Skip to Content

ناسیۆنالیزم بۆ گەلێکی چەوساوە … بەهرۆز جەعفەر

ناسیۆنالیزم بۆ گەلێکی چەوساوە … بەهرۆز جەعفەر

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 5, 2016 General, Opinion

ناسیۆنالیزمی گەلێکی چەوساوە جیاوازە لە ناسیۆنالیزمی گەلێکی چەوسێنەر، پێدەچێت بە ڕووکەش لات وابێت “ناسیۆنالیزم” وەک چەمک، وەک واقیع، تەنها لەناو کتێبەکاندا ماوە، چونکە ئیمڕۆکە ڕۆژ ڕۆژی ئامرازەکانی پۆستمۆدێرنیتی و جیهانگیریی و، ئابوریی بازاڕ و، مافەکانی مرۆڤ!ە، ئیتر گوایە ناسیۆنالیزم یانی فاشیزم و، ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی تۆ کەس وەک بەشەر نەبینی و، مافی خەڵک قووت بدەی و، پاساوێک و ئاوێکیشە ئەکرێتە ئاشی یەکێتی و پارتیەوە ؟!. نە بابە نە! بابزانین:
من بە گۆشت و ئێسقانەوە داکۆکی ڕەها لە هیچ کۆنسێپت و تیۆرییەک ناکەم، تەنانەت خودی “دیموکراسی” کە باشترین فۆڕمە لە یۆنانی کۆنەوە تا ئیمڕۆکە مرۆڤایەتی پێی گەیشت بێت، باشترین کەرەستەیەکە کە ڕاست و چەپی دونیا لەسەری کۆکن و، باسی ئەکەن، ئەویش “دیموکراسی” بێ عەیب و عار نییە، چ جای ناسیۆنالیزم (Nationalism). پرسیار و گرێکەی من ئەوەیە:
چی و كێ ڕێگە ئەدات بەوەی یەکێتی و پارتی بە دوو حزبی ناسیۆنالیزم بچوێنی؟ دوایی بڵێی فەرموو ئەوە نمونەی ناسیۆنالیزم و کوردایەتیە.. چ میتۆدێکی زانستی، کام لۆژیک پێی ڕەوایە زەکەریا عەبدوڵا لەسەر کوردایەتی حیساب بێت کە بەڕۆژی نیوەڕۆ پارەی کوردوستانی لە پال پارتیەوە بردۆتە دەرەوە؟. عیماد ئەحمەد و نەجمەدین کەریم لەسەر کوردایەتی حیساب بن کە نەوتی کەرکوک و کوردستانیان کردە قوربانی ژیانی شاهانەی خۆیان!. گوناحێکی گەورە نییە ئەم نمونانە لەسەر ناسیۆنالیزم ئەژماربکرێت؟. ئەمانە کوامە بوو هێڵی فیکریی و نەتەوەییان؟. یەکێک ئەگەر کتێبەکەی “حەمەی موکری” ڕۆمانی ” سەگوەڕ” یشی نەخوێندبێتەوە، ئەزانێت موکری لە هەشتاکاندا چی بەو شٶڕشە وتوە کە ئەمانە کردویانە.
ئەمە ڕێک وەک ئەو حیکایەتەی حزبە ئیسلامیەکانی ناوچەکەیە، کە باسی عیلمانیەت “Secularism” ئەکەی، ئەڵێن بابە، ئەوە نابینن حوسنی موبارەک و قەزافی و سەددام و بن عەلی عیلمانی بوون چییان بەسەر میللەتەکانی خۆیاندا هێنا. عیلمانیەت بۆ ئێرە نابێت و ….و….و. ئاخر چ مەنتقە تۆ قەزافی لەسەر سیکۆلاریزم حیساب بکەی ؟. عیلمانیەت دەرکەوتنی هەسارەیەکی ترە لەسەر زەوی، ڕەگی لە ڕێنیسانس و سەدەی شانزەدایە، لە دورخستنەوەی کەنیسەو قەشەدایە لە ژیانی گشتی و حوکمڕانی، پرۆسەی سەنتەرکردنی ئەقڵە و وەلانانی خورافیات و حیکایەتی بێمانایە. ناسیۆنالیزمیش ئەگەر وەک دەوڵەتی نەتەوە سەیری بکەی “کە ئەمە تەنها ڕەهەندێکیەتی” ئەوە لە سوڵحی وێستڤالیا (١٦٤٨) ەوە دەستی پێکردووە، بۆ یەکەمجار دان نرا بەوەی گەلان سنورو سیادەی خۆیان هەبێت، دەوڵەتی نەتەوە هەبێت. بەڵام ئەمە بۆ ئەوە نەبوو ببێتە هۆی تێکبەردانی یەکترو، پێشێلکردنی ماف و ئازادییە گشتیەکان، نا….نا…نا. مرۆڤ خۆی شەڕانگێزە، دەوڵەتان بەسروشت هەمیشە لە خۆپڕکردندان، لە ” التوتر” و ” ململانێ” و “ناکۆکی” ، “بەیەکداکێشان” و کۆکردنەوەی هێزو هاوپەیمانێتی دان، ئەمە بەهەزاران ساڵ پێش هاتنە ئارای ناسیۆنالیزمیش “وەک چەمک” هەبووە، ئاینە سەماوییەکان، مێژووی شارستانیەت ئەمە پشتڕاست ئەکەنەوە.
دۆزینەوەی ڕەچەتەیەکی ناسیۆنال لەسەر دیدگایەکی یونیڤێرساڵی بۆ میللەتی کورد، باشترین چەکێکە بۆ بەگژاچوونەوەی:
یەک: ئەوانەی خیانەت لە کوردو خوێنی شەهیدان ئەکەن، ئەوانەی بیست و چوار ساڵە بازرگانی بە نەتەوەو نیشتمانی کوردانەوە ئەکەن.
دوو: ئیمپریالیزم، نیۆ-ئیمپریالیزم، وە کۆڵۆنیالیزم و نیۆ-کۆلٶنیالیزم، لیبراڵیزم (لە کلاسیکەوە بۆ نوێ). هەموو ئەم داگیرکەرە خۆرئاواییانەی لە ڕێگەی شەریکات و بانق و تەکنۆلۆژیاو نەخشاندنی دونیایەکی فریودەرەوە، دەستیان خستۆتە بیا قاقای گەلانی ناوچەکە لە دوای جەنگی جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا. تاکە شتیک پێی قەڵس بوبێتن بریتی بووە لە نیشتمانگەرایی و ناسیۆنالیزم، نمونەش زۆرن. پێش ڕووخانی شا لە ئێران هەریەکە لە ” تورکیا- ئیسرائیل- ئێران” گەوەرەترین دۆستایەتی و ڕێککەوتن بەناوی ” سێ خەنجەر-Three aggression ” بۆچی ؟ بۆ بەگژاچوونەوەی بیری عروبە کە لێی ئەترسان. ئەوە ترس بوو لە ناسیۆنالیزم کە قەیرانی نۆکەندی سوێس-١٩٥٦ ی دروستکرد، جونکە ” جەمال عەبدولناسر” ئەیویست ” سەدی ئەسوانی عالی” بەرین بکات، کە ئەمە ئەبووە گەورەترین تەکانێک بە دونیای عەرەبی. ئەوە ناسیۆنالیزم نەبو عەبدولناسری بە کورسییەوە نوساند، ئەوە شکستی میسر بوو لەشەڕ دژی داگیرکاریی خۆرئاوایی “فەڕەنسا-بەریتانیا- ئیسرائیل” وای لە ناسر کرد دەست لەکاربکێشێتەوە وتی ” آنني آتحمل هذه هزیمة”. بۆیە بۆ ئیمڕۆی کوردوستان ناسیۆنالیزم و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی باشترین هۆیەکە، لەکاتێکدا بانکی دوەلی و چەتەکانی ئابوریی نێودەوڵەتی مرخیان لە سامانی کوردستان خۆشکردوەو، چەقۆکەیان حازرکردوەو، هاتونەتە کوردستان، سەرەتاکانی ئەوەش دەرکەوتووە کە هەرێم ئەخەنە ژێرباری قەرزو نەهامەتیەوە (پێشتر لە توێژینەوەیەک بە ناونیشانی قەرزو نەوت لە سێبەری سیستەمی ئابوریی جیهانی دا) خستومەتە ڕوو.
ناسیۆنالیزم بۆ گەلێکی چەوساوە نیعمەتە، بۆ گەلانی چەوسێنەر شورەییە. کورد لە سۆمەرییەکانەوە بۆ ئێستای داکۆکی لە هەبونی خۆی کردوە، ماف و ئازادی کەسی پێشێل نەکردوە، تموحی لەسەر خاکی کەس نەبوە، کوا بینیتان دوای ئەنفالەکان چوار بەعسی لە ئوردن و لە عێراق بەدەستی دوو جوامیڕی کورد ئیختیال بکرێن و بکوژرێن ؟. قەد بینیتان کورد لە سەت ساڵی ڕابردوودا تەقینەوەیەل لە بەغدا، لە تاران، لە دیمەشق بکات؟!. نەخێر. ئەوە ناسیۆنالیزمی گەلانی ناوچەکەن، ئەوە سیاسەتی نوێی ئەمریکایە، نیەتیانە شارستانیەت و نەتەوە ڕەسەنەکانی ناوچەکە بسڕنەوە. بڕوانە لە دەستوری ئێرانی دا هاتووە ” مەرج نییە ڕابەر کەسێکی ئێرانی بێت”!. مانای وایە هەرکاتێک ئێران ئارەزوو ئەکات سنورەکانی خۆی بباتەوە سەردەوڵەتی فاتیمی کۆن و، داگیرکاری ملشکاندن بکات. ناسیۆنالیزمی تورک تەنانەت ئیسلامیە میانڕەوەکانی وەک ئاکەپەو ئەردۆگانیشی ئاخنیوە.
خەون و تەونی مارکس بۆ ” کۆمەڵگەی بێ چین”،، ئێخۆ دروستبونی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای کار و کرێی کار ناسیۆنالیزم لێی بەرپرس نیە، لە ڕۆژئاواو لە دوای جەنگدا دروستبونی یەکەمین ڕەوتێک بۆ ڕەخنەگرتن لە ئەقڵٶانیەتی خۆرئاوا بەناوی فرانکفۆرتیەکان ( لە ئادۆرنۆ وە بۆ مارکۆزە بۆ هابرماس و پۆپەر) ئیخۆ ئەمانە ڕەخنەیال لە ناسیۆنالیزم و نیشتیمانسازیی نەبوو؟. ناسیۆنالیزم دەستگرتن نییە بە خێڵ و عەشیرەتەوە، دەرچوونە لە چوارچێوەی نەریتی، تاکڕەوی نییە، خۆ نە ویستیە، پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای خوێن و لەوەڕگا نییە، دەستدانە قۆناغی پیشەسازییە، نمونەی ئەمانەش لە یابان ی دوای (١٩٤٥) ەوە تا تورکیای دوای (١٩٢١). تا ئەوەی (٥٢%) بەریتانیەکان لە (٢٠١٦) بڕیارئەدەن لە یەکێتی ئۆروپا جیابنەوە، ئەمە هیچ نییە جگە لە سەرکەوتنی ناسیۆنالیزم. سکۆتیەکان وەک قەل بەخێو ئەکرێن و ئەپارێزرێن لە چوارچێوەی دەوڵەتی بەریتانیادا “کە دەوڵەتێکی شاهانەو خاوەن کەسێتی گەورەیە” کەچی داوای جیابونەوە ئەکەن لە بەریتانیا، ئەمە چییە؟. پۆڵیتۆلۆگی ئەمریکایی ” ساموێل هۆنتیگتۆن” لە کتێبی ” بەیەکدا کێشانی شارستانیەتەکان- Clash of Civilization” دا ئەڵێت : بۆ لەمەولا جیاوازییە گەورەکانی نێوان گەلان بریتی نییە لە جیاوازی سیاسی و ئابوریی و ئایدۆلۆژی، بەڵکو گەلان لە ڕێگەی زمان و شوناس و ئاین و تایبەتمەندییەکانی تری خۆیانەوە خۆیان نمایش ئەکەن”. ئەمە چییە؟ بۆ وائەڵێت؟. بۆیە ئەوانەی لەتاو شۆخیەکانی خۆیان لە ئۆروپادا بە گەنجەکان ئەڵێن نیشتمان بۆ تەنەکەی زبڵەکەو، نەتەوە باوی نەماوە، ئەمانە دیوێکی تری ئەو تاوانە ئابڕوبەرانەن کە کەلەدەرەوەو ناوەوە دەرهەق بە “کورد بوون” ئەکرێت. وەهمی نەهێشتنی سنورەکان دایماڵیون لە بەهاو هەرچی غەریزەی ئینسانی و نیشتیمانیە، سنورەکانی کوردوستان هەمان ئەو سنورانە نیین کە ئێستا لە نێوان هۆڵەنداو بەلجیک و هەموو ئەسکەندەنافیادا هەیە، سنورەکانی ئێرە حەویجەو ڕیازو مریەم بەگە، ئێرانە ڕۆژانە ملی کوردەکان ئەکا بە سرنگا، ئۆردوگانە کۆمەڵکوژیی ئەکا.


* بەهرۆز جەعفەر *

Previous
Next
Kurdish