييەوە کە دەڵێين جەنجاڵ هەم شيعر و هەميش ڕۆمان لە نێو هزری نووسەرەکەدا ژاوەژاو و ئاڵۆسکاوييەک دەخولقێنێت مەگەر هەر خودی نووسەرەکە بۆ خۆی سەری لێ دەربکات، تاوەکوو دەقێکی جوان و پڕ چەمکی بەهادار دەخاتە بەر ديدی خوێنەر، نووسەر گەرەکە توانای بە سەر زمانەکەدا بشکێت نەبا لە هەڵوێستێکدا نەزانێ چۆن بنووسێت و چۆن بدوێ کەواتە ڕەوانبێژی دەرگای جوانی نووسين واڵاتر دەکات.
ئاخۆ دەق هەر لە خۆڕایی و بە گۆترە لە دايک دەبێ، بێگومان نەخێر، بەر لە هەموو بنەما و پرنسيپەکانی نووسين، نووسەر زۆر گرينگە خاوەن پاشخانێکی ئەپستمۆلۆژی بێت، بە بێ بوونی مەعريفەيەکی پڕ, ئاستەنگە بتوانێت خۆ لە قەرەی کارێک بدات پێی بوترێت دەق، بۆ نمونە مێژووی ئەدەب يەکێکە لەو بنەمايانەی نووسەر يان ئەو کەسەی دەنووسێت شتێک لە بارەيەوە بزانێت، ئەمە يارمەتیدەر دەبێت بۆ خودی نووسەرەکە، بەر لە گەڕانەوە بۆ نووسينی دەق پێويستە شتێ لە بارەی ئەدەب بخەينەڕوو، کەواتە لێرەوە نووسينی دەق پێمان دەڵێ بەر لەوەی من بنووسيت بخوێنەوە، خوێندنەوەيش بۆ کاری ئەدەبی ناکرێ خوێنەنەوەی سەرپێی بێت، وەلێ خوێندنەوەيەکی قووڵ تا ڕۆحی خوێندنەوەی تێدا تۆو بکرێت بە جۆرێک کە سبەی دارەکەی بەرهەمدار بێت و لە بەریدا بەو ئامانجە بگات کە مەبەستێتی لە نووسينی دەقی ئەدەبيدا، لايەنێکی ديکە لە خوێندنەوە بەر لە نووسين هەوڵ بدە شيعر يان چيرۆک يا خود ڕۆمان بەو ئەدايە بخوێنەوە کە چێژ بە بيسەر دەدات، ئەودەم خوليايەکت لا دروست دەبێت بەرەو شۆڕبوونەوەی قووڵ بەرەو خوێندنەوەی زياتر تا بتوانی بکەويتە نووسين، لە هەر لايەکەوە پەنجە بەرەو دەق ببەين پێمان دەبێژێ دەق بريتييە لە : کۆمەڵە ڕستەيەکی گرێدراوە بە شێوە زمانێکی ڕاست و دروست نووسرابێت و بە پێی ئەو پەيوەندييە دياريکراوە، (( کە پەيوەندی لە نێوان دوو ڕستە يان زياتر هەبێت، لە نووسينی دەقی ئەدەبی پشت بە ئەبستمۆلۆژی دەبەستێت ))” ١ “ هەروەک گوتمان مەعريفە بنەمای سەرەکييە، کەواتە خوێندنەوەی پێشوەخت و ئاشنا بوون بە کۆڵەکە سەرەکييەکانی ئەدەب وا لەو نووسەرە دەکات کاری جوان و بەهادار بخاتە بەر دەستی خوێنەر، ئەمەيش لە ڕێی شەونخونييەوە بەرهەم دێت.
هەڵبەتە کاری نووسينی ئێمە لە سەر دەق نييە بە بارتەقای ئەوەی دەمانهەوێت يەکەی ژانر “ الوحدة الموضوعية “ لە دەقدا باس بکەين، پەنجە درێژکردن بۆ خودی دەق دەبێ کاری لە پێشينە بێت، کە خودی دەق بنەماکانی بە تەنها يەکەی ژانر نييە لێ کۆمەڵێک بنەما هەن پێويستە نووسەر لە بەرچاويان بگرێت، ئەوەی لێرەدا باسی لێوە دەکەين دڵۆپێک لەو دەريا پان و بەرينەيە و دواتر دێينە سەر خودی جەوهەری باسەکەمان، زمان لايەنێکی ديکەی تايبەتمەندی نووسينە، ناکرێ دەقی شيعری و سەرهات و رووداوەکانی ڕۆمان بە يەک زمان بنووسرێت دەکرێ زمانێکی پەخشان ئامێزی بە باڵای رۆماندا بدوورين، زمان ئێستاتيکا بە دەق دەدات، ئەگەر بە هەمان ئەو زمانی ئاخاوتنە دەقێکی شيعری بنووسرێت يان ڕۆمان تەنها گێڕانەوەی سەهات و رووداو بن، ئەوا هەر کەسێک دەتوانێ بەربێتە وێزەی ئەدەب هەروەک ئەمڕۆ لە سۆشيال ميدياکاندا دەبينين چ سەرگەردانييەک ڕووی لە ئەدەبی کوردی کردووە، ئەم حاڵەتە تەنها نەتەوەی کوردی نەگرتۆتەوە بەڵکوو نەتەوەکانی ديکەيش دووچاری ئەم گرفتە بوون هەر يەکەيش لای خۆيەوە بەرەو پاککردنەوەی دونيای ئەدەب هەنگاوی هاويشتووە، ئەدەب بۆ خۆی زمانە ئێمەيش بێين زمانەکە تێکبشکێنين جا چی دەمێنێتەوە بۆ ئەدەب، زمان ئەو هۆکارە هەرە گرينگ و سەرەکييە کە هەر يەکێک لە ئێمە بۆ گەياندنی مەبەست و ئارەزووەکانی دەری دەبڕێت، ڕايەڵەی پاکی نێوان تاک بە تاکی مرۆڤەکانە، هەر لە ڕێگای زمانەوە دەتوانين کۆمەڵێ کايەی گرينگ لە ژيانی هەر يەکێکمان پاشان نەتەوەکەمان هەم بە يەکدی هەميش بە گەلانی ديکە بناسێنين، لە ڕێگای نووسينەکانمان کە ئەويش زمانێکی تايبەت بە خۆی هەيە و جوانی دەربڕينەکانمان وا دەکات ئاسوودەیی ياخود چێژ بە بەرامبەر بگەيەنێت، هەروەک گوتمان باسمان لای ئەدەبە، کەواتە ئەدەب يەکێکە لەو هۆکارانەی کە زۆر سەرەکين بۆ ناساندنی هەم خۆمان وەک تاک هەم گەلەکەمان وەک نەتەوە، کەواتە ئەدەب ئەو پانتاييە جوانەيە کە ڕێمان بۆ خۆش دەکات زياتر پەل بهاوێژين، (( ئەدەب بە بێ زمان بوونی نييە، زمان ئاسەواری خۆی لە ناسنامەدا جێدەهێڵێت، چونکە بە نێو بوونی مرۆڤ و ئينتيماکەيەوە شۆڕ دەبێتەوە، جا لە بەر ئەوە دەگوترێت ئەدەب ئاوێنەی گەلانە کە خۆی تێدا دەبينێتەوە، لە ڕێگايەوە ناسنامە و بوونی خۆی تێدا دەردەبڕێت )) “ ٢ “ کەواتە با ئەو ئاوێنەيە تەڵخ نەکەين و زمانی جوانی ئەدەبی و ڕەوان و پاراوی کوردی لە دەقە ئەدەبييەکانمان بوونی هەبێت.
زمان بە پێی سەردەم گۆڕانی بە سەردا هاتووە و هێشتان ئێمەی کورد زێتر پێويستيمان بە پێشخستنی زمانە نەخاسمە زمانی ئەدەبی، زمانی ئەدەبی هێندەی کاری خودی ئەديبە هێندە کاری زمانناسەکان نييە، چونکە هەروا هاتووە زمانناسەکان لە ڕووی زانستی ئەکاديمييەوە پەرە بە زمان دەدەن کەچی لە بەرامبەردا بە تايبەت شاعير هەوڵ دەدات زمانی دادێی تاک ئەو زمانە بێت کە لە شيعرەکاندا بوونی هەيە، کەواتە ئەرکی ئەديب بە تايبەت شاعير زۆر قورسە و ئەمانەتيشە، (( پەيوەستی ئەدەب پەيوەستييەکی بەڵگەدارييە بە زمانەوە، بەرهەمی ڕاستەقينەی زمان ڕۆشنگەری بلۆگ بەم زمانە پارێزراوە لە چوارچێوەی فۆرمی ئەدەب و دەرکەوتەکانی، کە هەمەچەشن دەبێت بە جياوازی دەڤەر و سەردەم و کاتەکان، لێرەدا زۆر گوتەی ناودار لە بارەی ئەدەبەوە هەيە لەوانەی ئەوەی ، وليەم هازلت* دەيڵێ “ ئەدەبی هەر نەتەوەيەک ڕەنگدانەوەی وێنای راسەتەقينەیەتی” )) “ ٣ “ کەواتە بايەخدان بە ئەدەب کە زمان بنەمای سەرەکی ئەدەبە رەنگدانەوەی وێنای خودی نەتەوەکەيە و، ئەگەر کورد و نەتەوەی کوردمان بە دڵکارانە خۆشدەوێ بە بێ ئاشنابوونمان لە زمان و ئەدەب پەنای بۆ نەبەين، تەنانەت ڕێنووسيش کاريگەری تەواوی خۆی لە سەر زمانی نووسين هەيە..
پێمان وايە هێشتان نەمانتوانيوە و هەرگيزيش ناتوانين مافی تەواو بە بەهای زمان لە دەقی ئەدەبی بدەين، وەک دەقی هاوچەرخ و تازەگەری کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی هەيە، ئەوەی زۆر گرينگە زمانە پێمان باشە شتێک لەم لايەنەوە باس بکەين بەر لە غلۆربوونەوەمان بە نێو يەکەی ژانر لە دەقی ئەدەبی تازەدا، هەروەک وتمان زمان کۆڵەکەکەيەتی، لە تەک ئەوەيش (( تێکشکاندنی کێش و سەروا، هەمەجۆرکردنی شێواز و ژانرە جۆربەجۆرەکان، دەربڕين ناخی خود کە لە واقيعەوە هەڵقوڵا بێت، تێڕوانين بۆ ئايندەی بوون و ژيان، تا چەند کاريگەرە بە ڕەوتە فيکری و هونەرييە تازەگەرييەکان، جەخت بکاتەوە لە سەر ئەزمونی شيعری خۆی و دەوروبەری، مەيلی هەبێت تازەگەری لە فۆرم و ناوەڕؤک بخوڵقێنێت.. چەند لايەنێکی ديکەيش …… )) ئێمە تەنها باسمان لە کورتەيەکی زۆر زۆر کورتی زمان کردن مەبەستيش ئەوەيە کەسێ زمانی ئەدەبی لەنگ بێت تکايە با سۆشيال ميديا بە هەل نەقۆزێتەوە بۆ شکاندنی ئاوێنەی نەتەوەيەک…
دووەم :
ژانر و يەکەی ژانر : کۆڵەکەی يەکەی ژانر تەنها بيرکردنەوەی خودی نووسەرە و هيچی دی، شتێکی بوونە لە جيهانی درەوەماندايە ئەوەيش هەست و درکی پێ دەکەين و خود ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کەواتە خود لە ڕێی ئاوەزەوە درک بەو جيهانەی دەرەوە دەکات کە بوونی هەيە، لێرەدا بيرکردنەوە ئەو ژانرە لە چوارچێوەی دەقێکدا دادەڕێژێت بۆ گەياندنی چەمکی دياری کراو بە وەرگر، ژانر بۆ خۆی بيرۆکەيەکی سەرەکی کاری ئەدەبی يان هونەری ياخود مۆزيکييە. هەر کايەيەک لە کايەکانی پەيوەست بە ژيانی مرۆڤەوە ژانری فرە ڕەهەندی خۆی هەيە، ئێمە کارەکەمان لە بارەی ئەدەب و لە ئەدەبيش ڕۆمان و شيعرە.
بەر لە ڕۆچوون بە نێو يەکەی ژانر، گەرەکمانە بێژين کە بنەما زانستی و ميتۆدييەکانی شيعر ڕۆمان ناخزێنە چوارچێوەی يەکەی ژانرەوە، زۆر هەن ڕەنگە وا تێ بگەن کە هەردووک يەک بن، نەخێر کە دێينە سەر ڕۆمان بنەماکانی ڕۆمان، بۆ نمونە گێڕەرەوە، کات و شوێن، زمان، پاڵەوان، گرێ، يان کرۆک “ الحبکة” کە ئەمايان دەکرێ ئاوێتەی ژانر ببێت، چونکە خودی ژانرەکەيە، بۆيە ناکرێت ئەوانی دی تێکەڵ بە ژانر بکرێن..
لێرەدا پرسيارێک دێتە پێشەوە، ئاخۆ ئێمە بۆچی باسمان لە يەکەی ئەندامێتی نەکرد و يەکەی ژانرمان هێنايە بەر باسکردن، ديارە دوو ئاراستەی جياوازن و هەردوو ئاراستەيش لە خاڵی سفری يەکدييەوە سەرچاوەيان گرتووە، قسەيەک هەيە هەميشە دەگوترێتەوە “ ئێمە کوڕی سەردەمی خۆمانين “ کەواتە شاعيرانی سەردەمی کۆنيش کوڕی سەردەمی خۆيان بوون لە ژێر کاريگەری ئەدەبی دراوسێکانمان بوون، ئەمە حاشا هەڵنەگرە، نمونەيش عەروزی شيعری عارەبی، لێرەيشدا هەمان کاريگەريان بە سەرەوە هەبووە، يەکەی ئەندامێتی زۆربەی بيرمەند و ڕەخنەگران لە سەر ئەوە کۆکن کە ئەم لايەنە پەيوەستە بەوەی ، بەيتەکانی هەر دەقێکی شاعيرانی کۆن يەکەی ژانريان نييە و يەکەی ئەندامێتييان هەيە، بەواتە هەر بەيتێک لە دەقە شيعرييەکانيان بە يەکەوە پەيوەست نين هەر بەيتێک سەربەخۆیی خۆی هەيە واتا ئەگەر بێت و پاش و پێش بە بەيتەکانيان بکرێت ئەوا کاريگەری زۆری لە سەر نابێت، دەقی ئەمڕۆ ئەو فەزايە قبووڵ ناکات، بۆ نمونە ئەگەر باسی مرۆڤێک بکەين لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئەوا بە زنجيرە پێيدا دێينە خوارەوە، ئەمە بە واتا پەيوەست بوونی بە دوای يەکەوە، کەواتە ئەمە يەکەی ژانرە، وەلێ ئەگەر مەرج نەبێ باس لە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەکە بە زنجيرە بکەين و هەر جارەی شوێنێکی باس بکەين ئەوا ئەمەيان دەچێتە خانەی يەکەی ئەندامێتی بەڵام هەردووکيان لە يەک قاڵبدان هەردوو باس لە جەستەی مرۆڤ دەکات، يەکێکيان بە زنجيرە لە سەرەوە بۆ خوارەوە يان لە خوارەوە بۆ سەرەوە، ئەمەيان يەکەی ژانرە، ئەوی دی هەر جارەی باس لە ئەندامێکی لەشەکە دەکات وەلێ بە زنجيرە نييە ئەمەيش يەکەی ئەندامێتييە، هەردوو ئاراستەيش کۆمەڵێ بيرمەند و ڕەخنەگر لاگيری لێ دەکەن و هەروەها لە نێوان هەردوو ئاراستەکەيش ئاراستەيەکی دی هەيە و مەيلی هەردوو ديويان هەيە، (( لەو گؤڕانکارييەی کە کاريگەری و جياوازی تێدا ڕوو دەدات، دەبێتە هۆی ئەوەی وا لە قەسيدەکە بکات ناڕێک و شلوێ “ ناڕوون “ بێت، بەيتەکانی لە بەر يەک هەڵدەوەشێنێتەوە، ئالێرەدا ئەمە يەکەی ئەندامێتی پێ دەوترێت، وەلێ ئەو خاڵەی پەيوەستە بە يەکەی ژانر ئەوەيە کە سەرتاپای قەسيدەکە لە يەک جۆری دياريکراو خۆی دەبينێتەوە، هيچ شتێکی دی لە تەواوی قەسيدەکە لە خۆ ناگرێت، و لە گەڵ کۆنیتێکستی شيعرەکەدا دەگونجێت)) “ ٤ “ کارەکە لێرەدا بە کۆتا نايەت هەروەک گوتمان دوو ئاراستە هەن کەواتە مشتومڕ و دەمودوويەکی زۆر هەڵدەگرێ و وا بە سانایی نەک يەکلانابێتەوە وەلێ يەکلانەبۆتەوە، (( يەکەی ئەندامێتی شيعر کاريگەرە – تا مەودايەکی دوور – لە درک پێکردنی و جێبەجێکردنی بە بۆچونی ئەرستۆ بۆ يەکەی داستان و شانۆنامە، مەبەستمان لە يەکەی ئەندامێتی لە قەسيدەدا، يەکەی ژانرە، يەکەی هەستتە کە شاعير دەيورووژێنێت، ئەوەی لێرەدا پێويستە بەدوای يەک ڕێکستنی وێنا و بيرکردنەوەکانەوە رێکبخرێت شيعرە ورد ورد پێشبکەوێت، تا کۆتا تەواوبوونی دەخوازرێت بيرکردنەوە و وێناکان رێکبخرێن، بە مەرجێ بەشەکانی قەسيدەکە بونيادێکی زيندوو بێت، هەر بەشێک کاری خۆی دەبێت، کە لە ڕێگەی ريزبەندی بير و هەستەکانەوە بەرەولای يەکدی بەرن)) “ ٥ “ ئەوەی لێرەدا بۆمان ساغ دەبێتەوە کە ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان دوای ئەوەی سەرچاوەيەکی زۆرمان پشکنی و کنەی ئەم پرسەمان کرد، وای بۆ دەچين کە يەکەی ژانر بەشێکە لە يەکەی ئەندامێتی، وەلێ وەک نها گەورە نەکراوەتەوە، بۆ ئەمڕۆ لە دەقی شيعری نوێگەريدا پێويستە قەسيدەکە يەکەی ژانر بە سەريدا زاڵ بێت، لە ڕۆماندا يەکەی ئەندامێتی زێتر پێويستە، کەواتە بۆچی لەم بوارەدا جياوازە ؟ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە لە ناو ڕۆماندا چەندين چيرۆک هەن خزمەت بە چيڕۆکە گەورەکە يان بڵێين بە خودی مەبەستی نووسەر لەو دەقەی نەخشەی بۆ داڕشتووە دەکات، ئەدەب نەمازە شيعر پەنجە بۆ هەر لايەنێکی ببەی دەرگای ديکەت لێ دەکاتەوە و پەل بۆ زۆر لايەنی ديکە دەهاوێت، کوردی و کورتييەکەی وەک زەردەواڵە لێت دەئاڵێ و ناکرێ پشتگوێی بخەی، زۆر جاريش لە ناچاريدا لە لای هەر نەتەوە و گەلێکەوە بێت لە کورتی دەيبڕنەوە و بۆ خەڵکانی ديکەی جێ دێڵن بەردەوامی پێ بدا و دەرگای دەمودوو و مشتومڕ بکاتەوە.
يەکەی ژانر پێويستی بە زنجيرە باسی لۆژيکی هەيە کە لە چواچێوەی پرسێکدا دەخولێتەوەو پەل بۆ لايەنی ديکە ناهاوێژێت، ئەمە بۆ شيعر زياتر لە بارترە وەک لە ڕۆمان، ڕۆمان بۆ چەندين لا پەل دەکوتێت وەلێ لە چواچێوەی ژانرەکە يان خزمەتکرنی بە ژانری سەرەکی بيرکردنەوەی نووسەر يان چاکتر وايە بێژين، لە کرۆکی باسەکە لا نادات هەموو پەيوەست دەبن بە يەک پرسەوە ئەويش ئەو ئاراستەيە ڕۆمانەکەی لە سەر بونيادنراوە.(( چەمکی ئەدەب، ئاستی ئاوەزييە، توانای چالاکی ئاوەز سوودبەخشە بە پێکهێنانی دروستکردن و هۆنينەوەی توخمە پێکهێنەرەکانی کەرەستەی ئەدەب و داهێنانەکەی، ئەم توخمە سێ پێکهاتەی سەرەکی لە خۆ دەگرێت کە ئەمانەن : “ فۆرم ، ڕەگەزی ئەدەبی ، کار “ فۆرم سوود بە پێکێنەری زمانی داڕشتن دەگەيەنێت، ئەوانەيشی لە فرە شێوازە ئەدەبييەکلندا لە خۆی دەگرێت، کەچی رەگەزی ئەدەبی، سوود بە چوارچێوە گشتييەکانی فۆرم دەگەيەنێت، لە جۆرە هونەرييە گشتييەکان و لقی ڕەگەزە ئەدەبييەکان، هەروەها کاری سێبەری سوود بە هۆکاری نووسين دەگەيەنێت” و نامانجەکانی ئەدەب لە بەهای بيرکردنەوەی هەمەچەشن کۆمەڵايەتی، ڕۆشنبيری و ئێستاتيکا و واتای ژانرييکان لە خۆدەگرێت هەر لە چەمکی فۆرم و ڕەگەزی ئەدەبی )) “ ٦ “ بۆ هەر دەقێکی ئەدەبی گەرەکە ئەو سێ فاکتەرە هەميشە لە بەرچاو بگيرێت لە پێناو سەرکەوتنی دەقە ئەدەبييەکە، ئەوانيش فۆرم و ڕەگەزی ئەدەبی و کارەکەی، ئەمەيش لە ڕێی چالاککردنی ئاوەز “ عەقڵەوە” بەرهەم دەهێندرێت، گەرەکە ئاوەزيش تێر مەعريفی بکرێ.
سەردار ڕەزا جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا
سەرچاوەکان
١ – بحث عن خصائص النص الأدبي، کتابة، ندی أبراهيم ، موقع المرجع، في ١٦ / ٥ / ٢٠٢٥
٢ – ماهية العلاقة بين اللغة و الأدب و کيف يؤثران بعضهما، سامر سليمان، موقع سيدتي ، ٣١ / ٧ / ٢٠٢٤
٣ – تعريف الأدب لغة و أصطلاحا، کتابة: ألاء مبارک ، موقع فهرس في ٥ / ٧ / ٢٠١٩
٤ – ماهي الوحدات الموضوعية، کتابة : حنان عصام، موقع المرسال في ٢٦ / ٤ / ٢٠٢١
٥ – النقد الأدبي الحديث ، دکتور محمد غنيمي هلال ، دار نهضة مصر للطباعة والنشر و التوزيع، أکتوبر ١٩٩٧
٦ – قانون الکتابة الأدبية : الحعاصر والمکونات الأساسية، الأستاذ الدکتور عبدالرحمن محمد بن الوهابي، ، قسم اللغة العربية و آدابها، کلية الآداب والعلوم الأنسانية ، جامعة جدة “ السعودية “
- وليەم هازليت نووسەری ئينگليزی و ڕەخنەگری دراما و وێنەکێش و فەيلەسوفە لە ١٠ نيسانی ١٧٧٨ لە دايک بووە و لە ١٨ / ٩ / ١٨٣٠ ماڵئاوایی لە ژين کردووە، ئەمێستاکە بە مەزنترين ڕەخنەگر و نووسەری وتار لە بارەی ميژووی زمانی ئينگليزی دادەنرێت، هاوشان لە تەک سامۆئيل جۆنسۆن و جۆرج ئۆرويل….. سايتی ويکبيديا