گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند دانا ڕەئوف … سازدانی/ شاخه‌وان سدیق
دانا ڕه‌ئووف:
ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه له دروستكردن و بونیادنانی شانۆدا.
سازدانی/ شاخه‌وان سدیق
شانۆ یه‌كێكه له هه‌ره زیندوترین هونه‌ره‌كانی دونیا‌و، ڕۆژانه له شاره‌گه‌وره‌كانی دونیادا چه‌ندین نمایشی جدی به چه‌ندین شێواز‌و ڕێبازی جیاجیاوه پێشكه‌ش ده‌كرێت، له هه‌رێمی كوردستانیش تاڕاده‌یه‌كی باش گرنگی به‌م بواره دراوه، هه‌ربۆیه به پێویستمان زانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند(دانا ڕه‌وف) ده‌رباره‌ی گرنگی شانۆ ئه‌م دیداره سازبدین.
شاخه‌وان سدیق/ ساڵانی ڕابردوو كۆمه‌ڵێك نمایشكران، كه زیاتر نمایشی شانۆیی كلاسیكی بوون و ده‌قه‌كانیان زیاتر ده‌قی وه‌رگێڕاو بوون، ئه‌م كارانه له سه‌ره‌تادا بینه‌رێكی زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام ورده‌ورده ئه‌م بینه‌ره نه‌ما تا ئه‌وكاته‌ی كۆڕی شانۆی با ده‌قی خۆماڵیان دروست كرد، ده‌قێك كه پێشتر نه بووه و خۆیان دروستیان كرد، به‌ستیانه‌وه به بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه وه ده‌قه‌كانیان باسكردن بوو له ئه‌مڕۆو ئێستای ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمان. ئه‌م كارانه بینه‌رێكی زۆریان هه‌بوووه و بۆ چه‌ند ڕۆژێكی زۆر نمایشكران، هه‌ست ناكه‌ی تۆرانی بینه‌ری ئێمه پێوه‌ندی هه‌بووه به‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌قه وه‌رگێڕاوانه پێوه‌ندیان نه بووه به ئێستای كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه؟ هه‌ست ناكه‌ن بینه‌ری ئێمه شانۆیه‌كی ده‌وێت بیبه‌ستێته‌وه به واقیعی ژیانی خۆیانه‌وه؟
دانا ڕه‌ئووف / پێش هه‌موو شتێك ده‌قی وه‌رگێڕاو و شانۆی كلاسیكی، سه‌رچاوه‌یه‌كی گرینگ و پێویستی هه‌موو شانۆ و بزووتنه‌وه‌یه‌كی شانۆییه، به‌بێ شانۆی كلاسیكی یان هه‌ر ده‌قێكی تری وه‌رگێڕاو شانۆ كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی تێدایه، ئه‌و كه‌لێنه‌یش هه‌رگیز به ده‌قی خۆماڵی پڕناكرێته‌وه. له هه‌موو دونیادا شانۆ ته‌نها شانۆی خۆماڵی نییه و شانۆ پرۆسه‌یه‌كی پێكه‌وه به‌ستراوه و شتێكه هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه؛ ئه‌مه‌یش هۆكارێكی زۆر ساكاری هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ هه‌میشه په‌یوه‌سته به مرۆڤ و خه‌ون و هیوا و ئازاره‌كانی مرۆڤ و پێوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ به یه‌كترییه‌وه. ئه‌گه‌ر نه‌مایشكردنی ده‌قی وه‌رگێڕاو و كلاسیكی بینه‌ری له شانۆ ته‌كاندبێته‌وه، ئه‌وه به‌بێ هیچ گومانێك هه‌ڵه‌ی ئه‌و ده‌قه وه‌رگێڕاوه یان كلاسیكییه نه‌بووه و نییه، به‌ڵكو هه‌ڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه، كه نه‌مایشی ده‌كه‌ن. شانۆنامه تازه و مۆدێرنه‌كان، له پاڵ ده‌قه‌كانی شانۆی كۆنی گرێكی، شه‌كسپیر، مۆلییر، ستریندبێرگ، چێخه‌ف، برێشت، پینته‌ر… و هه‌زاره‌های تریش، كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر شانۆكانی دونیا نه‌مایش ده‌كرێن، نه‌ك هه‌ر بینه‌ریان له شانۆكان نه ته‌كاندۆته‌وه، به‌ڵكوو وزه‌یه‌كی گه‌وره‌بوون بۆ شانۆ، شانۆكاره‌كان و بینه‌ریان بێشوومار له ده‌وری خۆیان كۆكردۆته‌وه. ده‌بێ ئێمه ئه‌و پرسیاره له خۆمان بكه‌ین، چۆن و بۆچی ئه‌و هه‌موو ده‌قه كلاسیكییه تا ئێستا به به‌رده‌وامی پێشكه‌ش ده‌كرێن. گرفته‌كه ئه‌وه نییه، كه ئێمه ده‌قی وه‌رگێڕاو یان شانۆی كلاسیكی پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، گرینگ ئه‌وه‌یه چی هه‌ڵده‌بژێریت و چۆنی پێشكه‌ش ده‌كه‌یت.
هه‌ر ئێستا، كه من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی تۆ ده‌ده‌مه‌وه، هه‌ر كۆڕی شانۆی با-یش نه‌مایشێكی گه‌لێك سه‌ركه‌وتوویان له شانۆی جیهانی و ده‌قێكی وه‌رگێراوه‌وه پێشكه‌ش كردووه، كه ئه‌ویش (مارا/ساد-ه. مارا/ساد) له ماوه‌ی ئه‌م سی چل ساڵه‌ی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌ی شانۆی كوردیدا، له چه‌ند هه‌ل و مه‌رجی جیاوازی وڵات و شاره‌كه‌ماندا نه‌مایش كراوه، بۆ نموونه، كه ئێمه له هه‌شتاكاندا و له كاتی جه‌نگی عێراق/ئێران و له تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری مارا/سادمان نه‌مایش كرد، هه‌مان ئه‌م نه‌مایشه‌ی ئێستا نه‌بوو، هه‌روه‌ها كه كۆمه‌ڵێك براده‌ری تر و له كه‌لاوه‌كانی ئه‌وسای ئوتێل حسیب ساڵح، دوای شه‌ڕی عێراق/ئێران مارا/سادیان نه‌مایش كرد، هه‌مان نه‌مایشه‌كه‌ی ئێمه نه‌بوو. كه‌واته گرفته‌كه ده‌قی وه‌رگێراو یان شانۆی كلاسیكی نه‌بووه و نییه، به‌ڵكوو هه‌ڵبژاردن و چۆنییه‌تی نه‌مایشكردن و چاره‌سه‌ره هزری، هونه‌ری و ئێستاتیكییه‌كانه. كه له دونیایشدا به به‌رده‌وامی ده‌قی كلاسیكی نه‌مایش ده‌كرێت، له فۆرم و شێواز و ستایله كلاسیكییه‌كه‌یدا نه‌مایش ناكرێت، گه‌ر وا بوایه شانۆ ده‌مێ بوو مردبوو. كاری شانۆكار و شانۆ ئه‌وه‌یه پرسیاره‌كانی ئه‌مڕۆ و هه‌ناسه‌یه‌كی نوێ له‌و ده‌قانه‌دا بدۆزێته‌وه: گرینگ نییه چی نه‌مایش ده‌كه‌یت، كلاسیك، مۆدێرن یان ده‌قێك خۆتان له كاتی پرۆڤه و به‌كاری ڕاگوزاری و هاوبه‌ش ده‌ینووسن، گرینگ ئه‌وه‌یه به هه‌وای ئه‌مڕۆ و ئه‌م ساته هه‌ناسه بدات و بژی. كاری شانۆ و شانۆكار ڕازاندنه‌وه و دروستكردنی مۆزه‌خانه نییه له‌سه‌ر شانۆكان، هاوكات وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاریش نییه، به‌ڵكوو وروژاندنی پرسیاره‌كانه، ده‌رخستنی ڕاستییه‌كانه و بێزاركردنی بینه‌رانه.
من له‌و بڕوایه‌دانیم كۆڕی شانۆی با یان هه‌ر شانۆیه‌كی تر چ له كوردستان یان له هه‌ر سووچێكی تری ئه‌م دونیایه‌دا بتوانێت پشت بكاته ئه‌و كولتووره دێرین و گه‌وره‌یه‌ی شانۆی جیهانی و ته‌نها خۆی ده‌قی خۆی به‌رهه‌مبهێنێت. له‌و كاته‌دا زۆر كه‌موكووڕی تێدا ده‌بێت؛ نه شانۆ گه‌شه ده‌كات، نه تواناكانی ئه‌كته‌ر و نه دیدی ریژیسۆر. نووسینی ده‌قی خۆت و به كاری هه‌ره‌وه‌زی و پرۆسه‌یه‌كی ڕاگوزاری، له قۆناخ و ڕه‌وشێكی دیاریكراودا ئه‌زموونێكی باش و ده‌وڵه‌مه‌نده و زۆربه‌ی شانۆكاره‌كانی دونیایش، بۆ نموونه (ئاریان موشكین و پیته‌ر برووك)، كاری وایان كردووه، به‌ڵام پشتكردنه شانۆی جیهانی و ده‌قی وه‌رگێڕاو و كلاسیكی و ته‌نها و ته‌نها خۆت به كاری هه‌ره‌وزی ده‌قی تایبه‌ت به خۆت به‌رهه‌مبهێنیت، ئه‌وا بێگومان تێنه‌گه‌یشتنێك هه‌یه. ده‌كرێت شانۆنامه‌نووسێك به به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ گروپێك كار بكات و ئه‌و گروپه ته‌نها ده‌قه‌كانی ئه‌و شانۆنامه‌نووسه به‌كاربهێنن و نووسه‌ره‌كه‌یش له پرۆسه‌یه‌كی گه‌شه‌كردوودا، له دیدی ریژیسۆره‌وه ده‌قه‌كانی نووسێت. ئه‌م جۆره كارانه‌یش نموونه‌یان له شانۆی جیهانیدا زۆره و ئه‌زموونێكی گه‌لێك ده‌وڵه‌مه‌نده. مولییر بۆ ئه‌و شانۆیه‌ی ده‌نووسی، كه خۆی كاره‌كانی تیا پێشكه‌ش ده‌كرد، چێخه‌ف به ته‌واوی خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ، داریۆ فۆ نموونه‌یه‌كی تری دانسقه‌یه، كه خۆی نووسه‌ر، ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر بوو… هتد. ئێستایش زۆر شانۆنامونووس هه‌ن، كه پێوه‌ندییان به شانۆیه‌كه‌وه یان ریژیسۆرێكه‌وه هه‌یه و پێكه‌وه كار ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌ینووسێت، ریژیسۆره‌كه‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانی تاقی ده‌كه‌نه‌وه و له گه‌شه‌یه‌كی دراماتۆرگی گرینگدا چ ده‌قه‌كه به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چێت و چ دیدی ریژیسۆر و هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ره‌كانیش.
شاخه‌وان سدیق/ نه‌بونی ده‌قی كوردیه وای كردووه شانۆكاره‌كان ده‌قی وه‌رگێڕاوی ئه‌وروپی به‌كاربهێنن بۆ به‌رهه‌م هێنانی كارێكی شانۆیی یان چی؟ هه‌ست ناكه‌ی بینه‌ری ده‌قی شانۆیی كوردی زیاتربێت؟
دانا ڕه‌ئووف / ئه‌ده‌بی كوردی بنه‌ماكانی له‌سه‌ر شیعر ڕۆناوه، شیعری كلاسیكی كوردی له مه‌وله‌وی-یه‌وه بۆ شێركۆ بێكه‌س سامانێكی گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌نده و ڕۆڵێكی گه‌وره‌یشی له پارێزگاریكردن و گه‌شه‌ی زمانی كوردیدا گێڕاوه. به پێچه‌وانه‌وه ژانره‌كانی تری ئه‌ده‌ب، ڕۆمان و ته‌نانه‌ت كورته چیرۆك و ده‌قی شانۆیی ئه‌و مێژووه درێژه‌یان نییه و تا ڕاده‌یه‌ك به ئه‌ده‌بی كوردی نامۆن. خۆ ئه‌گه‌ر كورته چیرۆك له حه‌فتاكانه‌وه هه‌ندێك هه‌نگاوی جدی نابێت، ئه‌وه ڕۆمان له كۆتایی هه‌شتا و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه زیاتر ده‌ركه‌وتوه و بره‌وی به ئه‌ده‌بی كوردی داوه. نووسینی ده‌قی شانۆیی تا ئێستا نه‌بووه به كولتوور و نه‌یتوانیوه وه‌ك ژانرێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربكه‌وێت و خۆی بسه‌پێنێت، هه‌رچه‌نده چه‌ندین هه‌وڵی زۆر جدی هه‌ن و به‌ر له ڕۆمانیش چه‌ندان قه‌له‌می به‌پێز و به توانا ده‌قی شانۆییان نووسیوه، بۆ نموونه (عه‌بدلڕه‌حیم ڕه‌حیمی هه‌كاری، پیره‌مێرد، ئهلف با هه‌وری و تا ده‌گاته ئه‌نوه‌ر قادر ڕه‌شید، فه‌تاح خه‌تاب، ئه‌حمه‌د سالار، دڵشاد مسته‌فا)… هتد كه جێگا په‌نجه‌یان دیاره و هه‌نگاوی گرینگ و پێویستیان ناوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نووسینی ده‌قی شانۆیی نه‌بووه به كولتوور و نه‌یتوانیوه جێگای خۆی بگرێت. هیچ كه‌سێكیش تا ئێستا سه‌ت له سه‌ت خۆی بۆ ئه‌م ژانره ته‌رخان نه‌كردووه. به ڕای منیش یه‌كێك له هۆكاره‌كان گه‌شه‌نه‌كردن و بێهێزی شانۆی كوردییه، كه نه‌یتوانیوه چ له ڕووی ریژی و چ له ڕووی دراماتۆرگییه‌وه بره‌و به توانای ئه‌و شانۆنووسانه‌ی خۆمان بدات، ئه‌وه‌ی ئه‌وان نووسیویانه له‌سه‌ر شانۆكان به‌رجه‌سته‌ی بكات. كاری شانۆنووسه‌كانی ئێمه به‌و پرۆسه هاوبه‌ش و هاوكارییه گرینگه‌ی نێوان ریژیسۆر/شانۆنامه‌نووس، شانۆنامه‌نووس/ئهكتهردا نه‌ڕۆیشتوه و سوودیان له ئه‌زموونی یه‌كتری وه‌رنه‌گرتووه و به‌ركه‌وتنێكی قووڵ و تێگه‌یشتنێكی دوولایه‌نه بۆ پرۆسه‌كه نه‌بووه. بێگومان له‌م بارودۆخه‌یشدا شانۆكاره‌كان به ده‌قی وه‌رگێڕدراو هه‌وڵی پركردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌یان داوه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه له دروستكردن و بونیادنانی شانۆدا، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ده‌قی سه‌ركه‌وتوو، هاریكاری نێوان شانۆ، ریژیسۆر و شانۆنامه‌نووسه‌كان دروست ده‌كات، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. چێخه‌ف ڕۆڵێكی بێهاوتا و گرینگی له دروستكردنی شانۆی هونه‌ری مۆسكۆدا بینیوه، ستانیسلاڤسكی هه‌رگیز به‌بێ چێخه‌ف نه‌یده‌توانی ئه‌و شانۆیه دروست بكات، كه ڕۆڵێكی گرینگی له مێژووی شانۆی جیهانیدا بینیوه؛ شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ چێخه‌ف ده‌كات به شانۆنامه‌نووسێكی پله یه‌ك، به‌هه‌مان شێوه چێخه‌ف-یش شانۆی هونه‌ر ده‌كات به شانۆیه‌كی هونه‌ری، كه ناوبانگه‌كه‌ی سنووره‌كانی هه‌موو دونیا ده‌به‌زێنێت.
بێگومان له‌م باره‌یشدا بینه‌ر زیاتر له شانۆكان كۆده‌بنه‌وه، به شێوه‌یه‌كی ئاسانتر خۆیان له‌سه‌ر شانۆكان و له‌نێو ئه‌كته‌ره‌كاندا ده‌دۆزنه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینن ڕاسته‌وخۆتر په‌یوه‌سته پێیانه‌وه، ریژیسۆریش به شیوه و فۆرم و ڕێگایه‌كی تر هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی دیمه‌نه‌كان ده‌دات و ئه‌و ته‌كنیكه‌ی به‌كاری ده‌هێنێت زیاتر له واقیعی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمانه‌وه سه‌رچاوه وه‌رده‌گرێت. ده‌مه‌وێت سه‌رله‌نوێ ئه‌وه‌یش دووپات بكه‌مه‌وه، كه ئه‌وه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شتێكی زیندوو و نزیك له واقیعی مرۆڤی هاوچه‌رخ و مۆدێرنی خۆمانه‌وه بێت، ده‌بێت به هه‌وای ئه‌مرۆ بژی و هه‌ناسه بدات. ده‌بێت شانۆی كلاسیكی، مۆدێرنی وه‌رگێراو و ده‌قی خۆماڵی له جووڵه‌یه‌كی دیالێكتیكی دا یه‌كتر ته‌واو بكه‌ن و سوود له ئه‌زموونی یه‌كتر وه‌ربگرن.
شاخه‌وان سدیق/ ئه‌مڕۆ سارد‌و سڕیه‌كی زۆر له ناو دنیای هونه‌ری ئێمه‌دا له ڕوی نه‌بوونی ڕه‌خنه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌ت ڕه‌خنه‌ی هونه‌ری و شانۆیی. به‌جۆرێ ئه‌و هه‌موو كار و نمایشه تێده‌په‌ڕێت كه‌س ته‌نها دوو دێڕی له سه‌رناڵێت، تۆ ئه‌مه بۆ كه‌مته‌رخه‌میی هونه‌رمه‌ندان ده‌گێڕیته‌وه، كه گرینگی به بواری نوسین ناده‌ن یان ئه‌مه‌یش وه‌ك هه‌موو كێشه‌كانی تر په‌تای نه‌بوونی نوسه‌ری ڕه‌خنه‌ی هونه‌رییه؟
دانا ڕه‌ئووف / ده‌بێت ئێمه ئه‌وه باش بزانین، ڕه‌خنه‌ی شانۆیی یان ئه‌ده‌بی له‌خۆوه دروست نابێت، هه‌ر بۆ نموونه، گه‌ر تۆ رۆمانی كوردیت نه‌بێت و هیچ ڕۆمانێك نه‌كه‌وێته بازاڕه‌وه، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیشت نابێت و كه‌س قسه له‌سه‌ر ڕۆمان ناكات. شانۆیش هه‌مان هاوكێشه‌یه، ئه‌گه‌ر نه‌مایشی باش پێشكه‌ش نه‌كرێت و شانۆ نه‌بێت و هیچ ڕێپرتوارێكی شانۆیی له ئارادا نه‌بێت، بێگومان ڕه‌خنه‌ی شانۆیشمان نابێت. بزووتنه‌وه‌ی شانۆی كوردی سسته و ڕێپۆرتوارمان نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕێزیشت له پرسیاره‌كه‌تدا ئاماژه‌ت پێكردووه، ڕاست نییه. له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌دا، چ له هه‌ولێر و چ له سلیمانی كۆمه‌ڵێك كاری باش پێشكه‌ش كراون و له‌سه‌ریشیان نووسراوه و ته‌نانه‌ت له شوێنه گشتیه‌كاندا دانیشتن و گفتوگۆیشیان له‌سه‌ر كراوه. هه‌ندێك قه‌ڵه‌می باشیشمان هه‌یه، كه له شانۆ ده‌گه‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن، له خودی پرۆسه شانۆییه‌كه‌وه سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه. من بۆ نموونه چه‌ند ناوێك ده‌ڵێم، كه به‌ڕاستی هه‌وڵی جدییان له‌م بواره‌دا هه‌یه؛ (حه‌مه‌سوار عه‌زیز، حیده‌ر عه‌بدره‌حمان و هه‌ندێك ته‌قه‌لای ڕه‌خنه‌یی نیهاد جامی-یش).
له‌م ڕۆژانه‌دا، كه له سلیمانی مارا/ساد نه‌مایش كرا، چه‌ندین گوتاریی ڕه‌خنه‌ی جدیشی به دوای خۆیدا هێنا، هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، كه (شوان عه‌توف) كارێكی مۆنوداراما، هاوكات شانۆنامه‌ی (سێ خوشك)ی چێخه‌ف هه‌ر له سلێمانی نه‌مایش كران، به‌هه‌مان شێوه كۆمه‌ڵێك گوتاری ڕه‌خنه‌ییان به دوای خۆیاندا هێنا. كاری جدی هه‌میشه، كاردانه‌وه‌ی جدیشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ڕه‌خنه‌گری شانۆیی به‌هایه‌كی گرینگی هه‌یه و ڕۆڵی ئه‌و ته‌نها ئه‌وه نییه، وه‌ك ڕاوێژكارێكی به‌سه‌لیقه، ڕێنمایی بینه‌ر بكات، تا كارێكی باش ببینن و كارێكی خراپ نه‌بینن. هه‌روه‌ها كاری ڕه‌خنه‌گریش ئه‌وه نییه، دوای بینینی نه‌مایشێك خاڵه باش و خراپه‌كان ده‌ستنیشان بكات؛ ڕه‌خنه‌ی شانۆیی زۆر له‌وه گرینگتر و پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزتریشه. هه‌موو فۆرمه‌كانی هونه‌ر، شانۆ، مۆسیقا، وێنه‌كێشان… هتد، به‌بێ ڕه‌خنه و ڕۆڵی ڕه‌خنه، به‌ڕای من له‌ژێر هه‌ره‌شه‌دایه. هونه‌ری مۆسیقا و وێنه‌كێشان به ته‌واوی له‌م بواره‌دا فه‌رامۆش كراون و هیچ شتێك له‌سه‌ر پێشانگا و كۆنسێرته مۆسیقییه‌كان ناوترێت و نانووسێت، به ڕاستی ئه‌مه كاره‌ساته.
شانۆ هونه‌رێكی گرانه، هونه‌رێكه به ئاسانی ناگه‌یته دوا ئه‌نجامه‌كان، ڕه‌خنه‌گری شانۆیش ده‌بێت ئه‌م ڕاستییه بزانێت، ئه‌و توانا و جورئه‌ته‌ی هه‌بێت، په‌رده له‌سه‌ر نه‌ك ته‌نها هه‌ڵه‌كان، به‌ڵكوو له‌سه‌ر توانای هونه‌رمه‌نده‌كانیش هه‌ڵماڵێت. باشترین ڕه‌خنه‌گره‌كانی شانۆیش ئه‌وانه‌ن، كه ڕۆژانه له هۆڵی پرۆڤه‌كاندا داده‌نیشن و چاودێری پرۆسه‌ی داهێنان و هه‌نگاو به هه‌نگاوی كاری ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر ده‌كات. ڕه‌خنه‌گر چاوی سێیه‌م و خوێنه‌ری سێیه‌می نه‌مایشه‌كه‌یه، دوای ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر، ئه‌و نه‌مایشكه ده‌گه‌یه‌نێته ئاستی گه‌شه و ته‌واوی پرۆسه پراكتیكی و كرده‌ییه‌كه شیده‌كاته‌وه و توانای كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی هه‌یه. من له‌و بڕوایه‌دام، هه‌ندێك یان چه‌ند ڕه‌خنه‌گرێكی دیاری كرا‌و تا ئاستێكی باش ئه‌و توانایه‌یان هه‌یه. بێگومان بینه‌ر یاخود ریژیسۆر و ئه‌كته‌ره‌كان چه‌ند هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر ده‌ینووسێت، ئه‌وه شتێكی تره و گرینگیش نییه.
شاخه‌وان سدیق/ ڕه‌خنه‌گری شانۆیی تا چه‌ند پێویستی به تیۆری شانۆ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرێكی باش بێت؟ ئایا بنه‌مایه‌كی تیۆری بۆ ڕه‌خنه‌گر پێویسته؟
دانا ڕه‌ئووف / ڕه‌خنه‌گرێكی باشی شانۆیی ده‌بێت له شانۆ بزانێت و له هونه‌ری شانۆ بگات، شانۆ ئه‌ده‌ب نییه و ئه‌و كه‌سه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ده‌نووسێت به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان پێوه‌ندی به شانۆوه هه‌بێت. كاتی خۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆییان ده‌نووسی كه‌سانی پسپۆر نه‌بوون، به‌ڵكوو زیاتر ئه‌و كه‌سانه‌بوون، كه سه‌رقاڵی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بوون، وه‌ك كارێكی ئه‌ده‌بی باسی ناوهڕۆك و بنه‌ما هزرییه‌كان و ده‌قه شانۆییه‌كه‌یان ده‌كرد، نه‌ك لایه‌نه كرده‌ییه‌كه و ئێستاتیكای شانۆ. له هه‌شتاكانه‌وه ئه‌م ڕێچكه‌یه گۆڕاوه و ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه ده‌نووسن به‌شێكن له شانۆ و كاره شانۆییه‌كان. من خۆم، به‌رله‌وه‌ی بنووسم چ وه‌ك ئه‌كته‌ر و چ وه‌ك ریژیسۆر كارمكردووه، ئه‌زموونی شانۆ و لایه‌نه كرده‌یی و پراكتیكییه‌كه‌م گواستۆته‌وه بۆ نێو گوتاره ڕه‌خنه‌یی و شانۆییه‌كان.
تیۆری شانۆیی و شیكردنه‌وه‌ی ده‌ق و تێگه‌یشتن له پێكهێنه‌ره‌كانی تری نه‌مایشی شانۆیی، ره‌خنه‌گر له نه‌مایش و سروشتی كاره‌كه زیاتر نزیك ده‌كاته‌وه و دیده ئێستاتیكییه‌كه‌ی له ڕاڤه‌ی ریژیسۆر و خوێندنه‌وه‌ی نه‌مایشه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. ئێمه نامانه‌وێت ره‌خنه‌گر ریژیسۆ و ئه‌كته‌ر بێت، به‌ڵام پێویسته له كاری ریژیسۆر و ئه‌كته‌ر بگات، زانیاری له مێژووی شانۆدا هه‌بێت و له بنه‌ما دراماتۆرگییه‌كانی ده‌ق/نه‌مایش بگات.
ڕه‌خنه‌یش چه‌ندین ڕێباز و ته‌وژمی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و ده‌بێت ڕه‌خنه‌گر بزانێت له چ بنه‌مایه‌كی فه‌لسه‌فی، ده‌روونی، جوانكاری یان هه‌ر ڕیبازێكی تره‌وه، نه‌مایشه‌كان ده‌خوێندێته‌وه. ئه‌مه‌یش پێویستی به ڕۆشنبیرییه‌كی قووڵ و گشتگر و هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه ڕه‌خنه‌گرێكی باش به‌بێ بنه‌مایه‌كی تیۆری نابێت به ره‌خنه‌گرێكی باش و هه‌رگیز ناتوانێت كۆد و سمبۆله‌كانی نه‌مایش بدۆزێته‌وه و نووسینه‌كانیشی بریتی ده‌بێت له داڕشتن و وشه ڕیزكردن.