Skip to Content

336 Views

دين و عيلم: دژەوەرن؟ …. نووسينى: ئالبێرت ئاينشتاين.

دين و عيلم: دژەوەرن؟ …. نووسينى: ئالبێرت ئاينشتاين.

Be First!
image_print

كورداندنى: طاهر طيب أحمد – پسپۆر لە وەرگێڕان.

—————————

ئەم گوتارە لە The Christian Register لە حوزەيران ١٩٤٨ و لە Ideas and Opinions، لە ١٩٥٤ بڵاو كراوەتەوە.
ئايا دژەوەراتييێكى ئاوا لە نێوانى دين و عيلمدا هەيە کە ناکرێت مرۆڤ بە سەريدا زاڵ ببێت؟ ئايا دەکرێت عيلم دين ڕەش بكاتەوە؟ وەڵامى ئەم پرسيارانە چەند سەد ساڵە ململانێى توند و لە ڕاستيشدا گەرمترين جەنگيان بەرپا كردووە. بە بۆچوونى خۆم، گومان لەوەدا نييە كە لە هەردووك دۆخەكاندا، هەر تێڕامانێكى پاراو جگە لە وەڵامێكى نەرێنى هيچى لێ پەيدا نابێت. ئەوەى چارەسەرييەكە ئاڵۆز دەکات ئەو ڕاستييەيە كە لەو دەمەى زۆربەى خەڵكى بە ئاسانى بە مەعناى “زانست – عيلم – science” قايل دەبن ئەگەرى هەيە کە لە سەر واتاى “ئايين – دين – religion” ڕێك نەکەون.

ئەوەى پەيوەندى بە زانستەوە هەيە، ئەوەيە کە ئێمە دەتوانين بۆ مەبەستى خۆمان عيلم وا پێناسە بکەين كە – “هزرکردنەوەيێكى بەرنامەدارە و مەبەستييەتى ئەم پەيوەندييانە بدۆزێتەوە کە لە نێوان شارەزايييە هەستەوەرەکانماندا our sensual experiences هەنە.” زانست science يێكسەر زانين knowledge بەرهەم دێنێت و بە شێوەيێكى ناڕاستەوخۆش هۆيەكانى كار پەيدا دەکات. ئەگەر ئامانجە ديارەکان لە پێشدا ڕێك بخرێن، ئەوا زانست کارى بەرنامەدارى لێ پەيدا دەبێت. زانست، لە ئەركى ديار کردنى ئامانجەكان و دەرچواندنى جاڕنامەى بەهادار لە پشتێنە تايبەتەكەى خۆى ڕەت دەدات. ڕاستە كە زانست ڕەنگە، تا ئەو ڕادەيەى پەيوەندييە هۆكارەكانى causative connections لەبەر دەستدا بێت، بتوانێت ئەنجامى گرينگ سەبارەت بە سازان و نەسازانى ئامانجەكان و هەڵسەنگاندنەكان وەدەست بێنێت، بەڵام پێناسە جودا و گرينگەكانى تايبەت بە ئامانجەكان و بەهايەكان هێشتا دەستى زانستيان نەگەيشتووەتێ.

لە لايێكى ديكەدا، سەبارەت بە دين، مرۆڤ بە گشتى لە سەر ئەوە كۆكن كە ئايين ئومێدەكان و بەهايەكان بە ئامانج دەكات و بە گشتيش، تا ئەو ڕادەيەى کە ڕەفتارێكى زگماكى inherited نەگۆڕى چەشنەكانى مرۆڤ پێشتر بۆى ديار دەكات، ئايين سەودا دەگەڵ بناغەى سۆزى هزرکارى و ڕەفتار كردنى مرۆڤدا دەکات. دين بايەخ بە هەڵوێستى مرۆڤ بەرانبەرى سرووشت بە گشتى دەدات و ڕێگەى ژيانى تاكە کەس و جڤاكيش خۆش دەكات و پەيوەندى هاوبەش لە ناو ئينساناندا دروست دەكات. ئايين هەوڵ دەدات دەستكەوتى هەبێت؛ بۆ پەيدا كردنى دەستكەوتيش سوود لە کاريگەرى پەروەردە لە نەرێت و لە هەندێك لەو بيرۆکە و چيڕۆكە (لاوك و ئەفسانە) بەردەستانە وەردەگرێت كە دەتوانن، هاودەم دەگەڵ هزروەرە پەسند كراوەكاندا، بە ئاسانى کار لە هەڵسەنگاندن و کرداردا بكەن.

ئەم ناوەڕۆكە ئەفساناوييانەيە، يان باشتر بڵێين ئەم هێمايە نەرێتييە ئايينييانەنە كە لەگينە ململانێى زانست بکەن. ئەمە لەو دەمانەدا ڕوودەدات كە كۆکراوەى ئەم هزرە ئايينييانە قسە لەو بابەتانە دەكەن وا لە ناو پشتێنەى زانستيدانە، كەچى عەقيدە چەسپاندوويانييەتى. لە پێناوى پاراستنى دينى ڕاست، خۆ دوور گرتن لەم جۆرە ململانێيانە فرە گرينگن؛ چونكە لەو بابەتانەوە پەيدا دەبن کە لەميانى جێبەجێ كردنى ئامانجە دينييەكاندا، هيچ بايەخێكى بنچينەيييان نييە. ئەگەر ئەو ئايينە جودايانەى ئێستێكە هەنە لەبەر چاو بگرين و تەنيا لە بنچينە ڕووتەكانيان ورد ببينەوە، مەبەستم ئەوەيە كە ئەفسانەكانيان لێ دەربكەين، وايان بۆ دەچم، لە بناغەدا، هيچيان لە هيچ جياواز نەبێت، وەك ئەوەى کە لايەنگرانى ڕووانەى “ڕێژەگر – relativistic” و نەرێتزەدەكان (المقلِدون) ئومێد دەكەن كە وابێت. خۆ ئەمەش بێگومان واق وڕ ناکات. چونكە هەڵوێستە ئەخلاقييەكانى هەر نەتەوەيێك، كە پێويستى ئايينى هانى دەدات، هەميشە بەو ئامانجەيە كە ژيريى و چالاكى كۆمەڵ و تاكەكانيش بپارێزێت و بە هێزى بكات؛ چونكە ئەگەر وا نەكات، ئەوا ئەو کۆمەڵە لە ناو دەچێت. ئەو گەلەى درۆ و فيشار و ناتۆرە و فرتوفێڵ و کوشتن پەسند دەكات، لە ڕاستيدا، ناتوانێت تا زەمانێكى درێژ بژيت.

كە تووشى بابەتێكى دياركراو دەبێتەوە، بۆى ئاسان نابێت بە ڕەوشەنى بڕيار بدات چى لا پەسند و گەرەكە و چى ديکەشى لە پێشدايە کە پێويستە خۆى لێ بپارێزێت. کتومت وەك ئەوە ئەستەمە بڕيار بدەين کامە تابلۆ جوانە و كيهان ئاواز خۆشە. ئەمە شتێكە کە ڕەنگە پێژنەکييانە (بديهيا) گەلەك ئاسانتر لەوە تێى بگەيت کە بتەوێت ژيرانە بە دوايدا بچيت. بە هەمان شێوە، گەورە مامۆستايانى ئەخلاقى مرۆڤايەتى لە هونەرى ژياندا بليمەت بوون. سەربارى ساکارترين ئەو ڕێسايانەى کە پاراستنى ژيان و خۆ دوورخستنەوە لەو ئازارەى پێويست نييە ڕاستەوخۆ هانيان دەدەن، هى تريش هەنە ئێمە بايەخى زۆريان دەدەينێ، بەڵام لە ڕاستيدا، بە چاكى دەگەڵ ڕێنماييە بنچينەيييەكان نا گونجێن. بۆ نموونە، ئايا دەبێ، بێ مەرج، بە دواى ڕاستيدا بگەڕێين تەنانەت ئەگەر لە پێناوى گەيشتنە ڕاستى تووشى نەهامەتى گەورە ببين و قوربانى گەورەتريش بدەين؟ پرسيارى لەم چەشنە زۆرن، کە لە گۆشەنيگايێكى ژيرييەوە، ناکرێت نە بە ئاسانى و نە هەرگيز هەر وەڵام بدرێنەوە. دەگەڵ ئەمەشدا، وا بۆى ناچم كە ئەوەى پێى يێژن بۆچوونى “ڕێژەگر – relativistic” ڕاست بێت، جا با سەودا دەگەڵ ئەو بڕيارانەشدا بکات کە گەلەك چەسەپاوتر و ئەخلاقيتريش بن.

كە لە گۆشەنيگاى فەرمانە دينييە هەرە سەرەتايييەكانەوە زەينى دۆخەكانى ژيانى ئەمێستاى مرۆڤايەتى ژيرمەند دەدرێت، مرۆڤ لە بەرانبەرى ئەوەى کە دەيبينێت، هەست بە نائومێدييێكى هەندە قووڵ و ئازاربەخش دەکات کە دەيتاسێنێ و کاسى دەكات. چونكە لەو دەمەى كە ئايين هانى خۆشەويستييێكى برايانە لە پەيوەندييەكانى نێوان تاكە کەسان و جڤاكەكاندا دەدات، دەبينين كە ژيانى ڕاستەقينە پتر لە گۆڕەپانى جەنگ دەچێت نەك لە ئۆکێسترايێك بكات. لە هەموو بزووتنەوەيێكى ئابوورى و سياسيدا دەبينين بنەماى ڕێ نيشاندەر ململانێيێكى سەختە لە پێناوى ئەوەى کە هەر کەسە و لە سەر شانى هاوڕێيەكى سەرکەوێت. ئەم گيانەى ڕكەبەرى تەنانەت لە قوتابخانە و خوێندنگەكاندا بە زەقى ديارە و هيچ هەستێكى برايەتى و هاريكارى ناهێلێت و هەمووشيان خاش دەکات و دەستكەوت وەك خۆشەويستيى بەرهەمهێنان و کارێكى هزرمەندانە نيشان نادات، بەڵكوو وەك بەرزە – فڕى خودى کەسى و ترسان لە نەلێكردن rejection دەرى دەخات.

کەسانى ڕەشبين هەنە وا دەزانن كە ئەم چەشنە ڕەفتارە بە زەروورەت زگماکى سرووشتى مرۆڤە؛ ئەمانەى بۆچوونێكى وايان هەيە دوژمنى دينى هەقن، چونكە ئەوانە لە بن لێوانەوە دەڵێن كە ڕێنماکارييە ئايينييەكان تا ئەوپەڕ ئەندێشەيين، بۆيێ ناگونجێن ڕێنمايى کاروبارى مرۆڤ بكەن. پێدەچێت توێژينەوەى نموونە جڤاكييەكانى پێيان دەگوترێت كەڵتوورى کاڵ، بەڵگەيێكى وەتۆيان پەيدا كردبێت كە هيچ پێويستى بەم هزرە بەزۆك defeatist ـە نەكات. ئامۆژگارى هەر کەسێك دەکەم بايەخ بەم گرفتە دەدات كە کۆسپەيێكى گەورەيە لە ڕێى ئەم جۆرە توێژينەوە ئايينييەدا، تا باسى هيندييەكانى پوێبلۆ Pueblo Indians لە كتێبەكەى روت بێنێديكت کە ناوى نموونەكانى نەرێت Patterns of Cultureـە بخوێنێتەوە. ئەندامانى ئەم خێلە، لە سەختترين دۆخەكانى ژيانياندا، ئەركێكى سەختيان جێبەجێ كردووە و تووانيويانە گەلەکەيان لە قوڕبەسەرى کۆستى ڕووحى ڕكەبەرى ڕزگار بكەن و گيانى لێبوردەيى و نەرمى بچەسپێنن و خۆيان لە كاريگەرى گوشارى دەرەكى ئازاد بكەن بێ ئەوەى هيچ لە خۆشگوزەرانى خۆيان لە دەست بدەن.

تەفسيرى دين، وەك ئەوەى لێرەدا پێشکێش كراوە، ئەوە دەگەيێنێت كە زانست باوڕى بە هەڵوێستى دينى هەيە و ئەمەش پەيوەندييێكە كە لەم سەردەمە کەرستزەدە زاڵەى ئێمەدا، گەلەك پشتگوێ خراوە. ڕاستە كە ئەنجامە زانستييەكان بە تەواوى لە ڕەفتارە ئايينى و ئەخلاقييەكانەوە جودانە، بەڵام هەموو ئەو کەسانەى کە ئێمە قەردارى داهێنانە زانستييە گەورەكانيانين، هەموويان بەو باوڕە ڕاستە ئايينييە ڕەباس ببوون کە ئەم گەردوونەى ئێمە لێى دەژين شتێكى تەواوە و بە پێى ئەو كۆششە ژيرمەندانەيە كە بۆ زانين دەکرێت. ئەگەر ئەم قەناعەتە گەلەك بە سۆزەوە نەبێت و ئەوانەش كە بە دواى زانيندا دەگەڕێن Amor Dei Intellectualisى سپينۆزا هانى نەدابن، ئەستەم بوو بتوانن ئاوا خۆ بەخت بكەن كە مرۆڤ بە تەنيا وا لێدەكات کە دەستكەوتە مەزنەكانى خۆى وەدەست بێنێت.

Previous
Next

Leave a Reply