Skip to Content

102 Views

خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1984 لە سلێمانی … کاوە جەلال

خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1984 لە سلێمانی … کاوە جەلال

Closed
by June 29, 2020 General, Opinion, Slider

پێشگۆتن
ماوەیەک لەمەوبەر نووسینێکی کاک پێشڕەو ئیسماعیلم لە “کوردستانپۆست”دا بە ناونیشانی “ناڕەزاییەکانی ٨٤ و سازشکارییەکانی یەکێتی”م خوێندەوە کە پرۆژەیەکی خۆمی لە ساڵی 1986 هێنایەوە یادم. لە هاوینی ئەو ساڵەدا، لە ژوورەکەی خۆم لە گوێتینگن، گفتوگۆیەکم لەتەک دوو چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 1984 لە سلێمانی ئەنجام دا کە هەردووکیان پێشتر ئەندام و پێشمەرگەی یەکێتی بوون. بە هەر حاڵ، لەتەک هەردوو هەڤاڵی ناوبراودا ڕێککەوتبووین کە گفتوگۆکە سەرەتا لەسەر کاسێت تۆمار بکەم، هاوکات گفتی ئەوەم پێدابوون کە دوای نووسینەوەی یەکسەر کاسێتەکە لەناوبەرم – بێگومان هەر ئەوەشم کرد. ئاخر ئێمە ئەو دەمە تەنانەت لە ئەڵمانیا زۆر بە حەزەرەوە کاری سیاسی یان لە 1984 بەدوواوە کاری ڕۆشناییدەرانە و کولتووریمان بەڕێی گۆڤاری “دڕک”ەوە دەکرد، چونکە لەنێو کوردەکاندا بەگشتی، بەڵێ تەنانەت لەنێو “ئەکسا”دا (کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات) سیخوڕی سەفارەتی ئێراقی هەبوون، ئێمەش بەتایبەتی ترسی ئەوەمان هەبوو کە بەهۆی ئێمەوە کەسوکارمان لە وڵات تووشی دەردیسەری ببن، بۆیە ئێمە خۆیشمان، کە چوار هەڤاڵ بووین و پێکەوە گۆڤاری ناوبراومان دەردەکرد، نووسینەکانمان لەژێر ناوی خوازراودا بڵاودەکردەوە، تەنانەت نکۆڵیمان لەوە دەکرد کە ئێمە دەرکەری ئەو گۆڤارە بین، بەڵکو خۆمان وەک هاوکاری دەرکەرانی گۆڤارەکە دەناساند.
لە بنەڕەتدا “گفتوگۆ”ی تۆمارکراوی بەم چەشنە گرنگییەکی دۆکومێنتییانەی مێژوویی هەیە، بەتایبەتی بۆ مێژووناسان کە دەشێت وەک یەکێک لە کەرەسەکانی کارکردنیان بیبینن. لێ ئەوەی ڕاستی بێت لەیادم نەماوە کە بۆچی ئەم بابەتە گرنگە لە “دڕک”دا بڵاونەکرایەوە، ئاخر بابەتەکە تەواو گونجاو بوو بە تێڕوانینی ئێمە بۆ کاری ڕۆشناییدەرانە. بە هەر حاڵ دەمەوێت زۆر بەدرشتی ئاماژە بۆ هەندێک ڕەوش بدەم کە ڕەنگە هۆکاری بڵاونەبوونەی ئەم بابەتەی بەردەست بووبن: ئامادەکردنی ژمارەی نوێی گۆڤارەکە لەو کاتەدا بوو کە من تازە بۆ خوێندن گواستبوومەوە بۆ میونشن، هاوکات من لەو کاتە بەدوواوە بەتەنیا گۆڤاری “دڕک”م دەردەکرد و برادەرێکی دیکەمان هاوکاریی دەکردم. لەیادمە کە ژمارە “نۆ”ی گۆڤارەکە ئەو تایپی کرد. کەواتە نووسراوەی گێڕانەوەکانی ئەو دوو بەڕێزەم نەخستبووە پرۆگرامی بڵاوکردنەوەوە.
بە هەر حاڵ، لە حوزەیرانی 2020دا، دوای خوێندنەوەی نووسینەکەی کاک پێشڕەو ئیسماعیل، بڕیارم دا “بۆ یەکەم جار” گفتوگۆ نووسراوەکەی هاوینی 1986 تایپ بکەم و ئەوجا هەوڵی بڵاوکردنەوەی بدەم. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەم کە گفتوگۆکەم وەک خۆی نەنووسیبۆوە، بەڵکو بەبێ پرسیار و وەڵام لە شێوەی گۆتارێکدا بەبێ دەستکاریی ناوەرۆکە دەربڕراوەکان دامڕشتبۆوە. جگە لەوە دوای تایپکردنی گێڕانەوەکانی هەردوو هەڤاڵی بەڕێز پەیوەندیم پێوەکردن و نیازی خۆمم بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکە پێڕاگەیاندن، هاوکات بە تایپکراوی بۆم ناردن، لێ ئەوان بە باشیان زانی هەنووکە لێرەدا ناویان نەهێنم، یان وەک هەڤاڵێکیان گۆتی، ڕەنگە خۆیان لە کاتی خۆیدا هەڵوێستیان وردتر لەسەر ئەو ڕۆژانە ڕوونبکەنەوە.
ئاشکرایە تایپکردنی داڕشتنەوەیەکی خۆیی دوای ئەو ماوە درێژخایەنە کە نزیکەی 34 ساڵە، وەک پێویست دەستکاریی زمانەوانییانە لەتەک خۆیدا دەهێنێت، کەواتە پێویست بوو زمانی داڕشتنی ئەو سەردەمەی خۆم بە زمانی ئەمڕۆم بگونجێنم.
ک. ج
.


خۆپێشاندانەکانی 12 و 13ی ئایاری 1984 لە سلێمانی بەهۆی کەڵەکەبوونی چەند ڕەوشێکی نێوخۆیی خوێندکارانەوە تەقینەوە، کە بریتی بوون لە هەڵوێستی دژبەریان بەرانبەر دامودەزگا پۆلیسییەکانی نێو زانکۆی سەلاحەدین و موسڵ، هەروەها مەترسیی ناردنیان بۆ بەرەکانی جەنگ. لێ خۆپیشاندانەکان هەروەها لە کاتێکدا تەقینەوە کە ماوەی چەند مانگێک بوو مەسەلەی ڕێککەوتن لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستانی و ڕژێمدا لەگۆڕێ بوو و ڕێککەوتنەکە لەژێر ناوی “ئاشبوونەوەی گشتی”دا پرۆپاگەندەی بۆ دەکرا.
پرسی ڕێککەوتنی ناوبراو بارێکی دەروونیی ئەوتۆی لەنێو خەڵکدا وروژاندبوو کە ئیدی هەموو بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی ڕاگەیاندنیان دەکرد لە لایەن میدیاکانی دەوڵەتەوە. لێ تا چەند خوێندنەوەی بەیانی چاوەڕوانکراو دوابکەوتایە، ئەوەندەش زۆر نوکتەکان لەسەر یەکێتی نیشتمانی پەرەیان دەسەند. ئەو دەمە کێشەی کرۆکییانەی یەکێتی ئەوە بوو کە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا کەوتبووە شەڕی خوێناوییەوە لەدژی هێزە سیاسییەکانی دیکەی ساحەکە، بۆیە هیلاک و دابڕاو بوو و پێویستی بەو “ئاشبوونەوە گشتی”یە هەبوو.
بێگومان خوێندکارانیش وەک توێژێکی تایبەتیی کۆمەڵ خوازیاری چارەسەرێکی پرسی کورد بوون، تەنانەت ئاواتەخواز بوون کە تا زووە ئەو ڕێککەوتنە بەدیبێت. ئاخر باری جەنگ و ژمارەی کەمتری سوپای ئێراقی لەچاو سوپای ئێرانیدا مەترسییەکی گەورە بوو لەسەر ئەوانیش کە بییانبەن بۆ بەرەکانی جەنگ، کەواتە دەشیا ببێت بە ڕێگر لە بەردەم تەواوکردنی خوێندنیاندا، کە پاشان ڕەنگە ئەو هەلەیان بۆ بەدیهێنانی خۆزگەکانیان بۆ هەڵنەکەوتایەتەوە.
لەنێو خوێندکاراندا بەرەو بۆچوونی جیاواز هەبوون، کە بەگشتی دەشێت بەسەر دوو بەرەدا بەشیان بکەین: خوێندکارانی سەربەخۆ بە ئاڕاستە جیاکانی نێویانەوە لە لایەک، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە لایەکی دی کە سەر بە یەکێتی نیشتمانی بوو. ئەم کۆمەڵەیەی خوێندکاران بەهۆی ڕەوشی گفتوگۆوە دەرفەتی جموجووڵی زۆرتری بۆ ڕەخسا بوو، ئێستا تەنانەت مەبەستمەندانە کار و چالاکیی لەنێو ڕیزەکانی خوێندکاراندا ئەنجام دەدا، هەروەها دەیویست خوێندکارە سەربەخۆکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و بە هێزێکی ڕێکخراوەیی ئەوتۆ بگات کە ئیدی لە کوردستان ببێت بە ئەلتەرناتیڤی یەکێتیی خوێندکارانی سەر بە ڕژێم (اتحاد طلبة عام).
پێش ئەوەی ڕژێم بەتەواوی فشار بخاتە سەر خوێندکاران، چەند نوێنەرێکیان لە هەردوو بەرەی ناوبراو، لێ زۆرینەیان سەر بە کۆمەڵەی خوێندکارانی یەکێتی بوون، سەردانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانییان کرد، تاکو یەکێتی پشتیوانییان لێ بکات و ڕێ بگرێت لە “پۆشینی جلی جەیش شەعبی”.
لێ یەکێتی هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستێکی دیپلۆماسییانەی بەرانبەر خوێندکاران وەرگرت. سەرکردەکانی بە نوێنەرانی خوێندکارانیان گۆت، کە چارەسەری کێشەکانیان بەندە بە چارەنووسی “گەلی کورد”ەوە، کەواتە کێشەی خوێندکاران لەچاو پرۆژەکەی نێوان یەکێتی و ڕژێمدا لاوەکییە. جگە لەوە پێیان ڕاگەیاندن کە لەو پرۆژەیەدا کێشەکانی ئەوانیش ڕەچاوکراون، لێ لەبەر ئەوەی لە سەرەنجامی گفتوگۆی نێوان ئەوان و ڕژێمدا دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی سەرهەڵدەدات، ئەوا پێویست دەبێت کە یەکێتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا پارێزگاری ئێراق بکات لە “هێرشی دەرەکی”، بۆیە کارێکی زیانبەخش نابێت گەر خوێندکاران مەشق بکەن، چونکە ئەوان بە ڕاهێنانی سەربازی فێری شێوەکانی شەڕکردن دەبن کە سوودیان بۆ “شۆڕشەکەمان” دەبێت، ئەوە گەر هاتوو ڕۆژێک لە ڕۆژان بارودۆخێک بێتە گۆڕێ کە “ئەو هیوایە”ی ئەوان بەدینەیەت. ئاخر ئەوسا خوێندکاران دەتوانن دوو رۆڵی کاریگەر وەربگرن: یەکەم، ئەوان وەک خوێندکار دەبن بە پێشمەرگەی هوشیار، دووەم، ئەوان دەبن بە پێشمەرگەی خاوەن ئەزموونی سەربازی.
زۆرینەی خوێندکاران لە بەرژەوەندیی خۆیان دژی ئەو هەڵوێستەی یەکێتی وەستانەوە. جگە لەوە خوێندکارە مارکسیستەکان هەر لە سەرەتاوە زۆر ڕادیکالانە دژی ڕاوێژ و گوێرایەڵی هەڵوێستیان وەرگرت. سەرەنجام خوێندکارە سەربەخۆکان هیوایان بە یەکێتی نەما کە پشتیوانی لە داخوازییەکانیان بکات، بۆیە خۆیان دەستیان بە دانوستاندن لەبارەی ئەوە کرد کە “چی بکەن باشە”.
یەکەم تەقینەوەی خوێندکاران لەو کاتەدا بوو، کە لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەر کۆلێژێک چەند خوێندکارێک فەسڵ کران، چونکە ئامادە نەبوون “جلی جەیش شەعبی” بپۆشن، بەڵێ تەنانەت فۆرمەکانیان پڕنەکردبۆوە، بەڵکو یەکسەر دڕاندبوویانن. لێ هەر ئەوەندەی هەواڵی خوێندکارانی فەسڵکراو لەنێو زانکۆدا بڵاوبۆوە، زۆرینەی خوێندکارە کوردەکان دەستیان بە مانگرتن و بایکۆتی وانەکانی خوێندن کرد، پێکڕا دەنگیان بۆ گەڕاندنەوەی خوێندکارە فەسڵکراوەکان هەڵبڕی، بە پێچەوانەشەوە کاربەدەستانی بەعس بە لێدان وەڵامی خوێندکارانیان دایەوە و تەنانەت لەنێو زانکۆدا بە تانک دەوریان گرتن.
ئەم دۆخەی خوێندکاران سەرەتا لەنێو خۆیاندا مایەوە، لێ هێندەی نەخایاند کە خوێندکارانی زانکۆی موسڵ سۆڵێدارێتیی خۆیان لەتەک خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدیندا ڕاگەیاند، کە بێگومان هەمان هەڕەشەی ڕژێم بەرۆکی ئەوانیشی گرت. سەرەنجام خوێندکارانی هەردوو زانکۆی ناوبراو پێکەوە لەتەک خوێندکارانی پەیمانگەکانی هەولێر و کەرکوکدا بڕیاریان دا بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی خۆیان و لەوێ دەست بە چالاکی بکەن، چونکە لە زانکۆ ئابڵۆقە درابوون، لەوێ تێرۆری دەروونی لەسەریان زۆر بەهێز بوو و تەنانەت بەشەو هەڵیاندەکوتایە سەریان.
بەتایبەتی مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆی موسڵ ڕژێمی ترساند، بۆیە کاربەدەستان گفتیان پێدان کە مەشقی سەربازییان پێ نەکەن. سەرەڕای ئەوە خوێندکاران بەو گفتەی کاربەدەستان ڕازی نەبوون و داوایان کرد کە دەبێت خوێندکارە فەسڵکراوەکانی زانکۆی سەلاحەدین بگەڕێنرێنەوە بۆ زانکۆ. هەروەها خوێندکارانی پەیمانگەکانی کەرکوک لە پێناوی ئەواندا چالاک بوون.
خوێندکارانی خەڵکی سلێمانی لە ڕۆژانی 4 و 10ی ئایاردا دوای چەند کۆبوونەوەیەکی فراوان لە دەشتایی تویمەلیک ئەم بڕیارانەی خوارەوەیان دا:
1- سووربوون لەسەر مانگرتن تا بەجێگەیاندنی داخوازییەکانیان.
2- هەڵوەشاندنەوەی “لیژنەی سەرپەرشتی” کە یەکێتی نیشتمانی بە مەبەستی پەرەنەسەندنی خۆپیشاندانەکان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی “ئاشبوونەوەی گشتی” دایمەزراندبوو.
3- هەڵبژاردنی لیژنەیەک لە خوێندکاران خۆیان بۆ سەرپەرشتیکردنی خۆپیشاندانەکان.
4- ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە لە ڕۆژی 12ی ئایاردا.
5-
خوێندکاران دەیانویست لە ڕۆژی خۆپیشاندانەکەدا کۆمونیکێ-یەک بخەنە ڕوو و تێیدا داوابکەن:

1- گەڕاندنەوەی خوێندکارە فەسڵکردووەکان بۆ زانکۆ و ئاسانکردنی ڕەوشی خوێندن لە زانکۆ.
2- کشاندنەوەی بڕیاری مەشقکردن و نەکردنیان بە “جەیش شەعبی”.
3- نەهێشتنی دەزگاکانی ئەمن و ئیستیخبارات لەنێو زانکۆدا و ڕێزگرتن لە “حەرەمی زانکۆ”.
ئەرکی چاپکردنی بەیاننامەکە کەوتە سەر شانی “یەکیتی تیکۆشانی کارگەران”. جگە لەوە دوا بڕیاری نێوخۆی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە ڕۆژی 12ی ئایار، کاتژمێر 9ی بەیانی، لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شار دابنیشن و ڕێگەکانی هاتوچۆ ببڕن، داخوازییەکانیان بە لافیتە بەرزبکەنەوە و چاوەڕوانی گفتوگۆ بکەن، لێ گەر کاربەدەستان ئامادە نەبوون بۆ گفتوگۆ، ئەوسا بەردەوامی بە خۆپیشاندان بدەن.
لەم گۆڕانە نوێیەی ناڕەزایەتییەکاندا زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان کەوتنە ژێر کاریگەریی خوێندکارە “سەربەخۆکان”ەوە، چونکە ئێستا دەرکەوت کە چالاکەکانی نێویان کەمینەن و هاوکات سەربەخۆ نین لە بڕیارداندا، جگە لەوە بەو بڕوایە گەیشتن کە خۆپیشاندان شێوەیەکی نوێی “خەبات”ە. بەم شێوەیە هێزی خوێندکاران لە ڕووی چەندێتییەوە سەرکەوت بۆ نزیکەی 5000 کەس بە ئامادەییەوە بۆ چالاکی.
لەو ماوەیەدا چەند ڕووداوێکی سامناک خەڵکیان زۆر ترساند: حکومەت ژمارەیەک سەربازی فیراری گیراو لە یەک ڕۆژدا لە “حامیە”ی سلێمانی، هەروەها لە “تانجەرۆ” دوانزە کەس ڕەمی دەکات. ئەو خانەوادانە کە کوڕیان گیرابوو، بە پەلە هانایان بۆ “سورداش” برد و داوای بەردانی کوڕەکانیان خستە بەردەم جەلال تاڵەبانی – ئەوە لە کاتێکدا کە وەفدی یەکێتی لە بەغدا بوو.
ئەم گۆڕانە نوێیانە خوێندکارانیان ناچار کرد کە پتر لە یەکدی نزیک ببنەوە. هاوکات یەکێتی نیشتمانی بۆی ئاشکرا بوو کە هیچی پێ ناکرێت، بۆیە بە خەڵکی ڕاگەیاند کە پەلە نەکەن و کێشەکانیان ئەمڕۆ یان سبەی چارەسەر دەکرێن. لێ بەڕوونی دەبینرا کە خەریک بوو مەسەلەی خوێندکاران لە دەستی یەکێتی دەردەچوو و لە ئان و ساتی تەقینەوەدا بوو.
ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو، ئەوە بوو کە کتوپڕ یەکێتی نیشتمانی هاتە مەیدانەوە و ویستی خۆی بکات بە پێشڕەوی خوێندکاران و داواکارییەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش 13 ئایاری وەک ڕۆژی خۆپیشاندان دیاری کرد. لێ خوێندکارانی سەربەخۆ پێشتر لە کۆبوونەوەی خۆیاندا 12ی ئایاریان وەک ڕۆژی خۆپیشاندان دیاری کردبوو و ئامادە نەبوون ئەو ڕۆژە بگۆڕن.
یەکێتی لە کۆبوونەوەکەی تویمەلیکدا هیچ رۆڵێکی نەگێڕا. لێ دوای سورداش دەستەیەکی بە ناوی “دەستەی ئامادەکردنی خوێندکارە مانگرتووەکان” دامەزراند، ئەوجا ڕۆژێک پێش خۆپیشاندانەکە بەیانێکی بەناوی “خوێندکارە مانگرتووەکان”ەوە بڵاوکردەوە، بە پێچەوانەشەوە خوێندکارە “سەربەخۆکان” بەرانبەر ئەو کارەی یەکێتی بەیانێکیان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی کەس بە بەیانەکەی یەکێتی چەواشە نەبێت.


12ی ئایاری 1984 وەک ڕۆژانی دی دەستی پێکرد. زۆرینەی دانیشتوانی شار نەیاندەزانی چی لەگۆڕێیە. ڕۆژێکی گەرمی بەهار بوو و خەڵک دەمەو بەیانی کەوتنە ڕێ بەرەو کار و کاسپیکردنی ڕۆژانەیان. گەنجان لە ماڵەکانی خۆیان هاتنە دەرەوە و کەوتنە ڕێ بەرەو چایخانەکان یان بۆ یەکدی بینین لە جێیەکی سەر شۆستەی شەقامەکان.
کاتژمێر 9ی بەیانی هێدی هێدی پتر لە سەدوپەنجا خوێندکار لە شەقامی مەولەوی، هەندێکیان لە بەردەم کتێبخانەی “گەلاوێژ” و هەندێکی دیکەیان لەو بەرەوە لە بەردەم “بازاری عەسری”دا، کۆبوونەوە. لێ پێکڕا لە ناخەوە شڵەژا بوون و گرنگترین پرسیاریان ئەوە بوو کە “ئایا دەکرێت یان نا؟”، “ئایا سەردەگرێت یان نا؟”. بێگومان ئەوان بۆ مەبەستەکەیان هەموو شتێکیان ئامادەکردبوو، بە تایبەتی لافیتەکان – 8 تا 10 دانە. هاوکات چەندین خوێندکار بەڕێوە بوون بەرەو خوێندنگەکانی ئامادەیی کوردستانی کچان، سلێمانی، پیشەسازی و بازرگانی، بەنیازی ئەوەی داوا لە خوێندکاران بکەن کە پۆلەکانیان جێبهێڵن و بێنە سەر شەقامەکان، لێ کەسیان ئامادە نەبوو کاری ئەوها بکات. بە هەر حاڵ، خۆپیشاندەران کاتژمێر نۆ و نیو بڕیاری یەکجارەکییان بۆ چالاکی دا، لە شیشبەندی قەراغ شۆستەکانەوە بازیان بۆ ئەودیو دا و یەکسەر شەقامەکەیان گرت، هاوکات لەتەکیدا لافیتەکانیان بەرزکردەوە: “ناچین بۆ جەنگ”، “چیتان دەوێت قوتابیان؟ ئازادی و دێمۆکراتی”، “لا لا للتخریب، لا لا للتطوع”. لێ “قووە خاسە” یەکسەر دەوری گرتن و پۆلیسە چاودێرەکان دەستیان کرد بە لێدانیان. ئێستا لەم دۆخەدا بەتەواوی پرسیار و گومانەکانی ناخی ئەو خوێندکارانە دەڕەوێنەوە، تازە گەڕانەوە نییە، بە پێچەوانەوە پێکڕا بڕیار دەدەن لەسەر شەقامەکە دابنیشن و بەتوندی قۆڵ بکەن بە قۆڵی یەکدیدا. کاتێک چەند نوێنەرێکی خۆپیشاندەران بە هەندێک قووە خاسە دەبێژن کە دەیانەوێت لێپرسراوێکی دەوڵەت ببینن، ئەوان لە وەڵامدا میلی کەلاشنیکۆڤیان لێ دەهێننەوە و بە کێبل دەست دەکەن بە لێدانیان.
نێو شار دەشێوێت، ڕێبەندانی ئۆتۆمبێل بەردەوام پەرەدەسێنێت، غەڵبەغەڵب نێو شار دەتەنێت، دوکاندارەکان لە ترسدا دەڕابەی دوکانەکانیان دادەدەنەوە.
کتوپڕ پیکابێکی قووە خاسە لە پشتەوە هێرشبەرانە بەرەو خۆپیشاندەران هات، ژمارەیەکی زۆری خوێندکارەکان کەوتنە نێوان پیکابەکە و شیشبەندی قەراغ شۆستەکانەوە تاکو نەیان کات بەژێرەوە، هاوکات ژمارەیەکی دیکەی فرە بە هەموو هێزیان پیکابەکەیان ڕاگرت و نەیانهێشت بڕوات. دوای لێدان و ڕاکێشانی میلی تفەنگ لە سێ پیکابی قووە خاسەوە، خوێندکارەکان وازیان لە دانیشتنی مانگرتووی سەر شەقامەکە هێنا. لێ دوای ئەوەی بەسەر خۆپیشاندەراندا دەستڕێژی نەبڕاوە کرا، ئیدی خەڵک تەقینەوە.
خۆپیشاندەران بۆ ڕێگری لە ئۆتۆمبێلەکانی دەوڵەت درەختێکیان بڕییەوە، بە هەڵگەڕاندنەوەی زبڵدانەکان و دانانی بەرمیل و سووتاندنی تایە دەستیان کرد بە دروستکردنی بەربەست. ئێستا ئیدی خۆپیشاندان هەموو نێوشاری گرتەوە. کەسانی زۆر هاتنە سەر شەقامەکان، هەر لە کاسپکار و حەماڵەکانەوە، تا دەگات بە زارۆکانی گەمەکار و قاچاخچی. زۆر لەو زارۆک و حەماڵانە بوون بە پێشەنگی خۆپیشاندەران و هاواریان دەکرد: “فیشەکەکان تەنیا باروتیان تێدایە، گوللەیان تێدا نییە!”.
لەنێو هەڵمەتی خەڵکی شار و خوێندکاراندا، لەنێو دەستڕێژ و لێدان و ڕاکردندا، خوێندکاران بوون بە دوو بەشەوە: بەشێکیان بەرەو “مزگەوتی گەورە” و بەشەکەی دیکەیان بەرەو نێوبازاڕ ڕایانکرد، ئەم بەشەیان هاوکات بەدەم ڕاکردنەوە داوای هاوکاری لە دوکاندارەکان دەکرد. خەڵکێکی زۆر نێوبازاڕ و کۆڵانەکانیان گرت، بەوەش ئابڵۆقەی هێزەکانی ڕژێمیان دا. ئاخر قووە خاسەکان نەیاندەوێرا لە “بەردەرکی سەرا” بەولاترەوە بڕۆن. هەروەها ئەو خۆپیشاندەرانە کە بەرەو مزگەوتی گەورە ڕایانکرد، لەوێ ئۆتۆمبێلەکەی “خەتیب” ی شاریان سووتاند و کردیان بە سەنگەر. قووە خاسە بە سووتاندنی ئەو ئۆتۆمبێلە دەستی بە دەستڕێژ کرد بەنێو خۆپیشاندەراندا و چەند کەسێکی لێ بریندار کردن. سەرەڕای ئەوە خۆپیشاندان بەردەوام تەشەنەی دەسەند، بۆ شەقامی ئۆرزدی باک، کاوە، پیرەمێرد، گەڕەکی شێخان و مەڵکەندی. تەنیا شەقامی مەولەوی بەچۆڵی مایەوە و پیکابەکانی دەوڵەت هاتوچۆیان پێدا دەکرد.
دوای ئەوەی دەستڕێژ لە خۆپیشاندەران کرا، هەندێکیان بە دەمانچە تەقەیان لە هێزەکانی دەوڵەت کردەوە. جگە لەوە لەنێو خۆپیشاندەراندا پێشمەرگەی مۆڵەتپێدراو هەبوون کە بە چەک بەرگرییان دەکرد، چونکە نیاندەزانی ئەو ڕووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتی نیشتمانییەوە نییە. خۆپیشاندەران بە تەواوی ئابڵۆقەی هێزەکانی دەوڵەتیان دا. دەمەو نیوەڕۆ هەروەها دەست بەسەر نەخۆشخانەدا گیرا.
لێ لە “سلێمانی تازە” کارەساتێکی جەرگبڕ ڕووی دا: ئەفسەرێکی قووە خاسە لە خۆپیشاندەران دەپرسێت کە چییان دەوێت، فەرموو با بێن داخوازییەکانیان بخەنە بەردەم نوێنەرانی حکومەت، ئەوجا چەند خۆپیشاندەرێک بەرەو ڕوویان دەڕۆن، کەچی یەکسەر لەتەک بەڕێکەوتنیاندا چەکدارەکانی قووە خاسە دەستڕێژیان لێ دەکەن و پتر لە دە کەس بریندار دەکەن.
ئەو ڕۆژە تەکسییەکانی شار بوون بە ئەمبولانس و بریندارانیان بۆ نەخۆشخانە دەگوازتەوە، چونکە ئەمبولانسەکانی نەخۆشخانە نەیاندەوێرا بەلای هێزەکانی دەوڵەتدا بڕۆن، ئاخر گەر ئەوەیان بکردایە، یەکسەر تەقەیان لێ دەکردن. شۆفێری تەکسییەکان زۆر برینداریان لە مردن ڕزگار کرد. هاوکات چەندین ژن و پیاو لە بەردەم نەخۆشخانەکاندا خڕبوونەوە تاکو خوێن بە بریندارەکان ببەخشن. بەگوێرەی بڵاوکراوەی “کار” لە سەرەنجامدا 300 بوتڵ خوێن لە پێداویستیی بریندارەکان زیاتر بوو. برینپێچ و یاریدەدەرانی پزیشک لە پشت نەخۆشخانەی زانکۆوە، بەدزیی سەرۆکایەتیی تەندروستییەوە، ژووریان بۆ تەداویی بریندارەکان ئامادە کرد.
خۆپیشاندان تا کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆی خایاند. لەو کاتەدا “قائد قوات”ێک هات و بە بڵندگۆ تکای لە خەڵک کرد کە هەر داواکارییەکیان هەیە، با بیخەنە بەردەم دەوڵەت و ئەویش ئامادەیە جێبەجێیان بکات، ئەوە بێگومان بە مەرجێک کە هێور ببنەوە و ئاسایشی نێو شار بپارێزن، بۆ ئەوەی “دوژمنانی هەردوو گەلی کورد و عەرەب” سوود لەو پەشێوییە وەرنەگرن و هەنگاو لەدژی ئاشتبوونەوەی حکومەتی ناوەندی و یەکێتی نیشتمانی بنێن.
نزیکەی کاتژمێر چوار و نیوی پاشنیوەڕۆ خەڵک هێور بوونەوە، دوکانداران دوکانەکانیان کردەوە و خەڵک بەرەو نێوشار کەوتنەوە ڕێ. بێگومان ماتەمینی بە ڕوخساری زۆرینەیانەوە دیار بوو. هەروەها ئەو ڕۆژە زۆر پرسیار دەکران، بەتایبەتی: ئایا پێشمەرگە لەگەڵ داواکاریی خوێندکارانە یان نا؟ ئایا سەرەنجامی ئەو “کار”ەی ئەوان چی دەبێت؟
لە ئێوارەی ڕۆژی 12 ئایاردا لێپرسراوانی یەکێتی نیشتمانی لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە هێرشی توندیان کردە سەر خوێندکاران، هاوکات یەکێتی لە ڕادیۆکەیەوە بڵاوکراوەیەکی سەرکردایەتیی پەخش کرد کە تێیدا ڕایگەیاند: نابێت خۆپیشاندان بکرێت، چونکە لە سەرەنجامی گفتوگۆی ئەوان و حکومەتدا هەموو داواکارییەکان جێبەجێ دەکرێن، ئەو کەسانەش کە ئەو “ڕەفتارەیان نواندووە” و خۆپیشاندانەکانیان ئامادە کردووە، تەنیا چەند کەسێکی داتەپیوی نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە بوون کە باوەڕیان بە پێشمەرگایەتی نەبووە، نەخێر ئەوانە “گێرەشێوێن و تەزبیح بەدەستەکانی سەر شەقامی تویمەلیکن” کە دەیانەوێت “رۆڵەکانتان بەکوشت بدەن”، جگە لەوە “ئێمە بەچاکی دەیانناسین و بە پەنجەی دەست دەژمێررێن”.
ئامادەکەرانی خۆپیشاندانەکان، بەبێ گوێدان بە بڵاوکراوەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی، شەوی داهاتوو تا بەیانی خەریکی دانوستانی چالاکییەکەی ڕۆژی ئایندە بوون. ئەوان هەر ئەو شەوە بڵاوکراوەیەکیان لەژێر ناوی “دەنگی خوێندکارە مانگرتووەکان”دا لەدژی گفتوگۆی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و ڕژێم نووسی و تێیدا ڕایانگەیاند کە ئەو گفتوگۆیە بە هیچ شێوەیەک چارەسەری کێشەی خوێندکارانی پێناکرێت. کێشەیەکی دیکەی ئامادەکەران ئەوە بوو کە دەبێت بەزوویی پەیوەندی لەتەک خوێندکاران و هاوکارانی دیکەیاندا دابمەزرێننەوە، چونکە زۆریان بەهۆی ڕووداوەکانی ڕۆژی ڕابوردووەوە پەرتەوازە بووبوون.


13ی ئایاری 1984، لە نێوان کاتژمێر 8 و 9ی سەرلەبەیانیدا، چەند خوێندکارێک، 20 تا 30 کەس، کەوتنە ڕێ ڕووەو بەردەرکی سەرا. لەوێ دوو پیکاب وەستابوون: یەکێکی قووە خاسە، ئەویدیکەیان پیکابی یەکێتی نیشتمانی بوو. لە پیکابەکەی یەکێتییەوە بە بڵندگۆ داوا لە خوێندکارەکان کرا بڵاوەی لێ بکەن. لێ ژمارەی خەڵک بەردەوام پەرەی دەسەند، دەنگەکەی نوێنەری یەکێتیش لە پیکابەکەوە پێی ڕادەگەیاندن، کە گۆیا یەکێتی هەموو کارێکی لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ جێبەجێ کردوون. لە کاتی ئەم ڕاگەیاندنەدا خەڵک هەموو بێدەنگ بوون، لە ماڵەکانیشەوە گوێی زۆر قۆقڵاغ بوو بوون. لێ کتوپڕ خۆپیشاندەران هاتنە نێو شەقامەکەوە و کەوتنە ڕێ بەرەو “سجنەکە”. لەوێ کەسوکاری گیراوەکانی ڕۆژی یەکەم کۆبووبوونەوە و داوای بەردانی کوڕەکانیان دەکرد.
تاقمەکەی یەکێتی بە پیکابەکە شوێنیان کەوتن، لێ کۆمەڵێک خۆپیشاندەر بە جڕت و فیکە و هوهاکێشان پێیان ڕادەبواردن. هێندەی نەخایاند شۆفێری پیکابەکە پێی پێدا نا، ئەوجا پاش کەمێک کتوپڕ لە جێیەکی دیکەوە گەڕایەوە و لە نزیکی سجنەکەوە پێش خۆپیشاندەران کەوت. ئەوهای دەنواند هەروەک یەکێتی دروشمەکانی هەڵگرتبێت. لەوێ لە بەردەم سجنەکەدا کەسوکاری گیراوەکان وەستابوون، وایاندەزانی کوڕەکانیان لەوێن، بۆیە نیازیان وا بوو دەرگەی بەندیخانە بشکێنن. پیکابەکە و خۆپیشاندەرانیش بەرەو ئەوێ بەڕێوەبوون. دوای ئەوەی پیکابەکە لە ئاستێکدا کەوتە نێوان خۆپیشاندەران و کەسوکاری گیراوەکانەوە، لە نێویەوە دەنگێک (فەرەیدون عەبدولقادر) تکای کرد کە بڵاوەی لێ بکەن، چونکە هەموو کێشەکانیان بۆ جێبەجێ کردوون، جگە لەوە گەر سوور بن لەسەر ئەو هەڵوێستەیان، ئەوسا هیچ بە هیچ ناکرێت.
لە بەردەم سجنەکەدا موسەلەحەیەک وەستابوو و ڕیگەکەی تەسککردبۆوە. کتوپڕ شۆفێری موسەلەحەکە پێی پێدا نا بەرەو فولکەی تویمەلیک، پیکابەکەی یەکێتیش بەرەو ئەوێ ڕۆیشت و خەڵکەکە بە ڕاکردن دوایان کەوتن. لەوێ لەسەر بینای بارەگاکەی تۆپیو عوسمان ڕەبایەی حکومەتی لێ دامەزرابوو و هەر ئەوەندەی خۆپیشاندەران گەیشتنە ئەوێ، لە ڕەبایەکەوە دەستڕێژیان لێ کردن، بۆیە خۆپیشاندەران بەڕاکردن بڵاوەیان لێکرد و لە یەک دابڕان. بەگشتی بوون بە دوو بەشەوە لەمبەر و ئەوبەری جادەی برایم پاشا. لێ خۆپیشاندەران بەرانبەر ئەو تاوانە کە لە ڕەبایەکەوە ئەنجام درا، داواکارییەکانیان زیاد کرد بۆ سزادانی ئەو کەسانە کە دەستڕێژیان لە خۆپیشاندەران کرد – سزای کوشتن.
لەم نێوانەدا پێشمەرگەی یەکێتی سەری لێ شێوا بوو و نەیدەزانی چە هەڵوێستێک وەربگرێت. خۆپیشاندەران بە توانج و تووڕەیی پێیان گۆتن: یان لەوێ بڕۆن و وازیان لێ بهێنن، یان بەرگرییان لێ بکەن. جگە لەوە بە دووەم دەستڕێژ لە خۆپیشاندەران چەند کەسێک کوژران یان بریندارکران. ئەوە هەستی پێشمەرگەی جوڵاند، چونکە چەکدارەکانی نێو ڕەبایەکە ئەوپەڕی کوێرانە دەستڕێژیان بەنێو خەڵکدا کرد. سەرەتا چوار پێشمەرگە چوونە نێو بارەگاکەوە، لە لایەکی دیکەشەوە پێشمەرگە هێرشی بۆ نێو بارەگاکە برد و گرتی. لە سەربان لە جەیش شەعبییەکان یونیفۆرمەکانیان لەبەرداکەندن و پاشان فڕێیان دانە خوارەوە. یەکێکیان خەڵک لە خوارەوە بە خاکەناز کوشتیان. بە شلۆقانی دۆخی شار چەکدارانی دیکەی یەکێتی بەهەڵەداوان لە ماڵەوە بەرەو فولکەی تویمەلیک هاتن. هەندێکیان بە ڤۆڵڤۆ و ئۆتۆمبێلی دیکەی کەشخە بۆ ئەوێ هاتن. لێ نەزانرا کە بۆچی ئەو کەسانە هاتبوون. بە هەر حاڵ کەس نەیزانی ئەو 10 تا 15 تفەنگە کە گیران، چییان لێ هات و بۆ کوێ بران. جگە لەوە بارەگاکە پڕ بوو لە فایل و نهێنی دیکە.
هەندێک خۆپیشاندەر ئەم تەقینەوە چەکدارییەیان وەک مەترسی بینی، ئەوان هەر لە سەرەتاوە تکایان لە پێشمەرگە کرد کە دەستڕێژ نەکەن، چونکە بە بڕوای ئەوان ئەو شەڕە چەکدارییە لە نێوان پێشمەرگە و جەیش شەعبیدا دەبوو بە هۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکە.
دوو زرێپۆش دەستیان بەسەر بارەگاکەی جەیش شەعبیدا گرتەوە و لە بەردەمیدا دامەزران، خۆپیشاندەرانیش نێو شەقامەکانیان جێهێشت و بەرەو مەجی بەگ و مامۆستایان کەوتنە ڕێ. لەوێ ژن و زارۆکی گەڕەک بە پیریانەوە هاتن و پێکڕا کەوتنە ڕێ بەرەو جادەی قەنات بە ئاڕاستەی نەقابەی کرێکاران.
لە بەردەمی نەقابەدا وێنەیەکی گەورەی سەدام حسێن هەڵواسرابوو و خۆپیشاندەران دەیانەوێت بیسووتێنن. کەس نەیزانی ئەوە کێ بوو کە مۆلۆتۆڤێکی دایە دەست زارۆکێک بۆ ئەوەی بیکێشێت بە ڕەسمەکەی سەدامدا. زارۆکەکە بەپاڵ دیوارەکەدا بەرەو ڕەسمەکە ڕۆیشت و پاشان لە نزیکەوە مۆلۆتۆڤەکەی تێگرت، لێ نەیسووتاند، چونکە لەسەر کەرەسەیەکی نەسووت دروستکرابوو. زارۆکەکە لەکاتی گەڕانەوەیدا لە نەقابەوە تەقەیان لێکرد و برینداریان کرد. ئەوجا بە برینداری کەوت. ئێستا لەم نێوانەدا نەجدەی پۆلیس بۆ لای خۆپیشاندەران هات و پۆلیسەکان تکایان لێکردن کە با بۆ خواستەکانیان دەست بە وتووێژ بکەن، لێ خۆپیشاندەران بڕوایان پێ نەدەکردن. پاشان پۆلیسێکی کورد ڕووی دەمی تێکردن: “کاکە چیتان دەوێت؟ بڕۆن واز بێنن! وا قووە خاسە بەڕێوەیە بەرەو ئێرە و ئێمەش هیچمان پێناکرێت!”.
ژمارەی زارۆکان لە نێو خۆپیشاندەراندا کەم نەبوون. لە ڕۆژی یەکەمدا، لە سەرووی سینەما دڵشادەوە، دوو زارۆک بە بی کەی سی پێکران، ئەوە لەو کاتەدا کە قووە خاسە هێرشی هێنا و خۆپیشاندەرانیش دەیانویست خۆیان بە ڕاکردن بگەیەننە کۆڵانی مەزاتخانەکە. یەکێکی ئەو دوو زارۆکە یەکسەر لەوێدا مرد، ئەوی دیکەیان دەستی گرتبوو و بەدوای خۆیدا ڕایکێشابوو، تا هێزی لێ بڕابوو و بەریدابوو بۆ ئەوەی خۆی بە هەردوو دەست بە دیوارەکەوە ڕابگرێت. خوێنی هەردوو دەستی ئەو زارۆکە بە دیوارەکەوە مابۆوە، تەنانەت بۆیاخکردنەوەکەی ڕۆژی دوایی ئەسەری دەستەکانی نەشاردبۆوە. زارۆکێکی دیکەی بریندار لە کانێسکان، لای دارە سپییەکانەوە دەبرێت بۆ ماڵێک بۆ تیمارکردن، بە گریان لەو ماڵە دەپاڕێتەوە: “تو خوا بە دایکم مەڵێن، چونکە دوایی لە ماڵەوە لێم دەدەن!”.
بێگومان کچان و ژنانیش رۆڵی بەرچاویان لە خۆپیشاندانەکاندا گێڕا. کاتێک لەسەر بارەگای بیناکەی تۆپیو عوسمانەوە کوێرانە بەنێو شەقامەکەدا دەستڕێژ کرا بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران نەتوانن بەیەک بگەنەوە، کچان ماڵەکانی خۆیان جێهێشت و بە ڕاکردن کەوتنە ڕێ بەرەو نەخۆشخانە تا خوێن بە بریندارەکان ببەخشن. جگە لەوە کچانی خوێندکاری زانکۆ و فێرگەکانیش لەنێو خۆپیشاندەراندا دەبینران.


خۆپیشاندانەکانی 12 و 13 ئایاری 1984 لە سلێمانی نەک تەنیا کێشی یەکێتی نیشتمانییان لەو شارە دابەزاند، بەڵکو هەروەها بۆ ڕژێمی بەعسیان دەرخست کە هێزی یەکێتی لەنێو خەڵکدا زۆر ناسەقامگیرە و توانای لەو شارەشدا کە بە قەڵای خۆی دادەنێت، سنووردارە. لاوازیی یەکێتی بوو بە نوقتەیەک بەدەست ڕژێمەوە. بەڵێ ڕژێم لە کۆتاییدا تەنانەت ئەو ئۆتۆنۆمییەی ڕەفز کرد کە یەکێتی داوای کردبوو.

Previous
Next