گەشتی8 یان چاوخشاندنێکی خێرا .. نەوزاد بەندی
١-
جاران، دوور لە ئێستا، داب و نەریتی بەسەرکردنەوەی نوسەرە لاوەکان ئەبینرا لەلایەن نووسەرە خاوەن ئەزمونەکانەوە.. نوسین و بابەتەکانیان هەڵدەسەنگاندن، بۆ نمونە لە گۆڤاری بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و کاروان دا، چیرۆکنوسێکی بە توانا، چیرۆکە بڵاوکراوەکانی ژمارەی پێشووی هەڵدەسەگاند و دەستی دەخستە سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی چیرۆکەکان.. یان شاعیرێکی بەتوانا شیعرە بڵاوکراوەکانی ژمارەیەکی گۆڤارەکەی لە ووتارێکی دوور و درێژدا، تاوتوو دەکرد، لێرەدا ئیتر نوسەرە لاوەکان هەستیان دەکرد مامۆستا و خەمخۆریان هەیە، ڕێزیان لێ نراوە و بێکەس نین .. براگەورەی ئەدەبییان هەیە هەڵیاندەسەنگێنێ و دەستگرۆییان دەکات ..
بە داخەوە! ئەو نووسەرە گەورە میهرەبانانە هەموویان کۆچی دواییان کرد و .. نووسەرانێک جێگایان گرتنەوە کە بێجگە لە قەد و باڵای ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی خۆیان، هیچی تر نابینن ..واتا من زۆر وورد دەبمەوە لە کۆمێنتی بابەتە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی تەواوی پێگە ئەدەبیی و هونەرییەکان، هێشتا کۆمێنتێکی بۆ نمونە بەختیار عەلییم نەبینیوە بۆ چیرۆکنوسێکی لاو کە هەندێ ڕەخنە و ڕێنمایی هونەری چیرۆکنوسینی تێدا بێ.. هێشتا کۆمێنتێکی عەبدوڵا پەشێوم نەبینیوە بۆ تازە شاعیرێکی قەڵاو منارە، بڕێک دەستخۆشیی و چاو سوورکردنەوەی ئەدەبیی تێدا بێ بۆی. . ئەڵێم کۆمێنت، ناڵێم ووتار ..چونکە ئەوەیان مەحاڵی مەحاڵەکانە، کەسانێکی بەرز و باڵای وەک ئەوان، ووتاری دوور و درێژ لەسەر بوێژێکی لاوی نەناسراو بنووسن، سوکایەتییە بۆ ئەوان دابەزن بۆ ئەو ئاستە نزمانە.. ئەوان تازە لە ئاسمانە بەرزەکاندان و نایشیانەوێ ڕێگای ئەو ئاسمانە بەرزانە نیشانی ئەوانەی خوارەوە بدەن.
تەنانەت لە پێشبڕکێ و ڤیستڤاڵە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی ناوخۆدا، ئەو نووسەر و شاعیرە زەبەلاحانە پێیان سوکیی و نەنگییە بە دەقێک بەشداریی بکەن، لە کاتێکدا شاعیرێکی مەزنی وەکو نزار ئەلقەبانیی، لە هەموو ڤیستڤاڵە شیعرییەکانی مەربەددا، ئامادەیی هەبوو .. لەولایشەوە ڕۆشنبیره باڵاکانمان، هەوڵی مەرگ دەدەن تا ڤێستڤاڵێکی ڕۆشنگەریی ئەوروپی قبوڵیان بکات و تیایدا جوانترین و تازەترین بەرهەمیان پێشکەش ئەکەن .. شانازیی بەوەوە دەکەن لەگەڵ فڵان ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوایی وێنەیان چرکاندووە.. لە فڵان پێشبڕکێیی ئەوروپیدا، خەڵاتیان بردۆتەوە، ئیتر ڕەوتی ڕۆشنبیری ناوخۆی کوردستانیان داوەتە دەست خوا.
دوێنێ، هەشتی حوزەیران، لە تاقیگەی نەخۆشخانە، بۆ ماوەی 12 سەعات ئێشکگر بووم، لەو کاتە دوور و درێژە، بە تەنیا، بە ڕێکەوت له لاپتۆکەمدا، بەرنامەی گەشتی8 ی هەردی سەلامیم بینی، بەڕاستی سەرنجی ڕاکێشام، چونکە من زۆر بینەری تی ڤی نیم .. وای لێکردم بۆ سێ چوار بەرنامەی گوێ ڕادێرم، ئیتر کەوتبوومە نێوان فەحسی نەخۆش و گەڕانەوە بۆ لاپتۆکەم، ڕێک وەک هەردی کە لە نێوان خواردن ئامادە کردن و پرسیارکردن له میوانەکەی، لە جموجوڵدایە..
لێرەدا بۆ زیندووڕاگرتنی بەرنامەی گەشتی 8 و ..بە هەمان ڕێگای نووسەرە بەرزە کۆچکردووەکانمان کە لە ووتاریکدا تاوتووی کۆمەڵێ شیعر و چیرۆکیان دەکرد، هەوڵ ئەدەم کۆمەڵێک ڕا و سەرنجی خۆم لەسەر سێ چوار بەرنامەی گەشتی 8 دەربڕم، بە هیوای ئەوەی ئەم نەریتە زیندوو بێتەوە و ..نوسەرانی تریش چاوبخشێنن بە بەرنامە و بەرهەم و ماندوو بوونی ئەوانی تردا، بۆ ئەوەی لە گۆشەی پەنهاندا پەڕاوێز نەخرێن و لە یاد نەچنەوە، وەک دەستخۆشیی و ماندوو نەبوون و ووزە بەخشێکیش بۆ ئەو نووسەر و پێشکەشکارانە، هەتا لە هەوڵ و داهێنانی نوێ بەردەوام بن، یان ئەگەر هەڵەیەکیان توش بووبێ، بە خۆیاندا بچنەوە.
سەرەتا هەست ئەکەم ئەم دیاردەی بانکگردنی میوانە بۆ ناو ئوتومبیلێکی گرانبەها و پیاسە پێکردنی، بووەتە دیاردەیەکی بڵاو و چەندین بەرنامە بەم شێوەیەیە، میوانی بەرنامە بانگدەکرێتە ناو ئوتومبیلێک و پرسیارەکانی لەناو ئوتومبیلەکەدا لێدەکرێت، دوای ئەوە بۆچی خواردن لە بەرنامەکەدا هەبێت؟ ئاشکرایە خواردن و بیرکردنەوە پێچەوانەی یەکترن ، ئەپرسم ئایا ئەمەیش هەر درێژکراوەی بەرنامە ڕەنگاوڕنگەکانی ناو ستۆدیۆ نییە، کە زیاتر لە کەناڵە تورکییەکانەوە وەرگیراون، لە لایەک شێف خواردن ئامادە دەکات و لە لایەک میوانی بەرنامە بەر ڕێژنەی پرسیار دراوە ؟
بە ڕای من دیاردەیەک یان ستایڵێک دوو بارە بێتەوە، چێژ لە دەست دەدات.. گۆڕینی تەکنیکی بەرنامە، زۆر ئاسانە و تەنها هەندێک بەهرە و بیر لێکردنەوەی ئەوێت، قەیچێکا با ڕۆشنبیرێک لە کتێبخانەیەکدا گفت و گۆی لەگەڵدا ساز بکرێ.. هونەرمەندێک له شانۆیەکدا .. خاوەنکارێک لە فرۆشگاکەیدا.. سیاسییەک لە تەنیشت کاروانی تەنکەرە نەوتەکاندا ..
یەکێک لە بەرنامەکانی گەشتی8، لە لەندەن و میوانداریی لەکاک ئەمیرحەسەن کردبوو، بە ڕاستی هونەرمەندێکی بەڕێز و سەرکەوتوو، ڕۆح سوک و قسە خۆش .. چێژێکی تایبەتی به بینەر و گوێگرەکانی بەخشی، بەڵام لە بۆچوونێکیدا توشی سەرسوڕمان بووم، کاتێ ووتی: ( من بڕوام بە هاوڕێیەتیی کوڕ و کچ نییە ! ) .. ئەمە هونەرمەندێکی ناسراوی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، کە ساڵانێکیشە لە لەندەن ئەژی .. ئایا ئەم بۆچوونەی نابێتە هۆی تێکدانی باری سەرنجی هەوادارانی لەسەر پەیوەندییەکانیان؟ وا ناکات کەسانێک لێپرسینەوەی توند لەگەڵ کوڕ و کچەکانیاندا بکەن، پشت ئەستوور بە بۆچوونی هونەرمەندێک کە لە ئەوروپا ئەژی ؟ ئایا هاوڕێیەتیی چییە؟من سەدان هاوڕێی کچم لەکۆلێژ و فەرمانگا و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکاندا هەیه.. هاوڕێن، لە خۆشیی و ناخۆشیدا هاوخەمیی بۆ یەکتری نیشان دەدەین و یەکتری بەسەر دەکەینەوە، ئیتر بۆچی ئەبێت بڕوات بە هاوڕێیەتیی کوڕ و کچ نەبێت؟ ئەی بچینە فەرمانگا چی بکەین؟ سڵاو لە فەرمانبەره کچەکان نەکەین و ..مردوویان لێ بمرێ، سەرخۆشییان لێنەکەین؟ یان ژوورەکان جیا بکەینەوە، ژووری ئینفیرادیی بۆ کچێک درست بکەین کە لەگەڵ دوو کوڕدا فەرمانبەرە؟ یان له زانکۆ .. یان لە هەموو شوێنێک..بە ڕاستی نابێت زاراوەی هاوڕێ و عاشق تێکەڵاو بکەین، هەموومان بمانەوێ یان نەمانەوێ، بە مامۆستا ئاینییەکانیشەوە، هاوڕێ و هاوخەمێکی زۆری ڕەگەزی بەرامبەرمان هەیە، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە.. ئێ خۆ کۆمەڵ تەنها لە نێرینە پێک نەهاتووە.
پاشان کاک ئەمیر ئەڵێ خێزانەکەم ڕاستی کرد کە پێویستە خۆم له گۆرانیی وئاهەنگ دوور بخەمەوە چونکە لەگەڵ ئاستی کەسایەتیمدا ناگونجێ ..بەو جۆرە دوا گۆرانیم لەسەر دایک تۆمار کرد و ئیتر تەواو واز لە گۆرانی ووتن دێنم..!
ئەمە لوتکەی تێنەگەیشتنە لە هونەر .. لە ئەدەب .. لە ڕۆشنبیریی .. تۆ هونەرمەندی میللەتێکیت، خێزانەکەت بۆی نییە لە گۆرانی دوورت بخاتەوە .. من کە شیعر ئەنووسم، ناهێڵم خێزانم بیخوێنێتەوە و ڕای خۆی لەسەر بدات، چونکە من بۆ میللەتێک ئەنوسم، دوای ئەوەی کە شیعرەکەم بڵاو کردەوە، خێزانیشم ئەگەر حەزی لە خوێندنەوەی شیعر بێت، با بۆ خۆی بیخوێنێتەوە ..
چۆن ئەبێ هونەرێک کە تۆی گەیاندۆتە ئەو ئاستە، ئەمرۆ بە هاوشانی کەسایەتیی خۆتی نەزانیت، ئەی ئیتر بۆچی ڕازی ئەبیت وەک گۆرانیبێژێک چاوپێکەوتنت لەگەڵدا بکرێت؟ مادام بۆچوونت بەو شێوەیەی لێهاتووە، هەر لە سەرەتادا بە هەردی سەلامیت بووتایە، ببوورە! من جاران هونەرمەند بووم ، ئێستا هونەرمەند نیم و بە بڕیاری خۆم و خێزانەکەم هونەرمان وازلێهێنا، چونکە لەگەڵ ژیانی مندا ناگونجێت و ڕەتم کردۆتەوە ..
ئەبوو هەردی سەلامیی بیپرسیایه ئایا ئەو ناوبانگ و جەماوەرەیشی کە هەتە، ڕەتیان دەکەیتەوە لە کاتێکدا ئەو دووانە بەشێکن لە دەسکەوتەکانی گۆرانی ووتن کە بە تۆی بەخشیوە؟
لێرەدا بێئاگایی پێشکەشکار دەردەکەوێت لە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخێکی سەیردا، من گۆرانیبێژم بەڵام گۆرانیبێژیی لەگەڵ پلە و ئاستی مندا ناگونجێ و ..قسەی هاوسەرم ڕاست بوو، بۆیە دوا گۆرانی بۆ دایک ئەڵێم و ئیتر تەواو ..
کەواتە بینەر یەکسەر هەست ئەکا ئەمە ئەمیر حەسەنی گۆرانبیبێژ نییە، ئەمە کەسێکی ترە کە ئەمیر حەسەنی گۆرانیبێژی کوشتووە.. کۆتایی پێ هێناوە..
ئینجا دوا گۆرانیت بۆچی بۆ دایک بێت؟ نابێ بۆ عەشقێک بێت؟ نەخێر نابێ ..چونکە ئەم گۆرانیانە، ئاواز و شیعرەکانی بە سانسۆری خێزانییدا تێدەپەڕن، ئەبێ بە جۆرێک بێ کە بە خەیاڵیش عەشق و خۆشەویستیی تێدا نەبێ، چونکە عەشق لەگەڵ پلە ومەقامی ئێمەی خاوەن ماڵ و مناڵدا ناگونجێت یان عەشق بە واقیع و خەیاڵەوە، بە شیعر و ئاواز و وتنەوە، تایبەتکراوە بە هاوسەری هونەرمەند..
بە ڕاستی ئەمە کارەساتە.. گۆرانیبێژم بینیوە کاتێ مناڵەکانی گەورە ئەبن، گۆرانی بۆ هاوسەرەکەی ئەڵێت ..کەسێکی ئازا و ووریا نییە پێی بڵێ : براکەم! ئەم درۆ گەورەیە چییە ئەیکەیت؟ ئەسڵەن شیعر و گۆرانی بۆ ئەو شتانەیه کە دەستمان نەکەوتوون و لە خەیاڵدانماندا ئەخولێنەوە و شەونخوونمان ئەکەن .. تۆ هاوسەرەکەت پەنجا ساڵە پێکەوەن، ڕۆژی سێ ژەم پێکەوە ئەخۆن و ..شەڕ و ئاشتیی نەماوە لەگەڵ یەکتریدا نەیکەن، ئیتر ئەم شیعرە چییە؟ ئەم ئیلهامە لە کوێوە هات ؟؟ خۆ وەک حەلاوەخانی خێزانی فایق بێکەس کۆچی دوایی نەکردووە تا بۆی بنووسیت :
حەلاو گیان ڕۆیشتی منت بەجێهێشت
ئەزانی دوای تۆ چەندم جەفا چێشت ؟
هەر بۆیه پێوستە هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانمان ئاگاداری ئەوە بن کە ئەوان پێش ئەوەی هاوسەری ژنێک بن، موڵکی میللەتێکن، ڕێنیشاندەر و خەو و خولیای میللەتێکن..ناکرێت هیچ سانسۆر و بازگە و پۆلیسێک لە نێوان هونەرەکەیان و میللەتەکەیاندا ڕاوەستێت .. محەمەد جەزا عەلی گۆرانی بێژ، کوڕی حاجی عەلی، کە ڕازی نەبوو کوڕەکەی گۆرانی بڵێت، لە پێناوی هونەرەکەیدا لە قسەی باوکی دەرچوو، چونکە باوکی یەک کەسە بەڵام هونەرەکەی یەک میللەتە.. نزار قەبانی لەسەر شیعری عەشق بەردەوام بوو، باکی نەبوو بەوەی بنەماڵەکەی حاشایان لێکرد ..سوهەیبی ڕۆمی لە پێناوی عەشقی خوا و پێغەمبەردا، وازی لە ئایین و نەتەوە و کۆشک و تەلارەکانی باوکی هێنا و دوای موحەمەد کەوت..فایق بێکەس بە بێ گوێدانە خێزان و مامۆستای گەڕەک، داکۆکیی لە مەی کردووە.
ئەوانە فیداکاریین کە خاوەنەکانیان بەرز و نەمر هێشتۆتەوە ..
یەکێک لە گەشتەکانی 8 لەگەڵ کاک ڕێبین هەردی دا بوو، لە ڕاستیدا ڕێبین هەردی هەر چۆنێک بێ، کەسێکی ناسراوە، هەم وەک کوڕی ئەحمەد هەردی، هەم وەک هەوڵدان و خوێندنەوە و بیرکردنەوەی خۆی.. هەم وەک هاوڕێکانیی و ڕەهەندییەکان، زیرەک لە هونەری ئاخاوتندا و .. لە چۆنێتیی کاردانەوەی خۆش و ناخۆش لە کاتی خۆیدا، بە جۆرێک تەنانەت نەیارەکانیشی لە گولێگرتنی بێزار نابن..من وەک خۆم، بەدەر لەوەی کە ڕەخنەم لە هەندێک لە زەمانە سازیی و خۆگونجاندن و دیبلۆماسییەتی خۆپەڕینەوەکانی هەیە، بەڵام دڵنیام لەوەی کە لە دیالۆگ و دیپلۆماسییەت و ڕۆشنبیریدا، پلە و پێگەیەکی بەرزی هەیە.
لەو گەشتەدا، دوو سێ سەرنجم هەبوو لەسەر دیالۆگەکەی ڕێبین هەردی، یەکەمیان ئەوەیە چەندەها جار و تەنانەت لەکاتێکدا ئەحمەد هەردی باوکی له نەخۆشخانە کەوتووە، لێی دەپرسێت : ( ئەو ست فاتیمەیەی شیعرت بۆ نوسیوە، کێ بوو؟ ) باوکیشی وەڵامێکی کەمەر شکێنی ئەداتەوە، پێی ئەڵێ : ( ئەزانیت تۆ زۆر کەریت! )
لە ڕاستیدا وەڵامەکەی ئەحمەد هەردی کە دەیان جار ئەو پرسیارەی لێکراوە و وەڵامی نەداوەتەوە، دواجار لەسەر قەرەوێڵەی خەستەخانە چەند بارە هەمان پرسیاری لێدەکرێتەوە، وەڵامێکی زۆر نیشانە پێک بووە .. وەڵامێکی لە ڕووکەشدا کۆمیدییە، بەڵام لە ناوەرۆکدا تراژیدییە .. جنێوێکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی تۆزێک بیربکەنەوە، کە ئەم پیاوە کفری نەکردووە لەم کۆمەڵگا حەیا بەرەدا، یەک شیعری بۆ کچێک نوسیوە کە خێزانەکەی نەبووە ..ئەم کفرە گەورەیەی کە بە درێژایی ژیانی بە دوایەوە بوون و داوای کەفارەتی کفرەکەیان لێکردووە . تەنانەت له چەندین چاوپێکەتنی تیڤی و ڕادیۆدا، دیسان داوای ئەدرێس و ئیمەیڵ و ژمارەی خانوو و ناسنامەکانی !! ست فاتیمەیان لێکردووە، ئەویش ناچار وتوویەتی :
( قەت بە دڵ ڕەق باست ناکەم نایزڕێنم ناوەکەت)
ئێ خۆ ناتوانێ لەسەر تیڤیی پێیان بڵێ : ئەزانن ئێوە زۆر کەرن ؟..
بەڵام سوودی نییە .. لەگەڵ میللەتی قۆناغی ئەشکەوتا سوودی نییە .. لەگەڵ کۆمەڵگای مێگەلدا، سودی نییە ..کۆمەڵگای فزوڵیی، کۆمەڵگای بێ ئیش، کە عەقڵیان داچۆڕاوەتە ناو شەڕواڵەکانیانەوە ..کۆمەڵگایەک کە حەز ئەکات حەیای کچێک ببات و ئاشکرای بکات و تەپڵی بۆ لێبدات ..
وەک چۆن عەبدوڵا پەشێوێکی لوتکە!! ، تەهدیدی ئەو کچە ئەکا کە خۆشی ویستووە و ..چارەنووس وایکردوە ببێتە هاوسەری کەسێکی تر
، پێی ئەڵێ :
( لە دەستم دێ ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم
نامەی بەختت بسووتێنم،
لە دەستم دێ هەموو شتێک ئاشکرا کەم
کام شەوت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوە فوو لە چرا کەم
لە دەستم دێ، بە دوو وشە دڵی زاوای ویستووت ڕەش کەم
لە خۆشاوی شەوی پەردەتان بێبەش کەم ) !!
واتا لە دەستی دێت پەیوەندییە تایبەتیی و سۆزدارییەکانی ئاشکرا بکات و ..شەو لە عەشقە کۆنەکەی بکات بە شەوی تار و دەیجور ..
ئەڵێ لە دەستم دێت، واتا ئەمە جۆرێکە لە نیشاندانی هێز و ماسولکە وتوانا.. لە دەستی دێت..شانازی بەوەوە ئەکات کە ئەتوانێت خێزانێک وێران بکات ئایا ئەمە نیشتنەوەی ئیلهامی شیعرییە یان درۆنی جەنگیی ؟
هەر بۆیە ڕێبین هەردی ئەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە کاتێک ئەیەوێ دەستکاری داهێنان و سروش و شیعری باوکی بکات پێش ئەوەی بیەوێت بچێتە ژیانی سۆزداریی و تایبەتیی شاعیرێکی ناسک و ڕۆمانسیی میللەتێکی مێگەل و ڕەشۆکیی ..بۆیە ئەو شاعیرە ناچارە ڕەنگە بۆ یەکەمجار بە کەسێک بڵێ، ئەزانیت تۆ زۆر کەریت ..؟؟ .. هەڵەی گەورەی کردووە کاتێ شاعیرێکی گەورەی وەک باوکێک بینیوە و ویستوویەتی ئەدرێسی پەری شیعرەکانی لێ وەربگرێت..
کارەساتێکی گەورەیە بڕۆیت بە دوای ناوێکا بگەڕێیت کە لە شیعری شاعیرێکی گەورەدا هاتووە، بۆ ئەوەی ناوی ئافرەتێک بزڕێنیت، کە تاوانەکەی ئەوە بووە عەشقی باوکت بووە.. یان تەنانەت بە کوشتنی بدەیت لەلایەن کەس و کارە ڕەشۆکیی و تێڵا بە دەستەکانیەوە ..
ئەوەی جێی پێکەنینە، ڕۆشنبیرێکی وەک ڕێبین، لە سەرەتادا ئەڵێت ئێمە هەموومان ئەزانین ئەو ست فاتیمەیە کێیە ..ئەوان هەموویان .. واتا ئەوان هەموویان، بە بنەماڵە، کاتێکی زۆریان لە گەڕان بە دوای ئەو ست فاتیمە داماوە قوڕ بەسەرەدا بە هەدەر داوە و دۆزیویشیانەتەوە ..
ئەی ئافەرین .. هەموویان ئەزانن ست فاتیمە کێیە، ئەی باشە کاک ڕێبین کە زانیوتانە ست فاتیمە کێیە، بۆچی وازتان لە باوکتان نەهێناوە و تەنانەت لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیش دیسان پرسیارتان لێکردووە و ناچارتان کردووە پێتان بڵێ : ئەزانیت تۆ زۆر …… ؟
یان ویستووتانە به دەمی خۆی ددانی پیا بنێ؟ هەڵبەت زۆر ڕۆیشتنم لەسەر ئەم بابەتە، بە ڕەوا ئەزانم ، چونکە بە بەشێک لە داکوکیی ئازادیی ئەدەبیی ئەزانم ..
.. لە باسکردنی ژیانی کەسێکی ناسراودا نابێ بچوکترین هەڵە بکرێ، لەسەر فاریزەیەک لە نوسینێکی فریدریک نیچەدا، هەرایەکی گەورە دروست بوو، ئێستا چۆن لەسەر گەڕان بۆ دۆزینەوە و ئاشکرا کردن و ناوزڕاندنی ناسکترین چیرۆکی عەشقی شاعیرێکی ناو مێگەلستان، من چوار دێڕ نەنووسم ؟ چۆن داکۆکی لە شاعیرێک نەکەم کە خۆم ئینتیمام بۆ جیهانی شیعر هەیە؟
پاشان ڕێبین هەردی باس لە نەوشیروان موستەفا ئەکا .. وەسفێکی زۆری دەکات، خۆی بە لایەنگری گۆڕان و هاوڕێی نەوشیروان مستەفا ئەناسێنێ. دوای ئەوە وەسفێکی زۆری مام جەلالیش ئەکات ..
ئینجا ئەڵێت نەوشیروان موستەفا گەورەترین جەلالیی بووە، بە داخەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مام جەلالدا گەیشتە ئەو ئاستە !!
بە ڕاستی ئەو قسانەی کاک ڕێبین، کارەساتی گەورەی پەتپەتێنی فیکرییان لێ ئەکەوێتەوە..ئێ ئەو دوو کەسایەتییە لێک ترازاون، تەنانەت بە بۆچوونی خۆت نەوشیروان مستەفا نەهاتەوە بۆ سلێمانی هەتا شەڕی نێوان یەکێتی و گۆڕان ڕوو نەدات..تۆیش هاوڕێ و هاوبیری گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بوویت، ئێستا چۆن ڕێ بە خۆت ئەدەیت خەفەت بۆ ئەوە بخۆیت کە نەوشیروان مستەفایەک کە گەورەترین جەلالیی بووە، بە داخەوە کە لە مام جەلال جیا بۆتەوە و گۆڕانی دامەزراندووە؟
جارێ وشەی جەلالیی و مەلایی، نابێ لەسەر زاری ڕۆشنبیر بگەڕێت، وشەیەکن کە لە دووریی سەدان فرسەخ ڕێوە بۆنی ناتەبایی و براکوژی و ئاوکردن بە ئاشی کۆن و جەهالەتیان لێ دێت..نازانم چۆن ڕۆشنبیرێک ڕێگا بە خۆی ئەدات وشەی جەلالیی یان مەلایی بدرکێنێ؟؟ نازانم ..ڕەنگە بۆ خۆ شیرینکردن بێ، وەک ئەوەی هەندێ ڕۆشنبیری سلێمانی بە ( وانێ ) قسەئەکەن، هاتمەوانێ، ڕۆشتمەوانێ، .. بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە لە سلێمانییە ڕەسەنەکانن !!
لەوەیش سەیرتر کاتێ ڕێبین هەردی ئەڵێت کاک نەوشیروان گەورەترین جەلالیی بووە .. لێرەدا ( گەورەترین جەلالیی ) وەک باشترین پلە و پێگە و پێوەر وایە لەلای .. واتا ئەی نەوشیروان مستەفا تۆ کە لەو پلە و پێگە باڵایەدا بوویت، چۆن وازت لێهێناو چوویت گۆڕانت دروستکرد؟ خۆ گەر بیووتایە گەورەترین سەرکردەی یەکێتیی یان کۆمەڵە بووە، نەمانئەتوانی ڕەخنە بگرین، بەڵام بە کەسکردنی حیزبێک، زیندوو کردنەوەی بە کەسکردنی حیزبەکەی بەرامبەرێتیی و ..گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کۆن.. سڕینەوەی تەواوی پەیڕەوپڕۆگرامی کۆمەڵە و یەکێتیی و پارتیشە، ئەوەتا لێرە باشترین سەرکردەکان، گەورەترین جەلالین ..با ئەولایش گەورە مەلاییەکانیان باس بکەن..
ئەمە لە زاری پێشمەرگەیەکی نەخوێندەوارەوە بێت، ئاساییە، بەڵام ڕەهەندییەکی کە دەیان ووتاری لەسەر مۆدێرنیزم و
پۆست مۆدێرنیزم و سیکیولاریزم و دیموکراسیی نوسیوە، کار بە تێرمی جەلالیی و مەلایی بکات، ئەمە ماڵوێرانیی ئایدیۆلۆژیی ناودەنێم من، ئێوەیش ئارەزووی خۆتانە.
لە باسکردنی فاروق ڕەفیقدا، ئەڵێ: فاروق ڕەفیق هێرشی زۆری کردە سەرمان، ئێمە وەڵاممان نەدایەوە، هەتا کار گەیشتە ئەوەی ووتمان کاک بەختیار وەڵامێکی بدەرەوە ..!!ئیتر ئەویش بە کتێبێک وەڵامی دایەوە !
ئایا ڕەخنە، هێرشە ؟ ڕەنگە ڕەخنە لای کەسێکی نەخوێندەوار، هێرش بێ .. بەڵام ڕەخنە لای ڕەهەندییەکان کە خۆیان بە پۆست مۆدێرنیزمی ئەم میللەتە ئەزانن، ئەبێ وەک لێکچەرێکی زانستیی وەریبگرن، خۆی ڕەخنە لە بنچینەدا زانستێکە و لقێکە لە کۆلێژی ئەدەبیات ..هەر بۆیە ناوهێنانی ڕەخنە بە هێرش، وەک ئەوە وایە بە قەڵەم بڵێیت ئاڕپیجی ..
کاک بەختیار بە کتێبێک وەڵامی هێرشەکانی فاروق ڕەفیقی دایەوە، وەک ئەوەی بڵێی ئێمە بە فڕۆکەیەکی ئێف شانزه وەڵامی تیروکەوانەکانی فاروق ڕەفیقمان دایەوە ..
یان ئەوەی کە ئەڵێ من هەر وەڵامم نەدایەوە .. چۆن وەڵامی کەسێک نادەیتەوە باری سەرنجێکی هەیە لەسەرت یان لەسەر نوسینێکت؟ ئایا ئەمە لوتبەرزیی ڕۆشنبیرییە یان بێتاقەتیی ڕۆشنبیریی؟ من هەر تاقەتیشم نەبوو وەڵامی بدەمەوە، هەر نامەوێ وەڵامی بدەمەوە .. واتا وەک ئەوەی کەسێک پێت بڵێ کراسەکەت ڕیقنەیەکی پێوەیە..تۆ تاقەتت نەبێ وەڵامی بدەیتەوە، ئێ کابرا زەحمەتی کێشاوە، کە ئاگاداری کردوویتەتەوە، کراسەکەت پیس بووە، ئەبێ بە لایەنی کەمەوە بڵێی سوپاس . . یان پێی بڵێیت کاکە ئەوە ڕیقنە نییە، بڕاندی پۆڵۆیە یان لاکۆستە .. یان هەر وەڵامێک .. بەڵام هەر وەڵامی نەدەیتەوە، چی ئەگەیەنێت؟ زۆر شت ئەگەیەنێت کە ناتوانم لێرەدا باسی بکەم، پاشان کەسێک کە شایانی وەڵامدانەوە نەبووبێ و پشتگوێ خرابێت، بۆچی ئەچیتە پرسەکەی ؟ ئاخر کەسی بیریار وەک کەسی عەشایەر نییە، مردن چۆکی پێ دابدات و بەرەو مزگەوت و گۆڕستان هەڵیفڕێنێ.
گەشتێکی تری هەردی سەلامیی، لەگەڵ دکتۆر محەمەد خانیدا بوو، ئەو دکتۆرە کۆمەڵناسەی کە بە ووتە و لێکدانەوەکانی خەڵکێکی زۆری لێ کوبوونەتەوە و .. چێژێکی تایبەت لە هێمنیی و عەقڵ و لێکدانەوەکانی دەبینن، بە جۆرێک چارەسەری بۆ زۆربەی کێشە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکان پێیە، بە بێ زۆر لە خۆکردن و پەنا بردنە بەر زاراوەی لاتینیی و گریکیی، بە زمانێکی ڕەسەنیی کوردیی ئەدوێ..
٢-
لەم گەشتەی 8 دا، چەند سەرنجێکیشم لەسەر دکتۆر خانی هەبوو، ئەڵێ من زۆر داوای لێبوردن لە خەڵک ئەکەم ..بەڵام داوای لێبوردن کاردانەوەی هەڵەیەکە، وەک دەڵێن من کەمترین خەڵک بریندار ئەکەم، بۆ ئەوەی کەمترین داوای لێبوردن بکەم..کەواتە دکتۆر خانی تۆ لە ڕاستیدا ئەبێ زۆر تووڕە بیت، یان خەڵکێکی زۆر بریندار ئەکەیت وا زۆر داوای لێبوردن ئەکەیت، چونکە ناکرێت هەر لە خۆمانەوە داوای لێبوردن بکەین، هەتا هەڵەیەکمان بەرامبەر کەسێک نەکردبێت.
دکتۆر خانی ئەڵێت: من هاوسەرەکەم هەموو شتێکمە، نە باوکم ماوە نە دایک ، خوشک و برا هەموو دوور کەوتوونەتەوە، پێی دەڵێم گەر تۆ نەبوویتایە من چیم بکردایە ؟
لێرەدا ئەم کۆمەڵناس و دەروونناسە ئەکەوێتە دوو هەڵەی گەورەوە، هەڵەی یەکەمیان ئەوەیە، ئەوێکی زانا و دانا گەر هاوسەرێکی نەبووایە نەیدەزانی چی بکات، ئەی چەندەها گەنجی کوردی ئاوارەی کەمپەکان بێ دایک و باوک و خوشک و برا و هاوسەر چی بڵێن؟ کاتێ گوێ لە دکتۆر خانی دەگرن، ئەبێ توشی چ خەم و دەردێکی جودایی ببن، کاتێ دکتۆرێکی پایەبەرز بە بێ هاوسەر ماڵوێران ئەبێ، ئەی ئەوانی داماو چی بکەن؟ هەر لەناو گوێگرانی بەرنامەکەی گەشتی8 دا، چەندەها کەس هەن هاوسەریان مردووە، یان نەخۆشکەوتووە و لەناوجێدایه یان تەڵاقدان تەنیای خستوون، ئەبێ چ ئەشکەنجەیەکیان توش بێ کاتێ دکتۆرێکی بێ هاوسەر ڕایدەگەیەنێ کە بە بێ هاوسەر نازانێ چی بکات و نازانێ قوڕی کوێ بکا بە سەریدا ..
دووەمیش، ئەمەوێ بە کاک خانی بڵێم، هەرگیز مان و نەمان و هیوا و ئاواتەکانت مەبەستەرەوە بە کەسێکەوە، گەر وایش بێت، لەبەردەمیدا ئەو ڕاستییە ئاشکرا مەکە، بۆ ئەوەی شیرازەی خۆت لە دەستی خۆتا بێت و نەچێتە دەستی کەسێکی ترەوە، چونکە سروشتی مرۆڤ بە گشتی و مرۆڤی کورد بە تایبەتیی بەو جۆرەیە، کاتێ بزانێت بووەتە دوا چانس و دوا هیوا و دوا پشت و پەنای کەسێک، خۆی لەو کەسە دوور ئەخاتەوە، بە گشتی مرۆڤ حەز ئەکا هاوڕێی کەسێکی سەخت بێ نەک کەسێکی تەخت..کەس و کەژ پیتێکیان جیاوازە، بەڵام بەڕای من هەر یەک ووشە بوون و پیتێکیان کەوتۆتە خوارەوە و شکاوە..
دکتۆر خانی تەواوی قسەکانی ئامۆژگاریین، لە کاتێکدا ئاسانترین شت کە هەموو مرۆڤێک ئەتوانێت بیکات و هیچی تێ ناچێت، ئامۆژگاریکردنی ئەوانی ترە .. هەر زۆر خۆشە دانیشیت بەو خەڵکە بڵێیت بۆچی ئیشێک ناکەن؟ بۆچی زۆر ئەخەون ؟ ئەو خەڵکە چۆن دەوڵەمەند ئەبن، ئەی تۆ بۆ چوار مشقیی لێی دانیشتوویت؟
منیش ئامۆژگاریی خەڵکم زۆر کردووە، هەتا خۆم ئیشی دوای نیوەڕوانم لە دەست چوو، تەماشا ئەکەم زۆر زەحمەتە بچم ئیشی تر بکەم، یان ئیش هەر نییە بیکەم، ئەوسا سەرم کردە خەو، بە جۆرێ پەشیمان بووم لە هەموو ئەو ئامۆژگارییانەی کە جاران دەرخواردی گەنجە بێ ئیشەکانم ئەدا.. لەبەر ئەوە بە ڕاستی من حەزم ئەکرد گوێگرێکی زۆرتان نەبووایه، بەڵکو کۆمەڵێک گەنجم ببینیایە پڕۆژەیەک بەو شاخەوە بکەن بڵێن ئێمە تەلەبەی دکتۆر خانین ..کۆمەڵێ شۆڕشگێڕ بڵێن ئێمە خوێندکاری دکتۆر خانی بووین.. کۆمەڵێ لاو شەقامەکان پاک بکەنەوە و ڕێنمایی داب و نەریتی کوردیی بدەنە گەشتیارەکان و بڵێن ئێمە قوتابی دکتۆر خانین .. بەڵام کاتێ ئێمە تەنها قسە بۆ خەڵک بکەین و لە جیاتی خەباتگێڕ و خەڵکی تێکنۆکرات، خەڵکی گوێگر لە دەوری خۆمان کۆبکەینەوە، ئەوسا ئێمە میللەتێکی بێ زمان و بێ چاو و بێ دەسەلات دروست دەکەین، کە لە جیاتی ئەوان قسە ئەکەین، واتا میللەتێکی ئاڵودە بە قسەی خۆش و نەستەق و لێکدانەوەی ئاسان و چارەسەر بە ووشە.. میللەتێ کە چاوەڕوانە دکتۆر خانی و عەلی حەمە ساڵح و سۆران عومەر و دکتۆر غالب قسەی دڵیان بکا ..کە ئەوان قسەی دڵی میللەتیان کرد، ئیتر میللەت بە بێ دەنگیی ئەمێنێتەوە، چونکە ووتە بێژ و زمانحاڵی هەیە، پێویست ناکات میللەت قسە بکات و بیر بکاتەوە ..هەتا شەقام و باری ئابووریی و زانستی و سیاسیی بەرەو خراپتر بڕۆن، بزانن خەڵکێک هەن کە پێشرەوی میللەتن بە قسە و دروشم .. هەر بۆیە کاتێ دوو گەنج لە شوێنێکی گشتیدا میز ئەکەن بە دیوارێکدا، حەق نییە دوو گەنجەکە سزا بدرێن، حەقە مامۆستاکان لە سەرەتاییەوە هەتا زانکۆ سزا بدرێن، چۆن نەیانتوانیوە دوو گەنج وا لێبکەن وەک مرۆڤ میز بکەن نەک وەک گوێرەکە ..ئەبێ سیاسیی و تەواوی ڕەگەیاندنەکانیان سزا بدرێن، چۆن بەو ڕاگەیاندنە زەبەلاحانەوە نەیانتوانیوە ڕێگای ئاودەستخانە پیشانی دوو گەنج بدەن..لەبەر ئەوە بە لاتانەوە ئاسایی بێت کە ئەوروپییەک دێتە کوردستان سەیری هیچ کەسێک ناکات، چونکە هەست ناکات مرۆڤی تێدایە ، لەبەر ئەوەی جێگا دەست و شوێن پێ و بار و دۆخەکەی چوار دەوریی، هی مرۆڤ نین، یان لە باشترین حاڵەتدا هی مرۆڤی پێش شۆڕشی پیشەسازیی و ڕێنیسانسن..
لە ئەوروپا زانا و دانا و بیریارەکانیان، وەک تۆماس مۆر و دانتیی و ڤێرکیلی و بۆکاشیۆ و کۆپەرنیکوس و ..سەدانی تر، گەورەترین شوڕشی زانستی و ژیاریی و شارستانیی، بە خوێن و ژیانی خۆیان ئەنوسنەوە، ئەگینا تا ئەمڕۆیش شەقامەکانیان وەک شەقامەکانی ئێمه دەبوو .. ئەوان پێشڕەوی هەموو گۆڕانکاریی و شوڕشەکان بوون..خۆ تۆماس مۆر و سۆکرات ئەیانتوانی خۆشترین ژیان لەگەڵ پادشا نادادەکاندا بژین و خۆیان بە کوشتن نەگەیەنن، ئەی بۆچی خۆیان بە کوشتن گەیاند؟ لەبەر ئەوەی میللەتەکان تێ بگەن کە چیتر قبوڵی پادشای ناداد و یاسای دارستان نەکەن ..ئەوان نەبوونایه، سیستمی تێکنۆکرات چۆن لە ئەوروپا و ئەمەریکا پەیڕەو ئەکرا؟ چۆن ئۆبامایەکی بنەچە ئەفەریقیی ئەکرایە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان؟ ئەی بۆچی لای خۆمان سەرۆک لە فڵان تیرە و خێزان نەبێ، ئەگەر ئەبراهانم لەنکۆڵنیش بێ، لچی لێ نادات؟
ئێ ئەوان خاوەنی سۆکرات و تۆماس مۆر و دانتین کە فەیلەسوفی پێشمەرگە بوون، ئێمەیش خاوەنی فەیلەسوف گەرێکین، کە لە قسەکردندا هیچ کێشەیەکیان نییە، بەلام ئەگەر نیشتمانەکە لە نادادیدا نوقوم بێ، بچوکترین چارەسەر و کاردانەوە و هەڵوێستیان نابێ و ..تێکڕایشیان بە دەردی خوا ئەمرن.. بەڵام گلەییەکم لە هەردی سەلامیی هەبوو، لە کاتی سوور بوونەوەی قیمە و پیازەکەدا، نەیهێشت دکتۆر بە ئیسراحەت دوو پارووی چاک بخوات، نانەکە بەشێکی بە دەستییەوە و بەشەکەی تریشی لەسەر ئەژنۆی، نائومێد بووبوون.
دواجار کاک هەردی چووە کەرکوک بۆ لای کاک ئاسۆ ئەڵمانیی.. ئەو پیاوەیش وەک پێشمەرگەی دێرین و .. وەک خەڵکی کەرکوک و.. وەک یەکێک لە قوربانییەکانی ئیپیدایمی براکوژیی، کۆمەڵێک داخ و خەمی هەڵڕشت، کە وای لە بینەرانی کرد خۆشیان بوێت، هەستی خۆبەشتزانین و قسەی باق و بریقی نەبوو .. سادە و ساکار و خاکیی بوو ..بەڵام دوو سەرنجم لە بەرامبەری دروست بوو،
یەکەمیان : کاتێ باری تەندروستیی تێک دەچێت و .. چەوری جگەر یان ترایگلیسراید و ڕێژەی شەکری بەرز ئەبێتەوە، گوێ نادات بە خۆی، هەتا ئەم پرسە ئەگاتەوە لای پاڤڵ تاڵەبانیی، پێی دەڵێت : بڕۆ بۆ ئەوروپا چارەسەری خۆت بکە..
ئەمیش ئەڕوات بۆ نەمسا، بۆ سەنتەرێکی تایبەت بە هەرس و جگەر و لە ماوەی دوو هەفتەدا دوانزە کیلۆ دادەنێت و ..کە دێتەوە پزیشکەکانی ئێرە سەریان سوڕدەمێنێت، لێی ئەپرسن چیت کردووە وا هیچ دەردێکت تیا نەماوە ؟
لێرەدا لە کاک ئاسۆ ئەپرسم، باشە بۆچی هەتا کاک پاڤڵ نەیووت بڕۆ بۆ ئەوروپا، نەچوویت؟ بۆچی گرنگی بەخۆت نادەیت ؟ خۆ نە لە شاخین و نە لە شەڕداین و نە سنوورەکانیشمان گیراوە .. ئیتر چۆن ئەتوانیت بە نەخۆشی جگەر و پەنکریاسەوە لێی دانیشیت، هەتا پرسەکە ئەگاتە سەروو خۆت و ..پێت ئەڵێ ئەبێ بە زووترین کات بچیتە ئەوروپا چارەسەری خۆت بکەیت ؟
باشە، وا تۆ چوویتە ئەوروپا و چارەسەری خۆت کرد، ئەی ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێگرتوویت، چۆن چارەسەری خۆیان بکەن؟ من کەسێک ئەناسم، کە جگەری به تەواوەتیی توشی فایبرۆسس بووە و ئەبێ جگەری بۆ بچێنن، لە کوردستان سێ دەفتەر دۆلاری تێدەچێ و لە هیندستان حەوت دەفتەر، ئێستا و لەم کاتە ناسکەدا چووە بۆ تاران، چونکە نە سێ دەفتەر شک ئەبات و نە حەوت دەفتەر ..؟
بە سیفەتی ئەوەی پێشمەرگەی دێرینیت و خۆت بە بەرپرسیاری ئەو میللەتە ئەزانیت، بۆیە ئەو پرسیارەت لێ دەکەم .. ئایا ووڵاتی خۆمان چارەسەری تێدا نییە، وا ئێوە یەکسەر ئەڕۆن بۆ ئەوروپا ؟ ئەنوەر و فاتیحی هاوڕێم شێرپەنجەیان بوو، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بوون ، خانۆکانیان فرۆشت و چوونە ئەستانبوڵ بە هیوای ڤیزەیەکی ئەوروپا، دەستیان نەکەوت و هەر لەوێ مردن و بوونە هاوگۆڕی نالی و حاجی قادری کۆیی ..
تۆ بۆچی باسی ئەو گەشتەت بۆ کردین بۆ نەخۆشییەکی ئاسان کە چارەسەرت لای پزیشکێکی وەک محسن ابوبکر هەبوو، ئەی ئێمە نەخۆشییە گرانەکانمان ببەین بۆ کوێ ؟
بریا باسی ئەو گەشتە ئاسانەت نەکردایە، کە لای ئێمە زۆر گرانە و هەزاران لاومان لەو ڕێیەدا خنکان.
دووەم سەرنجیشم ئەوەیە کاک ئاسۆ ئەڵێ ئەبێ جارێکی تر بچمەوە بۆ نەمسا، چێکی خۆم بکەمەوە، بەڵام لەبەر بارودۆخی نائارامیی بەغداد و ناوچەکە، دوام خستووە، چاوەڕێ دەکەم وەزعەکە ئارام بێتەوە، جا ئەڕۆمەوە بۆ نەمسا ..
لێرەدا ئەپرسم جاری یەکەم کە چوویت بۆ نەمسا، بارودۆخەکە ئارام بوو ؟ بڕوا ناکەم ئارام بووبێت.. چونکە من پەنجا ساڵ پێش ئێستام لەبیرە، هەرگیز بارودۆخی ئەم ناوچەیە ئارام نەبووە، هەر بۆیە دەست لە دەست و قەوەت لە خوا، بە زووترین کات تکتی فڕۆکە ببڕە و لە نەمسا چێکی تەندروستی خۆت بکەرەوە، دڵیشت هیچ نەکات، چونکە هەر کاتێ بە قەڵەم و کاغەزێکەوە بچیتە بارەگای هەموو حیزبە کوردییەکانەوە و غیابات بنوسیت، زۆربەیان غایبین و لە گەشتی خەلیج و تورکیا و ئەوروپا و ئەمەریکان، ڕەنگە تەنها ئێشکگرێک لە بارەگاکاندا ببینیت، کە وەک من سەرە ئێشکگرتنێتی و چاوەڕوانە گەشتیارێک بێتەوە و بارەگاکەی تەسلیم بکات و ئەویش بڕوات بۆ نۆرە گەشتی خۆی.
