Skip to Content

ڕیفۆرم یان شۆڕش ….. نووسینی: کریس هێجز … وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

ڕیفۆرم یان شۆڕش ….. نووسینی: کریس هێجز … وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

Closed
by كانونی دووه‌م 15, 2019 General, Opinion, Slider

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە ….
http://dengekan.info/archives/315


کریس هێجز ئەم وتارەی لەسەر سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ “رۆزا لوکسمبۆرگ” لە یانەی فۆرمی چەپ لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا پێشکەشکرد .

————————

شەوی 15/1/1919 کۆمەڵێک چەکداری فریکۆرپس کە گروپێك بوون لە کۆنە سەربازە راستڕەوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم درووستکرابوو (لەلایەن سۆسیال دیموکراتەکانەوە)، بە پەلەپروزکە ڕۆزا لۆکسۆمبۆرگی تەمەن ٥٠ سالەیان گرت، کە ژنێکی بەباڵا بچکۆلە بوو کەمێك بە نەرمی دەشەلی، بردیان و گەیاندیانە ئوتێلی ئیدن لە بەرلین، کە بنکەی سەرەکی فیرقەی پاسەوانە ئەسپسوارەکانی ( فریکۆرپسی سۆسیال دیموکراتەکان) بوو.

دوای ئەوەی بردیانە ژورێکی ئۆفیسی نهۆمی سەرەوە کاپتن ڤالدیمار پابست رووی تێکرد و لێی پرسی:” تۆی خانمی ڕۆزا لۆکسۆمبۆرگ؟”
لە وەڵامدا بە نەرمییەوە وتی: “تۆ خۆت بڕیار بدە.”
ئەویش وتی:”بەپێی وێنەکان بێت تۆ ئەویت.”
ئەمیش بە ئارامییەوە وتی:”چۆن دەڵێیت با وابێت.”
پابست پێی وتبوو کە دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی مۆبییت (لە بەرلین)، بەڵام لە ڕێگای چونە دەرەوەیان لە ئوتێلەکە خەڵکێکی زۆر وەستابوون بە قەرەباڵخی و تـێکەڵ و پێکەڵی گردببونەوە و تێکڕا بەرامبەر رۆزا هاواریان دەکرد و جنێویان پێدەدا وەك “ئەی لەش فرۆش”، هاوکات لەگەڵ هاوارو هوتاف و هوها پێکەوە تفیان لێدەکرد.
سەربازێک بەناوی ئۆتۆ رونجی 50 مارکی بەرزکردەوە کە بیدات بۆ ئەوەی یەکەم کەس بێت لە رۆزا بدات و هاواری کرد: ” بە زیندویی لێرە ناچێتە دەرەوە”، ئا لەو کاتەدا بوو بەقۆناغی چەکەکەی کێشای بە پشتی سەری ڕۆزادا و بەدەما خستی و خوێن بەدەم و لوتیدا فیچقەی کرد.

ڕۆنجی بۆ جاری دووەم پێیدا کێشایەوە هەتاوەکی کەسێکی دیکە بەردەمی گرت و وتی:” ئەوەندەی بەسە”.
سەربازەکان ڕۆزایان بەکێشکرد بۆ لای ئوتومبیلێکی خۆیان کە چاوەڕێی هاتنیانی دەکرد.
تاکێك لە پێڵاوەکانی رۆزا لەو کاتەدا لە دوای جەستەی بەجێما، یەکێك لە سەربازەکەکان جارێکی دیکە لە کاتی بەکێشکردنیدا لێیدا.
کاتێك ئوتومبیلەکە بە خێرایی دوور کەوتەوە، نەقیب کورت ڤۆگیڵ دەمانچەکەی بەرزکردەوە و لەسەری رۆزا خاڵی کردەوە.
سەربازەکان لاشەکەی ڕۆزایان فڕێدایە ناو ئاوی نۆکەندی لاندڤێڕ.

کارڵ لیبکنیخت، ئەو کەسەی کە بڕوای بە ڕۆزا هێنابوو بەشداری راپەڕینەکە بکات، چەند ساتێک بەر لە رۆزا کوژرا بوو.
لیکبنیخت ئەو کەسە بوو کە بڕوای بە رۆزا هێنا بچێتە ناو شۆڕشەکەوە، هەرچەندە رۆزا بە گومان بوو چونکە دەیزانی راپەڕینەکە سەرکەوتوو نابێت بەڵام چووە ناوی و ئیتر هەردووکیان بەوشێوەیە کوژران و راپەڕینی سپارتاکۆسیەکان (چەپە سۆسیالیستە شۆرشگێرەکان لە ئەڵمانیا) سەرکوتکراو فاشیزم لە ئەڵمانیا لە دایك بوو.
بکوژەکانی ئەو دوو شۆرشگێرە لەئەڵمانیا هەروەکو پۆلیسەکانی ئێرە کە چۆن لە شەقامەکانی شارەکانی ئەمریکا خەڵكانی بە رەنگ (رەش پست و ئەوانەی سپی نین) دەکوژن ، هەروەکو ئەم پۆلیسانەی ئێرە ئەو بکوژانەی ئەوێش لە ئەڵمانیا دادگایی کران، بەڵام دادگا تەنیا هۆشیاری پێدان چونکە دەوڵەت (دەوڵەتی ئەو کاتەی ئەڵمانیا) هیچ مەبەستی نەبوو بکوژەکان سزا بدات چونکە بکوژەکان بە کوشتنی رۆزا و لیکبنیخت ئەو کارەیانکردبوو کە دەوڵەت خوازیاربوو بیکەن.

ئەوە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا بوو کە هەستا بە درووستکردنی فریکۆرپس، کە دواتربووە هەوێنی درووستبوونی پارتی نازی.
ئەم هێزە چەکدارە میلیشیایە و سوپا هەردووکیان بەکارهێنران بۆ سەرکوتکردنی هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەی لەلایەن بزوتنەوەی چەپەوە ڕێکدەخران و بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەیانبینی. (سۆسیال دیموکراتەکان بە باڵی راستی ئەڵمانەکان لەم قۆناغە دەناسرێن، چەپ لێرە مانای سۆسیالیستە شۆرشگێرەکانی رێکخراوی سۆسیالیستە سپارتاکۆسیەکانە).
کوشتنی ڕۆزا ئەوپەڕی دڵسۆزی نوخبەی لیبڕاڵی دەرخست بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری کە رووبەروی مەترستی ببوەوە لەلایەن چەپەکانەوە.
ئەو کاتەی سۆسیالیزم لە شەقامەکاندا خۆی نمایش دەکرد ئەو نوخبەیە ئامادەبوو هەموو کاتێکیش ئامادەیە بۆ دروستکردنی بەرە لەگەڵ توخمە هەرە دواکەوتوەکانی کۆمەڵگەدا بۆ سەرکوتکردنی ئامانجەکانی چینی کرێکار و (بزووتنەوەکانی خەڵك).

لیبڕاڵیزم، کە ڕۆزا شیاوترین پیناسەی بۆکردوە و و وەک “ئۆپۆرتۆنیزم ” (هەلپەرستخواز) ناساندی، بەشێکی دانەبڕاوی سیستەمی سەرمایەداریە.
هەرکاتێک جەماوەری خەڵك بەرەو وچان دەچن لە خەبات و تێکۆشان ، لیبڕالیزم دەست دەکات بە رەخنەگرتنی زێدەڕۆییەکانی سەرمایەداری، بەڵام وەک رۆزا باسی لێوەکردوە سەرمایەداری دۆژمنێکە هەرگیز ناکرێت هێرشەکانی نەرم بکرێتەوە.
سەرمایەداری دەست دەبات بۆ ریفۆرمی لیبڕالەکان بۆ هێورکردنەوەی نارەزایەتییەکان، ئەو کاتەش کۆمەڵگە ئارام دەبێتەوە، ئیتر دووبارە کار لەسەر دوا ڕێڕەوی خۆی بەرەو سەرمایەداری دەکات، کە بە کۆیلەکردنی کرێکارانە.
خەباتی کرێکارانی ئەمریکا لە سەدەی ڕابردوودا تەواو درووستی بۆچونەکانی ڕۆزا دەسەلمێنێت.
سیاسەت وکەلتور و دەزگا دادوەریەکانی سیستەمی سەرمایەداری هەموویان کار بۆ پاراستنی مافەکانی موڵکدارێتی تایبەتی دەکەن.
هەر وەکو ئادەم سیمس (بیرمەندی سەرمایەداری) پێناسەی کردووە: “دامەزراندنی حکومەتی مەدەنیە بۆ پاراستنی ئارامی بۆ مۆڵکدارێتی تایبەت. لە ڕاستیدا بەرگریکردنە لە دەوڵەمەندەکان بەرامبەر هەژاران، یان ئەوانەی خاوەنی چەند بەشێك موڵکن لە بەرامبەر ئەوانەی بێ موڵکن”.

سیستەمی سەرمایەداری هەر لەسەرەتاوە ئەم یارییەی کردووە، هەر بۆیە بۆچونەکانی رۆزا زۆر گرنگن ، هەروەکو چۆن کۆمپانیا گەورەکان ئێستا بەتەواوی لە هەموو کۆتوبەندێك ئازادبوون لە ئاستی ئابوری جیهاندا، بەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە، کە ئێستا زیاتر لە سیستەمی سەرمایەداریەوە بووە بە فۆرمێکی زێدە بێڕەحمی دەرەبەگایەتیەکی نوێ (نوێ فیوداڵیزم).
لە سیستەمێکی لەوشێوەیەدا،(کە ئەمریکا بەڕێوەی دەبات) کاری کرێگرتە بە پێی یاسا دەستنیشان ناکرێت بەڵکو بە پێی پێویستیەکانی بازاڕ دەستنیشان دەکرێت.
ئەوە بازاڕە کرێکار بە چۆکدا دێنێت لە پێناو قازانجی بازاڕی جیهانی و ئەم خواستە بۆ قازانج هەرگیز لە رێگای یاسا و بە یاسایکردنەوە چارەسەرناکرێت.
دیموکراسی لەم سەردەمەی سەرمایەداریدا بەشێوەیەکی یاسایی گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی بەرتیل وەرگرتن .
هەموو دامودەزگا حکومیەکان لەگەڵ دادگا و سیستەمەکانی خۆشگوزەرانی کات بەسەربردنی خەڵك و دەزگاکانی هەواڵ هەموو لەلایەن دەزگا ئابوریەکانی کۆمپانیا گەورەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.
سیاسەتەکانی هەڵبژاردن تەنها نمایشکردنی بوکەڵەکانە، واڵ ستریت (ناوەندی بازاڕی سەرمایەداری ئەمریکا) یان سوپا هەرکامیان بێت، ئینجا دۆناڵد ترەمپ یان کلینتۆن، هەریەك لەوان (لەو بوکەڵانە) لەو نمایشەدا دەیبەنەوە.

ڕۆزا دەڵێت:”سەرمایەی کەڵەکەبوو بۆ جوڵەی خۆی پێویستی بە شوێنێك هەیە سەرمایەی تێدا نەبێت. سیستەمی سەرمایەداری تائەوکاتە دەتوانێ بەردەوامبێت کە زەمینەی جوڵەکرددنی لەو شوێنانە هەبێت.”
سەرمایەداری لە جیهاندا دەگەڕێت بۆ قۆرخکردنی کاری هەرزانی کرێکارانی ناڕێکخراو هاوکات سامانی سروشتی بۆ قازانجی خۆی تا کردنی سروشت بە زبڵدان بەفیڕۆ دەدات.
نوخبە خۆجێیەکانی ئەو شوێنانەش (ئەو وڵاتانەی بە تاڵان دەبرێن) دەکڕدرێن یان لادەبرێن بە ئارەزووی سیستەمەکە خۆی، بەمەش رێگری دەکات لەوەی ئەو وڵاتانەی خەریکە لە گەشکەردندان نەگەن بە قۆناغی پشت بەخۆبەستنیان.

لە هەمانکاتدا، کرێکار لە وڵاتە پیشەسازیەکاندا ناچارکراون بە کاری قورس و بێبەشن لە کرێی شیاو و بیمەی تەندروستی و پارێزبەندی یاسایی، بۆیە لە پێناوی ژیان و گوزەران ناچارکراون بەوەرگرتنی قەرز لە بانکەکان، ئەو قەرزەش بە قازانجی دەوڵەمەندە جیهانیەکان دەشکێتەو (کە خاوەنی بانکە جیهانیەکانن).
رۆزا پێشبینی ئەوەی دەکرد کە ئابوری لەسەر بنەمای قەرزکردن لەگەڵ خۆیدا زنجیرەیەك قەیرانی بچوکی یەك لەدوای یەك بەرەوە قەیرانی ئابوری نارێك دەبات، هەروەك ڕوویدا لە سەرەتای ئەم سەدەی بیست و یەكە لە ئەمریکا، وەک قەیرانە سەرەتایەکانی بازاڕی ئینتەرنێت لە سالێ 2000 و دواتر توانەوەی بازاڕ بەتەواوەتی لە سالی 2008دا.

لێرەش بەدواوە بەرەو قەیرانێکی دیکە دەڕۆین و لە کۆتایدا ئەنجام هەر کۆیلەبوون و خزمەتکاری ئاغاکانە جا چی لێرە (لە ئەمریکا) یان لە وڵاتانی دەرەوە بێت.
تێگەشتنێکی تری گرنگی رۆزا دەربارەی ئەوانەی خۆیان قەتیس کردوە لە ناو خولەکانی هەڵبژاردندا ئەوەیە کە هەڵبژاردنی ناو سەندیکا کرێکاریەکان وەک پرۆسەیەکی هۆشیارکردنەوە کار دەکات لەناو سیستمی سەرمایەداری، بەڵام ئەو هەڵبژاردنەی سەندیکا کرێکاریانەش کە خۆیان تەڵاقدا لەگەڵ “هۆشیاری شۆرشگێرانەی سۆسیالیستی” بۆ تەواو ریشەکێشکردنی سیستەمی سەرمایەداری، ئیتر رۆزا وەک “کرێکاری سیسیفوس” ناویبردن. (سیسیفوس لە ئەفسانەی یۆنانی دێریندا کارەکتەرێکە کە بەهۆی ناڕێکی کارەکانیەوە خوداوەند وەک سزا تۆپێکی پێدەدات بیباتە سەر شاخێك و تۆپەکە کە دەگاتە سەر لوتکەی شاخەکە خل دەبێتەوە خواروە و دیسان دەیباتەوە سەرەوە و ژیانی سیفوسیس وەك ئەشکەنجە لەو خولانەوەیەدا سوڕدەخوات، میتۆلۆژیاکە لە ئەدەبیتای سەدەی بیستەم زۆر بەکار هاتەوە دیارترینیان دەقێکی ئەلبیرت کامۆ یە بە بەناوی داستانی سیسیفوس).

ئێمە کە باس لە پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ دەکەین کە بێتە مەیدان وەك هێزی سێهەم، دەبێت ئەوە بزانین ئەمە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات نییە لە ئێستادا چونکە گرتنی دەسەڵات لە باشترین کاتدا دەبێ لە ئێستاوە تا دە ساڵی دیکە کاری بۆ بکرێت، هەروەك ڕۆزا بە بیرمان دێنێتەوە کە “شۆڕش کاتی دەوێت”.
بێرنی ساندەرس (بەربێژریی دیموکراتەکانی ئەمریکا کە لەگەڵ هیلاری کلینتۆن لە پێشبڕکێدان بۆ بوون بە کاندینی پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا)، خۆی و لایەنگرەکانی وەك نەعامە سەری خۆیان خستۆتە ناو لم و خۆیان دەدزنەوە لەوەی ئەمریکا وەکو هێزێکی ئیمپریالیستی رەخنە بکەن.
باسێکی رۆزا هەیە کە بەسەریاندا تێپەڕیوە ئەویش کە پێی وابوو سۆسیالیزم و ئیمپریالیزم بەیەکتر ناتەبان و ئیمپریالیزم نەک تەنها ئامێری جەنگە، بەڵکو سەرمایەدارێکی جیهانیە کە خاوەنی گەورەترین بازاڕی چەك و ئایدۆلۆژیایەکی ژەهراویە، کە رایت ماکدۆناڵد وەک “ئالودە بە جەنگی بەردەوام” پێناسەی ئەم ئیمپریالیزمەی کردووە و ئەمەش هۆکارە بۆئەوەی سۆسیالیزم مەحاڵبێت.

نەتەوەییەکان، بە ناوی ئاسایشی نەتەوەییەوە ئێستا داوای کەمکردنەوەی ئازادییە مەدەنیەکان دەکات و ئۆپۆزسیۆن بە خیانەت دەزانێت، ئەمەش لە کۆتاییدا دەبێتە هۆکاری هاتنەئارای – مەرکەزیەت (سەنتڕالیزمی) دەسەڵات کە دەرەنجامەکەی هێزی ئیمپراتۆرییە نەک دیموکراسی.
لە جیاتی هێزێکی دیموکرات، ئیتر دیموکراسی دەبێتە گاڵتەجاڕی یان وەک ئەم بارودۆخەی ئێمەی لێدێت لەنێوان دوو لە نابوترین کەسەکانی مێژووی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی بێنە گۆرەپانەکە، وەك ئەوەی کارل مارکس وتی:” کانیدی پەرلەمانیی ئیفلئج”، یان وەك سیاسەتمەدار شەڵدن وەڵن دەڵێت:” تۆلیتاریزمی سەربەرەوخوار” کە تیایدا دیموکراسی دووڕوویەکی دەمامکدارە.
سەرمایەداری لەسەر دوو بنەمای ئاسنین یاساکانی خۆی داڕشتووە، بە دەستهێنانی قازانجی زۆر و کەمکردنەوەی تێچووی حەقدەست، ئێستاش کە سەرمایەداری پێشڕەوی کردووە لە چەسپاندنی هێز لە جیهاندا باجە مرۆیی و ژینگەییەکە بۆ بەدەستخستنی قازانج زۆر زیادی کردوە لە جاران بەوەی سەرچاوەکان زۆر کەمن لەکاتێکدامیکانیزمەکان (بە تەکنەلۆژیاوە) زۆر پێشکەوتوون.

ڕۆزا نووسیویەتی:” چەوسانەوەی کرێکار وەك پرۆسەیەکی ئابوری لەناوبردنی یان نەرمکردنەوەی لەڕێی یاساوە ناکرێت لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا”. هەروەها سەبارەت بە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیش وتی ریفۆم ” داگیرکاری ناوەندەکانی چەوساندنەوەی سەرمایەداری نییە، بەڵکو ڕێکخستن و ڕێکوپێککردنی ئەم چەوساندنەوەیەیە بە قازانجی خودی کۆمەڵگەی سەرمایەداری.”
سەرمایەداری بۆخۆی دژی سیستەمی دیموکراسییە و ڕێگرە لەوەی کرێکاران ئامرازەکانی وەبەرهێنان بەدەستەوەبگرن یان چۆنیەتی خەرجکردنی قازانجی ئەوەی بەرهەمیان هێناوە دیاری بکەن. کرێکارانی ئەمریکا بەڕاست و چەپەوە پشتیوانی لە گرێبەستە بازرگانێکان ناکەن، پشتیوانی لە حکومەتی فیدراڵیش ناکەن کاتێك پارەیەکی زۆر دەخاتە خزمەتی ڕزگارکردنی بانکە گەورەکان و کۆمپانیا داراییەکانەوە بۆ ڕزگارکردنیان لە مایە پوچی، بەڵام گوێ بە کرێکاران نادرێت. هەتاوەکو کرێکارانی ژن و پیاویش بە زەحمەت گوێیان لێبگیرێت، کارکردن و ژیان و فۆرمەکانی کۆنتڕۆلکرندیان قورستر و توندوتیژتر دەبن لەلایەن ئەو دەوڵەتەی کە دەوڵەتی کۆمپانیاکانە.

ڕۆزا لە ناسیۆنازمیش باش تێگەشتبوو، زۆر زیاتر تێگەشتبوو لەوەی کە بەسەر لینیندا تێپەڕی، لە پێناسەکردنی ناسیۆنالیزمدا رۆزا دەڵێت” دروشمێکی پڕ لە هەرای بەتاڵی وردە بۆرجوازییە” کە کاری دابەشکردنی چینی کرێکارانی وڵاتێکە بەسەر نەتەوەی جیاوازدا، ئەمە بۆ خۆی ئامانجێکی بنەڕەتی چینی سەرمایەدارانە.
هەردوو پارتی (ئەمریکا) کۆماریەکان و دیموکراتەکان پێشبڕکێ دەکەن لەوەی کە کامیان نیشتمان پەروەرترن لەوی دیکەیان، دیارە دەزگا سەربازیەکان و ئاسایشی ناوخۆش بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و یاساوە بەربەست بۆ ئازادییە مەدەنیەکان درووست دەکەن. ئەم هەرایەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر جەماوەر وەک دەبینین چۆن فاشیزم خۆی دەنوێنێ لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی (دۆناڵد تەرم)دا.
وەک ئەوەی ڕۆزا ئاماژەی پێداوە ” نەتەوەپەرستی هەمیشە ئامرازێکە لەلایەن بەرەی دژە شۆڕشەوە بەکار دەهێنرێت بۆ پەرتەوازەکردنی چینی کرێکار”.
پەتای ناسیونالیزم لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم دەرکەوت، پارتە لیبڕالەکانی ئەوروپا و تەنانەت پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیاش زۆر زوو تەسلیم بە باڵی ڕاست بوون لە ژێر ناوی بەرگریکردن لە نیشتمان، لە کاتێکدا بەرەی چەپ زۆر پێش ئەوە قسەی ڕۆشنیان هەبوو لەو بارەیەوە.

ڕۆزا ئەم بەلارێدانەی وەك نیشانەی ناپاکی و مایەپوچی لیبڕاڵیزم لە سیستەمی سەرمایەداری پێناسەکرد.
ئەو کاتەی شەڕ کۆتایی هات 11 ملیۆن سەرباز لەهەردوو لای بەرەی شەڕ کوژران کە زۆربەیان لە چینی کرێکاران بوون. سەرمایەداری لە ڕێی کوشتارەوە کەڵەکەی سەرمایەکەی دەکات، هیچ قازانج و ڕەوایەتییەکی بۆ چینی کرێکار پێنییە و نانێك کە پێیداون لە لولەی چەکەکانیانەوە بووە.

ڕۆزا باوەڕی بە لینین نەبوو لەسەر نوخبەی دیسپلینی شۆڕشگێر، ئەوەی لینین پێی دەوت ڤانگارد (شۆڕشگێڕی پێشکەوتوو)، هەروەها راشکاوانە ئیدانەی بەکارهێنانی تیرۆری دەکرد وەکو ئامرازێک بۆ شۆڕش، هۆشداریشیدا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بڕوای بە دیموکراسییەت نەبێت هەر زوو دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر.
ئەو باش لە لایەنەکانی جوڵەی شۆڕش تێگەشتبوو، سەبارەت بە هەڵچونی شۆرش وتی:” زۆر زەحمەتە هەر ئۆرگانێکی بزووتنەوەی پرۆلیتاریا بتوانێ پێشبینی ئەو هۆکار و هەلومەرجانە دیاری بکات کە دەبێت یان نەبێت بە هۆکاری تەقینەوەی شۆڕش.” لەبارەی ئەوانەشەوە کە لە قاڵبێکی ئایدۆلۆژیدان و لەو دۆگمەوە هەلومەرجەکان دەکەن یان لە ڕێگای هێزەوە رووداوەکان درووست دەکەن وەک ئیفلیج بوو بە ” کۆنسێپتێکی توندی میکانیکی بیرۆکرات” ئەژماری کردن.
شۆڕش لای ڕۆزا بەرهەمی خەباتی بەردەوامی جەماوەرە نەك ئەوەی بە هاندان درووست دەبێت و باش دەیزانی شۆرش قەوارەیەکی زیندووی هەیە و چوار چێوەکەی لە سەرەوە دانەڕێژراوە، بەڵکو لە ئاکامی چوونە سەرەوەی هۆشیاری لە خوارەوە دێت، ئەم هۆشیاریەش ساڵانێکی دەوێت بۆ ئەوەی درووست بێت. شۆڕشگێرەکان دەبوایە وەڵام بەو هەست و باوەرە چاوەڕواننەکراوانەی جەماوەر بدەنەوە کە لەسەردەمی شۆڕشدا تووشی دەبن.
لینین لە کاتی رابەریکردنی شۆرشی 1917ی ڕوسیادا لە زۆر کاتدا بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی شۆڕشگێر گوێڕایەڵی ئامۆژگاریەکانی ڕۆزا بوو، دەستبەرداری بەشێك لە بیرو بۆچون و دەقە ئایدۆلۆژیەکانی خۆی بوو لە پێناو وەڵامدانەوە بە پێویستییەکانی ژیانی روسەکان لەسەروبەدنی شۆڕشدا، هەروەك ڕۆبەرت لووکەر لەوبارەیەوە نووسیویەتی: “لینین سەرباری خۆی لە ناخەوە لوکسبۆرگیست بوو”.
لە کۆتاییدا جەماوەر ڕادەپەرێت بەرامبەر بەم سیستمە بەسەرچووە کە نەک تەنیا لە هۆشیاریانەوە دەبێت لەسەر شۆڕش بەڵکو وەک ئەوەی رۆزا ئاماژەی پێداوە ڕێگایەکی تر نامێنێتەوە لە بەردەم جەماوەری خەڵك.
تەقینەوەی شۆڕش تەنیا بە کارکردنی شۆرشگێڕەکان بەدی نایەت بەڵکو ئەوە داخرانی ڕێگاکانی ئەم ڕژێمە کۆنەیەیە دواجار کڵپەی پێدەدات. ڕەنگە زۆرێك لە شۆڕشەکان سەرکەوتوو نەبن، بەڵام گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیاندا درووست دەکەن.
سەبارەت بە شۆڕشی 1905ی ڕوسیا رۆزا وتی: “هیچ ئامادەکارییەکی پێش وەخت یان پلانێك لە ئارادا نەبوو ، چونکە پارتەکان ببون بە بەشێك لە هەڵچونە جەماوەریەکان، بەدەگمەن رابەر هەبوو پەلەی نەکردبێت لە دروشمەکانیاندا، شۆڕش لەسەر داواکاری ناکرێت و ئەمە کاری پارت نییە داوا بکات. ئەرکی ئێمە لە هەموو کاتێکدا ئەوەیە ڕاشکاوانە و بێترس بدوێین بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ڕۆشنی کاریگەری هەبێت لەسەر گەل لە ساتەوەختە مێژوییەکاندا، تا بتوانرێت بانگەشەی بەرنامەی سیاسی بکرێت بۆ کارکردن و بەرزکردنەوەی ئەو دروشمانەی کە دەربڕی راستەقینەی هەلومەرجەکانن. نیگەرانی لە بارودۆخەکە و کەی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر رێچکەی خۆی بەرەو سەرەوە دەگرێت دەبێت بە دڵنیای و بە ئەمانەتەوە بۆ مێژوو بەجێبهێڵدرێت. خەڵکانێك پێیان وایە سۆسیالیزم وەک کروزانەوە وایە لە ناو دارستانێکدا، بەڵام ئەم مۆراڵەو ئەم ئەخلاقە سیاسیە لە کۆتایدا بەرهەمی خۆی هەیە ئەو کاتەی ساتەوەختە مێژووییەکە لە باردەبێت و زۆرینە گرنگی پێدەدات.”
من روماڵی هەواڵی زۆربەی ڕاپەرین و خۆپیشاندانەکانم کردوە لە جیهاندا و (وەک رۆژنامەنوسێک تیایاندا بەشدار بووم)، هەر لە یاخیبونەکانی 1980ی ناوەڕاستی ئەمریکای لاتینەوە تا ڕاپەرینەکانی فەلەستین ، شۆڕشی 1989ی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، چیکسلۆفاکیا و ڕۆمانیا تا خۆپیشاندانەکانی سربیا کە سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچی لە دەسەڵات هێنایە خوارێ.

هەموو ئەو ساتەوەختە مێژژوییانەی بینیومن، درووستی تێگەشتنی ڕۆزا لۆکسبۆرگی بۆ سەربەخۆبوونی شۆڕش پشتڕاستکردۆتەوە.
کۆمیتە مەرکەزی بەلشەفیەکان چونکە بێڕەحم و نهێنیکار و زۆر بەدیسپلین بوون، ئەمە وایکرد دژەشۆڕش دەسەڵات بگرێت و ئاواتی دیموکراسیانەی کرێکاران تێکبشکێنرێت، بەڵام لە راستیدا ئەم ناوەندانە بزوێنەری بنەڕەتی شۆڕش نین. لەگەڵ هەموو ئەو ئاژاوەو تێکشکانانەدا هێشتا شۆڕش بە زیندوێتی دەمێنێ و هیوای ژیانە چونکە دەتوانێت خەڵك لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە دەسەڵاتدارانی ناوەند بپارێزێت.
لە شوێنێکی تردا ڕۆزا لوکسمبۆرگ دەڵێت:” بەبێ هەڵبژاردنی گشتی، بێ ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربرین، بێ ئازادی کۆبونەوە، بێ ململانێی بۆچوونە جیاوازەکان، دام و دەزگا جەماوەریەکان ژیانیان تێدا نابێت و دەبن بە دەزگایەکی کاریکاتۆریانە و بیرۆکراتیەت وەک تاکە فاکتەر گەشەیان تیادا دەکات”.
ئاکامی شۆرش نەکردن لە بەرانبەر داسەپاندنی هەیمەنی کۆمپانیا گەورەکندا (corporatism) بۆ خۆی کارەساتە.
لێرەدا گرنگی ڕۆزا دەردەکەوێت کە ئاگاداریکردینەوە لە قەیرانەکاندا نوخبەی لیبراڵ دەبن بە دوژمنمان، هۆشداریدا بەرانبەر بە تیرۆر و توندوتیژی و هانیداین بۆ پارێزگاریکردن لە بنەما راستیەکانی دیموکراسیەت و دڵنیا بوون لەوەی کە ئەو هێزانە لەگەڵ خەڵك نین.
رۆزا لە مەترسی ئیمپریالیزم تێگەشتبوو، بە بیری هەموو ئەو سۆسیالیستانەی دەهێنایەوە کە بەدوای بنیادنانی سۆسیالیزمەوەن کە چۆن دەبێت دونیایەکی باشتر درووست بکەن، بەتایبەت بۆ چەوساوەکان، دەبێت دەست بەم ئەرکە مۆراڵییە نەگۆرانەوە بگرین وەکو ئەو لێیان تێگەشتبوو،ئەگەر سازش بکەین، هیوا لەناودەبەین.

—————————————–

سەرچاوە:

Home

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish