Skip to Content

زۆر سەختە لە ناو جەنجاڵیی شارەکاندا هەست بە تەنهایی بکەیت-10– خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

زۆر سەختە لە ناو جەنجاڵیی شارەکاندا هەست بە تەنهایی بکەیت-10– خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by September 22, 2020 General, Literature

بەشی دەیەم…

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ستیڤان: تۆ هەمیشە رەخنەی ئەوەم لێدەگریت، مرۆڤێکی رەشبینم، بەڵام تۆش زیاد لە پێویست غوربەت رۆحێکی گووشیویت.! من هێشتا نازانم تۆ باسی کام جۆرە لە غوربەت دەکەیت؟.
لیزا: غوربەت تەنها رەهەندێکی جوگرافیی نییە، بەڵکو کوشندەترین جۆری غوربەت نامۆبوونی رۆحییە!.
ستیڤان: پێتوانەبێ غوربەتی جوگرافیش شتێکی کەمە! بە”پاپلۆ نیرۆدا”یان وت: تۆ وشەى رەگ لەشیعرەکانتدا زۆر دووبارە دەکەیتەوە، ئەم رەگوریشە زۆرە لەبەرچى لە شیعرەکانتدا هەن؟ نیرۆدا لە وەڵامدا وتى (من ناتوانم بژیم ئەگەر لە خاکەکەى خۆمدا نەبێ، من ناتوانم بژیم بێ ئەوەى قاچ و دەست و گوێم لەسەر خاکى نیشتمانەکەم دابنێم، من ناتوانم هەناسەبدەم بێ ئەوەى هەست بە سوڕانەوەى ئاو و سێبەر بکەم، من ناتوانم نەشونما بکەم بێ ئەوەى هەست بە رەگەکانم بکەم کە لەناو قوڕى رەشدا لە خودى دایک لە کرۆکى بنەچەدا دەگەڕێن).
لیزا: کارەساتی من و تۆ ئەوەیە تاراوگە مۆرانەی رۆحە و نیشتمانیش کورەی مەرگ. کاتێک لە تاراوگە دەبیت بە ژمارەیەکی بێ ئەرزش، هەست بە ونبوونی خۆت دەکەیت. تاراوگە واتە دیوێکی تری تەنهایی، زۆر سەختە لە ناو حەشاماتی خەڵک و جەنجاڵی شارەکاندا هەست بە تەنهایی بکەیت. تەنهاییەک هیچ کەسێک نەبێ جوانی و خۆشی و ساتە شادەکانی لەگەڵ بەش بکەیت، ئاخر جوانی و خۆشی و شادییەکانیش پێویستیان بە بەشکردنە لەگەڵ کەسانی تردا.
ستیڤان: تاراوگە واتە تەنهاییەکی کوشندە، تەنهاییەک وەک مۆرانە بەردەبێتە رۆحت، بەردەبێتە خەیاڵە ئیستاتیکی و خەونە تەژی فەنتازییەکانت. ئێستاش بە یادی ئەو نیشتمانەوە دەسووتێم کە دووجار لەلایەن دەسەڵاتی خۆماڵی و دەسەڵاتی بێگانەوە ئیغتساب کراوە، ئای نیشتمانە بێ نازەکەم، دووریت جۆرێکە لە سووتان و ژیانیش لەناوتا جۆرێکی ترە لە سووتان. ئێستا لەم دوالیزمەدا نازانم کامیان هەڵبژێرم، سووتان لە دووریت یان سووتان لە ناو کورەی پڕ تینی ئامێزی تۆدا؟ خۆشم نازانم. خۆشم نازانم.
لیزا: ئای من کێم جگە لە ونبوویەک لە وڵاتی سەهۆڵ.! غوربەت وەک ئەسپ ساڵەکانی تەمەنم بە دوای خۆیدا رادەکێشێت بەرەو هیچ. غوربەت وەک ئاگر خۆزگەکانم دەسووتێنێت. غوربەت وەک کابووس خەونە شیرینەکانم دەزڕێنێ. غوربەت وەک پوازێک منی لە ئامێزی نیشتمان جیا کردەوە. ئیلاهی چەند حەز دەکەم ئەم خەونە تاڵە خەونێک بێ و ئێوارە لە باخێکی شارەکەم ژوانێکم هەبێت.
ستیڤان: ئەوەی لە عەشقدا ون بێت دواجار لە ئەشکەوتی دێوانەبووندا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەوەی لە غوربەتدا ون ببێت دواجار لە دۆزەخی تەنهاییدا خۆی دەدۆزێتەوە، ئەوەی لە زادگە و نیشتماندا ون ببێت هەرگیزا و هەرگیز ناگاتەوە بە خۆی.
لیزا: لەو شوێنەی هەست بە نامۆبوونی خۆت بکەیت، نازانیت دەژیت یان مردوویت؟. نازانیت بە چ رێگەیەک خۆت لەو ئەختەبووتەی نامۆیی رزگاری بکەیت تا خۆت لە دەستێکی رزگار دەکەیت سەدان دەستی تری دەتگرێت و ناهێڵێت بڕۆیت؟!.
ستیڤان: لە راستیدا من بێزارم لە خۆم، لە مرۆڤ، دەمەوێت تەنهایی لە ئامێز بگرم. هەر کەس بە نیازی پارەدیس بێت لەسەر دەستی مرۆڤ مەحکوومە بە دۆزەخ. هەتا ماوین دەبێ بەردەکەی سیزیف بێهودە سەربخەین بۆ سەرەوە و ئێوارەش خلۆر بێتەوە. ژیان خۆی پووچە لەوەش پووچتر گەڕانە بە دوای بەختەوەریی ژیاندا. مەرگ فریادڕەس و راستییەکی تاڵە، بەڵام ژیان درۆیەکی شیرینە.
لیزا: تۆ هەمیشە بە مەرگ دەمترسێنیت. ئاشقتم ئەی یار، تۆ بۆ دەمسپێریت بە غروب کە من یەکەم تیشکی گزنگم؟ تۆ بۆ دەمترسێنیت بە مەرگی خۆت لە کاتێکدا من خەندەیەکی شەرمنی ژیانم؟ تۆ بۆ دەمسپێریت بە پایز و خەزان کە من گوڵی گەشی ئەوینم؟!!.
ستیڤان: تۆ سەیری فەلسەفەی شوپنهاوەر بکە، چیرۆکی ئەو مەتعەمچییە بهێنرێتەوە یادت وێنەی تابووتێکی گەورەی کێشابوو. دوای ئەوەش بیر لە وتەیەکی کیلەر بکەوە کە دەڵی: مردن سامناک نییە، سامناکی ئەوەیە بمریت. ئەوەم پێچەوانەوە کردۆتەوە و دەڵێم ژیان سەخت نییە، بەڵکو سەختییەکە ئەوەیە بتوانیت 60-70 ساڵێک بژیت. ئاخر لەم هەموو ساڵەدا چی دەکەیت؟ ئەم قەوانە سواوەی ژیان چی مانایەکی هەیە؟. بروام پێ بکە تەنیا عەشقت منی بە ژیانەوە بەستۆتەوە، هیچ هۆیەک نابینم بۆ ئەوەی درێژە بە ژیان بدەم، جگە لەو کاتانەی بۆ دڵخۆشی تۆ نەک خۆم بەسەری دەبەم، ئیدی ئەوە هەموو ژیانەکەیە. سەیری فیلمی تایتانیکیش بکە، هەست دەکەم هەموومان لە پاپۆڕێکی لەو شێوەیەداین و بەرەو چارەنووسی خۆمان دەڕۆین. قسەکەی داپیرەم لە هەموو فەلسەفەکانی دنیا راستترە: ئێمە هەموومان گیای مردنین.
لیزا: راستی وەک گۆران ئەڵێ “هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم، بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم” منیش لە ناخەوە حەزیایەک دەمخوات، گەرووم پڕە لە وشە، خەیاڵدانم مەشخەڵی ئاگرێکی بەتین تێیدا یەکەم جەخماخەی داوە، هەرچەند دەکەم ناتوانم گوزارشت لەم هەستە پەنگخواردووە بکەم، زمان لەوە دەست و پێ سپیترە بتوانێ ماف بدات بە شتێک کە لە ناخی مندایە و گەرووی تاساوە.
ستیڤان: بە هەرحاڵ، ئێستا من رۆژانە دەخۆمەوە زۆر زۆر دەخۆمەوە، کهول بووە بە پێکهاتەی سەرەکی جەستەم، رۆژێک دێ وێنەکەم دەخەنە سەر شوشەی خواردنەوەیەکی کهولی. هەست ناکەم کارێکی خراپ دەکەم چوونکە بێ هۆشی لەوەی لەم وڵاتەدا روو دەدات زۆر لەوە باشترە بە ئاگا بیت. ئەوەندە ناسک بوومەتەوە بۆ دڵۆپە بارانێک دەگریم، بۆ هەڵمەتی رەشەبا بۆ سەر لقى سەوزی دارێک جەرگم ژان دەکات، بۆ ئەو پەروانەیەش دەگریم تینی رووناکی دەیسووتێنێت، چوونکە خۆمم بیر دەخاتەوە. لە ئێستادا هەست دەکەم چیتر نیم جگە لە کهولیسێکی پاسیڤ، ئەم ژیانە زۆر لەوە زبرترە جێگەی ئەو هەست ناسکییەی ئێمەی تیا ببێتەوە، مەرگ تاکە فریادڕەسە، بیر لەوە بکەرەوە کاتێک هەمەنگوای بە گوللەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هینا و دوا پەیڤی خۆی بەم شێوەیە جێهێشت: کوێرەوەریی مرۆڤ هەرگیز لە بن نایەت.
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next