من قودسی خیانه‌تم.. به‌ختیار محه‌مه‌د
من حه‌زم له چای
به‌ڕه‌نگی خیانه‌ته
له قاوه‌ی تاڵی خیانه‌ت
له پێكی شه‌رابی
خه‌ستی خیانه‌ت.
من حه‌زم له سه‌فه‌ری
درێژی خیانه‌ته
له وڵاتی تاریكستانی خیانه‌ت
له كیشوه‌ری دوور و
نه‌دۆزراوه‌ی خیانه‌ت.
من هه‌ر له ساواییه‌وه
حه‌زم له شیری
مه‌مكی دایكی خیانه‌ته
باوكم ڕاستی كرد:
من سه‌گشیر و حه‌رامزاده و شیرحهرامم.
من هه‌تاوێكم
له ڕۆژهه‌ڵاتی خیانه‌ت هه‌ڵدێم
مانگێكم
تریفه‌ی خیانه‌ت
به‌سه‌ر خۆمدا
په‌خش ده‌كه‌م.
من شۆڕشم: شۆڕشی خیانه‌ت.
من ئاسمانێكم
پڕم له ئه‌ستێره‌ی خیانه‌ت
من شه‌قامێكم
پڕم له هه‌نگاوی خیانه‌ت
من ڕووبارم
له دۆڵی خیانه‌تدا
من به‌فرم
له‌سه‌ر دوندی خیانه‌تدا
من عه‌شقم
له‌ناو دڵێكی خائیندا
من ماچم
له‌سه‌ر لێوێكی خائیندا
من فرمێسكم
له‌ناو چاوێكی خائیندا
من وشه‌م
له‌سه‌ر زمانێكی خائیندا
من ئایه‌تم
له‌ناو مه‌سحه‌فی پیرۆزی
خیانه‌تدا
من په‌یامبه‌ری
خوای خیانه‌تم
من دره‌ختێكم
له باخچه‌یه‌كی خائیندا
گوڵێكم
عاشقی هه‌نگێكی خائینم
من كتێبێكم
پڕم له خیانه‌تی
خوێندنه‌وه
من قه‌ڵه‌مێكم
پڕم له چیرۆكی خیانه‌ت
كه‌س هێنده‌ی من
مێژووی خیانه‌تی خۆشناوێ
من شارێكم
پڕم له شه‌قام و له كۆڵان و
له گه‌ڕه‌كی خائین.
من كه‌لـله سه‌رێكم
پڕم له خانه‌ی خیانه‌ت
من حه‌زم له لیباسی خیانه‌ته
له پێڵاوی خائینیش
من حه‌زم له ڤێللای خیانه‌ته
له كوخی شه‌ره‌فیش
من حه‌زم له مه‌زره‌عه‌ی خیانه‌ته
له دارستانی سووتاوی ئه‌خلاقیش
من حه‌زم له ئه‌سپه شێی خیانه‌ته و
له گوێدرێژی نامووسیش.
ئه‌فسووس!
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م،
مێژووم
قودسی خیانه‌ته،
كه‌ی ئازادی ده‌كه‌ن
ئه‌ی جه‌نگاوه‌رانی شه‌ره‌ف؟
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م،
مێژووم
دڵی مه‌زنی خیانه‌ته،
كه‌ی به تیری نامووس
دهپپێكن
ئه‌ی جه‌نگاوه‌رانی شه‌ره‌ف؟
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م،
مێژووم
باخچه‌ی خیانه‌ت و
به‌ندیخانه‌ی ئازادییه،
كه‌ی ده‌یڕووخێنن
ئه‌ی جه‌نگاوه‌رانی شه‌ره‌ف؟
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م،
مێژووم
هه‌رده‌م مه‌یدانی شه‌ڕی
دۆڕاوی براكوژییه،
ده كه‌ی نه‌فره‌تی لێ ده‌كه‌ن
ئه‌ی جه‌نگاوه‌رانی ئازادی و شه‌ره‌ف؟
به‌ختیار محه‌مه‌د