Skip to Content

شەڕی شەش ڕۆژەی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧.. مەحمود چاوەش

شەڕی شەش ڕۆژەی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧.. مەحمود چاوەش

Be First!
by تشرینی یەکەم 7, 2026 General, Opinion
image_print


خاڵی وەرچەرخانی شکستی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (بۆچی عەقڵییەتی عەرەب شەرم لە هیچ ئەزموونێکی مێژوویی ناکات)


لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧دا سوپای ئیسڕائیل شکستێکی وێرانکەری بە میسڕ و ئەردەن و سوریا و وڵاتەکانی تری عەرەبدا هێنا، کە لە مێژوودا بە شکستی عەرەبی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ ناودەبرێت. کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە تا ئەم ڕۆژگارەش هەستیان پێدەکرێت. مێژوونووسان باش جەمال عەبدوڵناسڕی سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕیان وەبیردێت، کە سوپای میسڕ، هەروەها سوپای ئەردەن و سوریاشی دژی ئیسڕائیل خستە ژێر زەنگی ئاگادارییەوە. ئەو خۆی بە پاڵەوان و ڕزگارکەری “نەتەوەی عەرەبی” دەزانی و پێی وابوو، کە دەوڵەتی ئیسڕائیل لەناو دەبات و جووەکان لە وڵاتی خۆیان وەدەردێنێت و لە جێگەی ئەواندا عەرەبە فەڵەستینییەکان هاوردەی شاری پیرۆزی قودس دەکات. خەونی پیاوێك، کە لە جەنگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧دا بەهەدەر چوو، لێ ئەو دەیخواست نەتەوەی عەرەب لەژێر کاریگەری کۆڵۆنیدا دەربهێنێت و “نەتەوەیەکی عەرەبی یەکگرتوو” بەدەسبهێنێت. چ خەونێکی خۆشی ئەو بوو، جووەکان جارێکی تر ڕووبەڕوی هۆڵۆکۆسێکی تر بکاتەوە. چ تەوس و گاڵتەجاڕییەك بوو، خەونەکەی ئەو لە ماوەی شەش ڕۆژدا بە فیڕۆ چوو. هەر لە ڕۆژی یەکەمی هێرشی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر میسر، شکستی سوپای میسڕی زۆر بە ڕوونی دەرکەوت. لەبری ئەم خەونە سوپاکەی لە ٥ مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧دا، لە کاتژمێژی هەشتی بەیانیدا، گەورەترین شکستی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بەسەرهات. جەمال عەبدوڵناسڕ پاش ٣ ساڵ بە جەڵتەی دڵ دەمرێت، وەك دەڵێن لە ئەنجامی “دڵێکی شکاو”ەوە، تەمەنی تەنها ٥٢ ساڵ بوو. ئەو هێندە لە خۆی و سوپاکەی ڕازی بوو، کە بتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کەمدا خەونەکانی بەدیبهێنێت، وەلی خەیاڵی خاو بوو، هەڵەی لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا کرد. ئەو بۆ ئەم مەبەستە دانیشتوانی گۆندەکان لە جوتیار و کرێکار وەك یەدەگێك بۆ جەنك دیاری کردبوو، کە ئامادەییان بۆ مەشقی سەربازیی نەکردبوو. دیارە جەمال عەبدوڵناسڕ بیری لە دەرئەنجامەکانی ئەم جەنگە دژی ئیسڕائیل نەکردبۆوە، کاتێك داوایان لە سەربازەکانی یوئێن (UN) کرد، سنوورەکان بەجێبهێڵن. میسڕییەکان بە کارمەندێکی باڵای یوئێنیان وتوبوو، نیگەران مەبە سبەی لە تەلئەبیب پێکەوە نانی بەیانی دەخۆین. ئەمە هەر مێژووی دۆنخیشۆت و لەخۆباییەکانی مێژوومان وەبیر ناخاتەوە، بەڵکو مێنیاڵیتی و عەقڵییەتی نەتەوەی عەرەبمان بۆ ئاشکرا دەکات، کاتێک کە خۆیان بە هێز و زلهێز دەزانن پێیان وایە مرۆڤەکانی دەوریان هێندە لاوازن، کە بە پێڵاوەکانیان سەرکوتیان بکەن، پێچەوانەکەشی زۆر ڕوونە، کە لە کاتی تەنگانەدا داوای یارمەتی و پاڕانەوە و “بۆ خاتری خوا و پێغەمبەرەکەیان” دەکەن. عەبدوڵناسڕ هێزە سەربازییەکان و دانیشتوانە هەژارەکەی میسڕی کردە قوربانی لوتبەرزی و لەخۆباییبوونی خۆی. هەر بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکو هانی مەلیك حسەینی ئەردەن و سوپای سوریاشی دا، پشتیوانی لە پلانەکەی بکەن. هەموو وڵاتانی عەرەبی لەسەر شەقامەکان چەپڵە و هوتافیان بۆ جەمال عەبدوڵناسڕی سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕیان لێدەدا، بە عێراقی عەرەبیشەوە. هەموو شانازیان بە جەمال عەبدوڵناسڕەوە وەك ڕێخەری یەکگرتنی نەتەوەی عەرەب دەکرد. پڕوپاگەندەی وڵاتە عەرەبییەکان دژی ئیسڕائیل و جووەکان هێندە بەهێز و کاریگەر بوو، کە جووەکانی ئەوروپا لە ڕوخانی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەترسان. فشە و فیشاڵی وڵاتانی عەرەبی هێندە بەرز و سەیروسەمەرە بوو، کە وایان بۆ جیهان دەردەخست، کە ئیسڕائیل لەسەر نەخشەی جیهان نامێنێت و جووەکانیش لەو دەڤەرە ئاوارە دەکەن و هەڵیان دەدەنە دەریاوە. ئیسڕائیلیش هەلی مێژوویی خۆی بەهەدەر نەدا و جەنگەکەی لە بەرژەوەندییەکانی خۆیدا کردە جەنگی بەرگری دژی توانەوەی جووەکان. ئیسڕائیل کە ئاگاداری ئەم پلانەی جەمال عەبدوڵناسڕ و وڵاتانی تری عەرەبی بۆوە، کەوتە خۆئامادەکردنی سوپاکەی لە هەموو بەرەکانی جەنگدا. لیڤی ئەشکۆڵ، سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری ئەو دەمەی ئیسڕائیل هەوڵی دەدا ئەم جەنگە ڕوونەدات و بە شێوەی ئاشتیخوازانە چارەسەر بکرێت، ئاخر ئەو دەیزانی ئەو جەنگە چ وێرانکەرییەك بۆ هەردوو لایەن دەخوڵقێنێت و سوپای ئیسڕائیلیش چەند بەتوانایە، بەڵام لایەنی جەمال عەبدوڵناسڕ و وڵاتانی تری عەرەب بەمە ڕازی نەبوون و نەشیان دەتوانی لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە. ئەو کاتەی وڵاتانی عەرەبی و سوپاکانیان هەڕەشەیان بە لەناوبردنی ئیسڕائیل دەکرد، سوپای ئیسڕائیل زۆر بە تەدبیر و هزری کۆنکرێتەوە ئەم هەڕەشانەی وەردەگرت و پلانەکانیان بە نهێنی هێشتەوە و هیچ گومانێکیان لە سەرکەوتنی خۆیان نەدەکرد. دواتر کە ناکۆکییەکان پەرەیان سەند، ناچار لیڤی ئەشکۆڵ دەستبەرداری وەزیری بەرگری دەبێت، چونکە ئەو نەیدەویست ترسی گەلەکەی لە جەنگ پشتگوێ بخات. دانیشتوانی ئیسڕائیل داوایان لە لیڤی ئەشکۆڵ دەکرد جەنەڕاڵێکی سەربازی بکاتە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل، بۆیە ئەویش بڕیاری دا، موشە دایان بکرێتە وەزیری بەرگری.
سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧، لە بەرەبەیانی ٥/٦/١٩٦٧ دا، فڕۆکەکانی سوپای ئیسڕائیل هێرشێکی چاوەڕواننەکراویان کردە سەر سوپای میسڕی، لەو کاتەی میسڕییەکان سەرقاڵی نانی بەیانی بوون و تەنانەت سیاسی و ناودارەکانی میسڕیش ئاگاداری ئەم هێرشە نەبوون. مەبەستی ئەم هێرشە ئاسمانییەی ئیسڕائیل لەناوبردنی هەموو هێزەکانی بەرگری ئاسمانی میسڕ بوو، کە لە ڕاستیشدا لە ماوەیەکی کورتدا بە ئەنجامیان گەیاند. مارشاڵ ئەمیری کۆماندۆی سوپای میسڕ تازە خۆی ئامادە دەکرد بچێتە ناوچەکانی “سینا” بۆ ئامادیی جەنگێك، کە پێشتر لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەستی پێکردبوو. هیچ کۆماندۆیەکی سوپای میسڕی لەو باوەڕەدا نەبوو، ئیسڕائیل لەو ماوە کەمەدا سوپای میسڕی بهێنێتە لەرزە. بەم شێوەیە هەموو هەلەکان بۆ ڕاگرتنی ئەم جەنگ مەحاڵ بوون. لەماوەی سێ کاتژمێردا هەموو هێزەکانی بەرگری ئاسمانی میسڕ لەلایەن هێرشەکانی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە تێکشکێنران. دواتر وەك ئاشکرا بوو، سوپای میسڕی خۆی بۆ ئەم هێرشە ئامادە نەکردبوو. پاش یەك کاتژمێر هێزەکانی سوپای ئیسڕائیل بەرەو ناوچەکانی “سینا” دەجوڵێن. لەپاش لەناوبردنی هێزی ئاسمانی سوپای میسڕی هیچ شانسێك بۆ سوپای میسڕی نامێنێتەوە، بەرگری لە هێرشەکانی ئیسڕائیل بکات. سەرباز و ئەفسەرەکانی سوپای میسڕی خۆیان لە بەرەکانی جەنگ دەکێشنەوە، بەبێ ئەوەی کەسێك ئاگاداری دانیشتوانی ناوچەکە بکات، سوپای میسڕی چ زیانێکی مێژوویی پێ کەوتووە. دانیشتوانی میسڕیش لەم کارەساتە ئاگادار ناکرێتەوە، کە چ زیانێکی گەورە بەر وڵاتەکەیان کەوتووە. جەماوەر میسڕی گەرم و گوڕن و لەسەر شەقامەکان سەما دەکەن و هوتافی سەرکەوتن بۆ خۆیان و سەرۆکەکەیان دووبارە دەکەنەوە، ئاخر دانیشتوانی میسر ئاگادار ئەو شکستانەی وڵاتەکەیان نەکرابوون. ئەمە چ مەهزەلەیەکی مێژوویی عەقڵییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی مێنتاڵیتی عەرەبە، کە ڕووداوەکان و ڕاستییەکانی مێژوو بە ئارەزوی خۆیان هەڵدەگێڕنەوە. سەیر لەوەدایە، کە گەورەترین شکستی مرۆڤی و ئەخلاقی و ئابووری وڵاتێك لەبەر چاوی جیهاندا بە سەرکەوتن دەفرۆشرا. ئەمە کارەساتەکەیە، ئەمە کارەساتی مێنتاڵیتی عەرەبە، کە واقعی ڕووداوەکان بە ئارەزوی خۆیان دەشێوێنن. کاتێك سەربازە بەندکراوە میسڕییەکان لە گۆڕەپانی جەنگدا گەڕانەوە، بێ ئەوەی یەك سەرباز لەلایەن سوپای ئیسڕائیلییەوە بکوژوێت، ئەوجا گەلی میسڕ بۆی ڕوون دەبێتەوە، چ کارەساتێک بەسەر ئەو گەلەدا هاتووە. جەمال عەبدوڵناسڕ ناتوانێت لەوە زیاتر ڕووداوەکان بشارێتەوە، کە سوپاکەی چ کارەساتێکی بەسەردا هاتووە، ناچار دەبێت لە میدیاکانی وڵاتەوە دانیشتوانی میسڕ لە ڕوداوەکانی حوزەیران ئاگادار بکاتەوە و شکست و دۆڕانی جەنگەکەی بە ئاشکرا دەربخات. گرفت و گرێکوێرەی ئەم مێژووە لەوەدایە، کە ئیدی بەدووی ئاگادارکردنەوەیان لەم دۆڕانە سەدان هەزار هاووڵاتی میسڕی دەچنە سەر شەقامەکان و بە هوتاف دڵخۆشی سەرۆکەکەیان دەدەنەوە، کە پێشتر دڵی تەنگ و شکاوە. هوتاف لەکاتێکدا، کە وڵاتەکەیان خەڵتانی خوێن کراوە و سوپاکەیان شکێنراوە و گەلەکەشیان هەژارتر و ماڵوێران کراوە. ئەمە مۆڕاڵی مێنتاڵیتی و عەقڵییەتی عەرەبە، کە بە داخەوە تا ئەم ڕۆژگارەش لەسەر هەمان ئەقڵیەتە و پڕۆسەی مێژوویی بەردەوامە (کاتێك بەهێز دەبن شمشێرەکەیان دەردەهێنن و ملت دەبڕن و پێڵاوەکانیان دەخەنە دەمتەوە، کاتێکیش لاواز و بێهێز دەبن دەکەونە پاڕانەوە و قورئانەکەیان دەردەهێنن و دەڵێن بۆ خاتری ئەم قورئانە، کە خۆشیان باوەڕیان پێی نییە).
شەش ڕۆژ جەنگ، هەزاران مرۆڤ لە پێناوی خۆبەزلزانی و لوتبەرزی جەمال عەبدوڵناسڕ و هاوپەیمانە عەرەبەکانیدا بوونە قوربانی ئەم جەنگە و زیانێکی گەورەی لە دارایی و گوزەرانی دانیشتوانی وڵاتێک دا، کە لەژێر هەژاری و بێدەرەتانیدا دەیناڵاند. ئێستاش پاش نزیکەی ٧٠ ساڵ تارمایی دێوەزمەی ئەم جەنگە بە سەر ناوچەکەدا دیارە. ٧٠ ساڵ تێپەڕی و هەمان مێنتاڵتی و عەقڵییەت بەسەیاندا زاڵە. بەڵی، دواتر “سەدام حسەین” یش هەمان هەڵەی مێژوویی دووبارە کردەوە و خۆی بە ڕزگارکەری “ئۆممەی عەرەبی” دەزانی و دانیشتوانی ئەو ناوچەییەی خستە نێو چەند جەنگێکی کوشندانە و گەورەترین زیانی بە گەلەکانی ناوچەکە گەیاند. ئایا ئێمە، بە کوردیشەوە، لەم ئەزموونە مێژووییانەوە فێرنەبووین؟


هانۆڤەر ١/١٠/٢٠٢٦

مەحمود چاوەش

Previous
Next

Leave a Reply