Skip to Content

ڕەخنەو ڕکابەریی هاوپیشەکان … حەیدەر عەبدولرەحمان

ڕەخنەو ڕکابەریی هاوپیشەکان … حەیدەر عەبدولرەحمان

Closed
by حوزه‌یران 11, 2020 General

بەگشتی زۆر لەهاوپیشەکان لەکاتی مومارەسەکردنی پیشەکانیان، جار جارە نوقرچک لەیەکتر دەگرن، ڕەنگە هەندێ لەوان واتێ گەیشتوون، یەکێیان لەسەر شانی ئەوی دیکەیان باڵای بەرزتر دەبێت، ناشیرین کردنی بەرامبەرەکەیان ئەوان جوانتر دەکا.
بۆیە کاتی خۆی (سالێری) موزیک ژەن بەهونەری گەورەی (مۆزارت ) زۆر قارس دەبوو، مۆزارتیش بەهونەری گەورەی خۆی ئارامیی لێ هەگرتبوو، ناوی مۆزارت و ناوداریەتی ببوو بەگرێ کوێرەیەکی شێرپەنجەیی لەسەر دڵی سالێری، تا لەکۆتاییدا لەداخان مۆزارتی ژەهر خواردوو کردو کوشتی .
دواتر هەموو دنیا (سالێری) بەو تاوانە قێزەوەنە شەرمەزار کرد، بۆیە شەوێکیان سالێری کاتێ ڕێی دەکەوێتە ماڵی بتهۆڤن بۆ ئەوەی ببێتە میوانی، بتهۆڤن پێی دەڵێ: من دەرگا لە کەسێک ناکەمەوە دۆستێکی منی ژەهر خواردوو کردبێ.
ئەم غەریزە نا مرۆییە بەردەوام لەگەڵ مرۆڤدا هاوکوف بووە، بۆیە ئێستاش شیاو نیە دکتۆرێک لای نەخۆشێک زەمی دکتۆرێکی دیکەی هاو پیشەی بکات، نیگارکێشێک هەزارو یەک بوختان بخاتە ئەستۆی نیارکێشێکی دیکە، یان دەرهێنەرێکی شانۆیی یا سینەما ڕەخنە لەدەرهێنەرێکی تر بگرێ .
ڕەنگە هەندێ جار ئەو ڕەخنانەی هاوپیشەکەت دەیگرێ، لەسۆنگەی دڵ ڕەشی نەبوبێت، بەڵام لای کەسانی تر لێکدانەوەی خراپی بۆ بکرێت و بەکەسێکی خۆ پەرست و بەخیل و چاو پئ هەڵنەهاتوو لەقەڵەمی بدەن.
بۆیە وا باشترە بۆ خۆ دوورە پەرێز ڕاگرتن لە لێکدانەوەی کوێرانە، هەق وایە هاوپیشەکان کەمتر خۆیان لەقەرەی ڕەخنە و تیرو توانج لە یەکتر گرتن ڕابگرن و هەلسەنگاندن و نرخاندنەکان بۆ بینەرو ڕەخنەگرە پسپۆرەکان بەجێ بێڵن، پێم وایە ئەو کاتە ئەوەی ڕەخنەی لێ دەگیرێ، ناچاری قەبوڵ کردنی ڕای گشتی بینەران و ڕەخنەگرەکان بێت، چونکە ناتوانێ دەرگا لەسەر بیروڕای بینەرێک دابخا کە بەرهەمەکە بۆ ئەوەو پێشکەش بەو دەکرێ، ڕەخنەگرێکیش کە بە دیدێکی زانستی و ئەکادیمی بەرهەمەکان هەڵدەسەنگێنێ، ئەو مافەی پئ ڕەوا دەبینرێ نرخاندن بۆ کارێکی داهێنەرانە بکات .
هەمیشە کاری داهێنان لەهەر بوارێکدا بێت، پێشبڕکێ و کێ بڕکێی لەسەرە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو ڕکابەرییە ڕکابەرییەک بێت لەسەر بونیاتی کاری داهێنەرانە، نەک لەسەر بونیاتی ململانێ ی کەسی.
هەموو پێشکەوتن و داهێنانێکیش لەئەنجامی ڕکابەری کردن دێتە ئاراوە، لەقۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر، لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تر، ئەوە فەلسفەی حەداسەتە و زەمەن پێویستی بەو ڕکابەرییە هەیە بۆ بە پێز ڕاگرتنی هەنگاوەکانی پێشەکەوتنی، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی زەمەنی، بەتاک تاکە نایەتە دی، ئەگەر هەنگاوەکان دەستە جەمعی و بەهاندان و پشتگیری کردنی یەکتر نەبێت.
هەمیشە گرنگە ئەو تێگەیشتنە بە هوشیارییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت و هەر یەک لە ئێمە داهێنان یا هەوڵی پۆزەتیفانەی هەر یەکێکمان بەهی خۆمان بزانین، لەوە بگەین هەر داهێنانێک خشتێکە بۆ بونیاتێکی تری کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و نەتەوەیەکی پڕ لەشارستانی.

Previous
Next
Kurdish