
زەنگوڵەی مەرگ…. کەژاڵ عەلی
Closed
پێشکەشە بە ئاڤێستا خابوور
کە دوێنێ لە ئەفرین چووە کاروانی نەمرانەوە..
دلت بردم لەرزان کەمەر
تۆ کە هێشتا
بۆنی مێخەكبەندت لێ دێ ;
ھی بەرباران،
تۆ كە نھا
چڵە سێبەرێكی تەڕی
لەژێر شنە شنی بەھار
لە بەر ھەتاوێكی درەنگ .
چ زوو عاشق بووی
بە باڵای بەرخۆدان و ،
بە بەژنی زراڤی تفەنگ.
بە کوێدا
بەو هەموو
خرینگ و خەونەوە،
خۆت خستە ئامێزی
داستانی ئەفرینی مەرگەوە .
پێم بڵێ
چۆن کەوتیە چاوبازی
لەگەڵ خۆر ،
کەی دەستت تێکەل كرد
لەگەڵ خاك
لەگەل مەمی خەنجەر.
لە كوێوە
بەرێ نازكێ خۆت
دایە بەر تانكو تۆپ،
باخەڵت پڕ كردن
لە فیشەك ،
لە مەمكی نارنجۆك،
كەنگێ بووی
بە ھاوڕێی
گیانی بەگیانی بەرد ،
بە توێشووی سەر رێگای
سیامەندی سەنگەر ،
لەرزانكەمەر
مەڕۆ دڵم
كەمەرلەرزان
دڵم دەوە..