Skip to Content

شۆڕش و وەرچەرخانی سیاسی وڵاتانی ڕۆژئاوا.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

شۆڕش و وەرچەرخانی سیاسی وڵاتانی ڕۆژئاوا.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 4, 2022 General, Opinion


وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوەعومەر
لە سەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە


خەلیل کیوان: دوابەدوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، وەرچەرخانێکمان لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکاندا بینی. پەرلەمانەکانی فەرەنسا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا، گەڵاڵە و بەیاننامەی ئیدانەکردنی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە خەڵکی ئێرانیان پەسەند کرد. دادگای ئۆنتاریۆ لە کەنەدا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە. هەروەها سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، سەرۆکی فەڕەنسا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا و هەندێک لە بەرپرسانی دیکەی حکومەتەکانی ڕۆژاواییش بە ڕاشکاوانە پاڵپشتی شۆڕشی خەڵکی ئێرانیان کردووە. لەم دواییانەدا حکومەتی ئەمریکا داوای کردووە کۆماری ئیسلامی لە کۆمیتەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێت و ئەنجومەنی پیرانی ئوسترالیاش پلانێکی هەیە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران.
هۆکاری ئەم هەڵوێست گیرانە چییە؟ ئایا حکومەتە ڕۆژئاواییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ، پشتیوانی لە تێکۆشانەکانی خەڵکی ئێران دەکەن؟ ئایا هەڵوێستگیری سیاسی ئاشکرایان کاریگەری کردەیی دەبێت یان تەنها لە ئاستی قسەدا دەمێنێتەوە؟ ئایا داواکردن لە حکومەتەکان بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ئێران بڵاوکردنەوەی خۆشخەیاڵی و وەتەوەهم نییە؟ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەبێت چ ڕێبازێک بگرنە بەر لەبەردەم وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان؟
حەمید تەقوایی، بەڕای تۆ هۆکاری پشت هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران چییە؟ ئایا ئەم ئاراستە نوێیە بە ئامانجی بەدیل دروستکردن لە دەستوردا دانراوە ؟
حەمید تەقوایی: یەکەم خاڵ کە پرسیارت کرد سەبارەت بە هۆکاری ئەمە، پێموایە هۆکارەکەی ڕوونە. نزیک بە دوو مانگ و نیوە شۆڕشێکی زۆر خێرا و بەربڵاو لە ئێراندا بەڕێوە دەچێت و سەرنجی ڕای گشتیی خەڵکی لە هەموو جیهاندا، سەرنجی حیزبەکان، حکومەتەکان و هتد بۆی ڕاکێشراوە ئەم شۆڕشە. گۆڕانی هەڵوێستی حکومەتەکان و دەسەڵات و دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکان کە ئاماژەت پێکرد، ڕەنگدانەوەی زۆر ڕوونی شۆڕش و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێرانە. هیچ هۆکارێکی تر نییە. ئەگەر ئەم پێشهاتانە لە دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا نەبوایە، ئەم حکومەتانە هەر سەرقاڵی دانوسانەکانی لەسەر بەنامەی هەلایەنەی کاری هاوبەشەکەیان (ناسراو بە برجام،وەرگێڕ) و درێژەدان بە پەیوەندییە ئاساییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەبوون و هەرچەند حزبەکانی وەک حزبی ئێمە کۆماری ئیسلامییان پێ ناساندبان ، تاوانەکانیمان بۆ ژماردن و داوامان لێدەکردن هەڵوێست لە دژی کۆماری ئیسلامی وەربگرن، کاردانەوەیان نەبوو. حکومەتەکانی ڕۆژئاوا زۆر بایەخیان بەو ڕاستییانە نەدا کە لە ئێراندا دەگوزەرا و ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی ئەنجامی دەدا، بەڵام شۆڕش هەموو شتێکی گۆڕی و سیاسەتی دژە ئینسانی و تاوانە ترسناکەکانی کۆماری ئیسلامی هێندە ڕوون و حاشا هەڵنەگر خستە بەر دیدەی هەموان کە پشتگوێ خستنیان، ئەوەندە ئاسان نییە بۆ حکومەتەکان.
پێموانییە ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت بەدیل و هتد دروست بکەن. بەڵێ ئەوە ڕوونە کە ئەم حکومەتانە هیوادارن لە دوای کۆماری ئیسلامی هەلومەرجێک لە بەرژەوەندی ئەوان سەرهەڵبدات و بەرژەوەندییەکانیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێت و هتد. ئەوان بەدوای ئەمەدا دەگەڕێن، بەڵام هەڵوێستەکانی ئەم دواییەیان لەبەر ئەم هۆکارە نییە. بەڕای من دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ ئەم هەڵوێستانە. یەکەم: لەبەردەم بیروڕای گشتیدا خەڵکی خۆی ناتوانێ بێدەنگ دابنیشێت و هەڵوێست نەگرێت و هەمان پەیوەندییەکانی پێشوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی درێژە پێبدات. وە هۆکاری گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت دەنگی خەڵکی وڵاتەکەیان هەبێت بۆ ئەوەی پێگە و کورسیەکانیان بپارێزن. ماوەیەکی زۆر نەبوو شرۆڤەکارێکی ئەوروپی قسەی دروستی کرد. قسەکانی ئەو ئەوە بوو کە بەرلین، واتە ئەو کۆبوونەوەی هەشتا هەزار کەس لە شاری بەرلین، دەنگەکانی ئەوروپای گۆڕی. مەبەستی ئەوە بوو کە خەڵک لە ئێراندا دەرکیان بە ڕاستییەکان کردووە و ئەمەش فاکتەری گرنگە لە دەنگدانی هەڵبژاردن لە وڵاتی خۆیاندا. سیاسەتمەدارانیش ئەمە دەبینن. ئەوان لەوە تێدەگەن کە مەحاڵە لە تەنیشت کۆماری ئیسلامی بوەستن و چاوەڕێی ئەوە بکەن کە لە وڵاتی خۆیاندا ئیعتباریان لەناو خەڵکدا هەبێت. پێم وایە ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم حکومەتانە ئەم جۆرە هەڵوێستانە بگرنەبەر. بەڵام حیساباتی حکومەت هەرچییەک بێت، هەڵوێستەکانیان لەدژی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران لە هەر حاڵەتێکدا هەنگاوێکە بەرەو بەهێزکردنی خەباتی خەڵک و شۆڕشی خەڵکی ئێران. خەڵکی ئێران بە شۆڕشەکەیان چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە نەک هەر حکومەت و سیاسەتمەداران، بەڵکو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستی پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و دژ بە کۆماری ئیسلامی بگرنەبەر و بەم شێوەیەش یارمەتی شۆڕش لە ئێران بدەن.
خەلیل کەیوان: ئەوەی تا ئێستا لە لایەن ئەو حکومەتانەوە کراوە، بە شێوەیەکی سەرەکی هەڵوێستێکی سیاسییە. پێت وایە ئەم سیاسەت و هەڵوێستانە دەبێتە هۆی کردەوەی کردەیی؟
حەمید تەقوایی: کەم تا زۆر لێرە و لەوێ ڕێوشوێنی کردەیی فەرمان دراوە، وەک دانانی بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی لە لیستی سزاکان یان قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی بەسیج و بەرپرسانی سوپای پاسداران بۆ کەنەدا و هاوشێوەکانی. هەروەها هەڵوێستی لەو جۆرەش هەن. بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی مانۆڕێکی دیپلۆماسییە.
پێویستە هەوڵبدەین ئەم هەڵوێستانە ببێتە هۆی ڕێوشوێنی پراکتیکی، بەڵام ئەم هەڵوێستە دیپلۆماسیانە بێ بایەخ نین. لە سیاسەتدا حکومەتەکان چی دەڵێن دەربارەی حکومەتێکی تر و چ پڕۆژە یاسایەک لە پەرلەمانەکەیان پەسەند دەکەن، ئیدانەکردنی تاوانەکانی حکومەتێک، پشتیوانیکردن لە خەباتی خەڵک لە وڵاتێکدا و هتد، بە مانای گۆشەگیرکردن و بێناوبانگکردنی حکومەتی هەریەکەیان دێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا هێندە ئاشکرا بووە و ڕاستییەکان هێندە ڕوونن کە تەنانەت حکومەتە ڕۆژئاواییەکانیش کە زۆر نزیک بوون لە کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن و بیهێننە سەر خۆیان. لەم ڕوانگەیەوە پێموایە ئەم هەڵوێستانە گرنگن. بەڵام ڕوونە کە ئەمە بەس نییە. حیزبەکانی وەک حیزبی ئێمە هەوڵ بدەن ئەو هەڵوێستانە ببنە هۆی ڕێوشوێنی کردەیی دژ بە کۆماری ئیسلامی.
خەلیل کەیوان: هەندێک کەس دەڵێن داوای پشتیوانی لە حکومەتەکان بڵاوکردنەوەی وەهمەکانە. تەنانەت هەندێک کەس دژایەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەکەن و دەڵێن ئێمە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆماندا دەگەڕێین. بیر له‌ چی ده‌كه‌یته‌وه‌؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ حکومەتەکان بە دوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، بەڵام ئێمە دەبێت شتێک بکەین کە لە کاتێکدا ئەوان بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، ئەوان زیاتر و زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دوور بن. پێویستە حکومەتەکان بگەنە ئەو بڕوایەی کە چیتر بەرژەوەندییان لە پاراستنی کۆماری ئیسلامیدا نییە.
بەگشتی کاتێک حکومەتێک لە لێواری داڕماندایە لە ئەنجامی شۆڕشدا، حکومەتەکانی تر هەوڵ دەدەن خۆیان لێ دوور بخەنەوە، چونکە نایانەوێت گرەو لەسەر ئەسپێکی دۆڕاو بکەن. ئەوان نایانەوێت کاریگەری خۆیان، پەیوەندییەکانیان، بەرژەوەندییەکانیان لەو هەرێمە یان لەو وڵاتە شانبەشانی ئەو حکومەتە لەدەست بدەن. بەڵێ، هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن، بەڵام ئەو بەرژەوەندییانە وایان لێدەکات لەبەردەم کۆماری ئیسلامیدا بوەستن. لە ڕوانگەی خەڵکی ئێرانەوە و لە ڕوانگەی شۆڕشی ئێرانەوە، هەموومان دەمانەوێت هەموو حکومەتەکانی جیهان، گرنگ نییە ئەو حکومەتە چەندە کۆنەپەرستانە بێت یان ئەگەر دەستەکانی لە ئێستاوە بە تاوان پیس بووبێت، کە ئەوەیە بەزۆری وا، بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئیدانەکردنی و گۆشەگیرکردنی. ئەمەش بۆ قازانجی شۆڕشی خەڵکی ئێرانە. بابەتەکەی من پرسیارکردن لە کەس نییە. وەک وتم بنەمای کارەکانمان فشارخستنە سەر. ئێمە دەمانەوێت پشت بە حیزب و خەڵک و بیروڕای گشتی و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی ئەم وڵاتانەی ڕۆژئاوا ببەستین بۆ ئەوەی گوشار بخەینە سەر ئەو حکومەتانە بۆ ئەوەی تا دەکرێت خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دوور بخەنەوە و تا دەکرێت بە ڕوونی مەحکومی بکەن و ڕێوشوێنێک لە دەستوری خۆیاندا دابنێن. باسەکە سەبارەت بە فشارخستنە سەر بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی شۆڕش لە ئێراندایە. سیاسەت و دیپلۆماسی لێرەوە دێت. ئاخر لە شەقامەوە سەرچاوەی گرتووە و کاتێک شۆڕشێکی وەک شۆڕشی ئێستای ئێران بەڕێوە دەچێت، دەسەڵاتی شەقام دەبێتە یەکلاکەرەوە. هه مان ده سه ڵات که وای کردووه حکوومه ته کان خۆیان له کۆماری ئیسلامی دوور بخەنەوە ، دەتوانێت بەرده وام بێت بۆ دابڕانی ته واوی حکوومه ت. ئێمە هەوڵ دەدەین دەسەڵاتی شۆڕش بکەینە وەسیلەی گوشار لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ ئەوەی حکومەتەکان ناچاربن تا دەتوانن خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دوور بخەنەوە و پاڵپشتی شۆڕشی خەڵکی ئێران بکەن.
خەلیل کەیوان: لە ڕابردوودا کە ئەوەندە دوور نەبوو، وڵاتانی ڕۆژئاوا بایکۆتی ڕژێمی ئاپارتایدیان لە باشووری ئەفریقا کرد. ئایا دەکرێت سیاسەتێکی لەو شێوەیەش بەرانبەر کۆماری ئیسلامی بگرنەبەر؟
حەمید تەقوایی: پێموایە ئەمە بەتەواوی مومکینە. وەک ئاماژەت پێدا، ئێستا ئەزموونی ئەفریقای باشوور لە بەر چاوی ئێمەدایە و کۆماری ئیسلامی لە ڕووی دڕندەیی و توندوتێژیەوە لە ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزی کەمتر نییە. ڕژیمێکی ئاپارتایدی سێکسی لە ئێراندا هەیە کە هەمووان بزانن چۆن ژیانی خەڵکی ئێرانی کردووە بە دۆزەخ. بە تایبەت تاوانەکانی لە دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا ڕیکۆردی هەموو دیکتاتۆرەکانی لە ڕووی کوشتن و دڕندەییەوە شکاندووە. بۆیە بە ڕەهایی مومکینە هیوایەک هەبێت و هەوڵ بدرێت کە حکومەتەکان نەک هەر خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دوور بخەنەوە و شەرمەزاری بکەن، بەڵکو باڵوێزخانەکانی دابخەن و باڵوێزەکانی خۆیان بانگهێشت بکەنەوە و کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتی ئێران نەناسێنن. ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە کۆماری ئیسلامی بکوژی گەلی ئێرانە، نوێنەری ئەوان نییە و نابێ دانی پێدا بنرێت و کۆماری ئیسلامی بکوژی گەلی ئێرانە ئێستا تەنانەت کەیسێکە لەسەر مێزی هەمووان. هەموو ڕۆژێک ئەو تاوانانە دەبینن کە حکومەت ئەنجامی دەدات. با بزانن بە دانپێدانانی دەسەڵاتدارەکان خۆیان لەم دوو مانگ و نیوەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ ٣٠٠ کەسیان کوشتووە (بێگومان ئامارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە). کوشتنی خەڵک تەنها لەبەر ئەوەی حیجابیان داکەند، لەبەر ئەوەی لە شەقام بوون، چونکە ناڕەزایەتیان دەربڕی و سکاڵایان کردوە. ئەم کارەساتانە کەیسەکانی، ئامارەکانی، تەنانەت کلیپ و فیلمەکانیشی لەبەردەم چاوی هەموواندایە. بۆیە بۆم ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت بە مانای تاوانکاری و قەزایی وشەکە بکوژی خەڵکی ئێرانە. بۆیە دەکرێت زۆربەی حکومەتەکان لەژێر فشاری بیروڕای گشتیدا ناچار بکرێن کە دەست نەدەنە دەستی حکومەتێکی مرۆڤکوژی ئاوا، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵدا نەبێت، هەموو پەیوەندییەکانیان ببڕن و هتد. ئەمەش بە واتای بایکۆتی سیاسی، فەرهەنگی و وەرزشی کۆماری ئیسلامی بە ناوی حکومەتەکان و دامەزراوە و دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکانەوە دێت. ئەمە خواستێکە کە ئێمە دەمێکە ئاڵاکەی مان بەدەستەوەیە و ماوەیەکی زۆرە خەباتی بۆ دەکەین و ئەمڕۆش بە بڕوای من مەرجەکان لە هەموو ڕۆژێکی تر گونجاوترن بۆ ئەوەی بەڕاستی ئەمە بێتە دی.
خەلیل کەیوان: ئێوە نزیکەی دە ساڵ و نیو لەمەوبەر سیاسەتی ڕەتکردنەوە و گۆشەگیرکردن و بایکۆتکردنی کۆماری ئیسلامیتان دەست پێکرد. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران لە ئێستادا بەو ئاراستەیە کار دەکات. ئێستا ئەم گوتارە تا ڕادەیەکی زۆر کرایەوە و زۆرێک لە چالاکوانان کەم تا زۆر هەمان سیاسەتیان هەیە. هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ پێشکەوتنی ئەم گوتارە چییە؟
حەمید تەقوایی: پێموایە دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشی ئێران دووری حکومەتەکان و دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکانە لە کۆماری ئیسلامی. ئەو شۆڕشەی ئەمڕۆ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەگوزەرێت، ئامانجێکی دیاریکراو بەدوادا دەگەڕێت. دەکرێ بگوترێ کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات دەڕوخێنرێت. خەڵکی ئێران ئەمەیان دەوێت.
ڕاستە حیزبی ئێمە ماوەیەکی زۆرە ئەم سیاسەتە بەرەوپێش دەبات، بانگەشەی بۆ دەکات و کاری بۆ دەکات، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی بابەتیانە جەماوەری خەڵک لە ئێراندا بەم ئاراستەیە ڕۆیشتوون، ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوات، و دەزانن بۆ ئەوەی ئەم حکومەتە بکەوێت، دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهاندا ببڕێت، پێویستە گۆشەگیر بێت. گومانم نییە کە ئەگەر چەند وڵاتێکی ئەوروپیش بایکۆتی کۆماری ئیسلامی بکەن، ڕووخاندنی لە ئێراندا زۆر ئاسانکاری بۆ دەکرێت و چەند هەفتەیەکیش ناخایەنێت تا لە ناوەوەشدا بڕوخێنرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێمە دەڵێین ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات مومکینە، بە کردەیی و مانای ئەم ڕووخانە بایکۆتێکی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامییە. پرسیارکردن یان نووسینی نامەیەکی کراوە نییە، پێویستە لۆبی و کاری دیپلۆماسی بکرێت، بەڵام ئەمە بنەمای کارەکانمان نییە. بنەمای مەسەلەکە کۆکردنەوەی دەسەڵاتی هەموو ئەو کەسانەیە کە سەرنجیان بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ڕاکێشاوە و وەک وەسیلری گوشار بۆ سەر حکومەتەکان کەڵکیان لێوەرگرن بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. ئەمە سیاسەتی ئێمە بووە و ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم کە زۆرێک لە هێزی سیاسی تر، زۆر کەسایەتیش هەمان شت دەڵێن. ئەوان دەیانەوێت بایکۆتێکی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی بکرێت. با ئەوەش بڵێم کە ئامانجی کۆتایی ئێمە بایکۆتی سەرتاسەری کۆماری ئیسلامییە کە ئێمە پێی دەڵێین بە ئەفریقای باشووری کردنی کۆماری ئیسلامی. واتە هەمان شت کە لەگەڵ ڕژێمی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا ڕوویدا، هیوادارین هەمان شت لە دۆسیەی ئێراندا دووبارە بێتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە مەسەلەکە ڕەش بێت یان سپی، مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئەوە دەکرێت یان هیچ ڕوونادات. لەم نێوەندەدا دەتوانرێت زنجیرەیەک کار ئەنجام بدرێت. هەر لە مەحکوومکردنی زارەکیی کۆماری ئیسلامیەوە کە زۆرێک لە حکومەتەکان کردوویانە، تا گەمارۆدانی بەرپرسانی حکومەت، داخستنی هەژمارەکانیان، دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، یان دادگاییکردنیان لە دەرەوەی وڵات، ڕێگەنەدان بە چوونە ژوورەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەم وڵاتانە، دانانی سوپای پاسداران و بەسیج لە لیستی سزاکان و هتد. ئەمانە ڕێوشوێنن کە دەکرێ لەم نێوەندەدا بگیرێنەبەر، بەڵام بە سروشتی ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەم ڕێوشوێنانە لەمانە تێپەڕێنن و بەرەو دابڕانی تەواوەتی کۆماری ئیسلامیی بڕوات. ئەمە خواستی خەڵکی ئێرانە و چاوەڕێی ئەوە دەکەین هەموو لایەنەکان ڕێز لەو خواستە بگرن و بە کردەیی پەیڕەوی لێ بکەن و تا بتوانن فشارەکان لەسەر حکومەتەکانی ڕۆژئاوا زیاد بکەن، بۆ ئەوەی دواجار بتوانن پەیوەندی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بپچڕێنن و بایکۆتی بکەن.


٣٠ی نۆڤەمبەر ٢٠٢٢
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ جێبەجێکردنی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.

Previous
Next
Kurdish