Skip to Content

مەترسیەکانی شکستی سیاسەتی کورد لە نەینەوا … بەهرۆز جەعفەر

مەترسیەکانی شکستی سیاسەتی کورد لە نەینەوا … بەهرۆز جەعفەر

Closed
by ئه‌یلول 22, 2016 General, Opinion

باسی مەترسیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مان کرد، لەسەر کەرکوک، کە ئەوە تەنها لە ئاستی تاڵانی و بەهەدەردان و هەندێ کاری مافیایی دا بو، لە سێبەری دەستەڵاتی یەکێتی دا، بەڵام مەترسیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ‘ وەک نماینەی سیاسەتی کوردیی لەو ناوچەیە” لە سەر پارێزگای موسڵ زۆر زۆر ترسناک، ئاڵۆزتر، گەورەترە ؟. خۆی نەئەکرا بڵێین مەترسیەکانی پارتی لەسەر موسڵ، لەبەرئەوەی لە ناوەڕۆکی نووسینەکەدا، چەند تەوەرێکی جیاواز هەن، کە هەم پەیوەندی بە پارتییەوە نییە، پارتی هەبێت یان نا مەترسییەکە هەیە، وە هەم ئاستەکانی مەترسییەکە جۆراوجۆرن. بەڵام بە کۆی گشتی کە ئەڵێین سیاسەتی کورد لەو ناوچەیە ڕاستەوخۆ مەبەستمان پارتی دیموکراتی کوردستانە لە باشوور:

یەکەم: موسڵ شارێکی کوردستانییەو، لە هەموو تەمەنی بزافی حزبی و بزوتنەوە سیاسییەکاندا، هیچ هێزێکی کوردی جورئەتی ئەوەی نەکردووە باس لە کوردستانیبونی موسڵ ” نەینەوا” بکات، لەبنەڕەتدا باس نەکردنی ئەمەش وای کردووە کێشەی کەرکوک بۆ کورد دروست بێت، کەرکوک پێشووتر بەشێک بووە لە ویلایەتی موسڵ..بەشێوەیەکی هەمەلایەنەو زانستی بڕواننە ئەم تەحلیلە ووردە لەسەر بەڵگە مێژووییەکانی کوردستانیبونی موسڵ و هۆکاری داگیرکردنەکەی لەم لینکەدا کە پێش دوو ساڵ ڕوونمان کردۆتەوە :http://archive.penusakan.com/…/22694-2014-05-25-22-32-07.ht…

دووەم: ئاستەکانی مەترسییەکە:

ئەلف: ئاستیکی مێژوویی و شارستانی..موسڵ شوێنگەی کۆبونەوەی هەموو کەمایەتیەکانی نەتەوەیی و ئاینیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە وەکو: یەهودییەکان (٢،٢% کە ژمارەیان ٧٦٣٥) مەسیحییەکان (١٤،٥% کە ژمارەیان ٥٠٦٧٥)، عەرەبی سووننە (٦٩،٨%) ، عەرەبی شیعە (٤،٩%) هەروەها کۆی کەمایەتیەکانی تری وەک : یەزیدی، سریانی، ئاشووریی، کلدانی، کاکەیی، شەبەک، تورکمان… لەسەروو ئەمانەشەوە ڕێژەیەکی زۆر کورد لە ناوەندو ڕۆژهەڵات و باشوری شارەکە هەیە، کە بە پێی دوا هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٤) کورد (٨) کورسی پەرلەمانی تیا بەدەستهێناوە، ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان وێڕای بەرپرسیارێتیەکانی لە کەوتنی شانگاڵ و قەتڵ و عامی خاڵکەکەی، لە چوارچێوەی ئەو پرۆژە ئیمپریالیە خۆرئاواییەی کە هەیە لە ناوچەکە ئیش ئەکات بۆ لە ناودانی :

یەک: کەمینەکانی ناوچەکە ” مەترسییان لەسەرە”

دوو: کەوتنی یەکجاریی نەتەوە ڕەسەنەکانی ناوچەکە

لەناوچوونی کەمینەو نەتەوەو ئاینە ڕەسەنەکانی ناوچەکەش، یانی کەوتنی شارستانیەتی ناوچەکە، کە ئەمە پرۆژەیەکی هەست پێنەکراوی باس لێ نەکراوە، لە ڕووخانی سەددامەوە ئەمریکا بە کەرەستەی جیاجیا کاری لەسەر کردووە. ئەم ناوچەیە دایکی مێژووە، شوێنی سەرهەڵدانی شارستانیەتە، ململانێیەکی زۆری لەسەر هەیە نەک لە ناوەندەکان، بەڵکو لە زۆربەی دەقە ئاینییەکانی ناوچەکەدا باسکراوە، ئێستا حاڵی حازر کەمینەکان بە خۆ کەوتوون بە ئاشکراو نهێنی خەریکی دروستکردنی یەکێتیەکن، ئاشوورییەکان پێش ئیمپراتوریەتی مادد ی کوردی لە دەشتی نەینەواو هەولێردا حوکمی بەرفراونیان کردوە، پێش ئاشوور کەس لە موسڵدا نەبووە، ئێستا بوون بە کەمی ناو کەمینەکان!!. بڕواننە ئەم شیکردنەوەیەی دکتۆرە موونا یاقوو:http://www.dianamc.org/?p=1463

با: ئاستی ئابوریی..باس لەو کێڵگانەی نەوت ناکەین کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی شەڕی داعش لە موسڵ دەستی بەسەردا گرتووە بە هاوکاریی هێزەکانی ئەملاولاو داهاتەکەشی دیار نییە، ،،، لێرەدا ئەبێت هێڵە ستراتیجییەکانی جوگرافیای ئابووریی ناوچەی موسڵ بزانرێت، کە پێشتر ویلایەتی موسڵ یەکێک بووە لە ویلایەتە گرنگەکانی دەوڵەتی عوسمانی، لە سایکس پیکۆدا موسڵ و سوریا بەر فەڕەنسا کەوتن، ئەو توندووتیژییانەشی لەم ماوەیە لەلایەن داعش و ئساڵییەتی ئیسلامییەوە لە فەڕەنسا دەکرێن ڕیشەکەی لێرەوە سەرچاوە ئەگرێت، کە فەڕەنسا سەت ساڵە لەم ناوچەیە خەریکی چەکووش وەشاندنە..ئێستاش جاڕێکی تر لە بەشکردنەوەی ناوچەکەدا ئەیەوێت لە ڕێگەی پێشمەرگەو کورد “پارتی” یەوە بەشی خۆی بۆخۆی بباتەوە. ئەها ستراتیجیەتی ئەم ناوچەیە جارێکی تر لە هێڵی بۆڕی نەوتی ” موسڵ- حەیفا” وە دەرئەکەوێتەوە، ئەم هێڵە فەرامۆشکرابو، ئێستا لەبەرئەوەی موسڵ زۆر زۆر ئەڕوانێت بەسەر ئیسرائیلداو، نزیکە، وە شەڕی ئیسرائیل لە جۆلان و کەنارەکانی ڕۆژئاوا دەستی پێکردۆتەوە، ئەمە ئەبێتەوە بە یەکێک لە سیناریۆ و پرۆژەکانی ئایندە، ئەم هێڵە لە ساڵی (١٩٣٢) ەوە هەیە، لە (٢٠٠٥) لەڕيگەی ئوردنەوە ئەیەوێت زیندووی بکاتەوە. هێڵی ووزەی تورکیا بە هەمان شێوە.. وە هەتا دووایی..

جیم: ئاستی جوگرافیاو دانیشتووان..بەنیەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدوای شەڕی موسڵ پارێزگایەکی کوردیی لە دامێنی پارێزگای موسڵەوە لە دایک ئەبێت. تاوەکو دەوڵەتی کوردیی ڕابگەیەنێت، ئەمە سنووری بێت. بەڵام ئەمە موجازەفەو یاری پێکردنێکی ترسناکە بە خاکی کوردستانەوە ؟. چونکە دەوڵەتی کوردیی ئەگەر دروست بێت بە هەر فۆرمێک ئەبێت ئەو دەوڵەتە لە ژێر چاودێریی و ئینتیدابی عوسمانییە تازەکان ” تورکیا” دا بێت. نەک لەبەر گەورەیی تورکیا، لەبەرئەوەی خۆرئاوا هەرگیز قبووڵی نییە ڕاستەوخۆ نەوت و غاز لە کورد بکڕێت، سیاسەت لەگەڵ کورد بکات، ئەبێت بە دەستی دوو بێت ” ئەمە بە ڕاپۆرتەکانی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستاندا دیارە لە بەندەرەکان”..
ژمارەی دانیشتوانی موسڵ بە پێی دوا ئامار ” ٣،٥” سێ ملێون و نیوە، بە نزیکەیی نیوەی ئەم دانیشتوانە لە دەوروبەری پارێزگاکەن، مەترسییەکە لێرەدا ئەوەیە بە ئامادەگی کورد ” پارتی” لەسەر حیسابی کورد دابەشبونی جوگرافی-ئیداریی دەکرێت، لەمەش مەترسی تر ئەو سروشتەیە کە ناوچەکە هەیەتی بەهۆی بە خێرایی گۆڕانی دیمۆگرافیاو دانیشتوانی ناوچەکە، ئەو ناوچانە هەموى لە ئەنجامى کۆچى جیاوازەوە دروست بوە, ئەگینا چى کاکەیى گەیاندۆتە ئەوێ ؟ یان یەزیدى و شەبەك، لە ئەنجامى شەڕ رایانکردۆتە ئەو ناوچانە ، تا لە نزیك دەستەڵاتە غەیرە ئیسلامییەکان نیشتەجێ بن، بەڵکو لە کوشتارو قاتوقڕی ڕزگاریان بێت. تەنانەت ئەمە بۆ بونی کوردیش تاڕادەیەک ڕاستە. بۆیە لێرەدا جارێکی تر بە پێش چاوی کوردەوە دابەشبونەکە ڕووئەکاتە شێوازی ئیداریی پارێزگاکە کە بەم شێوەیەیە:
” قەزای موسڵ و قازاکانی تری ” بەعاج، مەخمور، حەزەر، حەمدانییە، شێخان، تەلەعفەر، شنگال، تلکێف”.. پرسیارەکە ئەوەیە: کورد دوای داعش ئەکەوێتە کوێی ئەم دابەشبونەوە؟. هیچ کوێ؟ هەر لە سنوری ئیداریی ئێستای پارێزگای هەولێردا ئەبێت، چونکە ئەجێندەکە وایە موسڵ بکرێت بە ناوچەیەکی ئارام لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتی دا، بە شنگالیشەوە لەم بازنە ئارامەدا ئەبن، ئەوە بۆیە ئێران سوورە لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە بەشداریی گرتنەوەی موسڵ بکات، تا دەست بەسەر ئەم ناوچەیە بگرێت، نەبێتە ناوچەی ئارام.

* بەهرۆز جەعفەر*

Previous
Next
Kurdish