قوربانی و قوربان … نووسین و لێکۆڵینه‌وه: زانکۆ یاری
(ڕێوڕەسمی قوربانی‌کردن له ئایینه جیاوازه‌کانی کورده‌واریدا، لە ڕوانگەی مێژوویی-ئەدەبی و چەند تێبینی بۆ وشەی قوربان)
نووسین و لێکۆڵینه‌وه: زانکۆ یاری
(دیوانده‌ره – 1397)
——————————————————-
دەستپێک:
قوربانی‌کردن لە هەموو ئایینە جیاوازەکاندا، لە سەرەتای بوونی مرۆڤ تاکوو ئەمڕۆ، بە چه‌ند شێوه‌ی جۆرواجۆر و هۆکارگەلێک وکوو: ڕێوڕەسمی ئایینی، بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی، هه‌روه‌ها بۆ ئاسووده‌یی له‌شساغی و هتد، لە مێژوودا وەکوو ڕێوڕەسمێک هەبوونی بووە. قوربانی ڕەنگە وەکوو خه‌ڵات، پێشکه‌شی یان دڵفراوانی کە باوەڕی مرۆڤ هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، بۆ پێواننی ڕادەی چاوپۆشیی مرۆڤ لە خاوه‌ندارێتی، یان بۆ ده‌رکه‌وتنی ڕاستیی خواست و مه‌به‌سته‌کان بێ. لە شارستانێتیی کۆندا، وه‌کوو ڕه‌سمێک بۆ سهرهنجڕاکێشانی خودایان به‌ئه‌ژمار ده‌هات و بریتییە لە پێشکەشکردنی گیان. سەردەمانێک ئەمه به‌شێوه‌ی پێشکەشکردنی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ بووە.
میترائیسم، زەردەشت و ئیسلام لە ئیران و کوردستان؛ شرۆڤە‌یک:
ميترائيسم (Mithraism):
بە گەواهی مێژوو، لە ئایینی ميترائيسمدا قوربانی‌کردن ڕەوا بووە و لەو سەردەمەدا جگە لە خوودی میترا، چوار بنه‌مای ئاو، خۆڵ، با و خۆر، پیرۆز بووە و بۆیان قوربانی دەکرا. یەکەم کاری میترا دوای دەرکەوتنی لەسەر زەوی، قوربانی‌کردنی گایەک بوو. بۆیە قوربانی گرنگ و یەکێک لە بنەماکانی ئەو ئایینە مه‌زنه بووه. هه‌روه‌ها پێڕه‌وانی ئەو ئایینە لە وەرزی بەهاردا گایەکیان لە نێو په‌ره‌سگه‌کاندا قوربانی دەکرد،
ميترائيسم که له ئایینه جیهانییه‌کان بوو، ئایینی فه‌رمیی ڕۆم بوو و ئێستاش شێوه‌کارییه‌کی کۆنی کوشتنی گا بەدەستی میترا، لە ئەشکەوتێک لە وڵاتی ئیتالیادا بەجێ ماوە. لە سەردەمانی پێشووی مێژووی ئایینیی ئێرانی کۆندا، بە پێشه‌وا و مەلایانی ئایینە جۆرواجۆرەکان دەگوترا مۆغ (Magi). مۆغ واتا کەسێکی پیر یان پێشه‌وایه‌ک کە ڕێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە دەبات. مۆغه‌کان بە پێی گێڕانه‌وه‌یه‌ک لە ئەسڵدا ده‌سته‌یه‌ک لە مێدەکان (Meds) بوونە كه دواتریش بە هاتنی حکومەتەکانی تر بەڕێوەبردنی کارە ئایینییەکان لە ئەستۆیاندا بووه و ئه‌و ئه‌رکه‌یان پاراستووە. مۆغانی ميترائی یان پێشەوایانی ئایینی هەروا کە لە گاثاها (Gathes) هاتووە، هەمان “کەرپەن یان کۆرپەن”ه‌کان (Karapan) بوون و ئەرکی قوربانی‌کردن و قوربانی وەرگرتنیان له‌سەر شاندا بووه. بە بۆچوونی بەشێک لە خاوەنڕایان، کەرپەن هەمان قوربانییه لە ئایینی میترا. بۆ نموونه لە کتێبی “جستارهایی از مهر و ناهید”، نووسینی موحەممەد موقەدەم، هاتووە که کەرپەنه‌کان هەمان مەلایانی ئایینیی “مهر” بوونە و بەهۆی قوربانی‌کردنی گا لە لایەن ئەوانەوە وشەی قوربانیش لەوان وەرگیراوە (ل 2، هەمان کتێب). ئەوەش بۆته ده‌ستاوێژی ئه‌وه‌یکه هەندێک لە توێژەران، دوو وشەی کەرپەن و قوربان لە یەک بنچینه بزانن و لە جیاتیی یەک بەکاری بێنن. ئیبراهیم پوورداوود (مامۆستا و نووسه‌ر-1264)، وشەی کەرپەنی بەم شێوە ڕاگەیاندووە: لە شرۆڤه‌ی پەهلەویی ئەوێستادا، کەرپەن به کەرپ Karap هه‌ڵگیراوه و لە کۆدا به کەرپان ده‌نووسیت. هه‌روه‌ها وشەی سانسکریتی “کەلپ” Kalap که واتای ڕێوڕەسم و داب و نەریتی ئایینی ده‌دات لەگەڵ کەرپەنی ئەوێستایی لە یەک بنچینه‌یه. (پوورداوود-نووسراوه‌کانی گاثا، ل 386)
وەک دەزانین خۆر لای میترائییەکان تا ئاستی خودا پیرۆز بووە. بۆیە ناکرێ قوربانی پێوەندی بە خۆرەوە نەبووبێ. جا لەو ڕوانگەوە هه‌ندێ که‌سیش پێیانوایە کەرپەن (karapan)، کەربەن (karaban)، قەربەن (gharaban)، قربه‌ن (ghoraban) کۆرپان، خۆرپان و خۆربان هەمان قوربانه (ghorbaan) و ئه‌وه‌ش لە بنەڕەتدا “خۆربان”، بە واتای “پاسەوانی خۆر” بووە. لە زمانی کوردی‌دا نمونەی گۆڕانی “خۆر” بە “قۆر” هەیە. بۆ وێنە “زەردەقۆرە” یان “زەردە قۆڕە” کە لە بنەڕەتدا “زەردە خۆرە” یان هەمان “آفتاب پەرەست”ی فارسییە. “ی”ی قوربانیش یای پێوەندیە بە واتای کاری پاسەوانی لە خۆره. بە دووریش نییە دەستەیەک لە پیاوانی ئایینی خۆیان کردبێ بە پاسەوانی گۆرستان و هەواڵی حاڵی مردووەکانیان بە زیندووەکان دابێ و لە بەرامبەردا مافی گۆڕبانییان وەرگرتبێ. بەو بۆچوونەش؛ قوربان دەتوانێ گۆڕدراوی “گۆڕبان”، واتا پارێزەر و چاوەدێری گۆڕ بێ.
زەردەشتی (Zaroaster):
لەنێوان میتراییسم و زەردەشتیدا چەندین جیاوازیی قووڵ هەیە و ده‌بێ به ئه‌وه‌ش ئاماژه بده‌ین که زەردەشت له سه‌ره‌تادا هه‌ندێ بنه‌مای چاندی، کولتووری و ئایینی میترائیسمی به‌سوودی خۆی وه‌رگرت و دژ به میترائیسم، پێگه و یاساکانی له نێو کۆمه‌ڵگادا دامه‌زراند. بۆ نموونه لە نووسراوەکانی ئایینیی پەهلەویدا لە کەرپەن و کویه‌کان وه‌ک دوژمنانی ئایینیی زەردەشتی و گرووپێک لە کەڕ و کوێرەکانن که توانای بیستن و بینینیان نییە و لە مزدیسنا (Mazdayasna) تێناگه‌ن، ناوبراوه. دیسان لە ئاڤێستادا (Avesta)، زەردەشت سکاڵا لە دەست سێ دەستە لە دژبەرانی ئایینیی خۆی دەکا کە تەنگیان پێ هەڵچنیوە: کەرپەن، کەوی و ئوسیج. زەردەشت بە دووستکردنی ڕیفۆرمێکی ئایینی، هەندێ داب و نەریتی باوی سەردەمی خۆی سڕییەوە و ئایينێکی نوێی وه‌دێهێنا و لە کاتی سه‌رهه‌لێنانی زەردەشت، هەر جۆرە قوربانی‌کردن، که لە گاثاهای زەردەشت ئاماژەی بۆ کراوە، لە کارە ناحەز و قەدەغەکان بە ئەژمار دەهات، چونکوو به باوەڕی ئەو دەبێ لە چوارپێیان ڕێز بگرین.
بەڵام لە دوای زەردەشت، ئامۆژگارییەکانی له‌ژێر کاریگه‌ریی ڕێباز و ئایین و پێویست و پێداویستەکانی ژیان، ڕچاو نەکرا و قوربانی بە ڕێوڕەسمێکی سەرسووڕهێنه‌رانە پێی نایە ناو کۆمه‌ڵگا. يەكێک لەو ئایینانە کە بەجێ ماوە، جێژنی “مهرگان”ە که ئاماژەیەکه به ڕۆژگاری خۆر پەرەستن. لەو جێژنەدا، زەردەشتییەکان وەکوو ڕۆژی جێژنی موسڵمانان، قوربانی دەکەن. بەڵام زەردەشت بە هەموو هێز و توانایه‌وه دژی به ئەوە بوو. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ لە وڵاتانی تری جیهاندا و لە ئۆرووپادا و قوربانی کردن (Festival of Sacrifice) لە نێوان جووله‌که و مەسێحییەکان بەردەوامە.
ئیسلام (Islam):
جێژنی قوربان کە هێمای قوربانیی مەزنی ئیبراهیمی پێغەمبەرە و لە ئایینی ئیسلامدا یەکێک لە قوربانییەکانی ڕه‌وا و پێویست، قوربانیی ڕۆژی جێژنی قوربانە. جێژنی قوربان لە نێوان موسڵمانان لە ڕوانگەی ئایینی و بەشداربوونی خەڵکە و زۆر شتی تریش گرنگترین جێژنە. قوربانی، ئەمڕۆکە بەتایبەت لە نێو موسڵمانەکان بە ئامانجی نزیکبوونەوە به خودا یان کاری نه‌زرونیازه که به‌تایبه‌ت بە قوربانی کردنی ئاژەڵێک ڕێوڕەسمەکە به ئه‌نجام ده‌گات.
سەربڕینی ئاژەڵان لە جێژنی قورباندا لە پێناو ئەوەیە مرۆڤ بگاتە پلەی (تەقوا)، چونکوو خودای گەورە لە کتێبی قورئاندا فەرموویه: “لَن یَنَال اللەَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَاؤُهَا وَلَکِن یَنَالُەُ التَّق٘وی مِنکُم٘”. واتا: فەرمانیش بە سه‌ربڕینی (ئاژەڵەکان: بزن، مەڕ، گا و وشترەکان) ئەدرێ، وەنەبێ خودا پێویستی پێیان هەبێ، چونکوو نە گۆشتیان و نە خوێنیان دەگاتە خودا، بەڵکوو تەنیا پاکی، پارێزگاریی و داوێن‌پاکی ئێوەی پێدەگات. قوربانی‌کردن لای ئێرانییەکان و لە وڵاتە عەرەبییەکانیش، لە زۆر ڕێوڕەسمی جۆرواجۆری ئایینی یان نائایینییه‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت.
تێبینییه‌کی تر بۆ وشه‌ی قوربان و قوربانی:
وشەی قوربان ئێستاکه زۆر بەکار دێت؛ به‌ڵام ئایا وشەی قوربان و جێژنی قوربان عەرەبییە؟! دەگوترێ وشەی قوربانی، هه‌روا که لە وشه‌نامه‌کاندا هاتووە لە “قُرب”ی عەرەبی وەرگیراوە بە واتای نزیکبوونەوە، وەرگیراوە و ئەم کارە بۆتەسە هۆی تَقَرّب (نزیکبوونەوە) بە خودا. بەڵام به باوه‌ری ئه‌ز:
یەکەم: داڕشتنی وشەکە لە عەرەبیدا باو نییە؛ قُرب + ان. لە وشەی قُرب (نزیک) ناتوانین قوربان (قَربان) درووست بکەین؛ چونکوو لەو حاڵەتەدا واتاکەی دەبێتە دوو دانە نزیک و ئه‌وه وشەیەکی بی واتایە. ئیدی قوربان و قربانی عەرەبی نییە. له عه‌ره‌بیدا به‌م شێوه‌یه کۆی وشه‌که ده‌نووسریت: قُربان (الجمع): قَرَابِينُ. تەنانەت بەشێوەی گشتی کێشی فُعلان به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ناوێکی ناعه‌ره‌ب.
دووهەم: جێژنی قوربان عربییە. عەرەب بە جێگەی جێژنی قوربان و قوربانی لە وشەی “الضَحی” که‌ڵک وەردەگرێ؛ کەواتە پێی دەڵێن: عیدالاضَحی (Eid al-Adha). نه‌ته‌وه‌ی عەرەب واتای جێژنی قوربان نازانن و لە زمانی عەرەبیشدا ئەو وشە بەکار نایە. هه‌روه‌ها لە کتێبی “واژههای دخیل در قرآن مجید” نووسینی ئارتور جێفری (Arthur Jeffery) و وەرگێڕانی فەرەیدوون بەدره‌یی، ئەم وەشەیە به سریانی یا عبری ناوبردووه و بە عەرەبی نه‌یزانیوه. (ل 343)
له ئەده‌بیاتی کوردی‌دا:
وشەی قوربان که لە کاتی پاشاکاندا له لایه‌ن نووسه‌رانی لایه‌نگری سه‌رده‌می خۆیان بۆ ڕێز و حورمەت بەکار دەچوو، ئاماژه‌مان به‌وه‌ش دا که ئێستاش هه‌ر بەکار دێت. لە زمان ویژه‌ی کوردی‌دا، وشەی قوربان زۆر بەکارهاتووە. لێره‌دا ته‌نیا سەرجێک ده‌ده‌ین بۆ چه‌ند شێعر له ئه‌ده‌بیاتی کوردی که له‌وێدا شاعێران وشه‌ی قوربان و قوربانی به‌کار دێنن. (هه‌روا که ده‌زانن ئه‌م به‌شه لێکۆڵینەوه‌ی زۆرتری پێویسته و بەهۆی که‌مبوونی کات چه‌ند هۆکاری جۆرواجۆر نووسه‌ر نه‌یتوانی ئه‌م به‌شه گه‌شتر بکاته‌وه. به‌ڵام له داهاتوودا بابه‌تێکی تایبه‌ت له‌سه‌ری بڵاو ده‌کرێته‌وه.)
نموونه:
شێعره‌کانی مامۆستا نالی (1800-1856) و تاهیر بەگی جاف (1875-1918).
دیوانی نالی: (پیتی قاف، لاپەڕەی 248-بە هەمان ڕێنووسی چاپکراوی بڵاوکەرەوەی کوردستان، چاپی سێهەم، 1383).
قوربان مەحاڵە پێکەوە بن صەبر و ئیشتیاق
خاریج لە نەصصی ئایەیە تەکلیفی لایطاق
مەعنایی نوور و ظوڵمەت و نەشری حەیات ومەوت
بوو، ڕوو و زوڵف و ڕۆژی ویصال و شەوی فیراق
ئیظهاری ئیدیعایی تەصەببور لە وەصڵی تۆ
یا مەکرە، یا دەسیسەیە، یا کیذبە، یا نیفاق
بۆ تۆ کە بیکر و تازە، وەکوو حۆریی جەننەتی
قەیدی چییە عەجووزەیی دونیا بدەم طەڵاق؟!
شیرینی‌یو، لە تاڵییو ترشیی عیتابی ڕووت،
خاڵت لەسەر جەبین بووەتە دانەیی سماق
صۆفی لە فەقر وفاقە وەکوو فاقە فاقی دا
تەسبێحی دام و دانەیە، ڕیشی دوو فاقی فاق
ئەی میھری میھرەبان وەرە سەر بامی بامیداد
دا مەھڕووان ببن بە ھیلالی شەوی میحاق
«نالی» کە صەدری مەسنەدی تەمکینی تەکیە بوو
بۆ تۆ بووە بە دەربەدەری کووچە و سوقاق
———————
دیسان له دیوانی نالی‌دا:
که تۆی قیبلەی، دەمت سا بێنە قوربان!
له‌سه‌ر قوبله دڵم مه‌شکێنه، قوربان!
وەرە بنواڕە دوو دەستی حەناییم
حه‌نایی چی؟ هه‌موو خۆ خوێنه قوربان!
شەقی‌که، غەیری حوبیی تۆی تێدا بێ،
بە دەستی خۆت دڵم دەربێنە، قوربان!
له بۆ خه‌ڵقی خه‌ڵات به‌خشانی ماچه
خه‌ڵاتی من هه‌موو خۆ جوێنه، قوربان!
فوتووری چاوه‌کانت نانوێنی،
بە “نالی” فیتنە بەس بنوێنە قوربان!
———————
له دیوانی مامۆستا تاهیر بەگی جاف‌دا:
ئەی ڕەفیقانی تەریقەت دەردی ئیشقم چارەکەن
یان بەجارێ بمکوژن جەرگم بە خەنجەر پارەکەن
بۆچ ئەمن سوچم چیە ئەی سەروی بوستانی ئیرەم
بۆی که‌بابی جه‌رگه‌که‌م با هه‌ر به‌شی کافر ببێ
ڕۆژی جەژنە چاوەکانم مەوسمی ئازادیە
بۆ بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە
سەد حەکیم هات و عیلاجی ئەم برینەی قەت نەکرد
تۆ عیلاجی زەخمەکەم کە زوو بە لوقمانم وەرە
چاوەکەم بۆ ڕووی فیراقت دڵ دەناڵێ وەک ڕووباب
بۆ دوو ئەبرۆی میسلی تاقت بەندی جەرگم بوو کەباب
هەرکەسێ هات و وتی من عاشقم بڕوا مەکە
تا لەسەر گۆنای نیشانەی زەخمی مارانگاز نەبێ
ڕۆژی جەژنە چاوەکانم مەوسمی ئازادیە
بۆ بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە
من کە سووتانم نەدیوە مەنعی گریانم مەکە
عاشقی ڕووتم بەقوربان تیرە بارانم مەکە
————————————
سه‌رچاوه‌کان:
1-لازاریف، م. س و دیگران، (1386). تاریخ کردستان، مترجمین کامران ایمن آوه، منصور صدقی. تهران، فروغ.
ئه‌نتۆنی، گیدنزو (2009). حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د مسته‌فا، “کۆمه‌ڵناسی”، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ئاراس.
2-کاکه‌وه‌یس، حه‌کیم. (وه‌رگێڕان “لسان الکرد”) زمانی کورد، (نووسینی مه‌سعود محه‌ممه‌د)، چاپخانه‌ی حه‌وادس-هه‌ولێر، .1987
3-یه‌عقووبی، حوسێن، زمان، وەرگێڕان و په‌یوه‌ندی کولتووره‌کان (نووسین و وەرگێڕان)، وەرگێڕانی: ئیسماعیل زارعی، چاپخانه‌ی دەزگای ئاراس، کۆلێژی پهروەرده، سۆران، چاپی یه‌که‌م-هه‌ولێر .2007
4-یاری، زانکۆ، زمان و وێژه‌ی کوردی، ڕابردوو و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، وتار، به‌شی دووه‌م (زمانی کوردی له ڕابردوودا)، خاکه‌لێوه‌ی
5-دیاکونوف، ا.م، بیتا، تاریخ ماد، ترجمهی کریم کشاورز، 1377، چاپ چهارم، تهران: انشارات علمی‌فرهنگی.
6-اوشیدری، جهانگیر. دانشنامه مزدیستا، واژه‌نامه توضیحی آیین زرتشت. چاپ اول. تهران: نشر مرکز، 1376.
6-ارفع، حسن، کُردها، یک بررسی تاریخی و سیاسی، به کوشش و ویرایش محمد رئوف مرادی، چاپ اول، نشر آنا 1382.
7-Toufiq Wahby; (The Origins of the Kurds and their Language), Sweden, 1982.
zanko.yari@yahoo.co.uk