بۆ رۆشنبیرە پاسه‌وانه‌کانی کوردایه‌تيى …. عه‌دنان ئه‌حمه‌د
من ده‌زانم ئه‌م چه‌ند ڕسته‌یه به ئێوه ناگات . ده‌زانم ئه‌و عه‌زه‌مه‌ت و کیبره‌ی ئێوه‌ی گرتووه، ڕێگه نادات دوو ڕسته‌ی گه‌نجێکی ئه‌م وڵاته بخوێننه‌وه. من لێرەم، له یه‌کێک له په‌راوێزترین ده‌شته تاقه‌تپڕوکێنه‌کانی دونیا، ده‌شتی شاره‌زوور و ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ش، له لایه‌ن گه‌نجێکی ئێرەوه ده‌نوسرێت که نه ڕۆژنامه‌نووسه، نه نووسه‌ره، نه ڕۆشنبیره و نه ڕۆماننووس. گه‌نجێک که هیچی نییه بیخاته دوای ناوه‌که‌ی، ئه‌وه‌ش به‌سه بۆ ئێوه که به که‌می بزانن ئه‌م چه‌ند دێڕه بخوێننه‌وه.
من له ئێستادا بڕوام به‌م ڕستانه هه‌یه ده‌ینوسم و به‌رگرییان لێده‌که‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش که به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م دونیایه‌تان بینیوه، ده‌زانن ڕێگاکه‌تان به ئاڕاسته‌یه‌کی هه‌ڵه‌دا ده‌ڕوات، ئه‌گه‌ر ده‌زانن قه‌ڵه‌مه‌کانتان یان بێده‌نگییتان به‌شێکه له‌و وزه‌یه‌ی که فاشیزمی کوردایه‌تيى و قه‌وچه‌قه‌وچی ده‌وڵه‌تی کوردیی و گێژه‌گێژی ڕیفراندۆم و کاوێژی پاراستنی ئه‌زمونه‌که‌مان، به‌هێزتر ده‌که‌ن، با کیبر به‌رتان بدات و دەست لەم پاسەوانییە بۆ کوردایەتیی، هەڵبگرن.
هه‌موو گرووپێکی ده‌سه‌ڵات له دونیادا، یه‌کێک له کاره هه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کڕینی نووسه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیرانه! ڕێگاکانی کڕینیشییان جیاوازن و هه‌مووان ده‌یزانین.
جه‌ماعه‌تی کوردایه‌تيی هه‌ر له شاخه‌وه ده‌ستیان به کڕین و گه‌وجاندنی نوسه‌ران کرد، چونکه ئه‌وان باش تێگه‌یشتبوون، بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌تێک بگه‌وجێنی، باشترین ڕێگا گه‌وجاندنی ئه‌وانه‌یه که خه‌ڵک گوێیان لێده‌گرێت و خۆشی ده‌وێن. ئێوه هه‌ریه‌که‌تان به ته‌ڵه‌یه‌که‌وه بوون و هه‌ندێکیشتان بێ ئه‌وه‌ی بزانێت به ته‌ڵه‌وه بووه، په‌ڕوباڵی کراوه. من کێشه‌م له‌گه‌ڵ ئاری هه‌رسین و فه‌رهاد پیرباڵدا نییه دەهۆڵی کوردایەتیی بۆ پارتیی دەکوتن. سه‌یروسه‌مه‌ره نییه ڕێبوار سیوه‌یلی وه‌ک کوڕێکی عاقڵ و بێده‌نگ دانیشتوه به دیار ڕائیده‌کانی کوردایه‌تییه‌وه و غەم لە فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانیی دەخوات. کێشه‌ش به‌ختیار عه‌لی نییه که وه‌ک پارتییه‌کی عه‌یاره بیست و چوار خزمه‌ت به ده‌زگاى جاسوسيى پاراستن ده‌کات. ئه‌و گرنگ ئه‌وه‌یه قسه بکات و پوڵ وه‌ربگرێت و پێی بڵێن نوسه‌ری گه‌وره‌ی کورد ، قۆڕترین ڕسته‌ی مێژووی ئێمه.
جا ئه‌و به‌ختیار عه‌لییه ڕێک له وشیار زێباری و فازڵ ميرانى زیاتر خزمه‌تی کوردایه‌تییه‌که‌ی پارتی کردووه. ئاخر کاره‌ساته هێشتا گومان له ئاستی فیکریی و تۆلێرانسی کولتوریی که‌سێک بکه‌ین، دوای نزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌ک له فیشقییاتی کوردایه‌تی، دوای٧٠ ساڵ مێژووی جاسوسيى بۆ هێزی ده‌ره‌کیی و درۆ و ده‌له‌سه‌ی پارتی، دوای ئه‌و هه‌موو ڕه‌شه‌کوژیی و مرۆڤ کوژییه‌ی ده‌زگای پاراستن، دوای ئه‌و مێژووه له کارە موخابەراتیی و خیانه‌تانه‌ی له ٧٠ ساڵی ڕابردوودا، دوای ئه‌و هه‌موو شه‌ڕفرۆشتنه به‌وەکالەتەی پارتیی به هێزه‌کانی تر، دوای ئه‌و تاڵانییه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، دوای خیانه‌تی ٣١ی ئاب و دادۆشینی کوردستانی عێراق، دوای به‌تاڵانبردنی سامانی وڵات و بوون به خاوەنی دەیان ملیارد دۆلار، دوای گه‌وجاندنی خه‌ڵک و سوکایه‌تیکردن به ئینسانی کورد، تۆ که زۆرترین خوێنه‌رت هه‌یه، تۆیه‌ک که به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م دونیایه‌ت بینیوه، تۆیه‌ک که له ڕاقیترین وڵاتانی دونیادا ژیان به‌سه‌رده‌به‌یت، تۆیه‌ک که‌داهاتووی ئێمه چه‌ند نامسۆگه‌ره هی تۆ ئه‌وه‌نده مسۆگه‌ره، دێیت و ده‌بیته نوسه‌ری ده‌زگای پاراستنی پارتی و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەمپەین بۆ کوردایەتیی دەکەیت.
خه‌ڵک هه‌یه ناتوانێت بۆ پاراستن بنوسێت و خه‌ڵکی پێده‌کوژن، ده‌ی تۆی شاعیر و هه‌ست ناسک ئه‌م کاره‌ت پێناکرێت و هاتوویت قه‌ڵه‌مه‌که‌ت و بیرکردنه‌وه‌ت پێفرۆشتوون که بیرکردنه‌وه نییه! ده‌ی تۆ و ئه‌و جه‌لاده یه‌ک جیاوازیتان هه‌یه، ئه‌و چه‌کی پاراستنه و تۆش قه‌ڵه‌می پاراستن. ئه‌و که‌سێکه بۆ تیکه‌یه‌ک نانی زه‌لیلیی خه‌ڵک ده‌کوژێت و به‌س تۆ که له هیچت که‌م نییه بۆ کێ عه‌قڵی میلله‌ت ده‌کوژیت؟ ئێوه‌یه‌ک که کۆمه‌ڵێک مشه‌خۆرن و له ڕووداو، باس و ده‌زگاکانی پارتیدا ده‌نوسن، ڕۆژێک دێت خه‌ڵک شه‌رم له خوێندنه‌وه‌تان ده‌کات. من به‌بێ شه‌رم و ده‌مڕووت بزانن، به‌ڵام یه‌ک تۆز بیر له ڕابردووی خوێناویی ئه‌م هێزه بکه‌نه‌وه، بیر له جه‌رگی سوتاوی دایکی هه‌زاران مرۆڤی کوژراوی ده‌ستی پارتی بکه‌نه‌وه، بیر له‌و منداڵانه بکه‌نه‌وه تا ئێواره نیو ژه‌م خواردن نییه له ژێر ده‌وڵه‌ته‌که‌ی بارزانیدا بیخۆن، بیر له‌و کۆرپه‌یه بکه‌نه‌وه دایکی له‌ترسی ته‌واوبوونی شیری قوتووه‌که‌ی، ئێستا ژەمێک که‌متر شیری پێده‌دات، بیر له هیچ مه‌که‌نه‌وه، بیر له دڵی سوتاوی دایکی ڕۆژنامه‌نوسه تیرۆرکراوه‌کان بکه‌نه‌وه که ئێوه به‌درۆ و بێشه‌رمانه شیعر و شانامه‌یان بۆ ده‌نوسن و بیانووش بۆ کوشتنەکەی دەهێننەوە.
من ده‌زانم ئێوه‌یه‌ک که له ژیانێکی ڕاقیدان، تێناگه‌ن شه‌وانه چه‌ند منداڵ به برسێتی ده‌خه‌وێت، حاڵی نابن ئێواران چه‌ند باوک ده‌ستی خاڵی ده‌خاته نێو ده‌ستی منداڵه‌که‌ی، شعور ناکه‌ن چه‌ند ژن و پیاو بێ پاره‌یی ناچاری کردوون ماڵیان وێران بکه‌ن، له ماڵی گه‌رمی خۆتانه‌وه که به پاره‌ی زه‌لیلیی پارتی بنیاتتان ناوه، ئاگاتان له‌و ماڵه ساردانه نییه بێعه‌قڵیی جه‌ماعه‌تی کوردایه‌تيی دروستیکردووه. ئێوه خۆتان یه‌کلا کردووه‌ته‌وه تا مردن خزمه‌ت به‌م فاشیزمه‌ی کوردایه‌تيی بکه‌ن و ده‌تانناسین، کێشه‌ی گه‌وره ئه‌و نوسه‌رانه‌ن هێشتا باوه‌ڕیان به‌م فاشیزمه هه‌یه. ئه‌و نوسه‌ر و توێژه‌رانه‌ن که بڕوایان وایه یه‌کێتی و پارتی خیانه‌یان له کوردایه‌تيی کردووه و ده‌بێت (کوردایه‌تيی و خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌لی کورد) له‌ده‌ست یه‌کێتی و پارتی ڕزگاربکرێت!
ئای چی کاره‌ساتێکه پێت وابێت ئه‌مانه دوورن له کوردایه‌تيی، ئای چی هه‌ژارییه‌کی فیکرییه پێت وابێت ده‌بێت کوردایه‌تيی ڕزگار بکرێت، وای چی داماوییه‌کی ئاگاییه پێت وابێت کوردایه‌تيی له مه‌ترسیدایه به‌ده‌ست یه‌کێتی و پارتییه‌وه… ده‌ی ئازیز گیان ئێوه هێشتا هه‌ر له ڕووخساردا گیرتان خواردووه و هه‌ر نازانن ڕه‌گ و ڕیشه‌که بۆگه‌نه، ڕه‌گ و ڕیشه‌که. ئه‌مانه ڕائید و ڕێبه‌ری گه‌وره‌ی کوردایه‌تيین، ئه‌مانه تازه‌ترین و گه‌شه‌کردووترین تایپی عه‌قڵیی کوردایه‌تيین، ئه‌مانه شه‌رعیترین مندڵی کوردایه‌تيین. تا صه‌ت ساڵ له یه‌کێتی و پارتی و گۆڕان و هێزه‌کانی تر بده به‌ردێک ناخه‌یته سه‌ر به‌ردێک، بڕوانه ئه‌وان له ئێوه زیاتر ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵات ده‌گرن، ئێ؟ ئه‌ی بۆ هیچ ناگۆڕێت؟ بۆچی هچ گۆڕانێکی فیکریی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ڕوونادت؟ ده‌ی ئازیز گیان ده‌بێت له ڕۆحی ئه‌مانه بده‌یت. ده‌بێت له ڕه‌گ و ڕیشه‌یان بده‌یت. ده‌بێت له‌و پیرۆزییه بده‌یت ناوی کوردایه‌تییه. ئه‌مانه یه‌ک شتی گرنگ ڕایگرتوون ئه‌ویش کوردایه‌تییه، که ڕێگه‌ی پێداون تا ئێسا بمێننه‌وه و ئه‌گه‌ریش کوردایه‌تیى ڕسوا نه‌که‌ین، یه‌ک گۆڕانکاری بچوک ڕوونادات.
تاکو به‌جورئه‌ته‌وه حاشا له‌م (خه‌باتی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی کورد، شۆڕشه‌کانی کورد، ئه‌زموونه‌که‌مان و کوردایه‌تيى)ه نه‌که‌ن، تاکو له‌و کیبر و عه‌زه‌مه‌ته‌ی خۆتان نه‌یه‌نه خواره‌وه و به ئاشکرا یان خۆتان ساغ بکەنەوە و ببنە مونەوەری کوردایەتیی یان بە جورئەتەوە تەجاوزی بکەن، تاکو ئێوه پێتان وابێت ئه‌مانه شۆڕشگێڕه‌کانی شاخن و ئێستا بوون به بازرگان، ئه‌وه ئێوه‌ش به‌شێکن له‌و فاشیزمه. من منداڵی دوێنێم و ئه‌زموونی به‌عس و عروبه‌شم نه‌دیوه، به‌ڵام ئه‌زموونی هێزه کوردییه‌کان و کوردایه‌تیيم بینی. .. ئێستا ئێوه بێن و به‌راوردێک بکه‌ن له‌نێوان ژیانی گه‌نجێکی سه‌رده‌می به‌عس و گه‌نجێکی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کوردایه‌تيی. ئه‌ی ئه‌و نوسه‌رانه‌ی هێشتا باوه‌ڕتان به‌کوردایه‌تيی له‌ق نه‌بووه و دونیابینیتان هێنده کورته که چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی ئه‌م وڵاته ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی یه‌کێتی و پارتی و دەسەڵاتە سیاسییەکەیان و کوردایه‌تيى لێ بێبه‌ری ده‌که‌ن، پێمان بڵێن له دوای دروستبوونی عێراقه‌وه تا ئێستا، که‌ی مرۆڤی کورد ئاهێکی خۆشیى له‌ژێر سایه‌ی کوردایه‌تیدا هه‌ڵکێشاوه؟
ئه‌رێ پێمان بڵێن به‌درێژایی مێژووی کوردایه‌تيی، مرۆڤی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تر، یه‌ک کاتژمێر وه‌ک مرۆڤ ژیابن. ئه‌ی بۆ هێشتا به ئاشکرا و بێ ترس حاشا له‌م فاشیزم و مێژووه بۆگه‌نه ناکه‌ن؟ ئه‌رێ ئه‌و ده‌ستدرێژییه سێکسییانه‌ی پیاوه‌کانی کوردایه‌تی به ئافره‌تی ئێمه‌یان کرد، له‌هه‌ر وڵاتێکی تر بوایه هیچ ڕۆشنبیرێکی! ئه‌حمه‌ق ڕووی ده‌هات به‌رگری له فاشیزمی وه‌ها بکات؟ ده‌ی ئه‌مه کێشه‌که‌ی ئێوه‌یه که هه‌ندێکتان له‌ترسی بڕینی پاره‌ی پاراستن و هه‌ندێکتان له ترسیی پێگه‌ی زانکۆییتان و هه‌ندێکی تریشتان کیبر و عه‌زه‌مه‌ت به‌رتان نادات بەرائەتی فیکریی خۆتان لە کوردایه‌تی ڕابگه‌یه‌نن. ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیاره له ڕووخسار تێنه‌په‌ڕن و هه‌موو کێشه‌کان بکه‌ن به کێشه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، زه‌حمه‌ت مه‌کێشن چونکه نوسه‌ره‌کانی خۆیان له ئێوه زیاتر له‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌ده‌ن.
کاتێ هەزاران گەنجی وەکو من لەم کوردستانەدا رۆژگار دەخەینە پشتی سەرمان و بێ پارەیی و بێ ژیانی ئەژمارد دەکەین، لەولاشەوە حوتەکانی کوردایەتیی پێڵاوێک بە دیاریی بکڕن بۆ دوورترین ئەحباب و دۆستی خۆیان، نرخەکەی لای کەم دەبێ چەند هەزار دۆلارێک بێت و خۆیانی پێوە هەڵکێشن، ئەم هەمو دزیی و چەتەگەرییەی ئەم مافیایانەی کوردایەتیی بەنەوت و سامانی سروشتیی کوردستانەوە دەیکەن، شەرعییەتە سیاسیی و فیکرییەکەیان لە مەغز و عەقڵ و بیرکردنەوەی ئەم نووسەر و ئەکادیمیستە نەتەوەییانەی کوردەوە وەرگرتووە.
مەریوان وریا و ئاراس فەتاح بەوە ناسراون کە زۆر رەخنە لە پارتی ئەگرن و جاروباریش وەکو دیشلەمە سوکە رەخنەیەکى شه‌رمنانه لە یەکێتی ئەگرن. ئه‌رێ ئەوە زمانیان مووی لێ دێ ئەگەر حەرفێک لەسەر گۆڕان و کوردایەتیيەکەی گۆڕان بڵێن. ئەم دوو برادەرە کە نووسەرو رۆشنبیری عەیار قورسی گۆڕانن، لەماوەی رابردوودا هاتنەوە بۆ کوردستان. وه‌ک هه‌موو جارێک و وه‌ک ئه‌وه‌ی له ده‌ستیان ڕابکه‌ن هەرچی میدیای ئەهلی و گۆڕانە هەموویان دەروازەیان لەسەر پشتە بۆیان، کەچی بەهەموو عه‌قڵی خۆیانەوە لەسەر تەلەفزیۆنی ئێن ئارتی و کەی ئێن ئێن دەڵێن دەوڵەتی کوردی خەونی هەموو کوردێکە. جا ئەمانە رەخنەیان لە کوردایەتيی و دەوڵەتی کورديى نیە، تەنها ئەوە نەبێ بەدڵیان نیە کە مەسعود بارزانیی رەهبەریی و چاوساغيى دەکات و ئەمان حەز دەکەن نەوشیروان ئەوەیان بۆ بکات. هەموو رەخنەکانی ئەمان لەوەدا ئەخولێتەوە کە ناسیۆنالیزمە نەژادییەکەی کوردایەتيی و چەتەگەرییەکەی جه‌ماعه‌تی کوردایه‌تیی خراپ نییە ئەگەر بۆ کورد بێت، بەڵام ئەوە پارتی و یەكیتیە ناسیۆنالیزم و کوردایەتیيان ناشیرین کردووە، ئه‌وه یه‌کێتی و پارتییه خیانه‌تیان له کوردایه‌تیی کردووه و لێی هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه. خودایە ئەمە چ کارەساتێکی فیکری و مەعریفیە ئەم نوسەرانەی کوردایەتیی دەرخواردی گەنجی کوردستانی ئەدەن، قودسییه‌تێکی زیاتر و شه‌رعییه‌تێکی باشتر به کوردایه‌تیی ده‌ده‌ن.
ئاخر عه‌یب و شوره‌یی نییه خۆت به رۆشنیبیری گه‌وره و ناوداری کورد بزانی و بۆ نمەکیش حەرفێکت لەسەر فاشیزمی کوردایەتيى و ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەکەی کوردایەتيی نەبێت! جا ئەم دوو برادەرە( مەریوان و ئاراس) لەو دەزگایەی کتێبەکانیان بە شانازیەوە یەک لەسەر یەک بڵاو دەکەنەوە و بە پۆزەوە رەسم دەگرن و پێشانی گەنجی هەژار و بێ پارەی کوردی دەدەن، حەرفێکیشیان لەسەر راسیزم بە عام نییە. ئێوه کۆمه‌ڵێک نووسه‌رن که هه‌زاران گه‌نج گوێتان لێده‌گرێت و ده‌تانخوێنێته‌وه، ده‌ی ده‌بێت فیکر و کردارتان وه‌ک یه‌ک بێت، ئه‌گه‌ر دژی فاشیزمیی کوردایه‌تیی و نه‌ژاندیین بێ ترس و به ئاشکرا بیڵێن. که ده‌زگای ئه‌ندێشه له‌سه‌ر جامخانه‌که‌ی ده‌نوسێت هاتنه ژووره‌وه بۆ عه‌ره‌ب نییه، بۆچی ئەم دوو ئوستازە و عاليمه عەزیم و کەبیرە یەک دانە حەرفیان نەگوت. نوسەری ناودارى هەموو دونیا، دژی راسیزم و فاشیزم بە نوسین و بەکردار هەڵوێستی هەیە بەڵام ئەمانەی ئێمە بەدەستیان نییە بەڵام بە دڵیانە.
هەر ئەم دو برادەرە ئەوەندە توشی شۆک بوونە بەوەی بارزانیی ناماقوڵی کردووە کە گوتویەتی خوێنی پێشمەرگە و سوپای عێراق تێکەڵ دەبن. ئەوە دوو جارە و لە دوو موناسەبەی جیادا ئەم شۆکەیان باس دەکەن. ئەم شۆکە شۆکی فاشیزم و حەماقەتەکانی کوردایەتیيە. نا ئەزیزان بارزانی هەر هیچ نەبێ دەزانێ لەگەڵ کام بایەدا شەنی کوردایەتیيەکەی خۆی بکات، ئه‌وه ئێوه‌ن هێشتا یان ڕه‌گ و ڕیشه‌که نابینن یان ده‌یبینن و کیبر و عه‌زه‌مه‌ت و ناوبانگ نایه‌ڵێت دژی بوه‌ستنه‌وه. بارزانی له‌وه هۆشیتارتره و سه‌دانی وه‌ک ئێوه‌ی سڕ و بێ هۆش کردووه. ئه‌و ده‌زانێ کار بۆ کێ بۆ چی ده‌کات، چۆن و که‌ی ده‌یکات، ئه‌وه ئێوه‌ن یان گۆرانی بۆ ئه‌م فاشیزمه ده‌ڵێن یان وه‌ک بینه‌رێکی بێده‌نگ دانیشتوون و فزه‌تان لێوه نایه‌ت. ئەوە ئێوەن کوردایەتی سڕی کردوون و توانای بیرکردنەوەتان لەسەر کوردایەتيی هەر وەکو فەرهاد پیرباڵ و بەختیار عەلیيە، بەڵام بە دوو میکانیزمی جیاواز و دوو سەنگەری جیاواز. ئەوان راستەوخۆ خزمەت بە پارتی و مەرجەعی کوردایەتی دەکەن. ئێوەش لە رێگەی گۆڕان و میدیای ئەهلییەوە، سەرئەنجام هەر ئاو بە ئاشەکەی پارتیدا دەکەن. سه‌رئه‌نجام هه‌ر وه‌ک ئاسنێکی ناو کارگه‌ی فاشیزمی کوردایه‌تی، ئه‌رکی پیرۆزی خۆتان جێبه‌جێ ده‌که‌ن.
عه‌دنان ئه‌حمه‌د