Skip to Content

پێداچونەوەیەک بەفەلسەفەی حەقدا … غیاسەدین نەقشبەندی

پێداچونەوەیەک بەفەلسەفەی حەقدا … غیاسەدین نەقشبەندی

Closed

نازانم لەیەکچونی زاراوەکانە، یانیش ڕوخانی بەهاو ئاکاری کۆمەڵگاکەمانەو ئێمە زاراوەکەمان بەهەڵەبردوەو کارتێکردنی چەمکەکانمان لەهەمو واتایەک ڤالاکردوە.
حەق بەچەمکی گشتی حەقە دادپەروەری واتا (Right) عەداڵەتە، لۆجیکەو سەرڕاستی..هتد. بە دیدە گشتیە باوەکەی عەوام، حەق واتە بەرژەوەندی کەسایەتی، کە بە گوێرەی تێگەیشتنی زۆربەمان تەنها مافی کەسایەتیەو هەرشتێکی لەبەرژەوەندی مندا نەبێت (بەحەق)ی نازانم و دادپەروەری تێدانیە چونکە دادپەروەری تەنها بەمافەکانم دادپەروەریە.
پێداچونەوەیەکی خێرا بە دیرۆکی کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکاندا نیشاندەدات کە هەر دەستەڵاتێک هاتبێتە سەر ڕوی زەوی ڕەوایەتی لە دادپەروەری وەرگرتوەو بەبێ ئەو دادپروەریە، هیچ دەستەڵاتێک نەیتوانیوە حوکم بکات و دواتر خەڵک یاساکانی بە زوڵم زانیوەو لەدژی هەڵستاون.

یاسا لەخۆیدا جۆرێکی ستەمە، بەڵام ستەمێکی مەقبولە، مەقبولیەتیشی تەنها لە یەکسانی جێبەجێکردنیدا لەسەر هەمو تاکەکان بە یەکسانی وەردەگرێت، هەرکاتێ تاک هەستی بەوەکرد کە لەسەر چینێک یان توێژێک جێبەجێدەکرێ و چین و توێژی تر لێی بوراون یان سەروی ئەو یاسایەن لەبەر هەرهۆیێک (ئاینی، ئابوری کۆمەڵایەتی، سیاسی..هتد) یاساکە ڕەوایەتی لای تاک نامێنێت و کە ڕەوایەتی لەلای نەما، بەستەمی دەزانێت، ئەگەرچی یاسایەکی لۆجیکبێت یان هەرمەبەستێکی باشی لەدواوەبێت، دژایەتی دەکات و دژایەتی کردنەکەی ڕەوایەتی وەردەگرێت لەجیاتی یاسایەکە، واتا دژایەتی کردنی یاسای ناداد ڕەوایەتی وەردەگرێت و دەبیتە ئەرکێکی (ئاینی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی)..هتد.

کاتی دەبێتە ئەرکێکی گرنگ و پیرۆز خەڵک چاولێکەری لەیەکتری دەکەن و ئەوانەی دژایەتی ئەو یاسایە ستەمەدەکەن، لەجیاتی یاخی و یاساشکێن، دەبن بە پاڵەوان و خەڵک ململانێ لەسەر ئەوە دەکات کە ببێت بەو پاڵەوانەی پشتگیری لە مافەکانی خەڵکدەکات و دژایەتی ستەم دەکات. بۆ نمونە: پێشمەرگە هەردەم پیرۆزبوە چونکە پارێزەری شۆڕشەڕەوایەکەی میللەتی کوردبوە دژی داگیرکەر، دوای ڕاپەڕینی 1991تاکو شەڕی داعش ئەوجۆرە پیرۆزیەی نەمابو چونکە خەریکی شتیتربون، لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعش بەرگری لە خاک ونیشتیمان دەکەن و جارێکی تر ناوەپیرۆزەکەی خۆیان بەدەستهێناوە.

یاسا دەبێ لۆجیکی تێدابێت و هەریاسایەک لۆجیکی تێدانەبێت سەرناگرێت و تەنها بەئاگر وئاسن لەسەر خەڵک جێبەجێدەکرێت، نمونە: یاسای جگەرەنەکێشان لەناو ئاڤاهی، کە چەمکێکی پۆزەتیڤ و ئەرێنی لەدواوەهەیە خەڵک قەبوڵی دەکات، یانیش یاسای بەستنەوەی پشتدێنی ئوتومبێل لەبەر ئەوەی واتایەکی خێرخوازی لەناودا هەیەو بەیەکسانی لەسەر هەموکەس جێبەجێ دەکرێت، خەڵک قەبوڵی دەکات و سزایەکەش بەدڵخۆشی دەدات بەڵام ئەگەر لەسەر چینێک جێبەجێکراو چینێک لێی دەربازبو، کەس قەبوڵی ناکات.. هتد.
گرفتە هەرە گەورەکەی کوردستان نادادیە لە دابەشکردنی داهات و نەمانی پێوەری خەڵاتکردن و چەمکی هاوڵاتیبون کەبریتیە لە ماف وئەرک، هەرکاتێ ماف بەهاوڵاتی نەدراو داوای ئەرکی لێکرا، نکۆڵی لەئەرکەکە دەکات بەرامبەر بەنادادی پێدانی ماف.

• بناغەی چەمکی دادپەروەری زۆی لەناو ئەو چەند خاڵەدا دەنوێنێ:
• ئەگەر بۆ یەک کەس ببێت، دەبێ بۆ منیش ببێت، ئەگەر بۆ یەککەس هەبێت دەبێت بۆ منیش هەبێت.
• مافەکان دەبێ بەنوسین تۆماربکرێن وەکو یاسا (لاجریمة ولا عقوبة إلا بنص) هیچ تاوانێک و سزادانێک نیە بەبێ نوسراو، واتا نوسراوەکە زامنی ئەوەدەکات کە لەسەر هەموکەسێک وەکویەک جێبەجێبکرێت.

لەدوای ڕاپەڕینی 1991 سەرۆک بارزانی لێبوردنی گشتی بۆ جاشەکان دەرکردن، مەبەست لەو لیبوردنە ئەوبو درزێک نەکەوێتە ناو ڕیزەکانی میللەت و جارێکی تر مللەت یەکتری بگرێتەوەو بۆ قۆناغی داهاتو، بەڵام پڕاکتیزەکردنی ئەوبڕێارە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ئەنجامدراو هەندێکیان کە بەر لێبوردنە گشتیەکە کەوتن پارە زەبەلاحەکی کە بە فەوجی جاشایەتی وەریانگرتبو جارێکیتر بەکاریان هێنا بۆ دروستکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی وبەپارەیەکی ناشەرعی جارێکی تر کران بەکەڵەگا کە هیچ دادپەروەریێکی تێدانیە، بڕیاری حەکیمانەی وەکو ئەوە بە موجەڕەدی نادرێت و دەبێ دامودەزگای تایبەتی بۆ دابمەزرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری و شەرعیەتەکە لەدەستنەدرێت و یاساکە لەسکە دیارکراوەکەی خۆی لانەدات. پێشمەرگەیەکیش کە ماڵومنداڵەکەی لەترسی تۆپ فڕۆکە و تانک لە ئەشکەوت بەخێودەکرد ئێستا دەبێ زەلیلی بەردەرگای ئەوبێت بۆ ئەوەی کارێکی بۆ بدۆزێتەوە یان بیکات بە پاسەوان لەشوێنێک، لێبوردنەکەی سەرۆک تەنها بۆ ئەوەبو تۆڵەی گەل و نیشتیمانیان لێنەکرێتەوە، نەک لێیانگەڕێن بۆ ئەوەی ئیمپراتوریەتی زەنگینی و پێگەی کۆمەڵایەتی دروستکەنەوە.

چەمکی عەداڵەت بەهەڵە لەناو کۆمەڵگاماندا جێگیربوە، هەرکەسێ لەو جاشانە کەسێکی دەستەڵاتدار بناسێت دەتوانێت بەئاسانی کۆنتراکتی زەبەلاح وەرگرێت و وەکالەت بهێنێت و عاردی چاک چاک وەرگرێت و منداڵەکانی بکات بە خاوەن مەنسیب ئەگەر خۆی نەبێت.
بەڵی هەرکەسە پێیوایە بەرژەوەندیەکانی کەسایەتی خۆی دادپەروەریە، هەرشتێک دژی بەرژەوەندیەکانی بوەستێت نادادیەو دژی ڕادەوەستێت، وەکو ئەوکابرایەی هەواردەکات: ئەودەستەڵاتە خراپە ناهێڵێت جەردەیی بکەیفی خۆم بکەم یان ئاساری وڵاتێک تێکدەم بۆ ئەویە خانوێیک لەسەری دروستکەم! یان حەزم لێیە خانوێک لەناو پارکی شار دروستکەم بەڵام حکومەت ناهێڵێت! بۆیە ئەو پڕنسیپانە سەراوژێربون چونکە پێوەرێک نیە بۆ بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی کەسایەتی، لەوانەیە لەگەڵ بەندێکی یاسای عیراقی تێکەڵوپێکەڵبوە کە دەڵێ (الخاص یقید العام) واتە تایبەت گشتی سنورداردەکات! مەبەست لە لەناو یاسای عیراقی ئەوەیە کە یاسای تایبەت یاسای گشتی سنورداردەکات، بەڵام ئەو تێکەڵیە گرفتێکی تری دروستکردوە کە لەناو تیۆری کۆنتراکتی کۆمەڵایەتی و یاسای بەیەکەوە ژیان (العام یقید الخاص) گشتی دەبێ تایبەت سنورداربکات، واتا بەرژەوەندی گشتی دەبێ بەرژەوەندی تاک سنورداربکات، ناکرێت بەرژەوەندی تاک لەسەروی بەرژەوەندی گشتی دابندرێت. ئەگەر بتەوێ شاخێک داگیرکەی چونکە بەرژەوەندی تۆی تێدایەو بۆتۆ خۆشە، ناکرێت چونکە بەرژەوەندی گشتی تێدایە ونابێ بیکەی.
دادپەروەری ئەوەنیە تەنها بەرژەوەندی تۆ یان ئی من بپارێزرێت! دادپەروەری ئەوەیە کە ماف و بەرژەوەندی هەموان وەکو یەک بپارێزرێت و بنەمایەکی ئەخلاقی وەک یاسا بۆ ئەم مەبەستە دابمەزرێت.

ئەگەر هات و جیاوازی لە پێدانی مافەکان لەلایەن دەستەڵاتەوە پەیدابو، بێگومان جیاوازی لەسزاکانیشدا بە ئۆتۆماتیکی پەیدادەبێت، ئەوسا کەلەنی مەزنتر لەناو کۆمەڵگادا پەیدادەبێت و دادپەروەری لە قەوانەکەی بەتاڵدەکرێت و بەرپابون بەیاسا دەبێتە بارگرانی و قورسیەک بەسەر چینی بێپشت و بێ واستەو کۆمەڵگا دادەڕمێنێ و هیچ حکومەت و دەستەڵاتێک ناتوانێت حوکم لە کۆمەڵگایەکی داڕماوبکەن، چونکە تەقینەوە دەبێتە کارێکی حەتمی و دەبێتە مەسەلەی کات. جگە لەوەی دەرگای فراوان بۆ دەستتێوەردانی دژمنان دەکرێنەوەو دیاردەی سەیر سەیر لەناوکۆمەڵگادا پەیدادەبن، وەکو نەمانی بەهاوئاکار و نەهێشتنی چاکە و یاریکردن بە دوارۆژی خەڵک و لوشدانی سامانی گشتی، بەڵام هەرهەمویان جێگای مەترسی نین بەقەد ئەوەی ناعەداڵەتی جێگای مەترسیە.

بۆیە دەبێ بەرژەوەندی کەسایەتی و حزبایەتی و گروپ، بەرامبەر بەرژەوەندی گشتی، بە هێزی یاسا و مۆڕاڵ ڕابگیرێت، ڕاستە هەرکەسێک دەبێ ئازادبێت لەپاراستنی بەرژەوەندی خۆی بەڵام دەبێ ئەوبەرژەوەندیە ڕابگیرێت کاتێ دێتە بەرامبەر بەرژەوەندی گشتی و هێز و ڕەوایەتی حکومەت و دەستەڵات دەبێ تەنها بۆ پاراستنی مافی تاکەکان بەکاربێت، ئەگەرنا چەمکی حکومەتیش لە قەوانەکەی بەتاڵ دەکرێت و دەبێتە حکومەتی پاراستنی بەرژەوەندی کەمینەیەکی سودوەرگر لەسەر حیسابی گشتیەت و مافی زۆرینەی خەڵک.

15.8.2016

Previous
Next
Kurdish