Skip to Content

مێدیا و مێدیای ئاڵترناتیو! … برایم فەڕشی

مێدیا و مێدیای ئاڵترناتیو! … برایم فەڕشی

Closed
by حوزه‌یران 2, 2018 General, Opinion

کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و کۆمۆنیکاسیۆن لە ماوەی دەهەزار ساڵی ڕابووردو، لە نیشانەکانی ساکاری سەرەتاییەوە گەیشتۆتە مێدیای دیژیتاڵی، کە نە تەنیا بە سەر مرۆڤدا زاڵ بووە، بەڵکوو مرۆڤی لە چەمبەرەی خۆیدا قەتیس هێشتۆتەوە و بگرە بیرکردنەوەی لێ ئەستەم کردووە!

کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەبوو بۆ تێگەیشتن و تێگەیاندنی ئینسانەکان لە جیهان، لە ژیان، لە یەکتر، بەکار هێندرابا و مەبەستی کۆمۆنیکاسیۆن بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و زانیاریی بایە، کە سەدەکان لە ڕێگای کتێب و ڕۆژنامە، شانۆ و شێوەکانی تری کۆمۆنیکاسیۆن، بە ئەنجام دەگەیشت.

ڕادیۆ و تەلەوزیۆن هەر لەسەرەتاوە بۆ مەبەستی سیاسی و ئیدئۆلۆژی بەکار هێندران. لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم ڕادیۆ لە پاڵ بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئاگاداریی، دەزگایەک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی شەڕ، خاپاندنی خەڵک و قووڵکردنەوەی ڕق و کین و گرژی.

یەکەم بەرنامەی تەلەوزیۆن کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ساڵی ١٩٣٩ بڵاو کراوە، ڕێوڕەسمی کۆنگرەی نازییەکانی ئاڵمان بە بەشداری هیتلر لە شاری نورنبێرگ بوو، لەو شارەی کە هەر ئێستا ئێمە سێمیناری مێدیای کوردی لێدەگرین! ‌دوای کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی ڕادیۆ و تەلەوزیۆن لە ژێر دەسەتەڵاتی ڕاستەوخۆی ئیدئۆلۆژی و ئایین و سیاسەت و حزب و هەر دەزگایەکی فکریی- سیاسی لە وڵاتانی ئوروپای ناوەندی و ڕۆژئاوا دەرکێشرا. بە پێی قانوون دەبوو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە تایبەت ڕادیۆ وتەلەوزیۆن ڕەنگدانەوەی ویست و داخوازی هەمەلایەنەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و نیازی گشتی بن.

مێدیای نادەوڵەتی کە بە مێدیای ئازاد بە خەڵک دەفرۆشرێ وبە سەرمایە، کۆنسێرنەکانی نیزامی، سەنعەتی، بازرگانی، ماڵی و سیاسی گرێدراون، دەزگای ڕاگەیاندنی کردۆتە کەرەسەیەکی مەترسیدار. تەشەنە ساندنی یەکەم شەڕی کەنداو لە ٢٢ سپتامبری ١٩٩٨٠ نێوان ئێران و عیراق، دووهەم شەڕی کەنداو پاش داگیرکردنی کویەت لە لایەن عیراق، شەڕی ئەفغانستان و وڵاتانی ڕۆژئاوا، سەر لەنوێ شەڕی عێراق و ڕۆژئاوا، مێدیای کردە بەشێک لە ماشێنی شەڕ کە بە سی ئین ئین دەستیپێکرد. (سی ئین ئین وەک یەکەم تەلەویزیۆنی خەبەری لە یەکی ژوئن ساڵی ١٩٨٠ سێ مانگ و ٢٢ ڕۆژ بەر لە شەڕی کەنداو دەستی بەکار کرد و دواتر بوو بە سەرچاوی سەرەکی هەواڵی شەڕەکان)

Udo Ulfkotte ژۆڕنالیست، کە ماوەی حەفدە ساڵ نووسەری ڕۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگەماینە بوو، لە کتێبێک بە ناوی Gekaufte Journalisten (ڕۆژنامەنووسە کڕدراوەکان)، دەنووسێ:” لە بەغدا سواری ماشینێنان کردین و هەرکام گاڵۆنێک بینزینیان داینە دەست، کە گەیشتینە شوینی دیارییکراو، هەر ژۆرنالیستێکی گاڵۆن بەدەست، ڕژانە دەرەوەی پاسەکە و ئەو شوێنە دیاریکراونەیان بەنزینپۆش کرد، لە ناکاو ئاورێکی گەورە سازکراوە و کامێراکان لە سەر دەموچاوی رێپۆرتێرەکان زووم کران، بەم چەشنە بە ناوی ڕێپۆرتاژی ڕاستەوخۆ لە بەرەکانی شەڕەوە هەموو تەلەوزیۆنەکانی جیهان بەو وێنانە داپۆشران”

ئودۆ ئولفکۆتە و کۆمەڵێک ژۆرنالیستی دیکە کە وازیان لەو چەشنە مێدیا چەواشەکارانە هێناوە، سەدان نمونەی وا لە هەموو بوارەکانی زانستی، کۆمەلایەتی، سیاسی، ماڵی، ئیقتیسادی و نیزامی دەدەن بەدەستەوە. Uwe Krüger هەمیسان ژۆرنالیستێکی ئاڵمانی لە کتێبەکەیدا بە ناوی Meinungsmacht نە تەنیا باس لە داسەپاندنی نەزەر لە لایەن مێدیاوە دەکات، بەڵکوو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سیاسی، ماڵی، نیزامی، حکومەت و سازمانەکانی جاسووسی و ئیتلاعاتی، شیوە و فۆرم و مێتۆدی سیستمی مێدیا و پێوەندییەکانیان، ئاشکرا دەکات و ناوی سەرجەم کەسانی باڵادەستی مێدیای ئاڵمان، ڕادیۆ،تەلەوزیۆن و ڕۆژنامەکان کە مۆرەی داسەپێنەری نەزەری لایەنەکانن، بڵاودەکاتەوە و چۆنیەتی کاری ئاشکراو نهێنی ئەم سیستمە دەخاتە ڕوو.

بە پێی زانیاریی و لێکۆڵینەوەی بەردەوام کە لە ڕێگای کەسان و مێدیای ڕاستگۆوە بڵاو دەکرێتەوە، دەزانرێ کۆنسێرن مێدیاکانی سەردەمی ئێمە، باڵێکی گرنگی سیستمی سیاسی گرێدراو بە کۆنسێرنەکان و ناوەندەکانی نیزامی و ئەمنیەتی جیهانن، کە لە سەردیاندا وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا لەم بازنەیەدا دەوری سەرەکی دەگێڕێ.

مێدیای دەوڵەتی وڵاتانی ئێران و عێراق و سەرجەم وڵاتانی عەڕەبی، کەرەسەی دەسەڵاتەکانن و مێدیای سەرجەم وڵاتانی ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدا دەژین، بۆ کورد مێدیای خاپاندن، چەواشەکاری، داڕزاندن و شێواندنی مێشکی گەورەوبچووکی ئەو میللەتە بوون و هەن. توانەوە و شواردنەوەی پێناسە و مێژوو و فەرهەنگ و زمان، یەکێک لە ئەرکەکان بووە، کە لە ڕێگای کارمەند و کارگێڕ و بەشێک لە نوخبەی کوردەوە، جێبەجێ کراوە و دەکرێ!

کوردی بێ مێدیا لە ماوەی یەک سەدە، بە تاک و تووک ڕۆژنامەی لە دەرەوەی وڵاتەکەی و ڕادیۆی هێلی کورتی بە قاچاخی لە ئەشکەوت و شاخەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاگاداری و بیری سیاسی و زیندووڕاگرتنی زمانەکەی هەبووە. قاهیرە، سویس، ئەیرەوان، بوڵغارستان، ئەستانبووڵ و کوێ و کوێ، بیرەوەری کۆنی کورد لە سەت و حەفدە ساڵی ڕابووردو، زیندوو دەکەنەوە! ئێستا نە لە ئەشکەوتەکان بەڵکوو لە ئاسمان ٣٠ کاناڵی ڕادیۆ و تەلەوزیۆنی ساتەڵایت، دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە و سەدان ماڵپەڕی ئینترنێتی سامانی مێدیای کورد، پێکدەهێنن، کە شەو و ڕۆژ سیمای کورد دەخەنە بەرچاو!

هەڵسەنگاندنی سەرجەم مێدیای کورد کە نزیک بە سەتاسەتی سەربە حزبەکان و لە ژێر دەستەڵاتی ماڵی، فکری، سیاسی و فەرهەنگی ئەواندایە، کارێکی دژوار نییە. مێدیای کورد گەر لە بەرهەمە ئاورتەکانی گەڕێین، مێدیایەکی نانەتەوەی، ناپرۆڤسیۆناڵ، ناپێشکەوتوو و نە ئازاد و ناسەردەمیانەیە.

مێدیای کورد داڕزێنەری فەرهەنگ و هونەر و کەسایەتی مرۆڤی کوردە و لە باشترین حاڵەتدا، لاساییکەریی مێدیای داپلۆسێنەری تورک و عارەب و فارسە و مێدیایەکی سەرسەری و دوور لە بەخشینی زانیارییە و لە ئاستی نیاز و پێداویستی خەڵک و بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەمنیەتی و ئاسایشی مرۆڤی کورد و سەرجەم نەتەوەکەدا، ناجوڵێتەوە و بە پێی بەرژەوەندی لایەنەکانی دەستەڵاتی کورد و دەرەوەی کوردستان هەڵدەسووڕێندرێت!

مێدیایەکی لەو چەشنە نە تەنیا متمانەی خەڵکەکەی خۆی پەیدا ناکات، بەڵکوو ئەوان دەتارێنێ و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ لای مێدیای باڵادەستی ناوچەکە و جیهان. ئەو مێدیایە لە کورتخایەن و درێژخایەن زۆرترین زیان بە هەموو لایەنەکانی ئینسانی و نەتەوەیی کورد دەگەیێنێت!

مێدیای ئەمڕۆی جیهان گەر ١٠ لە سەدی زانیاریی بەخش بێت، ٩٠ لە سەدی تیجاڕەت، ڕابواردن، چەواشەکاری و ڕاهێنانی مرۆڤی بێ دەروەستە. سەردەمێک زۆرێک لە ڕۆشنبیر و بیرمەند و هونەرمەندانی جیهان لە ڕیگای مێدیاوە توانیان سامانێکی بیر و هزر و فەرهەنگی ئینسانی بەرهەم بهێنن و ڕاستی ڕووداوەکانی جیهان بگەیینە خەڵک! ئەم جیلە لە مێدیاکاران، یان نەماون یان پاشەکشەیان پێکراوە.

سازمانی جاسووسی سیا پاش کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم، ناوندێکی شاراوەی جاسووسی لە ئاڵمان دژ بە بلوکی سۆویەت و وڵاتانی کۆمۆنیستی پێک هێنا. هاوکات بۆ کڕینی ڕۆشنبیرانی چەپ و ئینساندۆستی ئاڵمانی و فەرانسەویی لە ڕێگای ناڕاستەخۆ، پلان بەڕێوە چوو. لە ڕێگای ئەوانەوە تەبلیغ بۆ دێموکراسی و ئازادی ئامریکایی لە ئووروپا پەرەی ساند و ئامریکا وەک جیهانی ئازاد بە خەڵکی ئوروپا فرۆشرا. هەر لەو ڕێگایەوە کۆچکردنی زانا و ڕۆشنبیرانی ئوروپایی بە تایبەت ئاڵمانی بەرەو ئامریکا پەرەی ساند.

بۆ پێشبردنی ئەم پرۆژەیە، سازمانی سیا لە واشنگتۆن لە سەر کاغەز بونیادێکی بە ناوی پەرەپێدانی دێموکراسی و ڕۆشنبیری لە ئووروپا دامەزراند و لە ڕێگای ئەم بونیادەوە پووڵ دەڕژایە ناو حیسابی دووناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە شاری بۆن و پاریس. پاش چەند ساڵ ڕاستی ئەو بونیادە بۆ نووسەرانی بەشدار لەو پرۆژەیە لە ئاڵمان و فەڕانسە ئاشکرا بوو. ئەم شێوەیە دواتر لە وڵاتانی ئامریکای لاتین، ڕۆژهەڵاتی ئووروپا و ئاسیا بەکار هێندرا، کە تا ئێستاش بەردەوامە و دوجینێک لەم چەشنە بونیادگەلە لە ئامریکا و ئووروپا بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئێران بەرپا کراوە، کە بەشێک لە خەرجی مێدیای ئێرانی و کوردەکان لەو ڕێگایەوە بە شێوەی ڕەسمی و ناڕەسمی دابین دەکرێ.

نووسەران و ڕۆشنبیرانی ناوداری ئاڵمانی و فەرانسەویی پاش ئاشکرابوونی ئەم شێوە کارەی ئامریکاییەکان کە لە ڕێگای بنەماڵەیەکی بەناوبانگی ئەدەبیات و یەکێک لە قورس وگرانترین وەشانخانەکانی ئاڵمانەوە بەڕێوە چووبوو، دوچاری شەرمەساری گەورە هاتن. بەڵام تەجرەبەی ئامریکا بۆ کڕینی هونەرمەندان، بیرمەندان، ڕۆشنبیران و مێدیاکاران بەردەوام مایەوە. ئەم ڕێگایە هێندە چڕ وئاڵۆز کراوە کە کەسی کڕیاگ هەست بە کڕین نەکات. لە ئووروپا و ئامریکا دەیان بونیاد، زانستگا، ناوەند،ئەنستیتۆ، ئاکادێمی خەڵات بەخش و بوورس بەخش و پرۆژە بەخش و ئیقامەتبەخش هەیە کە نازاندرێ سەریان بە کوێوە گرێدراوە. سرنجڕاکێش ئەوە بوو کە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەی ئاڵمان و ئووروپا کە لە فەڕانسە و ئاڵمان و ئیتالیا و سپانیا گرێدراوی ئەو پرۆژەیە بوون، سەربەست بوون لە گوتن و گوتنەوەی درووشم دژی ئامریکا.

مێدیای فارسی زمانی ئامریکا- بریتانیا لە واشنگتۆن، لەندەن و پراگ و ئەوانی تر، کە کولێکسیۆنێکە لە کۆی ڕۆژنامەنووسانی پێشووی مێدیای رژیمی ئیسلامی ئێران، دژبەری ڕژیمی ئێران، کە بەردەوام دژی حکوومەتی ئیسلامی بەرنامە بڵاو دەکەنەوە، درێژەی ئەو ستراتێژییەن کە ٧٠ ساڵ لەوە پێش لە ئووروپا تاقی کراوەتەوە.

لە بەرانبەر ئەم ڕەوتە جیهانییە، شەپۆلێک بە ناوی مێدیای ئاڵترناتیو لە ڕۆژئاوا دەستی پێکردوە کە ڕادیۆ و تەلەوزیۆن و ڕۆژنامە و کتێب و مێدیای دژیتاڵی و ئینترنێت لە خۆ دەگرێ. مێدیای ئاڵترنتیو، هەمان مێدیای ڕاستگۆیە کە پێشتر بەشێک لە مێدیای ئەو وڵاتانە بوو و ڕێگای خۆی لە مێدیای باڵادەست جیاکردۆتەوە.

وڵاتی ئێمە کوردستان، نە تەنیا خاوەنی مێدیای ئاڵترناتیو لە بەرانبەر مێدیای باڵادەستی دەوڵەتانی ناوچە و مێدیای جیهان نییە، بەڵکوو مێدیای خۆشی مێدیایەکی ڕاستگۆی درووستکەر نییە و ئێستا و داهاتووی نەتەوەیەکی ٥٠ ملیۆنی لە هەموو لایەنێکەوە، دەخاتە ژێر مەترسی، مەترسی لەبەریەک ترازان و لە بەریەک هەڵوەشانەوەی هەموو عونسورەکانی پێکهێنەری نەتەوەی کورد، کە بەرهەمی هەزاران ساڵ ژیانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بووە.

تراژێدی ئێمە لەوەدایە کە خۆمان بەشێک لەو پرۆژەیەین کە لە سەر دارەکە تۆتەمان کردووە و هەر خۆشمان خەریکی بڕینەوەی دارەکەین. ئە لێرەدا ئەم پرسیارە لە بەر دەمی هەموو بیرمەند و هزرمەند و فەرهەنگساز، هونەرمەند و نوخبە و ئاکادمی کورد بەرز دەبێتەوە، کە ئەرکی سەرەکیان چییە؟

برایم فەڕشی
————————

* ئەمە بابەتی سێمینارێک بوو لە شاری نۆڕنبرگ ساڵی 2014
** بەداخەوە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری ئاڵمانی Udo Ulfkotte لە زستانی ٢٠١٧ لە پڕێکا مرد و لە هێج شوێنێک بە ڕەسمی هەواڵەکەی بڵاو نەکراوە.
*** ئەم کۆبوونەوەیەش کە لە چەند دەورەدا بەرپا بوو، وەک سەدان کۆبوونەوەی تری کورد هیچی لێدەرنەهات.
**** ئەم نووسراوەیە لە شێوەی ئاخافتن بۆ شێوەی نووسراو هەڵگەڕێندراوەتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish