Skip to Content

بیست و پێنج ھەناسەی ماندوو.. ستیڤان شەمزینی

بیست و پێنج ھەناسەی ماندوو.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 13, 2024 General, Poems

1
دەتشارمەوە
لەناو شیعرێکی ھیلاکی دەربەدەر
لەناو دڵێکی کێویلەی رەشپۆش
لەناو عەشقێکی سەرھەڵگرتوو
-٢-
سەرم لەناو کتێبدا جێما
نیشتمانم لەسەر سنوور
چاوەکانیشم لە نیگای ژنێکدا
-٣-
لە دوای تۆ سێ دیمەن دەبینم:
رووبارێکی خنکاو
تەرمی ھەلاھەلابووی خەونێک
شاعیرێکی کوژراو
کە ھێشتا
خوێنی شیعری لەبەر دەڕوا
-٤-
کاتێک سمێڵ بابڕێک دەبینم
بە دارلاستیکی نامووسپەرستی
چۆلەیەکی عاشق دەخاتە خوارەوە
دەخوازم شڕوشیتاڵم کۆبکەمەوە و
بگەڕێمەوە سکی دایکم
-٥-
نازانم نووسەرەکان
کتێبە قەبەکان بۆچی دەنووسن
لە کاتێکدا دەزانن
سەرۆکەکان خوێندەوارییان نییە؟
-٦-
شیعر قورگی نووساوە
لەو ھەرا و ھۆریایەی دنیادا
کەس گوێی لە دەنگی شاعیر نییە
شیعر مرد
لە کتێبخانەیەکی چۆڵدا ناشتیان
-٧-
تەنھایی کۆنترین دەردە
مرۆڤی تازە تووشی بووە
دراو کۆنترین ئاینە
مرۆڤی نوێ شوێنی کەوتووە
-٨-
مرۆڤی نوێ
خولیایەکی سەیری ھەیە
بۆ گەڕانەوە
بۆ ئەشکەوتی نیاندەرتاڵ
مرۆڤی تازە
درۆیەکی گەورەیە
بەدەم ھۆمۆ ھابیلیسەوە دەکرێت
-٩-
دەریایان توند گوشی
پیاڵەی عەشقێکی پڕ نەکرد
دڵی منیان گوشی
ھیمالایا غەرق بوو لە ناویدا
-١٠-
شاعیرەکە خۆی بە پشتی
پیکابی سەفەرەوە ھەڵواسیوە
لە شوێنێک دەگیرسێتەوە
نە کەس دەیناسێتەوە
نە خۆی دەناسێتەوە
-١١-
دنیا ھێندە بۆگەن بووە
مەسیح نایەوێت
لە خاچەکەی دابەزێتە خوارەوە
ھەر لەوێ بمێنێتەوە باشترە
نەک ببێتە
دەرگاوانی کۆشکی قەیسەر
-١٢-
ھاوڕێکەم پێی وتم
باشترین شوێن
بۆ شاردنەوەی پارە
ناو باوەشی کتێبەکانە
کەس رێی ناکەوێتە ئەوێ
-١٣-
بێھودەیی
دەنگی ھێندە بەرزە
بە ئاستەم گوێت
لە گۆرانییەک دەبێت
شەجەرەی بچێتەوە سەر ھیوا
ئاە ژاوەژاوی نیگەرانی
جیھانی وەک تۆفانی نوح داپۆشیوە
-١٤-
پێڵاوی عەشق پڕ بووە لە لم
چاوی شیعر پڕ بووە لە لم
ئەلبومی وێنەکان پڕ بوون لە لم
مێژوو پڕ بووە لە لم
ئەمەیە حکایەتی ئەنفال
-١٥-
سەر زەوی بۆتە گوندێکی بچووک
سەیرە لەم گووندە گچکەیەدا
کەس لە کەس تێناگات!!
ھەر کەسەو بە زمانی ئازارێک
قسە دەکات
-١٦-
جەنگە مەزنەکانی دیرۆک
کارەساتە سروشتییەکان
درمی تاعون و شێرپەنجە
رەگەزی مرۆڤیان قڕ کرد
سەیرە ھیچکامیان نەیانتوانی
ھێندەی تەکنۆلۆژیا
مرۆڤایەتی لەناو ببەن!
-١٧-
مرۆڤایەتی لە پاپۆڕێکدایە
بە ئۆقیانووسی دڵەڕاوکێدا تێدەپەڕێت
سەرنشینەکان چاویان بڕیوەتە
کەناری ئاسوودەگی
نیو لیبرالیزم لە ژێرەوەڕا
سەرقاڵی کونکردنی پاپۆڕەکەیە
-١٨-
خەونیش ھیچی پێ نەماوە
جار جار لەناکاو دێت
گەرای بێھودەیی
لە شەواندا دادەنێ
لە رۆژدا دەبنە
سەرەمێکوتەی مەراق
-١٩-
چەقۆش ھێندە خراپ نییە
بۆ نموونە ئەو چەقۆیەی ژنێک
سەری بیرکردنەوەیەکی
رەشی پێ دەبڕێ و
ھەزاران پەپوولەی سپی
لەو باستیلەدا ئازاد دەبن
-٢٠-
جەنگ
گۆمی شڵەقاوی خوێنە
سیاسەتمەدار مەلەی تێدا دەکات
مێژوونووس تەرمەکان دەژمێرێت
شاعیر لە ماڵەکەی دانیشتووە
دێڕ دێڕ خەیاڵەکانی دەسڕێتەوە
-٢١-
جوانی ملیۆنان ساڵە لە دایکبووە
سەیرە ھێشتا
بە ھەمووان نەگەیشتووە
رەنگە عاشقێک
ھەمووی کردبێت بە شیعر
ژنێکیش لە دڵیدا
زیندانی کردبێت
جوانی لەو بەندیخانەیە
رزگار بکەن
-٢٢-
شاعیری دۆڕاو ئەو شاعیرەیە
قەسیدەی درێژ دەنووسێت
بۆ رێگەیەکی زۆر کورت
یان قەسیدەی پۆشتە و پەرداخ
بۆ لاواندنەوەی ژنێک بنووسێت
لەوسەرەوە، خۆی
بە پێخاوسی بگەڕێتەوە
-٢٣-
پەناھەندە کەروێشکێکی گەڕۆکە
بەوری کۆچ راوی دەکات
تا تێربوون گۆشتی دەخوا
دواتر کەمتیاری غوربەت
پاشماوەکەی دەجوێ
-٢٤-
جاران دەیانووت دڵی سپی
بۆ زەمەنی رەش
ئێستا دنیا ئاوەژوو بۆتەوە
دڵی رەشی لە خوم ھەڵکێشراو
رۆژانی سپی قانگ دەدات
-٢٥-
سەرکێشی ھەر ئەوە نییە
شمشێری سپارتاکۆس و
چەکەکەی گیڤارات بەدەستەوە بێت و
عەرشی خودا زەمینییەکان بھەژێنیت
زۆرجار سەرچڵی ئەوەیە
بەسەر چیای عەشقی مەحاڵی
ژنێکدا سەربکەویت


Previous
Next
Kurdish