Skip to Content

بەرگری لە ناسنامە … ناودار زیاد

بەرگری لە ناسنامە … ناودار زیاد

Closed
by ته‌مموز 5, 2020 General, Opinion


سەرباری ئەوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و داگیرکەرانی کوردستان بە سەدان ئامڕاز و وەسیلەی جۆراوجۆر، بە پەنابردنە بەر میکانیزم و شێوازی تودنوتیژ و نەشیاو و نامرۆیی هەوڵی شێواندن و تواندنەوەی ئەوێتی و ناسنامەی تاکیی کوردیان داوە، بەڵام کوردان بە سوربوون و پێداگرییەوە شەڕ و ململانێ و تێکۆشانیان بۆ پاراستنی شوناس و ناسنامەکەیان کردووە. کورد لە پاراستنی فەرهەنگ و کولتورەکەیدا هێزێکی سەرسوڕهێنەری هەیە، دەیان ساڵ لە وڵاتێکی ئەوپەڕی دونیا نیشتەجێیە، کەچی هەر دەڵێی لە سلێمانی یاخود لە مهاباد یان ژی لە گوندێکی چەپەکی کوردستان دەژیت. تورک و عەرەب و فارس بە ڕێگای داگیرکردن و سیاسەت و بەڕێوەبردن و، سەپاندنی زمان و ئایین و، کڕین و دەستەمۆکردن و خیانەت و جاسوسی و، کۆمەڵکوژی و زیندان و سووتاندن و کاولکارییەوە هەوڵی قڕکردن و سڕینەوەیان داوە، کەچی کوردان هەر دەڵێی “نە بایان دیوە نە باران”. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت چاوپۆشی بکەین لەو هەزاران کوردەی کە لە خەمی فەرهەنگ و شوناسی ڕەسەنی خۆیاندا نین و، بەسێنایی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم فەرهەنگ و ئەو فەرهەنگەوە و تێیدا دەتوێنەوە.
بەداخەوە، لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسەوە (٢٠٠٣) بەشێک لە کوردی هەرێمی کوردستان بە ڕەزامەندی و ئارەزوومەندانە خۆیان لەناو ناسنامە و کولتوری ئەم میللەت و ئەو وڵاتدا تواندۆتەوە! بەجۆرێک بەزەقیی لێرە و لەوێ و لە کەسایەتی من و تۆ و ئەم و ئەودا شوناس و ئەوێتییەکی کوردیی توێ توێ و شێواو و پارچە پارچە بەدیدەکرێت. ئەمە بە مانای کۆنزەرڤاتیڤی و کۆنینەخوازی و داخراوی و دژایەتیکردنی گۆڕانکاریی نایەت، ناکرێت لەژێر دروشم و بانگەشەی نوێخوازیی و برایەتی گەلان و کراوەییەوە لەبری جەمەدانی و مرادخانی و شەڕواڵ و پشتوێنی کوردی، دیزداشە و عەگالی عەرەبی بپۆشیت. سروشتی نییە گوێت لە ئاست ئاواز و گۆرانی کوردی دابخەیت و تەنها زەوقت بە فارسی و تورکی و عەرەبی و ئینگلیزی بێت. چۆن دەبێت کولتور و فەرهەنگی کۆمەڵگە و میللەت و نەتەوەکانی تر باشتر بێت لە هی تۆ و، کولتورەکەی خۆشت دواکەوتوو!
دەتوانین بڵێین ئەوەی مایەی سەرنج و ڕەخنەیە ئەوەیە کە، کەناڵ و ناوەند و دامەزراوە هەمەجۆرەکانی ڕاگەیاندنی وەک تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا و ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت و گۆڤارەکان ژیان و کولتوری میللەتانی دیکەمان ڕازاوە و قەشەنگ نیشان دەدەن، ڕیتواڵ و داب و نەریت و ڕەمز و بۆنە و ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکانی دیکەمان لا شیرین و سەرنجڕاکێش دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر سور بزانن ئامادەیی هزریی و باوەڕیی و زەمینەی پەیرەوکردنی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا نەگونجاو و نەشیاو و نەکردەیش بێت، چونکە هەر کۆمەڵگە و ناوچە و میللەتێک شوناس و فەرهەنگی تایبەت بەخۆی هەیە و بە خواستن لە ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی بە ڕەگەز تورکی (سیلا بن حەبیب) (١٩٥٠- ) کولتوری هیچ میللەتێک لەویتر بەرزتر و باڵاتر نییە، بەڵکو هەر کولتورێک خاڵی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە. هەر کولتورێک سیما و تایبەتمەندی خۆی هەیە کە گرێدراوەتەوە بە ئەفسانە و ئایین و زمان و باوەڕیی وعەقڵییەت و جوگرافیاوە و بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا تێپەڕێوە. لێرەوە دەشێت بڵێین باشترین بژاردەی گۆڕانکاریی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و شوناس و کولتوری کۆمەڵگەی کوردیدا ئەوەیە لە هەناو و ڕۆحی خودی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەوڵی چاکسازی و وەرچەرخان بدەیت، بەڵام ئەگەر تۆوی کۆمەڵگە و وڵاتێکی دیکە بێنیت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بکەیت لەسەر خاک و لە ژینگەی کۆمەڵگەی کوردیدا بێ بەرهەم و پووچ و ناکام بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، نیشاندانی سەرسامی و دڵبەندیی بۆ ناسنامە و فەرهەنگی داگیرکەر و بیانیی واتای خۆبەدەستەوەدان و بەچۆکداهاتنە لە بەرامبەر هەڵمەتی شێواندن و تواندنەوەی شوناسی کەسیی و تاکایەتی و نەتەوەیی. کارەساتەکە لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە تا ئێستاش تاکیی ڕەسەن و بە ڕەچەڵەک کورد ناوی عەرەبی و فارسی و تورکی لە منداڵەکانیان دەنێن، ئەمە دەچێتە خزمەتی پڕۆسەی تواندنەوەی کولتوری کوردان لەناو کولتوریی عەرەب و فارس و تورکدا، ئەوان سەدان تاکتیکیان بەکارهێناوە و ئێستاش بەکاریدێنن تاکو کولتور و ناسنامەی خۆیان بەسەر ئەوەی تۆدا بسەپێنن، ناوی هەزاران کەس و سەدان شوێن و گوند و شاری ڕەسەنی کوردیان گۆڕیوە بۆ ناوی عەرەبی و فارسی و تورکی، چەندین ناوچەی کوردیان داگیرکردووە و بە عەقڵییەت و سیاسەت و هێزی مرۆیی خۆیان بەڕێوەی دەبەن نەک هی تۆ، تۆی کورد وەک ژێردەست و ناشارستانی و جوداخواز دەبینن، تۆش کاتێک دێیت لەم پڕۆسەیەدا هاوکاریان دەبیت و باربوویان دەکەیت ئەوە جێی ڕەخنە و هەڵوەستە و بەخۆداچوونەوەیە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish