رەخنەی شانۆیی و ڕەخنە لەشانۆی کوردیدا/ ٧.. گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی
-پێویست ناکات لەو بارەیە کتێبێک بنووسیت لەڕوانگەی فەیلەسووفەکانەوە؟
-ئەو پرسیارە بۆ من بیانوویەکی باشە تا هەندێک ڕاستی بدرکێنین، هەندێک دەستەواژە ئازاراوین، بەڵام ڕاستین، بەهیچ جۆرێک پێم وانیە پێویستمان بەوە بێت کتێب بنووسین لەبارەی شانۆ و فەیلەسووفەکانەوە، شانۆکاری کورد بە میرات شانۆی بۆ ماوەتەوە، زانیاریەک فێر دەبێت و بۆ هەمیشە لەسەری دەژیت، بڕوا ناکەم کەس بیەوێت بەخۆیدا بچێتەوە، یاخود گفتوگۆی بابەتێک بکات، هەر کاتێک ئەوەی دەینووسیت ناکۆک بوو لەگەڵ زانیاریە پێشووەکانی ئەو ئیدی بێدەنگی لێ دەکات، گەر ناچاریشی بکەیت ئەوە دێت وا خۆی نیشان دەدات کە تەواو لەپرسەکە شارەزایە، ئیدی لەبەردەم شانۆکارانی شارەزا و پسپۆر باوەر ناکەم کەم توانایەکی وەک من کاری ئەوە بێت کتێبێک بنووسێت لەم بارەیەوە، تەنانەت ئەو کتێبەی زیاد لە پانزە سالە خەریکیم لەبارەی شانۆی پۆلەندی، لەئێستادا پلانی کارەکەم گۆڕیووە، چونکە دڵنیام شانۆکاران پێویستیان پێی نیە، بۆیە هەوڵ دەدەم کتێبەکە بە زمانی فەرەنسی بنووسم، دەزانم ئەوە کارێکی سەختە، بەڵام گەر ئەو کتێبە هەشت ساڵیتر تەواو بێت باشترە لەوەی کتێبەکە بە زمانی کوردیی بێت و بە هەشت مانگی تر تەواو بێت، مرۆڤ بۆیە دەنووسێت تا بیرۆکەکانی بگەیەنێت، بەڵام کە زانی ناخوێنرێتەوەو کەس پێویستی پێی نیە، ئیدی نووسین پێویستیەک نیە، بڕوام وایە ئەو گفتوگۆیەش دواهەمین قسەی من دەبێت لەسەر شانۆی کوردیی، بۆیە ڕەنگە پێمباش بێت وەک دۆکۆمێنتێت لە دەرفەتێکدا وەکو کتێب چاپی بکەم، تا لەداهاتوودا بەڵگەیەک هەبێت، کە کەسێک هەبوو لەو ڕۆژگارە ڕەخنەی گرت، نەوەکو هەموومان ستایشکاری دۆخێکی خراپەکار بین، دەشێت قسەکردنی من باش نەبێت، لەگەڵ کۆی بیرۆکەکان هاوتەبا نەبیت، بەڵام ناکرێت یەک جۆر بیرکردنەوە ئامادەبوونی هەبێت.
-کەوایە چۆن سەیری ڕەخنەی شانۆیی دەکەیت؟ تا چ ئاستێک قسەی لەبارەی نمایشەکانەوە گەشەکردنی بە شانۆ بەخشیووە؟
-من لەو بارەیە کتێب و نووسینیترم هەیە، بەوردی لەسەری وەستاوم، رەخنەی شانۆیی ئێمە بەچەندین ئاست پۆلین دەکرێت، رەخنەی وەسفی ڕەخنەیەکە زۆربەی کات ئامادەبوونی هەیە، دەرهێنەرەکانیش ئەو جۆرە رەخنەییان پێخۆشە، چونکە وەک جۆرێک ستایش سەیری دەکەن، لەپاڵ ئەو نمونەیەی پەشتر هێنامانەوە کە کتێبێک دەنووسرێت و نوسەرەکەی ستایشی کاری خۆی و هاورێکانی دەکات، جا ئەوە وەک رەخنەی شانۆیی دەبینیت، پەیوەندی بە ئاستی تێگەیشتنی شانۆیی خۆتەوە هەیە، ڕەخنەیەکی ترمان هەیە زیاتر لەسەر داتا و ژمارە کار دەکات، دەتوانین وەک کاری رۆژنامەوانی سەیری بکەین، بەڵام پرسەکە ئەوەیە ئایا ڕەخنەی شانۆی ئێمە دەتوانێت وەک دەقێکی سەربەخۆ دەربکەوێت؟ ڕووبەرێکی سەربەخۆ بێت و لەناو سیستمی ڕەخنەیی و دەلالی مەعریفە بە نمایش ببەخشێت و بگەڕێینەوە بۆ ڕەخنە؟ ئایا رەخنە لەشانۆی ئێمەدا دەتوانێت دەق بێت؟ بەدرێژایی کاری شانۆیی من ئەو پرسیارەم هەبووە، ئەوە هەرگیز بێبەهاکردنی هەوڵی ڕەخنەگران نیە، دەسەت ئێمە رەخنەگرمان هەبێت شایەدی سەردەمی خۆی بێت و ویستبێتی ئەو ساتەوەختە زەمەنیە بە مێژوو بکات، رەخنەگرمان هەیە ویستویەتی لەپاڵ ئەو جۆرە نمایشانە ڕێ بکات کە لەگەڵ چێژی شانۆیی ئەودا دەگونجێت، بەڵام سەرەنجام نابێت بە دەقی ڕەخنەیی، ئێمە هەندێک هەوڵمان هەیە ڕەخنەگر تیایدا ویستویەتی گوتاری ڕەخنەیی بنیات بنێت، بەتایبەت لەنزیکبونەوە لەناو زانستە مرۆییەکان، بەڵام گرفتەکە لەکوێیە؟ ئێمە نەهاتووین لەزانستە مرۆییەکان ئەو چەمکانە وەربگرین کە شانۆیین، چەمکی بیریارێکمان هێناوە بۆ ئەدەب یا فەلسەفە بەکاری هێناوە، ئەوەمان سەپاندۆتە سەر نمایشەکان، بە نمونە هەندێک چەمک و زاراوە کە ڕۆلان بارت بەکاری دێنێت بۆ تێکستی ئەدەبی، ئێمە ئەوەمان گواستەوە بۆ شانۆ، لەکاتێکدا بارت خۆی بەو چەمکانە شانۆ ناخوێنێتەوە، ئەو دوو کتێبی لەبارەی شانۆ نووسیووە، کتێبێکیان لەژێر ناوی «لەبارەی ڕاسین» توێژینەوەیە لەبارەی شانۆنامەکانی دراماتۆرگی فەرەنسی ڕاسین، هەوڵ دەدات پرسیار لەبارەی پەیوەندی کەسێتیەکان بکات، گومان و پرسیار ڕووبەرێکی گرنگی ناو ئەو تێگەیشتنە نیشان دەدات، بەڵام هەرگیز نایەت قسە لە مەرگی نووسەر و پلەی سفری نووسین بکات، بەڵام لە رەخنەی ئێمەدا، چونکە ئاشنایەتیمان بە دوو کتێبەکەی نەبوو، بۆیە هەولمان دەدا ئەوەی بەردەستمان دەکەوت ئەوە بسەپێنینە ناو نووسینە ڕەخنەییەکانمان، تەنانەت کتێبی دووەمی کە لەژێر ناوی «نووسین لەبارەی شانۆوە» کتێبێکە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەت بۆ تێگەیشتن لە ئاماژەی شانۆیی، چونکە لەوێدا بەتەنیا لەسەر دەق کار ناکات، بەڵکو لەسەر تەواوی ئەو پێکهاتانە دەوەستێت کە نمایشی شانۆیی بەرهەم دێنن، لەڕاستیدا لەو کتێبەدا وەک ڕەخنەگرێکی شانۆیی بەدوای دەق قسە لەپێکهاتە هونەریەکانی نمایشی شانۆیی دەکات، ڕەخنەی ئێمە ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستە، بۆیە ناتوانین نووسینی ڕەخنەیی ناو بەرین بە دەقی ڕەخنەیی، دەقێک کە سەربەخۆ بیبینین وەک شانۆنامەو نمایش، کە دوو دەقی سەربەخۆن، نووسەر و دەرهێنەر بنیاتیان دەنێن.
ئەگەر نمونەیەکی تریش بێنینەوە، کتێبێکی گرنگی ڕەخنەیی ڕەخنەگری پۆلەندی یان کۆت، کتێبەکە بەناوی «ئایا ئەمەتان بە دڵە» ساڵی ١٩٥٥ چاپکراوە، باس لەنمایشەکانی سالانی ١٩٤٤-١٩٥٥ دەکات، ئەو کتێبە بەتەنیا قسە لەنمایشی شانۆیی ناکات، بەڵکو لەڕوانگەی کۆمەڵێک پرسیارەوە دەیەوێت پەیوەندی شانۆ و کۆمەڵگا دەست نیشان بکات، لەپاڵ قسەکردنی لە ئەکتەر بەتەنیا نایبەستێتەوە بەو نمایشەی قسەی لەبارەوە دەکات، بەڵکو بەکۆی ئەزموونی نواندنی ئەکتەرەوە دەیبەستێتەوە، بەهۆی ئەوەی ناونیشانی کتێبەکەی لەشانۆنامەیەکی شکسپیرەوە وەرگرتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە بەشێکی لەبارەی ئەو پرسیارەیە کە چۆن لەسەدەی بیستەم سەر لەنوێ شکسپیر لەسەر شانۆ بخوێنینەوە؟ بۆیە قسەکەمان لەوەدایە ڕەخنەی ئێمە نەگەیشتووە بەم ئاستە، هۆکارەکەشی پەیوەندی بە دوو ئاستەوەیە، یەکەمیان وابەستەی ئەو نمایشانەیە کە قسەی لەبارەوە دەکات، ئاستی دووەمیش سەرچاوە رەخنەییەکانی ڕەخنەگرە، هەولی نەداوە بە لایەنی کەم بە زمانی ئینگلیزیی بخوێنێتەوە، تاوەکو ئاستی ڕەخنەیی خۆی بەرەو پێش بەرێت، بۆیە زۆرجار کاتێک رەخنەگر پشت بەسەرچاوەیەک دەبەستێت کە کتێبەکە لەسەری نووسراوە شانۆی نوێ، بەڵام بیر لەوە ناکاتەوە کتێبەکە کەی نووسراوە، کاتێک پەنجا سال پێش ئێستا نووسرا بێت ئیدی نوێ بوونەکەی تەواو کۆن بووە، بۆیە هەموو ئەوانە دەبنە گرفت لەبەردەم ڕەخنەی شانۆیی ئێمەدا و نایەلێت ڕەخنەی شانۆییمان بەرەو پێش بچێت.
*سەرەتای ژیانی شانۆییت ساڵانێکی زۆر وەک ڕەخنەگرێکی شانۆیی کارت دەکرد، لەسەر زۆربەی نمایشەکان ئەتنووسی، تەنانەت کتێبێکت هەیە بەناوی «گوتاری ڕەخنەی شانۆی کوردیی» کە قسەکردنە لە شانۆنامە و نمایش، ئایا ئەو بۆچوونە دەسەپێتە سەر ئەو کتێبەی خۆشت؟
-من لەپێشەکی ئەو کتێبەدا باسم لەوە کردووە کە ڕەخنەی شانۆی ئێمە پێویستە ببێتە خاوەنی دەقی ڕەخنەیی، جگە لەوەی لەسەر چەمکی دەسەڵات لەگوتاری ڕەخنەیی وەستاوم، سەرەنجام نەمتوانی دەقی ڕەخنەیی بنووسم، نەدەکرا ڕەخنەگر بم و سەرچاوەی خوێندنەوەم تەنیا زمانی عەرەبی بێت، مەعریفەی منیش وەک شانۆکار دەست نیشانکراو بوو، جگە لەوە لە سالانی کۆتایی کە لەوێ بووم هەستم دەکرد ئێمە ڕووکەشانە مەعریفە وەردەگرین، چەند ناوێک بە سێنتەری مەعریفە دەزانین، لەدەرەوەی ئەوە ناتوانین نمایش لەدیدی ترەوە ببینین، بیرمە لە خوێندنگای دراماتۆرگی وارشۆ جارێکیان بابەتێکم پێشکەش کرد بەناوی «شانۆی سونەتی و تازەگەری کوردیی» لەوێ ئاماژەم بۆ ئەوە کرد شانۆی ئێمە پۆلینکراوەتە سەر ستانسلاڤسکی و گرۆتۆڤسکی، ستانسلاڤسکی وەک شەرمێکە کە دەبین بە سونەتگەراو گرۆتۆڤسکی دەمانکات بە تازەگەرو شانۆکەمان دەباتە ئاستی دنیا، مامۆستاکەمان کە دراماتۆرگێکی ناسراوی پۆلەندی بوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەوەی شانۆی کوردیی دەکات بە جیهانی شکسپیرو چێخۆڤ نین، بەڵکو وەرگێرانی شانۆنامە و بابەتە کوردیەکانە بۆ سەر زمانەکانیتر، بەوەی شانۆی کوردیی لەخۆرئاوا بە زمانی ئینگلیزیی نیشان بدرێت دەیکات بە جیهانی نەوەک گەڕانەوە بۆ دراماتۆرگە ئەوروپیەکان، بەڵام با زۆر لەپرسیارەکە دوور نەکەومەوە، من لەژیانمدا خوێندنگای دراماتۆرگی پۆلەندی کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی شانۆییم دروست کرد، ناسینی کتێب و نمایشە پۆلەندیەکان توانیان ئاسۆیەکیتر لەبەردەم مندا بکەنەوە، شانۆ ئەوە نەبوو کە لەم کتێبانەی نیو سەدە پێش ئێستا بە عەرەبی دەمخوێندنەوە، شانۆ.. بینین و توێژینەوە نوێیەکان بوو، ئێستاش کە لەو بارەیەوە دەدوێم، شانۆکاری کورد مافی خۆیەتی وەک شۆک سەیرم بکات، بەڵام دلخۆشم ڕاستگۆم لەگەل خودی خۆم، دواتر لەگەڵ شانۆو شانۆکاران، هەر ئەوەش وایکردووە من رەخنەگری شانۆیی نەبم و ئەو کارە بۆ پسپۆرانی ڕەخنەی شانۆیی جێبێلم.
*تێبینی خاڵێکم کردوە لەتۆ ناوی دەرهێنەرە شانۆییەکان دێنیت، بەڵام خۆت لەناوی ڕەخنەگرەکان دەپارێزیت؟ ئایا هاورێیەتی هۆکارە؟ یان ناتەوێت بچیتە ناو شەڕێکەوە؟
-شەڕ؟ هاورێیەتی؟ من هەموو ئەوانەی رەخنەگرن تا ئێستاش پەیوەندی دۆستایەتیەکمان هەیە لەسەر بنەمای خۆشەویستی ورێز وەستاوە، هەندێکیان لەبۆنە و نووسینی تر قسەم لەبارەیان کردووە، ئەوانیش درکی ئەوە دەکەن هۆکاری پشت نووسین شانۆیە نەوەکو پەیوەندی کەسی، من کە لێرەدا خۆم پاراست لەناوهێنان شەڕ نیە وەک لەپرسیارەکەدایە، شەڕ بۆچی؟ لەدەرەوەی خۆشەویستیەوە ناتوانیت شانۆکار بیت، خۆتان دەبینن هەندێک پۆستی فەیسبوک و کۆمێنتی وا سەیر لەبارەی منەوە دەنووسن، چونکە راستگۆیانە قسە دەکەم و درۆیان لەگەڵ ناکەم، من خۆشەویستیم بۆ ئەوان هەیە، هیچ شەڕ و رقێکم بۆیان نیە، خۆیان بەر لەهەموو کەسێک ئەوە دەزانن، بۆ من قسەکردن لەبارەی شانۆ، لەدەرەوەی خۆشەویستی هیچ مانایەکی نیە، تەنانەت ئەوانەی دەیانەوێت درۆ بهۆننەوە و بریندارم بکەن، بەلام من نیگەرانی ئەوەم، کاتێک ئەم دنیایە جێدێلم، ئەوان بزانن چەند برینداریان کردم لەبەر ئەوەی ڕاستیم پێ ووتن، وەک ئەوانیتر درۆم لەگەڵ نەکردن، ئەوە گرنگ نیە، من لەخۆشەویستیەوە، لەعەشقێکی شێتانەم بۆ شانۆ قسە دەکەم، دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان، چەند ساڵێک بەر لەئێستا لە رۆژنامەی ڕووداو وتارێکی درێژم نووسی بەناوی «ئاستەکانی نووسین لەگوتاری ڕەخنەی شانۆییدا» لەو وتارەدا ئاماژەم بۆ شێوازی کارکردنی ڕەخنەگرەکان کردبوو بەناوهێنان و ئەو میتۆدە رەخنەییانەی کە پشتی پێدەبەستن، لێرەدا ئاماژە بۆئەوە دەکەم کە باشترین کتێب لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردی نووسرابێت کتێبەکەی کاک دانا رەئوف نیە وەک خۆی باسی دەکات، بەڵکو کتێبەکەی کاک سەباح هورمزە، بیرمە کاتی خۆی هەندێک سەرنجی ڕەخنەییم لە ژمارە٩ ی گۆڤاری ڕامان لەسەر ئەو کتێبە نووسیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ئەوە بڵێم سەباح هورمز باشترین رەخنەگری شانۆی ئەزموونگەری کوردیە، گەر قسە لەسەر ئاستی رەخنەکە فراوان بێتەوە، پەیوەندی بەوە هەیە مەعریفەی ئەزموونگەری شانۆیی، تەنیا گەرانەوە بۆ زمانی عەرەبی هۆکاری پشت ئەو شانۆیە و گوتارە رەخنەییەکەیەتی، لەو رۆژگارە کە شانۆی وێنەیی لوتکەی ئەزموونکاریەت بووەو مەعریفەی شانۆیی دەرهێنەر و ڕەخنەگر تا ئاستێکی زۆر لەیەکتر نزیکن، گرنگ بۆ من کە باسی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی بکەم پێویستم بەوەیە بۆ لای سەباح هورمز بگەرێمەوە نەک دانا رەئوف، ئەویش بەپێی تێگەیشتنی ئێستام بۆ رەخنەی شانۆیی لەلایەک و لەلایەکیتری رەخنەی شانۆیی دەبێت مەعریفەی شانۆیی بەرهەم بێت، کاک دانا لەبڕی مەعریفە وەسفی پەخشانی بە نمایش دەبەخشێت.
*ئەی ڕەخنەگرەکانی وەکو محەمەد تەیمورو موحسین محەمەد و مەغدید حاجی؟
-بەداخەوە من هیچ وتارێکی ڕەخنەیی محەمەد تەیمورم نەخوێندۆتەوە، تاکە وتارێکی کە خوێندبمەوە لەبارەی شانۆی کلاسیک بوو، نووسینێکی ئاسایی بوو ، بەڵام ئەو نوسینانەیم نەخوێندۆتەوە کەلەسەر شانۆن، موحسین محەمەد سەرباری ئەوەی ڕەخنەی شانۆیی دەنووسێت، بەڵام ئاگاییەکی باشی ئەرشیفی شانۆییە، ڕوانینە ڕەخنەییەکانی بۆ تێگەیشتن لەڕاستی و سەرچاوە مێژوویەکان گرنگی خۆیان هەیە و من رێز لەماندووبونەکانی دەگرم، ئەو قسەیەم بۆ کاک مەغدید حاجی بەهەمان شێوە ڕاستە، بەتایبەت کتێبەکەی بەناونیشانی «ئافرەت لەشانۆی کوردیدا» سەرچاوەیەکی ئەرشیفی باش و گەڕانەوەیە بۆ مێژووی شانۆکەمان لەڕوانگەی خانمانی ئەکتەر.
باوەڕم وایە ناویتریش هەیە، لەڕووی شێوازی کارەکانیان لەم ناوانە نزیکن، لەوانە کاک یاسین قادر بەرزنجی هەوڵێکی زۆری بۆ ئەرشیفی شانۆیی داوە، چ لەرێگەی کتێبەکانیەوە یاخود لەوتارە شانۆییەکانی لەهەفتاکان و هەشتاکاندا، هەروەها جۆرێکیتری نووسینی ڕەخنەیی کە لای کامەران سوبحان و شۆڕش محەمەد حوسێن دەرکەوت ئەویش ڕەخنە و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی بوو، کارێکی ڕۆژانەی بەدواداچوونی ناو نمایشەکان بوو لەڕوانگەی کاری ڕۆژنامەوانیدا، ئەو جۆرە نووسینانەش گرنگی خۆیان هەیە.
*ئایا نوسینەکانی حەیدەر عەبدولرەحمان دەکەوێتە کوێی کاری ئەوانەی پێشوو؟
-حەیدەر عەبدولرەحمان جیاوازترە، بە فۆڕمێکیتر هاوشێوەی سەباح هورمزە، بەلام خاڵی جیاوازی کارکردنیان بەروونی دەبینرێت، ئەگەرچی هەردووکیان زیاتر قسە لەشانۆی ئەزموونگەری و تازەگەری شانۆیی دەکەن، لەناو وتارە ڕەخنەییەکانیدا، بەلام بۆ من کاک حەیدەر خاڵی جیاوازی ئەوەیە زۆرجار لەڕوانگەی ناونیشانی شانۆگەریەوە دەرواتە ناو نمایشەوە، با خۆم بپرسم: ئایا ئەوە تێگەیشتنێکی خراپ نیە بۆ نمایش؟ نەخێر، ئێمە پێویستمان بە دیدی جیاوازی خوێندنەوەیە، کێشەی من لەگەڵ ئەودا لەو جۆرە کارە نیە کە لەناونیشانەوە زیاتر جەخت دەکاتەوە، بەقەد ئەوەی رەخنەی وەسفی باڵی کێشاوە بەناو نووسینە ڕەخنەییەکانیدا، لەپاڵ ئەو چەمک و زاراوە ڕەخنەییانەی بەکاری دێنێت، خێرا دەیگوازێتەوە ناو نمایش، ساتی وا هەیە ئێمە نازانین سیاقی چەمکەکە لە چ مانایەکەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە ئەویش دەبێت بزانێت، ئەو تەنیا بۆ شانۆکاران نانووسێت، بەڵکو بینەرانیش کە دەبنە خوێنەری وتارەکانی، چاوەروانی ئەوەن لەڕێی ئەو نووسینانەوە باشتر لە نمایشەکان بگەن، بۆیە لەپاڵ هەموو ئەوانەدا دیارە سیمای ڕەخنەیی ئەو و ناسینەوەی ئەو سیمایە، ڕوونتر لەنووسینی ئەودا دەیبینمەوە، هەڵبەت ڕەخنەی وەسفی پێشتر بەهەمان شێوە باڵی کێشا بوو بەسەر ڕەخنەکانی حەمە سوار عەزیز، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی ئەو هەوڵ دەدات زیاتر لەڕوانگەی زانستە مرۆییەکانەوە لەنمایش نزیک ببێتەوە، ئەوەشیان بەگرنگ دەبینم وەک ئاراستەیەکی سەربەخۆی کارکردن لەکاری ئەودا، ئەگەرچی ئەوەی جێگای سەرسووڕمانی منە، ئەوەیە بۆ حەمە سوار پیشەگەربوون لەکاری ڕەخنەیی، ئەوە نیە تۆ قسە لەهەموو نمایشێک بکەیت، کە هەندێکیان لەدیدی ڕەخنەیی تۆوە دوورن، چونکە ئەوە زیان بەنووسینی ئەو دەگەیەنێت، ئەو دەبێت ئەوەش بزانێت بۆ ئەوەی ئەو ڕەخنەیە بەرەو پێش بەرێت، پێویستی بە تێگەیشتنی جیاوازو دیدو خوێندنەوەی تر هەیە، تا لەشوێنێکدا ئاستە ڕەخنەییەکەی لەشوێنی خۆی نەوەستێت، چونکە ئەوە مەترسیەکە و دەبێت لەئێستاوە هەستی پێ بکات، بڕوام وایە تا رادەیەک هەوڵمداوە لەڕوانگەی تایبەتیەوە قسە لەکاری کۆی ئەو دۆستە ڕەخنەگرانەمان بکەین، دەشێت بۆ ئەوان ڕوانینی من هاوڕا نەبن لەگەڵیداو ئەوان قسەی خۆیان هەبێت لەکاری ڕەخنەییان، بەڵام سەرەنجام من کارەکانیان لەو وێنە پانۆراماییەدا دەبینم.
درێژەی هەیە…

