
من وا له شیعر تێده‌گه‌م … به‌ختیار محه‌مه‌د
(شیعر ئاوێنه‌ی زمانه، كه هه‌موو شته‌كان خۆیانی تێدا ده‌بینن. به‌ڵێ، شیعر ئاوێنه‌ی زمانه؛ یان با بڵێم: شیعر زمانێكی ئاوێنه‌ییه، كه ده‌بێ هه‌موو شته‌كان خۆیانی تێدا ببینن!).
زۆر جار شیعرێك ده‌بینم (ده‌خوێنمه‌وه)، وشه‌ی جوانی له‌پاڵ یه‌كدا ڕیز كردووه و ته‌نانه‌ت وێنه‌ی شیعریی جوانیشی تێدایه، به‌ڵام ماناكه‌ی (ناوه‌رۆكه‌كه‌ی) قووڵ، جوان و فره‌وان نییه؛ ئه‌مه‌ش بۆ خوێندنه‌وه‌ی بۆ خۆی به‌كێشم ناكا و ڕامناكێشێ. من بڕوای ته‌واوم له شیعر و ئه‌ده‌بدا به‌وه هه‌یه، كه شێوه و ناوه‌رۆك یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌بێ پێ به پێ له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌نگاو بنێن و له ئاستی یه‌كدا بن (بڕواشم به شیعری شێوه‌گه‌را و فۆرمالیست نییه؛ به‌و واتایه‌ی، كه من چێژیان لێ نابینم). به‌ڵێ، ئه‌وه ده‌زانم، كه مه‌رج نییه ناوه‌رۆكێكی باش، سه‌د له سه‌د ده‌بێ فۆرمێكی به‌رز و باشیشی هه‌بێ، به‌ڵام هیچ فۆرمێكی باش و جوان – ده‌توانم بڵێم – به بێ ناوه‌رۆك و واتا و ده‌لاله‌تێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و قووڵ نابێ (ڕاستییه‌كه‌ی فۆرم و ناوه‌رۆك ئاوێته و ئاوێزانی یه‌كن و هه‌رگیز لێك جودا نابنه‌وه؛ له‌مه‌وه فۆرم واتایه و واتاش فۆرمه). له ناو شیعر و ئه‌ده‌بدا هزر هه‌یه، وه‌ك میوزیك نین، كه ته‌نها ڕۆحی چێژ بیانجووڵێنێ و ناخی خوێنه‌ر (بینه‌ر) بورووژێنن و ئاسووده‌ی بكه‌ن و هه‌ستی جوانیی پێ ببه‌خشن. ئه‌و شیعرانه‌ی ته‌نیا وه‌ك میوزیك – به ئه‌بستراكت – له خۆیان ده‌ڕوانن، زوو ده‌پووكێنه‌وه و زوو ده‌مرن. شیعر ته‌نها ئیلهام نییه، به‌ڵكو فیكر و ڕۆشنبیرییشه. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ستی به‌رزی جوانییه. به‌ڵێ شیعر له جوانی و فیكر پێك دێ؛ له‌مه‌وه ((شیعری بێگه‌رد)) – به‌لای منه‌وه – جگه له ده‌سته‌واژه‌یه‌كی بێ واتا و بێ ناوه‌رۆك هیچ شتێكی دیكه نییه.
به كورتییه‌كه‌ی: زۆر ده‌ق ده‌بینم (ده‌خوێنمه‌وه) فۆرمێكی جوانی هه‌یه، به‌ڵام ڕۆحێكی مردووی له پشته. ڕۆحێك، كه هه‌ژاره له ڕه‌هه‌ندی واتاكان: واتای سیاسی، مێژوویی، ئه‌فسانه‌یی، ئایینیی، … تاد. شیعر، كه توانی به‌رگی شیعر له‌به‌ر هه‌موو شتێك‌دا بكا، ئه‌وسا ده‌بێته شیعری ڕاسته‌قینه. شیعر خۆی له تخووبی هه‌موو به‌هاكانی ژیانی مرۆڤ ده‌دا، ده‌بێ وا بكا، به‌ڵام چۆن ده‌توانێ و چۆن پێی ده‌وێرێ، ئه‌مه شتێكی دیكه‌یه. هه‌ر كاتێك شیعر له چێوه‌ی یه‌ك واتادا خۆی قه‌تیس كرد، ئه‌و كاته ده‌بێته شیعرێكی بێ باڵ. شیعر به ته‌نها زمان نییه، به‌ڵكو شیعر واتاشه (ئه‌و واتایه‌ی، كه زمان به خه‌سڵه‌تی شیعریی به‌رجه‌سته‌ی ده‌كا). شیعر زمانی تایبه‌تی واتاكانه. ڕاسته شیعر زمانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م زمانه به‌رهه‌می هه‌ست و ئاوه‌زی مرۆڤه. ئه‌و مرۆڤه‌ی به‌ر له هه‌ر شتێك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه. شاعیر به‌ر له هه‌ر شتێك مرۆڤه، مرۆڤێكی تایبه‌تمه‌ند و هه‌ستیار. شاعیر ئه‌و كه‌سه‌یه، كه زمانێكی تایبه‌تی هه‌یه؛ زمانێكی تایبه‌ت به خۆی، كه هه‌ست و هزره‌كانی – له قاڵبی جوانییه‌كی نموونه‌ییدا – پێ ده‌رده‌بڕێ. له‌مه‌وه جوانیی له داهێنانی شیعر و ئه‌ده‌ب دانابڕێ. شیعر ئه‌و زمانه‌یه، كه هه‌موو كه‌سێك ناتوانێ قسه‌ی پێ بكا، جگه له شاعیر خۆی نه‌بێ. شیعر زمانی شاعیره. وه‌زیفه‌یه‌كی سه‌ره‌كی شیعر ئه‌وه‌یه، كه هه‌ستی باڵا و قووڵی جوانییمان پێ ببه‌خشێ؛ ئه‌مه‌ش شێوازی زمانی هۆنینه‌وه‌ی شیعره‌كه ده‌سته‌به‌ری ده‌كا. زمانی شیعر چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ند بێ به ڕه‌گه‌زه‌كانی خوازه و هێما و وێنه، هێنده‌ش شیعرێكی سه‌ركه‌وتوو و سه‌رنجڕاكێش ده‌بێ. ڕاستییه‌كه‌ی له‌م سه‌رده‌می قه‌یرانه‌ی شیعردا، شیعر ده‌بێ به سه‌نگینی بنووسرێ، هه‌رگیز زمان و ده‌لاله‌تی خواوه‌ندانه‌ی خۆی له‌بیر نه‌كا. هه‌ڵبه‌ت شیعر زمانه، به‌ڵام كاتێك كه خواوه‌ند (ئه‌پۆلۆ) قسه ده‌كا؛ كاتێك كه جوانی سروشت قسه ده‌كا؛ كاتێك كه خۆشی و ناخۆشی مرۆڤایه‌تی قسه ده‌كه‌ن؛ كاتێك كه تاكی شاعیر له‌جیاتی هه‌موومان و له‌جیاتی هه‌موو شتێك قسه ده‌كا. به‌ڵێ شیعر زمانه، كاتێك زمان له‌ناو زماندا قسه ده‌كا؛ ئه‌گه‌ر زمانی شیعر نه‌بێ ناتوانین وه‌سفی هه‌موو شتێك بكه‌ین. زمانی ئاسایی ناتوانێ به جوانی و به ته‌واوی وه‌سفی هه‌موو شتێك و هه‌موو هه‌ست و بیركردنه‌وه‌یه‌كمان له به‌رانبه‌ر دیارده و شتته‌كاندا بۆ بكا، بۆیه لێره زمانی شیعر (ئه‌ده‌ب) وه‌ك فریادڕه‌سێك دێ و لێمان قووت ده‌بێته‌وه و یارمه‌تی ئه‌م كه‌موكووڕییه و ده‌سته‌پاچه‌ییه‌مان ده‌دا (ڕاستییه‌كه‌ی زمانی شیعر هه‌ر به زمانی سوریالیه‌تی خه‌ون ده‌چێ، كه به ته‌واوی سنووری نامومكینی زمانی به‌زاندووه. واته له‌دایكبوونی زمانی شیعر ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌یه، كه زمان خه‌ون به بوونی نائاسایی خۆیه‌وه ده‌بینێ و ده‌یه‌وێ سنووری مومكینی واقیعی خۆی ببه‌زێنێ). له‌مه‌وه شیعر تا ئه‌ندازه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر زمانی ئاسایی و زمانی واقیعی ژیانی مرۆڤی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه. ئه‌م زمانه زمانێكه چێژبه‌خشه. زمانێكه – ده‌توانم بڵێم – گۆرانی و میوزیكیشی داهێناوه؛ بۆیه شیعر نه‌بێ، كوا گۆرانی هه‌یه؟ شیعر نه‌بێ، كوا ئیستاتیكای زمان هه‌یه؟ شیعر نه‌بێ، كوا خه‌یاڵی جوانیی هه‌یه؟ شیعر، نه‌بێ كوا ئه‌ده‌ب هه‌یه؟… ڕاستییه‌كه‌ی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئه‌ده‌ب شیعره، نه‌ك په‌خشان. گه‌لگامێش و ئه‌لیاده و ئۆدیسه چیمان پێده‌ڵێن؟ ئه‌ی خۆ ده‌قه ئایینییه‌كانیش هیچیان له زمانی شیعر به‌ده‌ر نین! له‌مه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ شیعر له پاشه‌كشه و قه‌یراندایه، به‌ڵام نابێ ئه‌م شكۆیه و ئه‌م ئه‌سڵه‌ی خۆی له‌بیر بكا: شكۆ و ئه‌سڵی داهێنانی زمانی ئه‌ده‌ب و زمانی نووسین.
به‌ختیار محه‌مه‌د