ده‌لالخانه‌ی قسه‌كردن!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ده‌لالخانه، بازاڕێكی بچووكی چه‌ند سه‌د مه‌تری بوو، له ناوجه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێر و تیایدا سه‌دان كه‌س له‌و بازاڕه‌دا، كاڵا‌و كه‌لوپه‌له‌كانی خۆیان هه‌راج ده‌كرد و هه‌ر شتێكت ویستبا، بێ ڕه‌چاوكردنی كواڵیتی و بڕاند و كۆن و نوێی، ده‌ستت ده‌كه‌وت و كورد وته‌نی هه‌ر كه‌له و ئاوازێكی لێ ده‌رده‌هات، كه هه‌تا شوێنه‌كه نه‌كرا به پاركی شار، بازاڕه‌كه هه‌ر مابوو. ئه‌م بازاڕه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌بوو، كه هه‌موو كه‌سێك ده‌یتوانی كاڵای خۆی لێ هه‌راج بكات و ڕیكلامی بۆ بكات و وه‌ك بڕاند بیناسێنێت. كاتێ سه‌رنجیش له ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی دنیای سۆسیال میدیا له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌ده‌م، هه‌مان ئه‌و بازاڕه‌م دێته‌وه بیر، چونكه له به‌شێكی زۆری سۆسیال میدیادا، به ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه، كه له ڕاستیدا گه‌ڕه‌لاوژێیه، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قسه بكات! بۆیه ده‌كرێ ئه‌م ڕووبه‌ره به ده‌لالخانه‌ی قسه‌كردن ناوبه‌رین، چونكه له پڕۆفیسۆرێكه‌وه بۆ بێ بڕوانامه‌یه‌ك، له فه‌یله‌سوفێكه‌وه بۆ كه‌سێكی میللی و ناڕۆشنبیر و له بیرمه‌ندێكه‌وه بۆ به‌قاڵێك و له تێكۆشه‌رێكه‌وه بۆ خۆفرۆشێك و له زانایه‌كه‌وه بۆ نه‌زانێك، هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێ جیاوازی ده‌توانن قسه‌ی تێدا بكه‌ن، كه ئه‌مه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره و ڕاسته‌قینه‌یه، چونكه له هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، هه‌مووان ڕۆشنبیر و شاعیر و تێكۆشه‌ر و فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند و سه‌ركرده نین و نابێ هه‌مووان ببنه شاعیر، یان بۆ نموونه به ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه هه‌ر شتێك مه‌به‌ستیان بوو بیڵێن، به تایبه‌تیش كه كورد ده‌ڵێت: (قسه هه‌زاره یه‌كی به‌كاره). له‌و ڕووبه‌ره به ناو ئازاد و كراوه‌یه‌دا كه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بوونی هه‌یه، ده‌شێ هه‌موو شتێك بگوترێت و بنووسرێت، به‌و مانایه‌ی هه‌ر كه‌سێك چی مه‌به‌ست بێت ده‌توانێت بیڵێت. بۆ نموونه:
شاعیرێكی دۆڕاو دێت ماڵپه‌ڕێك بۆ شیعر داده‌نێت، له‌وێوه زه‌مینه له به‌رده‌م ده‌یان كه‌سی نه‌ناسراو كه له ژیانیان نه‌یانزانیوه ئهلف و بێی شیعری چییه، ده‌ڕه‌خسێنێت كه شیعری تێدا بڵاو بكه‌نه‌وه، كه هه‌مان ئه‌و كه‌سانه ڕه‌نگه نه‌توانن یه‌ك به ناو شیعری‌یان له گۆڤاریك، یان دوو توێیه‌كی ئه‌ده‌بی بڵاوبكه‌نه‌وه. بێگومان ئێمه ده‌زانین ده‌نگی جوان و داهێنه‌رانه‌ی شیعریش له‌وێدا هه‌ن، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر هه‌رده‌قێكی شیعری جوان‌دا، چه‌ندین ده‌قی ناشیعریی و ده‌نگی نه‌ناسراو ده‌بینی، كه ورێنه‌یه‌ك به ناوی شیعر ده‌نووسن، كه بچووكترین بنه‌مای هونه‌ریی شیعری‌یان تێدا نییه. له‌و ڕووبه‌ره به ناو كراوه‌دا، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قسه فڕێ بدات و به جۆرێك وێنات بكات، كه خۆی ده‌یه‌وێت. به نموونه یه‌كێك من به پیاوی ده‌سه‌ڵات ده‌ناسێنێت، له كاتێكدا ته‌نها له ماوه‌ی ئه‌و مانگه‌دا، من چوار وتارم له هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان له دژی ده‌سه‌ڵات بڵاوكردوونه‌ته‌وه، به‌ڵام چونكه خوێنه‌ری سۆسیال میدیا ڕاگوزه‌ر و بێ تێهزرینه و ته‌نها شاشه ده‌بینێت و میدیای كاغه‌زی ناخوێنێته‌وه، ئه‌وا نایانبینێت . ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی ده‌یان وتاری دیكه‌م بڵاوكردوونه‌ته‌وه، كه دژی گه‌نده‌ڵی، بێ خزمه‌تگوزاریی، خراپی حوكمڕانی ، سیاسه‌ت و ئیداره‌دانن له كوردستاندا. یان شاعیرێك كه ته‌نانه‌ت له شاره‌كه‌ی خۆشی نه‌ناسراوه، پێت ده‌ڵێت تۆ شیعر ناس نیت، به مه‌رجێك ئێمه له كۆی نۆزده كتێب، نۆ كتێبمان له سه‌ر شیعر نووسیوه و هه‌ركه‌سێكیش خۆی به خوێنه‌ری ماڵپه‌ڕێكی سه‌نگینی وه‌ك ده‌نگه‌كان بزانێت، له‌وه ده‌گات كه ئێمه به‌رده‌وام سه‌رنجمان له سه‌ر شیعر نووسیوه.
ئێمه ده‌یان جاری تریش وتوومانه نه ڕه‌خنه‌گرین، نه نووسه‌ریشین، ته‌نێ خوێنه‌رێكی ئاسایی دنیای ئه‌ده‌ب و كتێبین. ئێمه له كاتێكدا ئه‌وه ده‌ڵێین، زۆرباش ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌زانین كه وتار و نووسینی پڕ مه‌عریفه و سوودمه‌ندیش له‌و سه‌كۆیانه بڵاو ده‌كرێنه‌وه. هه‌ر بۆنموونه: من هیچ تێبینییه‌كه‌م له سه‌ر وتاره‌كه‌ی هاوڕێی ئازیزم كاك ( سۆران محمد) نه‌بوو، چونكه ده‌زانم له من زیاتر شیعر ده‌خوێنێته‌وه و له سه‌ر شیعر ده‌نووسێت و خۆشم خوێنه‌ری وتاره‌كانی ئه‌وم و به بایه‌خه‌وه نووسینه‌كانی ده‌خوێنمه‌وه، به‌ڵام ناتوانم له به‌رانبه‌ر تۆمه‌تێكی بێ بنه‌ما بێ ده‌نگ بم كه ده‌ده‌درێته پاڵم، له كاتێكدا من ئه‌گه‌ر ڕووپاماییم بۆ ده‌سه‌ڵات بكردایه، ئێستا به‌رزترین پۆست و ده‌سكه‌وت و پایه‌م ده‌بوو، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو هاوشارییانم ئه‌و ڕاستییه ده‌زانن و گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن.
من مامۆستایه‌كی ئاساییم و به ڕه‌نج و ئاره‌قه‌ی شكۆمه‌ندانه‌ی پیشه‌كه‌م ده‌ژیم و وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك مووچه‌كه‌م دوا ده‌كه‌وێت. دواجار ده‌ڵێم، جیلی شیعریی، به قسه و هاش و هووش دروست نابێت، كه‌س گۆران و شێركۆ بێكه‌سی دروست نه‌كردووه، خۆیان خۆیان دروست كرد، ئیدی جیل هه‌بێت یان نا؟! مه‌گه‌ر شێخ نووری و ڕه‌شید نه‌جیب و پیره‌مێردیش له گۆڕه‌پانه‌كه نه‌بوون؟ بۆ هه‌ر گۆرانی مه‌زن به نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ده‌ناسرێت؟!
