فرەژنی لەنێو گڕکانی نادادیدا.. ستار ئەحمەد
هاوسەرگیری وەک یەکێک لە دێرینترین دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤایەتی، هەمیشە لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییە ئابووری، زیندەوەرزانی، بیرکاری و دەروونییەکاندا بووە. دیاردەی فرەژنی، کە مێژوویەکی کۆنی لەناو جڤاکە جیاوازەکانی جیهاندا هەیە، تەنیا بابەتێکی یاسایی یان ئاینی سادە نییە، بەڵکو دەکرێت وەکوو تەقینەوەیەک لەنێو گڕکانی نادادیدا سەیر بکرێت. بۆ تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لەم دیاردەیە، پێویستە لە دەرەوەی سۆز و لاسایکردنەوە، سەیری ڕەگ و ڕیشە زانستی و بیرمەندییەکانی بکەین تا بزانین چۆن ئەم ڕێڕەوەی هاوسەرگیرییە لە کاتی ئێستادا بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی نادادپەروەری و شڵەژانی پێکهاتەی خێزان.
لە ڕوانگەیەکی زانستی و زیندەییەوە، مرۆڤناسی و زیندەوەرزانی پێمان دەڵێن کە مرۆڤ بە درێژایی مێژووی خۆی تەنیا لەسەر یەک ڕێکاری هاوسەرگیری جێگیر نەبووە. لێکۆڵینەوەکان لەسەر مرۆڤی سەرەتایی نیشانی دەدەن کە مەیلی نێرینە بۆ فرەبوونی هاوبەشەکان لە ڕووی زیندەیییەوە بەشێک بووە لە ستراتیژی پەرەسەندن بۆ زیادکردنی نەوە و پاراستنی نەخشە بۆماوەییەکان لە کاتە سەختەکاندا. لە کاتێکدا مێینە بەهۆی دووگیانی و بەخێوکردنی کۆرپەلەوە وەبەرهێنانێکی جەستەیی زۆر گەورەتر دەکات، نێرینە دەتوانێت لە یەک کاتدا هۆکاری دروستبوونی چەندین نەوە بێت. ئەم جیاوازییە پێکهاتەییە لە کۆنەوە زەمینەی بۆ پەیدابوونی ئەم ڕێکارە خۆش کردووە، بەڵام کاتێک مرۆڤ لە قۆناخی سروشتی دەرباز دەبێت و دەچێتە ناو باری شارستانییەت، ئیتر ناتوانێت تەنیا بە پێوەری ویست و زیندەوەرزانی ڕەفتار بکات، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی خاوەن بیرکردنەوە و ڕەوشتە و پێویستە دادپەروەری بخاتە سەرووی حەزی سروشتی خۆیەوە.
له ڕووی ئابوری و مێژووییەوە، فرەژنی لەو سەردەمانەدا گەشەی کرد کە کۆمەڵگەکان پشتیان بە کشتوکاڵ و جەنگ دەبەست. لەو قۆناخانەدا، هێزی کار و ژمارەی ئەندامانی خێزان پێوەری سەرەکی بوون بۆ بەدەستهێنانی سامانی زیاتر. ژمارەی زۆری منداڵان واتای هێزی کاری زیاتر و پاراستنی زەوییەکان بوو. لە لایەکی ترەوە، جەنگە بەردەوامەکان دەبوونە هۆی کوژرانی ڕێژەیەکی زۆری پیاوان، ئەمەش هاوسەنگی ژمارەیی نێوان ڕەگەزەکانی تێکدەدا و بۆ ڕێگریکردن لە بێدەرەتانی مانەوەی ژنان و منداڵان پەنا دەبرایە بەر ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە. بەڵام گواستنەوەی ئەم شێوازە مێژووییە بۆ سەردەمی هاوچەرخ کە تێیدا پێکهاتەی ئابوری گۆڕاوە و ژن خۆی بووەتە هێزێکی بەرهەمهێنەر و سەربەخۆ، وا دەکات کە هێشتنەوەی فرەژنی وەک ئەوە بێت مرۆڤ بە زۆر بیەوێت پێکهاتەیەکی کۆن بەسەر بارو دۆخی نوێدا بسەپێنێت، ئەمەش سەرەتای دروستبوونی ئەو گڕکانە لاسەنگەیە کە ناخی خێزانەکان دەسوتێنێت.
کاتێک لە ڕوانگەیەکی بیرمەندی و زانستیییەوە سەیری ناخی ئەم ئاگرە دەکەین، هاوکێشەکە ڕوونتر دەبێتەوە. هزرینی هاوچەرخ و گەشەی ناسنامەی تاکگەرایی پرسیارە بنەڕەتییەکان دەربارەی ڕەگی مرۆڤ و پەیوەندییەکان دەوروژێنن. ئەگەر هاوسەرگیری لەسەر بنەمای یەکێتی گیانیی، سۆزداری و هاوبەشی ڕاستەقینە بونیاد بنرێت، مرۆڤ ناتوانێت لە یەک کاتدا ئەو تێکهەڵچوونە سۆزدارییە بە یەکسانی بەسەر چەند کەسێکدا دابەش بکات. ڕەوشتناسی پێمان دەڵێت کە مرۆڤەکان ئامانجن نەک ئامرازێک بۆ تێرکردنی ئارەزوو یان نواندنی دەسەڵات. کاتێک مرۆڤێک دەبێتە هاوبەشی ژیانی کەسێکیتر ، چاوەڕوانی دانپێدانانی تەواو و تایبەتمەندی دەکات. لە ڕوانگەی بیرۆکەی یەکسانی خوازییەوە، فرەژنی نایەکسانییەکی پێکهاتەیی ڕیشەیی لە نێوان ڕەگەزەکاندا پێکدەهێنێت, چونکە مافەکە تەنیا بۆ یەک لایەن قۆرخ دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشە لە هاوسەنگی هێز لە ناو خێزاندا و کاردەکاتە سەر شکۆی مرۆیی و سەربەخۆیی دەروونی ژنان.
لە لایەکی ترەوە، لە ڕووی زانستییەوە، پێوەرەکانی بەختەوەری لە جیهانی ئەمڕۆدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. پێوەرە کۆنەکانی تەنیا بیرکردنەوە لە مانەوەی فیزیکی جێگەی خۆیان داوە بە چۆنایەتی ژیان، گەشەی کەسایەتی، و ئارامی دەروونی. لێکۆڵینەوە دەروونییەکان نیشانی دەدەن کە فرەژنی لە ناو دڵی خۆیدا گڕکانێک لە ئێرەیی، دڵەڕاوکێی بەردەوام، هەستی پشتگوێخستن و پەرتەوازەبوونی سۆزداری منداڵان حەشارداوە. مێشکی مرۆڤ پێویستی بە سەقامگیری و دڵنیایی هەیە، و کاتێک ئەم ڕێکخستنە دەروونییە بەهۆی دابەشبوونی سەرنج و سۆزی باوک یان هاوسەرەوە دەکەوێتە مەترسییەوە، جڤاکەکە ڕووبەڕووی جۆرێک لە داڕوخانی ناوەکی دەبێتەوە کە کاریگەری نەرێنی درێژخایەنی لەسەر پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو دەبێت، و ئەمەش گەورەترین نادادییە کە بەرامبەر بە منداڵان و دایکان دەکرێت.
پێویستە ئەوەش بە ڕاستگۆیانە لێک بدرێتەوە کە کۆمەڵگەی ئێمە ئێستا لە دۆخێکی گواستنەوەی مێژووییدایە. لە لایەکەوە کێشکردنی نەریت و مێژوو و هەندێک تێگەیشتنی کۆن هەیە کە هێشتا بارو دۆخەکە بە چاوی سەدەکانی ڕابردوو دەبینێت، لە سەرێکی دیەوە پێشکەوتنی خوێندەواری، ئابوری سەربەخۆیی ژنان و گۆڕانی پێکهاتەی شارنشینی وا دەکات کە شێوازی فرەژنی نەتوانێت لەگەڵ داخوازییەکانی ژیانی نوێدا بگونجێت. کاتێک ژن دەبێتە خاوەن زانست و وشیاری یاسایی، ئیتر ناتوانێت لە ناو پێکهاتەیەکدا بژی کە پێگەی ئەو کورت دەکاتەوە. ئەمە کێشەیەکی هزری چڕە؛ ناتوانرێت بە یاسای کۆن کێشەکانی مرۆڤی هۆشمەندی ئەمڕۆ چارەسەر بکرێت بەبێئەوەی لێشاوی نادادی ناو کۆمەڵگە زیاتر نەکەین.
بێگومان، فرەژنی دیاردەیەکە کە لە ڕابردوودا بەهۆی بارودۆخی تایبەتی مێژووییەوە بوونی خۆی سەپاندبوو، بەڵام لە ژێر تیشکی گەشەی زانستی، بیرمەندی مافەکانی مرۆڤ و گۆڕانی بنەڕەتی لە پێکهاتەی جڤاکی هاوچەرخدا، بووەتە هۆی دروستبوونی گڕکانێک لە نادادی کە ئاشتی خێزانی و دەروونی دەسوتێنێت. تێڕامانی ورد لەم بابەتە پێمان دەڵێت کە پێشکەوتنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بەندە بە بونیادنانی خێزانێک لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە، یەکسانی ڕەها و تێڕامانی سۆزداری تاکەکەسی، چونکە تەنیا لە ڕێگەی کوژاندنەوەی ئەم گڕکانە نادادییە دەکرێت نەوەیەکی تەندروست، هاوسەنگ و هۆشیار پێشکەشی داهاتوو بکرێت.

