Skip to Content

میکرۆبەکان وڵاتە زلهێزەکان دەکەوێنن؟ … ممدوح المهیني … لە عەرەبییەوە: ئومێد بۆتانی

میکرۆبەکان وڵاتە زلهێزەکان دەکەوێنن؟ … ممدوح المهیني … لە عەرەبییەوە: ئومێد بۆتانی

Closed
by ته‌مموز 19, 2020 General, Opinion

لە گەڵ خێرا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا پێشبینی سیاسی ناڵۆژیکی کران کە میحوەری هێز روو لە رۆژهەڵات دەکات و رۆژئاوا جێدەهێڵێت کاتێک بە دەست زۆری حاڵەتەکانی توشبوون و مردنەوە دەیناڵاند، هاوکات لە گەڵ دیمەنی خەمناکی زۆری تەرمەکان و گواستنەوەیان بە ئۆتۆمبێڵە زرێپۆشەکان، ئەو پێشبینیە تۆزێک میسداقیەتی بەدەستهێنا بەڵام هەر چەند مانگێکی دیاریکراو بەردەوام بوو.

جیهان هەمووی هیلاک و ماندووە، ئەو پێشبینیانە نابابەتی و رەشبینانە بوون،هاوکات لە گەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی مردن ئێستا ژیان قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێتەوە، ئابووری ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان چاکدەبێتەوە لە گەڵ زیادبوونی هەڵی کار( ئەمریکا لە مانگی رابردوودا ٤.٨ ملیۆن هەڵی کاری نوێی راگەیاند)، تەنانەت دیوەکەی دیکەش کە هێرشیان دەکردە سەر چین گوایە بە قەیرانێکی خنکێنەردا تێدەپەڕێت هۆکارەکەی سیاسی بوو، یاخود نوقمی بیردۆزی رەشبینانە ببوون، لە رووی ئابووریەوە چین رۆژە سەختەکانی ئەو پەتایەی تێپەڕاندووە، ئەوەی ئێستا بە زۆری هەیە حکومەت هەندێک گەرەکی پەکین بۆ ماوەی چەند رۆژێک دادەخات.

هەرەسهێنانی سیستەمی جیهانی و گوازرانەوەی بۆ ‌هێزێکی دیکە بۆ سەر لە نوێدانانەوەی شێوەی جیهان بابەتێکی ئاسان نیە، پێویستی بە بارودۆخی بابەتی و لۆژیکی هەیە کە لە ئێستادا بەردەست نین، بۆ ئەوەی ئەمە بزانین گرنگە باس لە هۆکارە بابەتییەکان بکەین کە بوونە هۆی داڕووخانی سیستەمی جیهانی کۆن بە سەرکردایەتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی پێش سەرکەوتنی ‌‌هێزی ئەمریکی لە چلەکانی سەدەی رابردوو و دامەزراندنی سیستەمێکی جیهانی تایبەت بە خۆی.

هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی بە چەندین دەیەی درێژ تێپەڕی و هۆکارەکانی ریشەیی بوون، پشکی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی جیهانی ساڵی ١٨٧٠ لە بەرزترین ئاستی بوو کە ٣٠٪ بەرهەمهێنانی جیهانی پێکدەهێنا بەڵام لە ساڵی ١٩١٠ دابەزی بۆ لە ١٥٪، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی ئەمەریکا زیادیکرد و گەیشتە ٢٥٪، ساڵی ١٨٨٣ هێزە دەریاییە وێرانکەرەکەی کە گەورەی زەریاکان بوو گەیشتە ترۆپکی شکۆمەندی و بە کەشتیە دەریاییەکانی هەرچی پێشی لێگرتبا وێرانی دەکرد، بەڵام لە ١٨٩٧ لە بەرامبەر کەشتیگەلی دەریایی ئەمەریکی لە رۆژئاوا و ژاپۆن لە رۆژهەڵات پاشەکشەی کرد.
بە دڵنیاییەوە ئەوپێشبینیە بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکان کە گەورەترین هێزی ئابووریە لە جیهاندا جێبەجێنابێت، رێژەی بەرهەمهێنانی ئابوورییەکەی نزیکەی لە ٢٣.٤٪ بەرهەمهێنانی کۆی جیهان پێکدەهێنێت و لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ پاشەکشەی نەکردووە، سوپاکەی بە هێزترینە لە نێو هەموو هێزە سەربازییەکانی جیهان و ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دۆلاری بۆ تەرخاندەکات( لە ساڵی ٢٠١٩ نزکەی٧١٨ ملیار دۆلاری لە سوپاکەی خەرجکرد لەبەرامبەردا چین ١٧٨.٢ ملیار دۆلاری بۆ سوپاکەی تەرخانکرد).

لە غیابی ‌‌هێزێکی سەربازی جیهانی سەردەست جەنگ و ململانێی زۆر هەڵگیرسان و بوونە هۆکاری هەرەسهێنانی سیستەمی جیهانی ئەوکات، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم کە کۆتا بەشی زنجیرە جەنگێکی خوێناوی بوو، لە نێوان ساڵەکانی ١٨٥٠ و١٩٤٥ ئەڵمانیا و فەڕەنسا کەوتنە نێو سێ جەنگەوە:١٨٧٠ و ١٩١٤ و ١٩٤٠، دوو شەڕی دژوار لە نێوان رووسیا و ئەڵمانیا روویاندا، فەڕەنسا و بەریتانیا لە گەڵ ئەڵمانیا کەوتنە ناو شەڕ، تەنگژە و پێکدادانەکان باڵی بەسەر ئەو سەردەمەدا کێشابوو، هەڕەشەی روبەڕوبوونەوە بە هۆی هێزە تەماحکارە دراوسێکان و لێکچووە سەربازییەکان لە ئارادابوو، ئەو نیشانانە لەو کاتە یەک شتی دەرخست کە سیستەمی جیهانی دروستکراوی ئەوروپا خەریک بوو لەناو دەچوو، بە دیاریکراوی لە بەر ئەو هۆکارە و بە هۆی بوونی هێزێکی سەربازی سەردەست و شکستپێهێنانی دوو دووژمنی گرنگ ( ئەڵمانیا و ژاپۆن) و بە دیموکراتیزەکردنیان و تێکەڵکردنیان بە کۆمەڵگەی نێودەولەتی ٧٠ ساڵە هیچ جەنگێکی جیهانی رووینەداوە و ئیستیقڕار بۆ جیهان گەڕێندراوەتەوە.

بە داڕووخانی ئابووری و سەربازی ئەمەریکا هەروەک پێشووتر بە سەر ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا هات هۆکارگەلی بابەتی بەردەست دەبێت تاوەکو بڵێێن سیستەمەکەی لاواز دەبێت و لەناودەچێت و لەشوێنیدا هێزی چینی یان رووسی جێگەی دەگرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا ژمارە باوەڕپیکراوەکان ئەوەمان پێناڵێن بە تایبەتتر لە سەردەمی ئیدارەیەکی کۆماری باوەڕدار بە پاراستنی شکۆمەندی و گەورەیی ئەمەریکا، بۆیە پەتای کۆڕۆنا شتی زۆر ناگۆڕێت، میکرۆب و ڤایرۆس و بەکتریاکان زیانبەخشن بەڵام زلهێزەکان دابەشناکەن و نایانکەوێنن، ئەوە پارە و سوپاکانن زلهێزەکان دەکەوێنن.

*ممدوح المهیني

لە عەرەبییەوە: ئومێد بۆتانی

*( بەڕێوبەری گشتی هەردوو کەناڵی “العربیة” و “حدث” ـ رۆژنامەی شرق الاوسط

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish