Skip to Content

140 Views

“پیاوسالاریی و سەردەمی بەڵقیس،” لە ڕۆمانی گریانی بەڵقیسی جەبار جەمال غەریبدا

“پیاوسالاریی و سەردەمی بەڵقیس،” لە ڕۆمانی گریانی بەڵقیسی جەبار جەمال غەریبدا

Be First!
by August 31, 2018 General, Literature
image_print

شۆڕش شڵماشی
……

شەوە و، سلێمانی پرخەی دێ؛ مرۆڤ و گیاندار بە مێشوولەکانیشەوە، لە خەوێکی قورسدا “با”یان لێ دەبێتەوە و، “سەروەر و نیان” دوو ئاشقە باڵخوێناوییەکەی ڕۆمانی “سەردەمی گریانی بەڵقیس” بوونە دوو پەیکەری تێکئاڵاوی سەر لووتی چەقۆیەکی سەربازی. پەیکەرە گەورەکەی “زیرەک میرە” کە بە ناوی “کولتووری خۆشەویستییەوە و، لە ناو دڵی سلێمانیدا، پاژنە پێی داکوتاوە. سەروەر و نیان، لە تاریکە شەوێکی بێدەنگی سلێمانیدا، لەسەر لووتی چەقۆکە، باسی “جەبارجەمال غەریب”دەکەن.

نیان، لێوەکانی لە نێو لێوە ئەستوورەکانی سەروەر دەترازێنێ و، دەڵێ: “سی ساڵ بەسەر هەناسە و ژیانمان لە زانکۆی بەغدا و یاخیبوون و سەرەڕۆیی و ژەهرخواردنەوەمان و، نقومبوونمان لە ڕووباری دیجلە و، بە نەفرەتکردنمان لە لایەن باوک و دایک و براو خەڵکەوە، بوو بە تۆزی ڕابردوو.” سەروەر، کە هێشتا تەڕایی لێوی نیان لە لێوەکانیدا مەلە دەکا، دەڵێ: “نا گیانەکەم، نەبووینەتە تۆز، ئێمە دوو پەیکەری ئاشقین/ زەین و مێشکی “زیرەک میرە” کردووینەتە هێما بۆ کۆمەڵگەی کوردیی. جەبار جەمال غەریبیش، زیندووی کردووینەوە و دوای سی ساڵ لە قووڵایـیی دیجلەوە هێناوینیەوە ناو ژاوەژاوی ژیان. نیان، دەلەرزێ و دەڵێ: “دەترسم مەحموودی برام و کەمال بەزازی باوکم بمانناسنەوە و لێرە لەسەر لووتی ئەم چەقۆیە ناودەممان پڕ فیشەک کەن!.” سەروەر، باوەشێکی گەرمە تەندووری بۆ نیان دەکاتەوە و، دەڵێ: تەنیا “جەبار جەمال” دەزانێ، کە ئێمە لە سلێمانین، مەترسە ڕۆحەکەم، وەرە باوەشمەوە. ئەوان هەردووکیان وەکوو باران و خاک لە یەکدا دەتوێنەوە و، منیش دەبمە مێشوولە و بە ویزەویز، دەچمە نێوزگی ڕۆمانەکە و، دڵۆپ دڵۆپ خوێن هەڵدەمژم.

دەسپێکی ڕۆمانەکە بە ژانە دڵی بەڵقیس دەست پێ دەکات و، بە گریانی بەڵقیسیش کۆتایی دێ. بەڵقیس،ئەو ژنەی مێردێک و پێنج کوڕ و کچێک بە کۆڵیەوەن. کچێک، کە چاوەکانی سەوز و جەستەی کۆلکە زیڕینەیە. نیان، کچە تاقانەکەی بەڵقیس، دڵی ڕۆچۆتە ناو دڵی سەروەر، سەروەر پێستێکی ئەستوور و دوو چاوی چکۆلە و ڕووخساری زیپکاوی و، لەشی گڕنال گڕنال و، مرۆڤێکی ئەتککراوی دەستی ڕەگەزی نێر. ئاگری جگەر بەڵقیسی هەڵگرتووە و، لە هەولێر، لە گەڕەکی سەیداوا، لە ماڵی مریەمەڕەشی دایکی سەروەر، بە دوایاندا دەگەڕێ تا بێ قڕە و هاوار بیباتەوە و، ڕقی کەمالی مێردی و، کوڕەکانی دابمرکێنێتەوە. ئا لێرەوە، لە ماڵی مریەمەڕەشەوە و، لە زمانی “وەرگێڕی هەموو شت زان- دانای کل” خەتی ئەم ڕۆمانە ڕاستە ڕێ، بێ گرێ، جار جاریش لە ڕێگەی “فلاش باکەوە-گەڕانەوە بۆ ڕابردوو” ڕوداوەکان دەستەمۆ دەکرێن.

لە تەوقەسەری تا پەنجە پێی ڕۆمانەکە، کەمتر ڕووداوی چاوەڕواننەکراو ڕوودەدەن. گریانی بەڵقیس و مەرگە دڵی مریەمەڕەش، خۆخواردنەوەی کەمال و کوڕەکانی ئازار و نیگەرانییەکانی سەردار و نیان، سەراپای ڕۆمانەکەیان داگیر کردووە. بۆ من ئەم ڕۆمانە تەلیسماویی نییە/ سیحرێکی تێدا نییە، کە خوێنەر بە دوای پووچەڵبوونەوەیدا بگەڕێ؛ بۆمبێکی تێدا نەنراوەتەوە کە بتەقێتەوە و دونیای خوێنەر لێکهەڵوەشێنێ. ئەوە لە لایەک، بەڵام لە لایەکی ترەوە، سەبکی ئەم ڕۆمانە ڕیالیستییە، خوڵقاندنی کەسایتەکان و پەروردەکردنیان و ڕۆڵ پێگێڕانیان لە ڕووبەری ڕۆمانەکەدا و، لە نووکی قەڵەمی نووسەرەوە، چیژبەخش و ڕاستەقینە و دەروونییە. زمانی ڕۆمانەکە، زمانێكی پاراو و مۆدێرن و دژەباو و شاعیرانەیە.

کاکڵی ڕۆمانەکە، دەرخستنی دەروونی یاخیبووی گەنجانی ئاشقە، بە دەست نەریت و سووننەتی پیاوسالاریی و خێڵەکیەوە. دیاردەی پیاوسالاریی، ئەژدیهایەکی حەوت سەرە و، بە هەر حەوت سەرەکەیدا، ژەهری نێرسالاری؛ ئەو ژەهرەی نێر ئازادە بۆ ئاشقبوون و سێکس و، مێ مەحکومە بە مردن. پیاوەکانی خاکی ڕۆمانی “سەردەمی گریانی بەڵقیس” ناوگەڵی کچ و ژنەکانیان ناموسیانە و، ناوگەڵی ژن و کچەکانی خەڵکی موڵکیان!. ئەوەش نموونەی بەرچاوی ڕۆمانەکە: “ئەو کاتە کوڕەکان دنیایان بەسەردا ڕووخا مۆن و ڕەش و تاریک بوون. کوڕی ئەو کوردە وایە لەگەڵ دڵداری خۆیدا دەگەشێتەوە و لەگەڵ دڵداری خوشکەکەیدا وشک دەبێت. دایک و باوکەکانیش بەسەر لێوەوە و بە بزەوە، باسی عەشقبازی و دەسبازی کوڕەکانیان دەکەن. بە لەرز و حەیاچوونەوە، لە کچەکانیان دەدووێن. کەمال و بەڵقیسیش، هەروایان کردبوو. کوڕەکانیان حەزیان لە کچی خەڵک کردبوو زۆر جار بە دزیەوە هێنابوویانەوە ماڵێ، نە دنیا ڕووخابوو نە ڕۆژی قیامەت هەستابوو، تەنها کەمال جار جارێک، گوتبووی: بەڵقیس با کوڕەکان نەزانن، من زانیومە” ل. 268 و 269.

ڕەنگە نووسەریش، ڕۆژانی گەنجایەتی بەغدا و زانکۆ و سەرەڕۆیی و ئاشقبوونی ئەزموون کردبێ و، بەسەریدا تێپەڕیبێ، چوونکە بە زەقی ئەزموون و خەتا و گەنجیەتی و سیاسەت و ژیانکردن، تا گومانی ئەوەی، نووسەر لە پێستی کەسایەتی “سەرداردا، ئازار و هەڵچوون و خۆشی هەڵپەوپەڵپەی ژیانی بگێڕێتەوە. لە کۆتایی ئەم نووسینەدا، دەڵێم: “پەیامی ڕۆمانەکە، بە پیرۆزکردنی ئەشقێکی سپی و نەمر و دژەباوە، کە گومان دەکرێ تا چەند ساڵی تریش برینی ئەشق و خۆشەویستی، ببێتە دومەڵی سەر دڵی کوڕو و کچی کورد.

Previous
Next

Leave a Reply