من …. کازم بیتوێنی
منم موسافیرێکی ماندووی ئالودە بە سەفەر
منم خۆشخوانی کاروانی سەفەرێکی غەمگین
دەستەکانم سڕن بە بای ساردی غەریبی و
چڵ بە چڵ
لە گوڵی هەڵوەریو بۆنیخۆش سەودا دەکەم!
پێ بە پێ
لەسەرزەمینە دوورەکان بەدوای خۆشبەختیدا وێڵم
منم مەحکوم بە سەفەر تا ئەبەد
منم مەحکوم بە غەریبی تا ئەبەد
لە هەر شوێنێکی دونیا بم
نامۆیم هەر گۆرانییەکی سادەی بریندارە
ئەگەر جیهان ببێتە ماڵی پەلکەزێڕینەکان و
ئەگەر ژیان لەناو ڕەنگەکانیدا بدرەوشێتەوە!
دەڵێی من کوڕی ماڵە قەرەجێکی کۆچەریم
تێدەگەم ژیان کۆچێکە بێ گەڕانەوە
لەوانەیە باپیرەگەورەم سەربازی سوپای فیرعەونەکان بوبێت و
زۆر حەزی کردبێت لە نزیکەوە چاوەکانی زولەیخا ببینێت
زۆر حەزی کردبێت لە نزیکەوە دەست لە ڕەونەقی جوانیدا
من لەوسەری زەمینەوە تا ئەوسەری زەمین دەڕۆم
لێرەوە تا ئەوێ
غەریبیم درێژ دەبێتەوە
زوڵمەتم درێژ دەبێتەوە.
لێرەوە تا ئەوێ
گوێم لە دەنگدانەوەی خۆمە
من لە یەڵدادا چاوەڕوانی سەحەر دەکەم
بەدەم خواردنەوەی چایەکی بێڕەنگەوە
بیر لە بێ ڕەنگی بوون دەکەمەوە!
خۆم و ئەو چرای دڵەم کە تێیدا عیشق دایسێت
خۆم و ئەو باڵندە سەوداسەرەی سەرم
کە دەیەوێ بە باڵە تەنکەکانی دونیا تەی بکات
خۆم و ئەو ناخە خرۆشاوەم
کە پەلەیەتی گەردون خێراتر لە میلی سەعاتەکم بوخلێتەوە
تا زوتر قیامەت دابێت!
خۆم و تەنیا خۆم
لە پەنجەرەی ژورێکی ئاوساو بە تەنیایی
دەڕوانمە کاڵ بوونەوەی ژیان لەژێر سێبەری مردندا
دەڕوانمە کاڵبونەوەی مردن لەژێر سێبەری ژیاندا